Hoppa till innehåll
Hem » کۆچی دوایی مام مراد هەمزەیی پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوئێد.

کۆچی دوایی مام مراد هەمزەیی پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوئێد.

مام مراد هەمزەیی خەڵکی گوندی بەردەقەل لە ناوچەی لاجانی پیرانشار و کوڕی حاجی محەممەدی هەمزەی بوو. مام مراد لە ساڵی 1981 ی زایینی لە شەڕێکی بەربڵاو و خوێناوی داmam-murad-0

لە ناوچەی نەغەدە بریندار دەبێ و دەکەوێتە دەست دوژمن و ماوەی سێ ساڵ لە زیندان دا رای دەگرن و بێ ئەوەی حەول بۆ چارەسەری زامەکانی بدەن، لە زیندان رایدەگرن و کەس هیچ هەواڵێکی لە مراد نابێ و پێیان وایە شەهید بووە. دوای سێ ساڵ مراد کە برینەکانی قورس دەبن و لە زیندان پێی ڕاناگەن، لاقێک و دەستێکی دەبڕنەوە و دواتر ئازادی دەکەن,  ساڵی ١٩٨٥ مام مراد خۆی دەگەیەنێتە نێو پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات. لە گوندی گەرگولی سەرێ شەهید دوکتۆر محەممەد بۆ ماوەیەک برینەکانی دەرمان دەکات و دواتر کۆمیتە شارستانی نەغەدە دەینێرن بۆ ئاسایشگای حیزبی دێمۆکڕات لە نزیک بنکەی دەفتەری سیاسی لە گەورە دێ و بە هەوڵ تێکۆشانی نەمر دوکتۆر قاسملوو هەر ئەو ساڵە مام مراد و چەند پێشمەرگەی دیکە بۆ چارەسەر دەنێردرێنە وڵاتی سوئێد.  ئەم هاوڕێیانە یەکەم تیمی کەم ئەندامانی حیزبی دێمۆکڕات بوون، دوای گەیشتنیان بە سوید بۆ چارەسەری سەرەتایی ناردران بۆ خەستەخانەی شاری لینشۆپینگی سوید و کە بەخشێکیان کردبووە بە ناوی بەخشی 41 ماوەیەکی زۆر مام مراد لە گەڵ هاوڕێیانی تر لە وێ بوون. خزمەتەکانی بەخشی 41 جێگەی رێزن و لەو کاتەوە تا رۆژی کۆچی دوایی مام مراد لە شاری لینشۆپینگ لە سوئێد مایەوە، بە هۆی ئەوەی نەیدەتوانی کارەکانی خۆی بکات لە بەشی پێڕاگەیشتنی کەم ئەندامان و پیران، ژورێکی پێ درابوو و هەر لە ژێر چاوەدێری دابوو.  هەموو ئەندمانی حیزب لە شاری لینشۆپینگ و دەوروبەر تا بۆیان گونجابا، سەردانی مام مرادیان دەکرد.

بەداخەوە مام مراد بە دوور لە کەس و کار و ئازیزانی لە غوربەت سەری نایەوە. مام مراد کەسێکی دڵ پاک و روح سووک بوو.

پێشمەرگەکان: بە بۆنەی کۆچی دوایی مام مراد هەمزەیی پێشمەرگەی پێشووی هێزی ئەفیشین سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری مام مراد دەکەن.

دەبێ بگوترێ لەم ماوەیەدا کە مام مراد لە شوێنی خزمەتگوزاری‌یەکانی پیر و بە ساڵاچووان لە شاری لینشۆپینگ لە وڵاتی سوئێد بوو، ئەلحەق مام رەحمان سوڵتانی کە خۆشی  پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکڕاتە  لە خەباتی دژی کۆماری ئیسلامیدا کەم ئەندام بووە، زۆری خزمەت دەکرد و هەمیشە یار و یاوەری مام مراد بوو، بۆ زۆربەی کۆبونەوەکان مام مرادی دەهێنا و هەرکات و ساتێک مام مراد کارێکی هەبا، پەنای بۆ یاری هەمیشەیی خۆی مام رەحمان دەبرد.

ئێمە پڕ بە دڵ سوپاسی مام رەحمان دەکەین و سەرەخۆشی تایبەتی لێ دەکەین و هیوامانە هەر ساغ و سڵامەت بێ و هەمیشە یار و یاوەری کەسانی وەک مام مراد بێ.

روحی مام مراد شاد بێ

mam-murad