Hoppa till innehåll
Hem » دەردی دڵ بۆ کێی بەیان کەم ؟!، مەلا برایمی مەجیدپور

دەردی دڵ بۆ کێی بەیان کەم ؟!، مەلا برایمی مەجیدپور

ئـەوە نـاوی گۆرانیەکە  بەڕێز کاک  حەسەن  دەرزی دەیکوتو  مـنیش  پێمخۆشبـوو  زۆر جاریش لە بـەرەخۆمەوە کوتـومەو دەیڵێمەوە .ئـێستا حەزدەکەم بـیـکەمـە سوژەی  وتارێک و  لە قالبی  سیاسیدا بیڵێمەوە،mela_biraym1

چونـکە دەبینم گەلەکەمان دەردی  دڵیان  زۆرنـو  نازانن  بەکێی بڵێن . منیش یەکێکم  لەو  گەلەو بەئێسکو  پێستەوە  هەست  بـەو  دەردە  دەکەمـو هەڕچی دەکەمو دەکرێنم  دوکتۆرو  دەرمانەکەی  نادۆزمەوە .

قەدیم باو بوو ئەگەرکوسپێکو  تەگەرەیەک  بـۆ کەسێک  یـان بو ئاوەدانیەک دەهاتە  پێش، یان  یەکێک توشی  ئازارو گرفتێک دەهات ڕدێن سپیو مەلاو کەیخودای  ئاوەدانی هەبونو  دەچونە لایانو  داوایان  لێدەکردن یارمەتیان بدەنو  ڕێنوێنیان بکەنو کێشەو گرفتەکەیان  بۆ یەکلا بکەنەوەو دەرمانی  دەردو  ئازارەکەیان  بـۆ بـدۆزنەوە . ئـەوەندەی  وەـبیرم دێی کە بۆخۆشم ئەوکاتیشو دوایەش لەڕەهاکردنی ئەوگرفتانەدا بەشداریم کردوە، کەیخوداکان زۆر  دڵسۆزانە  پێڕادەگەیشتنو لایەنەکانیش زۆر سادقانەو لە خۆبردوانە   بڕیارەکانی  ئەوانیان  قبوڵ دەکردو  ئاو بـەئاور دادەکراو کێشەکە  ئـەگەر  پێاویشی  تـێدا  زایـەبوبـا دەبـڕایـەوە. بەداخەوە ئێستا هیچکام  لەو خێرخوازانە  باویان نەماوە. ئەوەی  هەشن حیزبو سازمانن ، ئەوانێش ڕکەبەری سیاسینو  بەڕوالەت  ئاواتی  ئاشتبونەوەیان  بۆ دەخوازنو  لە ڕاستیشدا بە یارمەتی ماڵیو سەردانی بەناو سیاسیو چیو چی،هانیان دەدەن هەروەک خۆیان بمێننەوە.  ئەگەر دوای شۆڕشی ئیرانیش حیزبە کوردیەکان  هاتنە کایەوە ، بەبارێکیتردا کەمو  زۆر  هەرکامەیان  بە شێوازی  خۆی  ویستیان  ئەوکارە  بکەن ،بەڵام  لەبەر ململانەی نەرێنیو دژایەتی  یەکتری ،ئەویشیان لـە بیر چۆوەو هەرکامەیان  بـە پێوەری  بـەرژەوەندی  خۆی  دەیکردو قازانجی  گەلیشی  هەر بەو پێیودانە  لێکدەداوە.

هەرچی بیری لێدەکەمەوە ناتوانم ئەو گرێیپوچکەیە بکەمەوەو سەرەداوەکەی نادۆزمەوە کە حیزبی دێمۆکڕاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزرێنەرو پێشەنگو  بەڕێوەبەری ، پێشەوای  نەمر قازی محەممەدو هاوکارو هاوڕێیانی  بون، ئامانجی  ئەسڵی  ڕزگاری گەلو نیشتمان بـوو،  نـمونەی حاشا  هەڵنەگریشی  دامزرانی  کۆماروهەڵکردنی ئاڵاو ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگەی  کوردستان بوو. مخابن ئێستا ئەو حیزبە بەو ڕەمزە یەکگرتوانەوە ، بۆتە : ٢ لەت ، ٢ بەش ، ٢ لایەن،  هەرناوێکی کە لیی دەنێن. سوژەی  پڕوپاگەندەکانیش هەر ئەو  دەسکەوتانەن کە پێشتر هەبونو کاریان پێکراوە، ئێستاش  شانازی  هەمویان  هەر کۆمارو  ئاڵاو  پێشمەرگەیە ، کەوابو کێشەکە لەودانیە کە ئامانج چیەو چی بۆ گەل باشترە ،  بەڵکو گرفتەکە  ناکۆکیو ململانەی کەسو  کەسانەو  بۆ گرتنەوەی  پۆستو  مەقامانە !! : ئاخر  لە کوێی  دنیایە دیتراوە حیزبێک بەیەک  ئامانجو  یەک  پێڕەوو  پڕۆگرامو لە ژێر  یەکناودا  ٢سکرتێر ،٢ دەفتەری  سیاسی ،٢ کۆمەیتەی  ناوەندی و…هەرکامەشیان  خۆی  پێهەوەو  ئەویترنا. ڕۆژێک دەگژ یەک  ڕۆدەچینو ڕۆژێک پیکەوە چاییو قاوە دەخۆینەوە،  ڕۆژێک  تاریفی  یەک دەکەینو، ڕۆژێک دەیان تانەو تەشەر لێک دەدەین. لەو  نێوەدا  خەڵکەکەمان  سەریان سوڕماوە ،نازانن کامەیان حیزبی دێمۆکڕاتەو کامەیان هەونیە !  ئەو حیزبەی  کە مێژویەکی لێواولێوی لە خەباتو  تێکۆشان هەبو ، هەمـو  چینو  توێژەکانی بە ئایینو  ئیدەی  جیاوازەوە لە خۆیدا جێکردبۆوە گەورەترین شانازی  مێژویی  بەناوی  خۆی سەبتکردوە ، ئێستا  ڕێبەرایەتیەکەی  ناتوانن  لـە سەفێکی  یەکگرتودا   پێکەوە  کار بکەنو  بحاوێنەوە،     پەنایان بردوە بۆ لەتو کوت بونو  لێک دڕدۆنگ بونو بێموتمانەیی  بەیەکتر ، هەر ئەوەش گەلەکەمـانی  تـوشی  نیگەرانـیـو  بـێهیوایی  کردوە. بـەداخەوە  هێندێک  لـە لاوە  خـوێـن گەرمەکانمان هەر نەبێی بەقسە بەرەو ڕوی یەکتر دەبن، ئەوەش دەیان گەێێنێتە قەناعەتیک  کە لێک  نامۆ بنو پێکەوە نەحاوێنەوە.ئەگەر لێشم بەعەیب  بگرن بەخۆشمەوە ئەو ڕەوتەی  گرتومانەتە پێش نەخۆمان بە هیچکوێی دەگەێێنێ و نەبەقازانجی  بەرژەوەندی  گەلەکەمان  دەشکێتەوە ! زۆر دڵنیام ئەگەر بەجیدی  بەخۆماندا  نەچینەوەو شەق لە بەرژەوەندی  تاکیو  گروهی هەڵنەدەینو وەک ئەرکی هەمیشەییمان خۆمان بەقوربانی بەرژەوەندی گەل نەکەین  دوای  ڕوخانی  ئەوڕێژیمەش  هەروا  بە پەرتەوازەیی  بمێنیەوە ،  جارێکیتریش شایەدی  پێشهاتی نەخوازراوو خەساری مێژوو دەبینەوە. وەزعەکە بـەبـارێکدا خـراوە  نـەک  هەر دێمۆکڕاتەکان بەڵکو هەمو  حیزبە  کوردەکانی  ڕۆژهەڵاتی  کوردستان  بەو  نەخۆشیەوە  دەناڵێنن .

لەحیزبی ئێمەدا قازیو قاسملوو شەرەفکەندی پێشەنگو قوربانی خەباتی حیزبی دێمۆکڕاتن. هەرچەند هەردووک لامان ئەوە دروشممانەو شانازیان  پیوە دەکەین ، بەڵام جێی داخە کە لە کردەوەدا دروست  دژی ئەو دروشمە کاردەکەین. دەبێی ئەو  ڕاستیە  تاڵەش بسەلمـێنین پاش ٧١ ساڵ خەباتو  قوربانیدان ، ماڵوێرانیو  دەربەدەری  لە هەندەران ،  کە دەبو  ئیستا  لە جێگایەک باین کە ئەوێی گۆڕەپانی  هەوڵـو تێکۆشانمانە  ، کە چی  ئـەگەر  بـۆدواوەش  نەگەڕابینەوە  لە شوێنێکدا چەق بەستوو  قەدتیس  ماوین،  پێشی دەڵێن قەڵای  دێمۆکڕات! کە بەداخەوە باشترە  بڵێین بەندیخانەی  گەورەی  دێمۆکڕات. ئەگەر سرنجی قسەو نوسینو  هەڵوێستی هێندێک لە ئەندامو لایەنگرانیشمان بدەین  دەبینین کەشو هەواکە  ئەوەندەئاڵۆزو  نالەبارە  کە ئەوانەی ناشیان  هەوێی  وابێی بۆیان کوتڕوڵ ناکرێی  .دەگاتە  حاندێک  کە بۆ لێکدان تەنیا هەلو دەرفەتی دەوێی . خوێنەری  بەڕێز ئەوەی نوسیومە نە لە خۆشەویتی  کەسێکو نە لە دژایەتی کەسێکیترە،  بە ڵکو ئەوە  دەربڕینی ئێشو ئازاری دڵێکی برینداری  بەئاوات نەگەیشتوە، ئەویە کە نازانم  دەردی دڵ بۆکێی بەیانکەم ، چۆن ئەو برینە دەرمان  کەم .هەزاران ڕۆڵەی  بەئەمەگو لە خۆبردەی ئەو  گەلە  گیانیان  داناوە ، ژیانی  ئاساییان  وەلاناوە ؛ دەستیان لە کەسوکار بەرداوە ، بە شانازی دەزانن  کەڕێبازی  شەهیدانیان  بـەر نەداوە، بەڵام ئەو لێک ترازانو دابڕانو ناوو ناتۆر لێک هەڵدانە دڵی گەلەکەمان  دەتەزێنێ، هیوا بەئامانجو  بروا بەسەرکەوتنیان  تێدا  دەمرێنێ ، دەبێتە  دارێکی بەرەو  ویشک  بون کە دوژمن  بەقازانجی خۆی ئاوی دەکاتە  ژێرو خۆی چۆنی  دەوێی  ئاوای  وەبەر  دێنێ.

بەڕێزان گەل چاوی لێمانە  هیوای  پێمانە ، با ئەو  چاوەڕوانیە  وەدی  بێنین ، ئەو هیوایە  بەیەکگرتوییمان  نـوێژەن بکەینـەوە. دوژمن هەرچی  بـەهێز بێو هەرچی بـیکا  دوژمـنەو  ناتوانێی  بەچۆکمان دابێنێ . کەلەبەری خۆکرد  ڕێگەدەدا  هەمو ڕەشەباو  بۆرانێک سەر  بەماڵەکەماندا بکاو ژیانمان لێی بشێوێنێ . لەبیرمە  لەهەر  بۆنەیەکدا  کە  قسەم دەکرد  بە جۆرێک لە دنیای سەرکەوتنو ڕزگاریدا  نـوقم  دەبـوم ئاگام  لەخۆم  نەدەماو، دەیان بەڵێنیو  مزگێنیم  بە خەڵک  دەدا ،ئێستا بەداخم کە هێچیان وەدی نەهاتون،  تەنیا   شتێکی  کە پێی  دڵخۆشم،  هەقانیەتو  ڕەوایی خەباتەکەمانو  هیوا بـە  دواڕۆژێکی  گەشە . ئـەو قسانـەم لە ناهومێدی  نیە ، بەڵکو  ناڵاندنە  بەدەردی  خۆکردەوە. تۆ بڵێی  ناڵاندنیش  گوناح  بێی ؟! هاوڕێیەکمان هەبو  ئێستا  لەناوخۆی  کوردستانەو  حیزب ئیزنی چونەوەی  پێدابو ،ناوی ناهێنم . پاش  دوو ساڵ نامەیەکی  بۆ نوسیبومو  کوتبوی: ئەرێێ  مامۆستا  ئیستاش  دەڵێی بۆسەرکەوتن هێندەمان نەماوە؟ بەڵێی ئێستاش هەروا دەڵێم، ڕاستە تا ئێستا سەر نەکەوتوین   بەڵام خۆڕاگرتن لە بەرانبەر ئەو هەمو دوژمنە  دیارو نادیارانە ، خۆڕاگرێو تێدا  نەچون بەگێڕانی ئەو گشتە  تەونو تەلەسمانە ، هەستانەوە  دوای ئەوهەمو سەرمەقوڵاتانە، وەفادار  مانەوە  بە خوێنی  گەشی  ئەو شەهیدانەو  نمونەی  هەرەبەرزیشی  ڕاسانە ،  ئەوە  خۆی  گەورەترین بەڵگەی زیندویی خەباتی  سەرکەوتوانەو بە هێزترین بەڵگەی کۆڵنەدانو  جێی   شانازیمانە.جارێکیتریش  داواکارو هیوادارم  بە قەولو بەڵێنیەکانمانو  بەشەهیدانو  گەلمـان وەفادار بینو ، لە  بـۆڵدوزێڕی  خراپکردن  دابـەزینو  لـە ماشێنی  بـرایەتیو هاوکاری  بـۆ  سەرکەوتن سواربین .هەستینەوەو وەخۆ بێینەوە ، با بەس بە گەلو نیشتمان قەرزداربین.

براتان  مەلا برایمی  مەجیدپور  ٩ / ٢ / ٢٠١٧ .