ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی(2016/01/15)، هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئوتریش
بە سەرپەرەستیی جەزا ساڵحی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئۆتریش، لە سێمینارێکدا کە لە لایەن حیزبی شیوعیی کوردستانەوە بۆ دوکتور کاوە مەحموود سکرتێری ئەو حیزبەڕێکخرابوو، بەشدارییان کرد.
لەو سێمینارەدا کوردەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان و نوێنەری بەشێک لە حیزبە کوردستانیەکانیش بەشدار بوون.
سەرەتا ئومید بابان بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی شیوعی لە وڵاتی ئۆتریش خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدان ڕاگەیاند و دواتر کورتەیەک لە ژیاننامەی دوکتور کاوە مەحموود سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستانی پێشکەش کرد.
پاشان دوکتور کاوە سمینارەکەی لەژێر ناوی” پەرەسەندنەکانی ڕەوشی سیاسی” پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
دوکتور کاوە لە سێمینارەکەیدا بە وردی و زۆر ڕاشکاوانە باسی لەپرسی سوسیالیستی، گلۆبالیزم، نەمانی جەمسەرەکان وەک ڕابردوو، شوناسی فیکری، ناسنامەی نەتەوایەتی و چینایەتیی حیزبی شیوعی، قەیرانە ئابووری و سیاسییەکانی کوردستان، قەیرانی پێوەندی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، چەند هەڵویستیی کورد لە کوردستان و لە بەغداد، ڕێگاچارەی چارەسەرکردنی قەیرانەکانی وەک پەک کەوتنی پارلمان، قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم ، قەیرانی بڕانی مووچەی هاووڵاتیان، سیاسەتی ئابووریی حکوومەتی هەرێم ، چۆنیەتی سیاسەتی دەرەوەی حکومەتی هەرێم، چۆنیەتی پێوەندی لەگەل وڵاتانی دراوسی و وڵاتانی زل هێز، مافی دیاری کردنی چارەنووس و ڕفراندۆم، کێشەی دەوڵەتی عێراق، جێ بە جێ نەکرانی دەستوور بە تایبەت مادەی ١٤٠ لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە، جێبەجێنەکرانی فێدڕالیزم بە کردەوە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە و…هتد،هەروەها پرۆژەی حیزبی شیوعی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، نەوعی سیستمی حکوومەتی لە کوردستان، دەستورێکی مەدەنی، سێکۆلار و دێموکراتیک، جیا کردنەوەی دین لە دەوڵەت ،پێک هێنانی دەوڵەتی هەموو پێک هاتەکان و چۆنیەتی پێوەندیی حیزبی شیوعیی کوردستان لە گەڵ باقی ڕێکخراوە کوردستانییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان کرد.
لە کۆتایی ئەو سێمینارەدا هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەشدارانی دیکەی سێمینارەکە چەند پرسیارێکیان لە پێوەندی لەگەڵ ناوەرۆکی سێمینارەکەدا ئاراستەی دوکتور کاوە مەحموود کرد و ناوبراو بە وردی وەڵامی پرسیارەکانی بەشدارانی دایەوە.