"an independent online kurdish website

کە منداڵ بووین، لە قوتابخانەی سەرەتاییدا دەمانخوێند، لە کتێبی خوێندنەوەی ـ عەرەبی ـ و لە کتێبی خوێندنەوەی ئینگلیزیشدا، کۆمەڵە چیرۆکێکی کورتی ئەفسانەیی خۆشیان تێدابوون،la-fontaine

چێژ و خۆشییەکی زۆرمان لە خوێندنەوەی ئەو چیرۆکانە وەردەگرت.. لەو چیرۆکانی کە لەیادمن (لەقلەق و رێوی، گورگ و بەرخۆلە، شێر و مشک، رێوی و کەڵەشێر، مێروولە و کولـلە، شوان و گۆزەڵەڕۆنەکەی، دوو مراوی و کیسەڵێک، کیژۆڵە لادییەکە و گۆزە شیرەکەی، ئاشەوان و کوڕەکەی و گوێدرێژەکەی، شوانە درۆزنەکە و گورگ، قەلەڕەش و رێوی، مریشکی هێلکەزێڕ، رێوی کلک بڕاو، دوو هاوڕێ و ورچێک، کەروێشک و کیسەڵ، کۆبوونەوەی مشکان، تیتیلە و بیبیلە، کۆتر و مێروولە، ماسییەکی بچکۆلە و راوکەر، هێز لە یەکێتی دایە،قەلەڕەش و گۆزە، چەقەڵ و قەلەڕەش،… تاد) لەو کتێبانەدا ناوی چیرۆکنووسەکان نەنووسرابوون، ئێمەش لەو تەمەنەدا مەراقی ناوی نووسەرەکانیان نەبووین، ئەوەشمان بە خەیاڵدا ناهات و لە مامۆستاکانمان ناپرسی کە چۆن (رێوی، لەقلەق، گورگ، چەقەڵ، قەلەڕەش، کەڵەشێر، کیسەڵ، شێر، کەروێشک، بەرخ، دار،… تاد) وەکو مرۆڤ قسەدەکن.

ئێستا دەزانین کە بەشێک لەو چیرۆکە ئەفسانەییانە لە نووسینی (ئیزۆپ ـ یۆنانی) و بەشە زۆرەکەشی لە نووسینی (لافۆنتین ـ فەرەنسی) یە، بەشێکیشیان چیرۆکی فۆلکلۆری و ئەفسانەیی کوردیمانن.

چیرۆکی ئەفسانەیی، جۆرێکە لە جۆرەکانی چیرۆک، رووداوەکانی چیرۆکە ئەفسانەییەکان راست نین و هەڵبەستراون و خەیاڵ دایڕشتوون.. خەیاڵیش هێندە بە جوانی و فەنتازی و چێژەوە رازاندوونێتەوە، گوێگر و خۆێنەر وا هەست دەکەن کە راستین.. چیرۆکە ئەفسانەییەکان بە زمانی ئاژەڵان و باڵندە و مێروو و درختەکانەوە نووسراون.. بەڵام لە راستیدا ئیلهامی ئەم چیرۆکانە لە خودی رەفتارەکانی مرۆڤەکانەوە وەرگیراون. چیرۆکنووس لە ترسی دەسەڵاتدارانی زۆردار و ستەمکار و سیاسەتمەداران و بەدکاران، بە زمانی ئاژەڵ و باڵندە و درختەوە، گوزارشتیان لێکردوون.
واتا چیرۆکی ئەفسانەیی جەڤەنگین، بۆ نموونە:( گورگ هێمای هارییە، چەقەڵ نەوسنی و چڵێسی، رێوی فێڵبازی، شێر زۆرداری و قورخکردنی دەسەڵات، مەڕ گەلێکی داما و بێدەسەڵات، سەگ ئەمەکی، مار بەدکاری، کوێدرێژ  بێهۆشی، پشیلە سپڵەیی هەڵۆ ئازایی،… تاد).. بەڵام مەرج نییە کە ئەم خەسڵەتە جەڤەنگی و هێماییانە چەسپاونین، هەندێ جار رێوی دەبێتە هێما و مژدەی خێرخوازی، کە مرۆڤ بۆ کارێکی خێربچێت و گەشبینی و بەختیاوەریی بە دوادابێت، لە کوردەواری دا دەڵێن:(رێوی هاتووە بە پیرتەوە).. هەر لە ناوەڕۆکی ئەم چیرۆکە خەیاڵئامێزانەدا، گەلی رەخنە و توانج و پلار و تانە و تەشەر و لۆمە و قسەی بە توێکڵ هەن، رەنگە چیرۆکنووسانی چیرۆکی ئەفسانەیی نەیان وێرابێت کە بە راشکاوی ئەوەی دەیانەوێت دەریان بڕن و لە چیرۆکی ریالیستیدا ئەو رەخنە و توانجانە بە ئاشکرا بەو کەسانە بگەیەنن کە مەبەستیانە.. باشترین نموونەی چیرۆکە ئەفسانەییەکان، چیرۆکەکانی فەیلەسووفی هیندی (بەیدەبا)یە کە لەژێر ناوی(کلیلە و دیمنە)دان نووسراون.. هەروەها چیرۆکەکانی (هیزیودۆس ـ یۆنانی) و (ئیزۆپ ـ یۆنانی) کە چەند سەدەیەک بەر لە زایینی نووسیویانن، دووریش نییە ئەەوانیش لە دەمی خەڵکییەوە هەندێ لەو چیرۆکانەیان وەرگرتووبن و بە ناوی خۆیانەوە لە فۆرمێکی ئەدەبیدا نووسیویانن.. چەندین چیرۆکی ئەفسانەییش هەن کە بۆ سەردەمی فیرعەونییەکان(میسرییە کۆنەکان) دەگەڕێنەوە.
بێگومان گەلی کوردیشمان خاوەنی گەنجینەیەکی پڕ لە دەیان چیرۆکی ئەفسانەیی و فۆلکلۆری و میللی و هەقایەتە.

ئەفسانە و چیرۆکی ئەفسانەیی لە کولتووری هەموو گەلانی دنیادا هەیە، بووە بە بەشێکی نەمر لە کەلەپووری میللی و نەتەوایەتی.. هەندێ لە چیرۆکە ئەفسانەییەکان بوونە بە ئەفسانەی جیهانی و، هەر گەلێک رەسەنایەتییان بۆ خۆی دەگەڕێنێتەوە.
چیرۆکە ئەفسانەییەکان پڕ لە پەندی جوان و لە قسەی نەستەق و لە ئامۆژگاری بەسوود و لە چاکەخوازی و لە وانەی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و لە رەفتاری راست و لە بەهای جوان .. هەروەها پڕن لە رەخنە و پلار و توانج و تانە و تەشەر و لۆمە و، پەردەهەڵماڵینی ستەمکاری و زۆرداری و چەوساندنەوە و نادادپەروەری.

منداڵان چێژ و خۆشییەکی زۆر لە خوێندنەوەی چیرۆکە ئەفسانەییەکان وەردەگرن، چونکە هەستیان دەبزوێنن و گەشە بە چێژ و حەزی ئەدەبی و هونەرییان دەکەن و ئاسۆی رۆشنبیرییان فراوانتر دەکەن و فەرهەنگی وشەکانیان دەوڵەمەنتر دەکەن.. تا ئەمڕۆش تام و چێژی ئەم چیرۆکە ئەفسانەییانە کاڵ نەبوونەتەوە و کاڵیش نابنەوە.. بۆیە بەشێکی زۆریان بوونەتە بابەتی کتێبەکانی خوێندنەوەی قوتابخانەی بنەڕەتی لە  پرۆگرامی خوێندنی زۆربەی وڵاتدا.. چونکە چیرۆک هۆکارێکی گرنگی فێربوون و پەروەردەکردنە.. لە ئەمڕۆشدا بەشێکی زۆری چیرۆکنووسان و شاعیرانی ناسراوی منداڵان لە جیهاندا، چیرۆکەشیعری ئەفسانەیی یا بۆ منداڵان دەنووسن.. لە شاعیرانی ناسراوی کوردیشمان کە بێجگە لە شیعری ئاسایی، چیرۆکەشیعریش بۆ منداڵان دەنووسن نموونەیان کاک (لەتیف هەڵمەت)ە.

نووسەری بەناوبانگی فەرەنسی (جان دی لافۆنتین) گەورە نووسەرێکی چیرۆکەشیعری ئەفسانەییە بۆ منداڵان، کە لە جیهاندا بە (شای چیرۆکەشیعر و مەتەڵ و ئەفسانە) ناسراوە.. تا ئەمڕۆ لەم بوارەدا هێچ شاعیر و چیرۆکنووسێک لە جیهاندا نەگەیشتوونەتە ئاستی لافۆنتین.

(جان دی لافۆنتین) لە (٨ی/گەلاوێژ/١٦٢١) لە شارۆچکەی جوانی (شاتوتیری) لە هەرێمی (شامباین) لە فەرەنسا، لە خێزانێکی دەوڵەمەند لە داک بوو.. لە پاریس درێژەی بە خوێندنی باڵا دا، لە کۆلێژی یاسادا بڕوانامەی وەرگرت و مۆڵەتی ئەوەیان پێدا کە وەکو پارێزەرێک کاربکات.. لافۆنتین لە زمانی فەرەنسیدا زۆر زیرەک و شارەزابوو.. بە ئەندامی (ئاکادیمیای زمانی فەرەنسی) هەڵیان بژارد.. لافۆنتین لە ساڵی(١٦٤٧) لەگەڵ (ماریا هێریکارت) ی تەمەن چواردە ساڵان دا، هاوسەرگیری کرد.. لە ساڵی (١٦٥٣) دا (چارلز)ی کوڕیان لە دایک بوو، گەرچی نێوان خۆی و هاوژینەکەی ساردوسڕ بوو، بەڵام لەیەکتری جیانەبوونە، ماریا و چارلز لە (شاتوتیری) دەژیان، بەڵام لافۆنتین لە پاریس دەژیا.

لە راستیدا لافۆنتین بە داهێنەری چیرۆکەشیعری ئەفسانەیی دانانرێت، خۆشی نایشارێتەوە و دان بەوەدا دەنێ کە چیرۆکە ئەفسانەییەکانی (ئیزۆپ)ی یۆنانی و (بەیدەبا)ی هیندی و (ڤیدەر)ی لاتینی و چەند چیرۆکنووسێکی کەش کاری تێکردوون و سوودێکی زۆری لێوەرگرتوون.. تا ئەو رادەیەی کە بەشێک لە چیرۆکەکانی لە گەڵ چیرۆکەکانی ئێزوپ دا تێکەڵبوونە.. هەندێ لە چیرۆکەکانی ئێزوپ دراونەتە پاڵ لافۆنتین، یا بە پێچەوانەوە.
بەڵام ئەوەی کە جیاوازییان بە چیرۆکە ئەفسانەییەکانی لافۆنتین بەخشیون.. ئەوەیە کە لافۆنتین چیرۆکەشیعرەکانی بە شێوازێکی ئەدەبی و هونەریی هێندە ناسک و شیرین و جوان داڕشتوون.. کە شەقڵی جیاوازیان و تایبەتمەندییان پێوە دیارە.. چیرۆکەکانی کورتن و زیادەڕۆییان تێدا نییە.. بە زمانێکی ناسک و ساکاریش دایڕشتوون.. چیرۆکەکانی کەوتنە سەر زاری منداڵان و گەورەکان لە فەرەنسادا.. بۆ سەر زۆربەی زمانەکانی هەموو جیهان وەریان گێڕاون.. بەشێکیشیان وەرگێڕاون بۆ سەر زمانی کوردیمان، بۆ نموونە (پیرەمێرد)ی نەمر(رێوی و کەڵەشێر)ی لە شێوەی چیرۆکەشیعردا هۆنیوەتەوە.. تام و چیژی وەرگێڕانەکەی پیرەمێرد، لە دەقەکەی لافۆنتین گەر زیاتر نەبێت کەمتر نییە.. (فایق بێکەس)یش هەر بە چیرۆکە شیعر(دوو مراوی و کیسەڵێک)ی هۆنیوەتەوە، بە هامان شێوە (هـەژار موکریانی) (کۆبوونەوەی مشکان)ی هۆنیوەتەوە.. بە لای منەوە شانۆگەری(موحاکەمەی مام چەوەندەر) کە شاعیری گەورەی کوردمان (عەبدوڵڵا گۆران) کە بە چیرۆکەشیعر بۆ منداڵانی نووسیوە، کە زادەی بیری گۆران خۆیەتی، لە ئاستی چیرۆکە شیعرییە ئەفسانەکانی لافۆنتین کەمتر نییە.

گەلێ لە شاعیر و چیرۆکنووسانی جیهانی سوودیان لە ئەفسانەکانی لافۆنتین وەرگرتوون و بوونە بە ئیلهام بۆیان، لەوانەش (ئیگناسی کراسیسکی)ی پۆڵەندی و (ئیڤان کریلۆڤ)ی روسی و میری شاعیرانی عەرەب(ئەحمەد شەوقی) ی میسری ـ کە بە رەچەڵەک کوردە.. چەندین شاعیر و چیرۆکنووسی کەش.. سوودیان لە ئەفسانەکانی لافۆنتین وەرگرتوون.. بە تایبەتیش (ئەحمەد شەوقی) کە خۆشی لە پێشەکیی دیوانەکەیدا، ئاماژەی بەم کارتێکردە کرردووە.

دەتوانین کارەکانی لافۆنتین بکەین بە سێ بەشەوە:(بەشی یەکەم: فابلیس) واتە (چیرۆکەشیعرە ئەفسانەییەکان)،
(بەشی دووەم: کۆنتیس) واتە (گەنجەفە و مەتەڵ و هەقایەتەکان)،(بەشی سێیەم) کارە ئەدەبییە هەمەڕەنگەکانی تری.. بەڵام لە جیهاندا زیاتر بە بەشی یەکەم ناسراوە، کە توانا و بەهرە و بلیمەتی و جیاوازی لافۆنتین دەردەخات.

لافۆنتین لە ماوەی(٢٦) ساڵدا، لە (١٦٦٨تا ١٦٩٤) لە دوانگزە کتێبی چاپکراودا (٢٤٣) چیرۆکەشیعری ئەفسانەیی بڵاوکردۆتەوە.. سێ لە کتێبەکانی لە دوای کۆچکردنی خۆی چاپکران.
چیرۆکەکانی بە زمانی ئاژەڵ و باڵندە و زیندەوەر و دار و درەختەوە نووسیون، لە هەندێ لە چیرۆکەکانی مرۆڤیش رۆڵیان هەیە.. لافۆنتین دەڵێ:” بۆ رێنمایی مرۆڤ ئاژەڵم بەکارهێنا” بە زمانی ئەم ئاژەڵ و باڵندە و درەختانەوە، رەخنە دەگرێت و توانج و پەلار لە: زۆرداران، ستەمکاران، فێڵبازان، ناپاکان، لەخۆباییبوان، نەزانان، بەدکاران، نادادپەروەران دەگرێت، ئامۆژگاریی ئەوەش دەکات کە: دڵسۆزی، سۆز، خۆشەویستی، بەزەیی، بەرجەستەبن.

چیرۆکەکەکانی لافۆنتین بە زۆری پەندێک یا بە ئامۆژگارییەک یا بە رستەیەکی رەوشتی کۆتاییان دێت، بۆ نموونە چیرۆکی: (گورگ و بەرخۆلە) دا مەبەستکەی ( کە زۆر هـات قـەواڵە بە تاڵە) لە چیرۆکی ( شـێر و مشک) دا مەبەستەکەی( زۆر جار هێز و لە خۆبایی بوون مرۆڤ لە تەنگانە رزگار ناکات، دەشی کەسێکی بچوک فریای بکەوێ و رزگاری بکات) لە چیرۆکی (قەلەڕەش و رێوی) دا مەبەستەکەی(نابێ مـرۆڤ بە هەڵـنان و بە ستایشی مەبەستدار فریوبخوات و بخەڵەتێت..ئەوەی هەیەتی لە دەستی بدات) لە چیرۆکی (مریشکی هێلکە زێر) مەبەستەکەی (چاونەزێڕی و تەماحکارییە) لە چیرۆکی (مێروولە و کولـلە) دا مەبەستەکەی( دەستی ماندوو لەسەر سکی تێرە) و (ئەوەی بۆ بەیانی کار نەکات بە برسێتی دەمێنێتەوە) لە چیرۆکی ( لەقلەق و رێوی)دا مەبەستەکەی (ئەوی فێڵ بکات فێڵی لیدەکرێت).. لافۆنتین لە بەشێکی زۆری چیرۆکەکانیدا مەبەستی چیرۆکەکەی بۆ خوێنەر بەجێهێشتووە.

لافۆنتینی شاعیر و چیرۆکنووس و شانۆنووس لە (١٣ی/گوڵان/١٦٩٥) لە لە شاری پاریس کۆچی دوایی کرد.

وەکو رێزلێنانێک بۆ (جان دی لافۆنتین) فەرەنسا لە ساڵی (١٩٩٥)دا کۆمەڵێک پوولی پۆستی چاپکرد کە وێنەی لافۆنتین و پاڵەوانی چیرۆکەکانی لەسەر بوون.. هەموو چیرۆکەشیعرەکانیشی لەژێر ناوی(ئەفسانەکانی لافۆنتین) لە کتێبێکدا چاپکرد.. لە شاری (پاریس)یش پەیکەرێکیان شایستەیان داناوە.. لە ساڵی (٢٠٠٧) دا فیلمێکی سینەمایی دەربارەی ژیانی لافۆنتین لە ژێر ناوی(جان دی لافۆنتینی چاونەترس) لە پاڵەوانێتی (لـۆرت دۆیتـش) کە رۆڵی لافۆنتین دەبینێ.. ئەم فیلمە لە پاریس نمایش کرا.

نەرویج: ٢٠١٧

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی