Hoppa till innehåll
Hem » سەردانی دوکتۆر نەجمەدین کەریم لە دەفتەری سیاسیی حدکا و چەند سرنجێک. ئیدریس ئەحمەدی

سەردانی دوکتۆر نەجمەدین کەریم لە دەفتەری سیاسیی حدکا و چەند سرنجێک. ئیدریس ئەحمەدی

سەردانی دوێنێی نەجمەدین کەریم بۆ دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات، سەردانێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو گوزارشتە لە ڕاستییەکی جێوسیاسی، ئەویش بریتییە لە خەتەری هاوبەش لەسەر باشووری کوردستان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی رۆژهەڵاتی کوردستان. idris_ahmedi

بە پێچەوانەی سێ دەیەیی ڕابردوو، ئێستا بەرژەوەندی جێوسیاسی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان جووتن. چەند هۆکارێکی ئەمەش، بریتین لە کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق؛ هەڵگرتنی گەمارۆ لە سەر ئێران؛ زیادبوونی نفوزی ئێران لە عێراق تاکوو ئاستی حکومەتکردنی ناڕاستەوخۆ؛ بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە (کە شەڕێکی ناڕاگەیەندراوی ئابوورییە دژ بە باشوور و دوور نیە بە ڕاوێژکردن لە گەڵ ئێران یان تەنانەت بە دەستوری خامنەیی کرابێ)؛ دواجاریش، دروستکردنی سپای پاسدارانی عێراق لە ژێر ناوی حەشدی شەعبیدا و هەڕەشەی ئەو هێزە لە سەر باشوور. لێرەدا بە پێویستی دەزانم جەخت لە سەر چەند خاڵێک بکەم:

1.  ئەوەی کە نەجمەدین کەریم، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانی و هەروها پارێزگاری کەرکووک، سەردانی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات دەکا، رێکەوت نییە. ئێران پرۆژەی ئیمپێریالیستی لە رۆهەڵاتی ناوین و بە تایبەت لە عێراقدا هەیە. کۆنترۆڵکردنی کەرکووک، بۆ کۆماری ئیسلامی مەسەلەیەکی ستراتژیکە.

٢) هەر لەو کاتەوە پێشمەرگەکانی دێموکرات دژ بە داعش شەڕیان کرد و لە گوێر نەک تەنیا پێشیان پێ گرتن، بەڵکوو پاشەکشەیان بە داعش کرد، هێزی حیزبی دێموکرات، کە دەگوترا نەماوە، بۆ حکومەتی هەرێم دەرکەوت. پاش هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە رۆژهەڵای کوردستان لە هاوینی ئەوساڵدا، توانایی نیزامی هێزی پێشمەرگەی دێموکرات دیسان دەرکەوت. حیزبی دێموکرات هەروەها ئێستا لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان حزووری هەیە و حیزبی دێموکرات وەک دەیەی ١٩٨٠ و سەرەتای نەوەتەکان، خاوەنی قووڵایی ستراتژیکە. بەڵام هێزەکانی باشووری کوردستان هەروها دەزانن لە ئەگەری هێرشی حەشدی شەعبی بۆ سەر باشوور، پێشمەرگەی دێموکرات دەتوانن لە هەردوو بەشی کوردستاندا دەور بگێڕن.

٣) بە هۆی ئەوەوە کە ئێران لە پرۆسەی دروستکردنەوەی ئیمپراتۆریدایە و لە عێراقدا ناڕاستەوخۆ حکومەت دەکا و سپای پاسدارانی عێراقی پێک هێناوە بۆ شەڕی بەوەکالەت، گۆڕەپانی شەڕی نێوان پێشمەرگەی دێموکرات و هێزی ئێران، عێراقیش دەگرێتەوە. پاش ئەوەی چەندین جار هێرش کرایە سەر موجاهدین، حیزبی دێموکرات دەسپێشخەرانە جووڵایەوە و بە گەڕاندنەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ شاخ و رۆژهەڵاتی کوردستان، قووڵایی ستراتژیکی وەدەس هێنایەوە و بە پێچەوانەی موجاهدین، دەتوانێ هەم بەرگری لە خۆی بکا و هەمیش زەربە لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بدا.

٤) لە زانستی سیاسیدا بۆچوونێک هەیە دەڵێ: هەرکاتێک پارسەنگی هێز تێک دەچێت، شەڕ دێتە ئاراوە. پاش کشانەوەی سپای ئەمریکا لە عێراق و سوڵتەی تەواوی ئێران بە سەر عێراقدا، پارسەنگی هێز تێک چووە. بۆیە، درەنگ یان زوو، شەڕ لە گەڵ ئێران لە عێراق ڕوو دەدا. حیزبی دێموکرات پێش هەموو لایەنێک ئەو ڕاستییەی دەرک کردو لە بەهاری ٢٠١٥دا هێزی ناردەوە بۆ شاخ. ئەو دەسپێشخەریییەی حیزبی دێموکرات، ئێستا لە گۆڕەپانی جێوسیاسیدا تەبدیل بووە بە سامانێکی ستراتژیک بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان.

هەڵبەت دەکرێ ئەو سەردانەی نەجمەدین کەریم نیەتی تاکتیکی لە پشت بووبێ و زۆرتر هەڕەشەکردن بێ لە ئێران. بەڵام ئەوە هیج لەو واقعییەتە جێوسیاسییەی کە لە ئارادایە و هەروها پرۆژەی ئیمپێریالیستی ئێران ناگۆڕێ. ئەو واقعییەتە دواجار نیەتی تاکتیکی ئەکتەرەکان دەگۆڕێ بە ئینتیمای ستراتژیک.

سەرچاوە….