نووسراوەیەک لە ژێر سەردێڕی ”تاران بە سەر کورددا دەرووخێ” بە قەڵەمی هێمن عەبدوڵا لە ماڵپەڕی ”رووداو نێت” دا بڵاو بووە.
لەم نووسراوەدا نووسەر ئیدیعا دەکات کە ”ئۆمێدواری کوردی ڕۆژهەڵات بە ترەمپ چیرۆکی رەجەبم بیر دەهێنێتەوە کە لە ژێر دارە هەنجیرەکە دانیشتبوو و هیوای بەوە بوو کە هەنجیرێک لوتف بکات و بەربێتەوە نێو دەمی.” واتا مەبەستی هێمن عەبدوڵا ئەوەیە کوردی ڕۆژهەڵات بێ ئەوەی زەحمەتێک بە خۆی بدات بەم هیوایەیە بەڵکوو ئەمریکا یان هێزێکی دەرەکی ”لوتف بکات” و هەریمێکی کوردی لە چەشنی ”هەرێمی کوردسان” لە باشوور، بۆ جەماوەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێران دامەبمەزرێنێ!
جا نووسەر بە پشت بەستن بە چیرۆکی هەنجیرەکەی ڕەجەب بەم ئاکامە دەگات کە ”گریمان ترەمپ سەرشێتییەكی كرد و هێرشی كردە سەر تاران، ئەوكات چی لە رەوشی كوردی رۆژهەڵات دەگۆڕێت؟” نووسەر بۆ ئەوەی هێندەی دیکە باسەکە ماقولتر و بە بەڵگە وە بەهێزتر بکات، ئەم پرسیارە لە ”هاوڕێیەکی ڕۆژهەڵاتی زۆر ئاگادار” دەکات و ئەویش بەو چەشنە پێشبنی دەکات و دەڵێ ”وەك زەمانی شا، ئەم نیزامەش بەسەر كوردی رۆژهەڵاتدا دەڕووخێ و هیچی دەست ناكەوێت.”
با لە سەرتا دا ئاماژە بە ڕوونکردنەوەیەک بکردرێ. دەستەواژەیەکی فارسی دەڵێ ”زردآلو بیا بە گلو” واتا قەیسی بکەوە نێو گەروو و، لێرەدا کاکی نووسەر ئەو دەستەواژەیە دەکات بە ”چیرۆکی رەجەب” و قەیسییەکەش دەبێتە ”هەنجیر”. هەرچی بێت مەبەستی نووسەر ئەوەیە کە کوردی ڕۆژهەڵات پاڵی لێ داوەتەوە و بە تەمای مستر ترەمپە ها کەی ”لوتف”ێک بفرەمێ و تاران بڕووخێنێ دەشقەم شتێک وەگیر کورد بکەوێ، بەڵام چونکوو نزیکەی چل ساڵ لەمەوبەر ”هیچی دەستنەکەوت”، ئەم جارەش هەر هیچی دەست ناکەوێت.
ئەوەی کە کوردی ڕۆژهەڵات بە بێ کردەوەیی و داماوی تاوانبار دەکرێت نە تەنیا زۆر جێگەی داخە بەلکوو، بەکەم زانین و سووکایەتی پێ کردنێکی تەواو عەیارە. سیاسەتی ئۆباما لە ماوەی هەشت ساڵان دا ئێرانی تەریک کەوتووی ڕزگار کرد و لە دەست ڕووخان قوتاری کرد، ئێڕاقی دوو دەستەکی پێکەش کرد، سوریای کردە گۆڕەپانی تێرۆریزمی ئێران و بە میلیارد دؤڵاری لە خەزانە بەتاڵی ئێران هاویشت. بەڵام دیسانیش بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی ڕؤژهەڵات بە شێوە جۆر بە جۆرەکانی خەبات بە هیوا بە داهاتوو و پشت ئەستوور بە هێزی خۆی ئێستاشی دەگەڵ بێ، ماندوو نەناسانە دژی ڕژیمی ئێران ڕاوەستاوە و لە خۆێ بەرگری دەکات.
هەر لەو ماوەی ئەو هەشت ساڵە دا دەیان بگرە سەدان کوڕ و کچی کوردی ڕۆژهەڵات گیران و ئەشکەنجە کران و لە سێدارە دران. ئەگەر ئەوە بێ کردەوەییە و هیوا بە ”ترەمپ” و ”هەنجیر”ەکەیتی، ئاخۆ دبێ پێچەوانەکەی چۆن بێ.
کەس بیری لەوە نەدەکردەوە کە ڕۆژێک ئەمریکا هێرش دەکاتە ئێراق و، ڕژیمی سەدام حوسێن دەڕووخێنێ. ئەگەریش وا نەبوو بایە دیار نەبوو ڕژیمی بەعسیش وەک ڕژیمی تارانی ڕزگارکراو بە دەست ئۆباما چەندەی تر دەیتوانی لە دەسەڵات دا بمێنێتەوە. بەڵام چەرخی ڕۆژگار وای هێنا و، ئەمریکا لە ڕاستای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەگەڵ کورد بوو بە هاوپەیمان. بەرهەمی بەرژەوەندی کورد و ئامریکا بوو بە هۆی ڕووخانی ڕژیمی بەعس و، لەدایکبوونی ”حوکوومەتی هەرێمی کوردستان” لە ئێراق. پرسیار ئەوەیە ئایا کورد لە باشوور دەستی لە خەبات هەڵگرتوو و بە هیوای سەرۆککۆمار بووش بوو کە هێرش بکاتە ئێراق و ڕژیم بڕووخێنێ. کورد ئەگەر ئەو هەلەی نەقوزتباوە و لە چوارچێوەی بەرژوەندییە باڵاکانی خۆی سوودی لەم دەرفەتە زێڕینە وەرنەگرتبا، نە مێژوو دەیبەخشی و نە باشووری کوردستان لە بارودۆخی ئێمڕۆ دا دەبوو.
بۆچی ئەم سیاسەتە بۆ کوردی باشوور ڕەوایە و درووستە بەڵام، بۆ کوردی ڕۆژهەڵات بڤەیە و حەرامە و، هیوا بە کەوتنەخواری ”هەنجیر”ی ” ”ترەمپە”. ئەگەر قسە لە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی حیزبەکانی ڕۆۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەوە دەبێ هەزاری ترەیشی بێیەی سەر. بەڵام خۆمانین ئاخۆ ئەو کات کورد لە باشوور ئەو ئامادەگییەی هەبوو کە پڵانی ستڕاتێژی نەتەوەیی داڕێژێ. مەگەر حیزبەکانی سەرەکی باشوور بە زەبەر و زۆری دەزگای ئیداری ئەو کاتی ئەمریکا نەبوو پاش شەڕی خوێنینی براکوژی یەکیان گرت و پێکەوە سیسیەمی ئیداری ئێستایان لە باشوور دامەزراند. ئەگەر کورد لە ڕؤژهەڵات لە کاتی ئەگەر و مەگەری هێرشی ئامریکا خۆی نەگونجێنێ و لە ئەزموونی باشوور لە ئاست قۆزتنەوەی هەلەکە بە سوودی خۆی کەڵک وەرنەگرێ و بە قسەی هێمن عەبدوڵا دەمی بۆ ”هەنجیرە” کە نەکاتەوە، ئیتر با دەسرەی سەرئێشەی کوردایەتی لە سەر نەبەستێ باشترە و، لە ماڵە خۆی ساخ و سڵامەت دانیشی. لە ئارا دا نەبوونی پڕۆژەیەکی نەتەوەیی کە هەموو ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە ژێر باڵی کۆببنەوە، کەلێنێکی گەوەرەیە و ژان و مچوورک بە لەش دا دێنێ. بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نییە کە لە داهاتووش دا هەر وا بێ.
چل ساڵ لەوەی پێش کە شۆڕشی گەلانی ئێران قەوما، کورد لە بارودۆخێکی زۆر نالەبار دابوو. ڕژیمی پاشایاتی هەموو دەرفەتێکی ژیانی سیاسی لە کورد ستاندبوو، نە ڕۆژنامەیە و ڕادیۆ و تەلەڤیزیونێکی ئازد هەبوو و، نە حیزبێکی سیاسی لە گوڕ دا بوو. نەخوێندەواری و بێ ئاگایی و هەژاری پشتی کوردی لە ڕۆژهەڵات چەماندبووە. لادییەکانی خاوەن جادە و کارەبا و تەلەفون و ڕژنامە و خوێندگەی ڕاستەقینە و نەخۆشخانە نەبوون. لە وشەیەک دا کورد لە زیندانێکی مەزنی تاریک و تنۆک دا دەژیا. لەو بارودۆخەدا بوو کە کوردی بە ئەزموون بەڵام دوور لە سیاسەتی ڕۆژ، کوتووپڕ بەسەر هەلومەرجێک دا کەوت کە مالاومال گێژ و مەستی سەرکەوتنی کاتی بوو و، نەیتوانی بە درووستی کەڵک لە بارودۆخەکە وەرگرێ. سەیر نەبوو کە کورد لە ڕۆژهەڵات بۆ ماوەیەک تووشی نائۆمیدی و ”خەمۆکی” سیاسی هات.
بەڵام بەرەبەرە ئەمە بە باری خۆشبینی و درێژەدان بە خەبات وەرسووڕایەوە. ئەوە واقیعی سیاسەتی کوردە لە ڕۆژهەڵات و، دەبێت ببێتە بنەمای لێکدانەوە. هەر لێکدانەوەیەکی سیاسی دامەزراو لە سەر بناخەی بارودۆخی چل ساڵ لەوەی پێش، دوورە لە واقعی سیاسییە و، بایخی نییە.
ئێستا ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن چەندین ڕێکخراوەی سیاسییە، لە هەر کوێرە دێەک دەستی خەڵک بە ئینترنێت و کۆمپیوتەر ڕادەەگا و، لە دوایین هەواڵە و گؤڕانکارییەکانی جیهان ئاگادارە. بە دەیان ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردی بڵاو دەبنەوە. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەربڵاوانە بوونیان لە سەر مێشک و هزر خەڵک ئاسەوار دادەنێن. خۆێندەواری لە ئاستی بەرزی خۆی دایە و، هەر کوێرە گوندێک چەندین بەکالۆر و دیپڵۆم و دوکتور و ئەندازیاری تێدایە. سەرەڕای دیکتاتۆڕی بێ هاوساری شیعەی تاران و گوشاری فرەوانی بۆ سەر ژیانی خەڵک. دەیان ڕێکخراوەی مەدەنی چالاکن. بە سەدان ڕووناکبیری سەربەخۆ و دوور لە سیاسەتی حیزبە سیاسەییەکان، بیر و ڕای ئازد بڵاو دەکەنەوە و کۆمەڵگە و حیزبەکانیان وەبەر ڕەخنە و گازندە دەدەن. بە کورتی کوردی ڕۆژهەڵات بە پێچەوانەی بۆچوونی هێمن عەبدوڵا و ”هاوڕی ڕۆژهەڵاتیی”ەکەی زیندوە و لە هەموو بوارەکانی ژیان دا زەحمەت دەکێشی و، لەو بوارش دا کەمی کوێرەوەری و نەهامەت و زیندان و ئەشکەنجە نەچێشتوە.
ئەوەی نیگەرانی ڕووخانی ڕژیمی تارانە کوردی ڕۆژهەڵات نییە بەڵکوو، ئەو کەس و لایەن و وڵاتانن کە بەرژەوەندیان لە سات و سەودای سیاسی دەگەڵ ڕژیمی تارانی مەلایان لە مەترسی دەکەوێت. بە سەر ئەوانەی بە بەر چاوی میلیونان لە خەڵکی برینداری ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیتاپەیتا دەچنە بارەگای مەلایانی ئێران و پەیمان تازە دەکەنەوە و ڕادەگەیەنن کە ”خوێنی پێشمەرگە و پاسدار تێکەڵ یەکتر بووە” دادەڕمێ و هەر ئەوان زەرەرمەند دەبن. ڕژیمی ئەسەد و تێرۆرێستەکانی ناوچە و ”هیلالی شێعە” ڕەشپۆش دەبن. بە کورتی تاران بە سەر دەستوپەیوەندە مفتەخۆرەکانی دا دەڕووخێ. بە خاترجەمییەوە تایبەتمەندی ئێران لە چەشنی ئێراق نییە و بە بێ هێرشی ئەمریکاش دەڕووخێندرێ و، ئەوە مێژووی سەت ساڵەی سیاسی ئێران بە ڕوونی دەریخستووە.
قاسم ڕەیانی 2017/02/09 ستۆکهۆڵم
ghasem98@hotmail.com
…
دەقی بابەتی هێمن عەبدوڵا وەرگیراو لە روداو
هێمن عەبدوڵڵا 6/2/2017

چەندە ترەمپ و ئیدارەكەی لە تاران و كۆماری ئیسلامیی توند بكەن، هێندە كوردی رۆژهەڵات لێویان بەخەندەتر دەبێت. هەندێكیان لەئێستاوە خۆیان بۆ قۆناغی پۆست جمهوریی ئیسلامی سازكردووە، هەندێكیشیان بڕوا ناكەن ئەمجارەش شانسیان هەبێ و دەڵێن ”ئەو ترەمپە پێش ئەوەی كارێك لەگەڵ ئێران بكات، دەیكوژن”! ئومێدەواریی كوردی رۆژهەڵات بە ترەمپ چیرۆكی رەجەبم بیردەهێنێتەوە كە لەژێر دارهەنجیرەكە دانیشتبوو و هیوای بەوە بوو هەنجیرێك لوتف بكات و بەرببێتەوە نێو دەمی.
راستە لەوەتەی دەستبەكار بووە، هیچ بەیانییەكی ترەمپ تێنەپەڕیوە كە لە خەونی سنووردانان بۆ كۆماری ئیسلامی هەڵنەستابێ و هەندێكیانی نەكردبێتە تویت، بەڵام هەرواش ئەوە ناكاتە ئەوەی كە خۆشخەیاڵ بین و بڵێین ئەمریكا بڕیاریداوە كۆماری ئیسلامی دەڕووخێنێت. چونكە ئەگەر ئەوە هێندە ئاسان بووایە سەرۆكەكانی پێش ترەمپ كردبوویان و نەیاندەهێشت شانازییەكە بۆ ئەو بمێنێتەوە. بەڵام جیاوازییەك بەڕوونی هەستی پێدەكرێت، ئەویش ئەوەیە كە سیاسەتی ئۆباما لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆرتر لە دەوری زۆر سوودمەندبوون و كەم زیاندان لە ئەمریكا دەخولایەوە، ئەمەش سیاسەتێكی كلاسیكیی دیموكراتەكان بووە لە ناوچەكەی ئێمەدا. ترەمپ بەپێچەوانەوە و شێلگیرانەتر لە سەرۆكە كۆماریخوازەكانی پێش خۆیشی دەیەوێت بەڕوونی دۆست و دوژمنی لە ناوچەكەدا دیار بن و هەموو كەس بزانێ كەوشی سعودی و ئیسرائیلی بەلایەوە گرنگترە لە سەری وڵاتە بچكۆلە و لە ئێران ترساوەكانی دیكەی ناوچەكە.
كاتێك ترەمپ دەیگوت نەدەبووایە نەوتی عێراق رادەستی عێراقییەكان بكەینەوە، دروست ئەوەی دەگوت كە راوێژكارێكی ستراتیژیی ئەمریكی دوور لە زوومی كامێرا و ریكۆردەرەكان بەڕاشكاوی سەبارەت بە بەرژەوەندیی ئەمریكا لە ناوچەكەدا دەیڵێت. یان ئەو مانۆڕە سەربازییەی لەمڕۆژانەدا هەریەكە لە ئەمریكا و بەریتانیا و ئوسترالیا و فەرەنسا بەهاوبەشی لەنێو ئاوەكانی كەنداودا دەیكەن و مەبەست لێی چاوسووركردنەوەیە لە تاران، خۆ لە سەردەمی ئۆبامادا پلانی بۆ دانرابوو، بەڵام ترەمپ بەئەنقەست كەشتییەكی جەنگیی زیادەشی لەگەڵ دەنێرێتە ناوچەكە و بە ئێرانیش دەڵێت ”یاری بە ئاگر مەكە”!
جا گریمان ئەو فۆكوسەی ئەمڕۆژانە ئەمریكا لەسەر یەمەن دروستیكردووە بۆ رازیكردنی سعودیە و لێدان لە ئێران بێت. هەروەها گریمان ترەمپ سەرشێتییەكی كرد و هێرشی كردە سەر تاران، ئەوكات چی لە رەوشی كوردی رۆژهەڵات دەگۆڕێت؟
ئەم پرسیارەم لە هاوڕێیەكی رۆژهەڵاتیی زۆر ئاگادار كرد. وەڵامی دامەوە: وەك زەمانی شا، ئەم نیزامەش بەسەر كوردی رۆژهەڵاتدا دەڕووخێ و هیچی دەستناكەوێت. قسەكەشی جوان بوو، چونكە وەكچۆن كاتێك شا رووخا، حیزب و خەڵكی رۆژهەڵات ئامادە نەبوون هەلەكە بقۆزنەوە، ئاواش ئێستا لە هەموو كاتێك نائامادەترن بۆ قۆناخی پۆست كۆماری ئیسلامی. دەزانم هاوڕێ رۆژهەڵاتییەكانم بەم قسەیەم نیگەران دەبن و خەندە لەسەر لێویان دەتۆرێ، بەڵام خۆ دەمێكە گوتوویانە: دۆست ئەوەیە دەتگریێنێ.