Hoppa till innehåll
Hem » ئێران بە هۆی پاڕلمانی عێراقیشەوە دەروەستی “ راسان” نایە . ڕەزا ئەمینی

ئێران بە هۆی پاڕلمانی عێراقیشەوە دەروەستی “ راسان” نایە . ڕەزا ئەمینی

بابەتی بەرگری چەکداری لە کوردستانی رۆژهەڵات، ئاکامی هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی چڕی سیاسی – فکری و لە سەر بنەمای زەرفییەتە تەشکیلاتی و عەمەلییەکانی بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی و وریایی رێبەری بزوتنەوەی کورد بوو. raza_amini_nu

بە شوێن قۆناغێکی زەمەنی بەرفراوان دا ، بە هۆی هەڵس و کەوت و ڕەچاوکردنی شێوازی توند و تیژیی دەسەڵاتی تاران لە گەڵ بزوتنەوی کورد و لە سێدارەدانی خەباتی سپی و هێمنانەی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات ، رێبەری حیزبی دێمۆکڕات لە ساڵی رابردوو دا بڕیاری بەرگری چەکداری دا و بە فەرمی و بە بەرچاوی ڕاگەیەنەرە گشتیەکان بە راشکاوی بەرگری چەکداری ڕایگەیاند و جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە ئیزن نادا کۆماری ئیسلامی بە مەیلی زۆردارانەی خۆی خەڵکی کوردستان قەڵاچۆ بکات و بەرگریی چەکداری لە بزوتنەوەی سڤیل بە پێویستی نرخاند. سیگناڵی ئەو پەیامە سیاسیە گرینگە بەر لە هەموو هێزێکی سیاسی لە ناوچەکەدا بۆ کۆماری ئیسلامی جێگای تێڕامان بوو، چونکە بە هۆی ناسیاوی کۆماری ئیسلامی لە حیزبی دێمۆکرات ، دەیانزانی کە ئەو بڕیارە دروشم نیە و ئەو حیزبە خاوەن هێزێکی بەرینی جەماوەری و زەرفییەتێکی رێکخراوەییی بە هێزە، بۆیە کۆماری ئیسلامی کەوتە خۆ و لە هەر ڕێگایەکی بەردەستی کەڵکی وەرگرت تا پاشەکشە بە حیزبی دێمۆکرات بکا، سووربوونی حیزب لە سەر بڕیاڕی ئاماژە بۆکراو، زیاتر کۆماری ئیسلامی وەجوڵە خست تا لە ڕێگای جوراوجۆرەوە بکەوێتە خۆ و تەنانەت هێرش بکاتە سەر سەروەری هەرێمی کوردستان و لە زاری کار بە دەستانی چەکداری خۆیەوە ڕایگەیاند کە لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستانیشەوە هێرش دەکاتە سەر بنکەکانی هێزی پێشمەرگە و بەو جۆرە پێی وابوو دەتوانێ ئیرادەی “ راسان” لاواز بکا یان لە ناو ببات.

رووبەرووبوونەوەی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەتیەکانی کۆماری ئیسلامی لە قوڵایی خاکی کوردستانی رۆژهەڵات هەرچی زیاتر دەستەوەستانی کۆماری ئیسلامی نیشان دا و سەلما کە ئەو پەیامەی بە هۆی مستەفا هیجرییەوە لە سەر سنوورەکانی کوردستانی رۆژهەڵات راگەیاندڕا، بابەتێکی گرینگە و ناکرێ سەر ئێشەیەکی کەم بۆ کۆماری ئیسلامی بێ.

هەنووکە، دەسەڵاتی ئێران لە رێگەی لابیەکانییەوە لە پاڕڵمانی عێراق ، دەیهەوێ گوشار بۆ بزوتنەوەی کورد بێنێ و بە ناو لە رێگای یاساییەوە لە هەوڵدایە هێزە کوردییەکانی کوردستانی رۆژهەڵات سنووردار بکا.

کوماری ئیسلامی هەر لە رووبەرووبوونەوەی چەکدارییەوە تا تومەتبارکردنی بزوتنەوەی کورد بە هێزە دەرەکییەکان لە ناوچەکە و جیهاندا، هەر لە هەڕەشە و گوڕەشەو پڕو پاگاندەی بێ بنەماوە تا دوایین هەوڵی لە رێگەیی پارڵمانی عیراقەوە تا بە هەنووکە بێ دەسکەوت ماوەتەوە ، ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە تئۆری “ راسان “ بە قوڵی لە نێو هێزە سیاسیەکانی دیکەش لە کوردستانی رۆژهەڵات نەهادینە دەبێ و جار بە جار دروستی ئەو بریارە زیاتر خۆی وەڕوو دەخا، بۆیە دوایین هەوڵی کۆماری ئسیلامی لە رێگەی پاڕڵمانی عێڕاقەوە ناتوانێ دەرئەنجامێکی ئەوتۆی هەبێ و ئەوەی ئاکامی ئەو هەوڵە لاڕێیانەیە هەرچی سوورتر بوونی بزوتنەوی کورد بۆ وەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانێتی و سەرئەنجام ئەوەی دۆڕاوی ئەو گۆڕەپانەیە کۆماری ئیسلامی و دەست و پێوەندەکانێتی.