Hoppa till innehåll
Hem » کابینەی دۆناڵد ترامپ و داهاتووی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عارف شێخ ئەحمەدی

کابینەی دۆناڵد ترامپ و داهاتووی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عارف شێخ ئەحمەدی

دۆناڵد ترامپ وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەستبەکار بوو، بەڵام بە وردبوونە لە پلە و پایەی کۆمەڵایەتی و سیاسی دوو جێگرەکەی ناوبراوaref-shexahmadi-

زۆر بە کورتی دەتوانین بڵێین سیاسەتی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و بۆ نەتەوەی کورد بە تایبەت چۆن لێکدەدرێتەوە.

جێگری یەکەمی ترامپ:

”جەرد کۆشنەر” کە تەمەنی ۳٦ ساڵە و ماوەی حەوت ساڵ پێش ئێستا دەگەڵ ”ئیوانکا”ی کچی ترامپ ژیانی هاوسەریەتی پێک هێناوە، گەنجێکی نەناسراوە کە لە بنەماڵەیەکی جوولەکەیە و لە ڕێکخراوی جوولەکە ئۆرتۆدۆکسەکانی ئەمریکا پلەی ئەندامیەتی هەیە و هیچ کارنامەیەکی پێشووتری سیاسی نیە، بەڵام بە پێی چەند بەڵگەیەک پێوەندی توند و تۆڵی دەگەڵ دەوڵەتی ئیسڕائیل و جوولەکە ڕووسیەکان دا هەیە.

ناوبراو لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەرپرسی سەرەکی مەکۆی لایەنگرانی ترامپ بوو و جیاواز لە پێوەندی خزمایەتی، دۆناڵد ترامپ باوەڕ و متمانەی تەواوی بە جێگرەکەی هەیە و وەک لە وڵامی پرسیارێک دا سەبارەت بە داهاتووی چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ترامپ سەبارەت بە جێگری یەکەمی دەڵێت:” ئەگەر تۆ نەتوانی چارەسەری بکەیت ئەوە بە دڵنیایی کەس ناتوانێت”.

کۆشنەر کەمتر لە شوێنە گشتیەکان دا دەردەکەوێت و بە هیچ جۆرێک حەزی لە دەرکەوتن لە میدیاکان دا نەبووە. ئەو خاڵە گرینگەی دەبێ باسی بکەین ئەوەیە کە ئەم جێگرەی ترامپ بازنەی پێوەندی جوولەکەکانی ڕووسیا و ئەمریکایە و چەند ساڵێک لۆبی جوولەکە لە ئەمریکا هەوڵیان دا نوێنەرێکی تایبەتیان بۆ ئەم مەبەستە هەبێت.

جێگری دووهەمی ترامپ:

” دەیوید فریدمەن” یان ئەوکەسەی بە هەموو شێوەیەک و لەوپەڕی هەوڵداندا یارمەتی ماڵی و ئابووری بۆ درووستکردنی شارۆچکەی نوێی جوولەکەنشین لە خاکی داگیرکراوی فەلەستین دا کۆدەکردەوە.

ناوبراو تەمەنی ٥۸ ساڵە و ماوەی پانزە ساڵە دەگەڵ ترامپ دۆستایەتی هەیە. وەک ڕاوێژکاری ترامپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوکاتیش باڵوێزی ئەمریکا دەبێت لە ئیسڕائیل و لەم ڕۆژانە دا ڕایگەیاند کە ترامپ دەخوازێت درێژە بە سیاسەتی درووستکردنی شارۆچکە جوولەکە نشینەکان بدرێت. پیشەی پێشتری ئەم کەسە پارێزەر لە بواری داڕمانی سیستەمی ئابووری دا بووە و باوکیشی حاخامی یەکێک لە کنیسە ئۆرتۆدۆکسەکانی جوولەکە بووە.

فریدمەن بە هیچ شێوەیەک باوەڕی بە درووستکردنی دوو دەوڵەتی فەلەستینی و ئیسڕائیلی نیە و ئەم بیرۆکەیە بە تراژێدیا ناودەبات. کاتێک چاو لە ڕۆژنامەکانی ئێسڕائیل دەکەین لە زۆربەی ڕۆژنامەکان دا بە زمانی عیبری بابەتی پشتیوانی لە جوولەکە بڵاو دەکاتەوە و شارەزایی تەواوی لە نووسین و ئاخاوتن بە زمانی عیبری هەیە و خاوەنی خانوویەکی گەورەیە لە گەڕەکێکی دەوڵەمەندی شاری بەیتولمەقدیس و بە هیچ شێوەیەک حیساب بۆ دانوستانی عەڕەب و ئیسڕائیل ناکات و زۆرتر لە نووسینەکانی دا باوەڕی بە گوشار بۆ سەر فەلەستینیەکان هەیە.

پەیامەکەی نەتانیاهۆ بۆ گەلانی ئێران:

هاوکات دەگەڵ دەستپێکی سەرۆک کۆماری ترامپ، نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل پەیامێکی کورت و پوختی پێشکەش بە خەڵکی ئێران کرد و ڕایگەیاند کە گەلی جوولەکە و دەوڵەتی ئیسڕائیل هیچ کێشەیەکی دەگەڵ خەڵکی ئێران نیە و پێیانوایە خەڵکی ئێران شایانی سیستەمی دیموکراسی و دەوڵەتێکی باشن نەوەک ڕێژیمی ئاخوندی. خۆی لە خویدا ئەم پەیامە لەوەها کات و ساتێکدا ناتوانێت هەڵگری چەند بەڵگەی گرینگ و چاوەڕوانکراو نەبێت.

زۆر لە مێژە ئیسڕائیل لە ڕێگەی لۆبی جوولەکە لە ئەمریکا هەوڵدەدات گوشاری هەمە لایەنەی سیاسی و نێودەوڵەتی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران زیاد بکات و مەترسی پڕۆگرامی ناوەکی ئێران بۆ سەر داهاتووی ئێسڕائیل بکاتە گرینگترین بەشی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کابینەی دەوڵەتی نوێی ئەمریکا دا، هەر بۆیە جێگە و پێگەی دوو جێگرەکەی ترامپ ناتوانێت هاوپێوەند نەبێت دەگەڵ خواستی ئیسڕائیل بۆ دژایەتی کردنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران.

سیاسەتی ترامپ بۆ نەتەوەی کورد:

هیچ گومانێکی تێدا نیە کە ئەو حیزب و دەسەڵاتە کوردییەی نەتوانێت خەونەکانی لۆبی جوولەکە وەدی بێنێت هیچ جێ و شوێنێکی نابێت لە داهاتووی دۆستایەتی دەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا دا.

لە نێوان ئەو شەڕەی لە ئێستادا لە نێوان سێ گۆشەی شیعە بە ڕابەرایەتی ئێران و وڵاتە سوننە مەزهەبەکان دا لە سووریە و عێڕاق لە ئارادایە، تاوەکوو هەنووکەش ئیسڕائیل هەوڵی داوە سیاسەتی خۆی لەمباریەوە بشارێتەوە، هەرچەند چەند جارێک هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی ڕێژیمی بەشار ئەسد و حیزبوڵڵای لوبنان، بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە خۆی بە لایەنگر و پاڵپشتی خەڵکی لێقەوماوی سووریە و سوننەکانی عێڕاق بزانێت.

دەوڵەتی ئیسڕائیل لە ئێستادا زۆرتر پێکهاتووە لەو جوولەکانەی ناسراون بە باڵی ڕووسی کە ئەمەش لە خۆی دا لۆبی فارسی و جوولەکەی ئێرانی لە ئەمریکا لە دوای دەوڵەتی ئۆباما لاواز دەکات و توندڕەوە ئۆرتۆدۆکسەکان کۆنتڕۆڵی سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە باشتر دەگرنە دەست و لۆبی ئەمان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا بە هێزتر دەبێت.

کەوابوو لە ناو کەوانەیەک دا هەر حیزبێکی سیاسی کورد لە هەر بەشێکی کوردستان لە ناو زوومی ئێرانی دا سیاسەتی خۆی درێژە پێ بدات، ئەوە ڕووبەڕووی کزی و لاوازی دەبێت و بە پێچەوانەوە ئەوەی خۆی دەگەڵ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ترامپ کە باوەڕی بە هێز هەیە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی جوولەکە و ئیسڕائیل و هەروەها سەرکوتی ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان لە ناوچەکەدا، ئەوە بێ شک دەتوانێت لەم کایە سیاسیەی داهاتوودا براوە بێت.

tramp-u-zawakey