Hoppa till innehåll
Hem » ئێوە ئاڵای کوردستان هەڵناکەن بەڵکوو شەڕی پێ دەفرۆشن، عارف شێخ ئەحمەدی

ئێوە ئاڵای کوردستان هەڵناکەن بەڵکوو شەڕی پێ دەفرۆشن، عارف شێخ ئەحمەدی

زۆر وڵاتم دیتووە و زۆر نەتەوەشم ناسیوە، لە بێ دەوڵەت و خاوەن دەوڵەت، لە گەلی چەوساوە و لە خەڵکانی حەساوە، بەڵام نەتەوەیەکم زیاتر لە کورد نەدیتووە ئەوندەی ڕێبەرە سێبەرەکانی باسی ئاڵاaref-shexahmadi-0

و هەڵکردنی ئاڵاکەی و سەربەخۆیی بۆ دەکەن بە پێچەوانەوە نیو هێندە لە کردەوەدا خەمی خاک و خەڵکی خۆیان هەبێت.

مخابن، حیکمەتی ئەو سەرکردانەی کورد ئەوەیە کە وەک قوماشی سەید قاسم هەر جارێک و بە بارێکدا ئاڵای کوردستان عەرز و گەز دەکەن و دەیپێون و پێمان دەفرۆشنەوە.

کەس نیە لە شاری بۆکان سەید قاسم ڕیشەی هەوشار نەناسێت، پیاوێکی باڵابەرز و بەتەمەن و قسەخۆش کە پیشەی قوماش فرۆشتن بوو لە بازاڕ و لە کۆڵانان و زۆرجاران به‌ سوحبه‌ت دەیگوت لە کام لاوە قوماش و پارچەتان گەره‌کە(دەتانهەوێت) دەیپێوم.

لە تەمەنی لاویدا بووم و جارێکیان لە دژی دەسەڵاتی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی، خەڵکی شاری بۆکان و دەوروبەری خۆپیشاندانیان کرد و سەید قاسمیش کە زۆربەی کوڕەکانی سەر بە دەوڵەت بوون لەم ناوەدا پڕ بە قوڕگی هاواری دەکرد ”دەوڵەتم نەگەرەکە” (نامهەوێت)، دیارە سەید قاسم لە ناوچەی هەوشارەوە ماڵی هاتبووە بۆکان و بە زاراوەی هەوشاری قسەی دەکرد.

بەڵێ هێزە سه‌رکوتگه‌ره‌کانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سەید قاسم دەستگیر دەکەن و دوای ئازاردان و شکەنجەیەکی زۆر لە زیندان بڕێک لە ڕیشه‌ سپیه‌که‌ی دەسوتێنن و ئەویش چیدی وەک جاران تاقەت و وزەی نامێنێت و لە قسەی خۆش و نوکتە بێژی دەکەوێت.

ڕۆژێکیان دەگەڵ مەڕحوومی باوکم لە بازاڕ له‌ ناکاو چاومان بە سەید قاسم ڕیشه‌ کەوت و باوکم دوای ئەحواڵپرسی پێی فەرموو: بۆ وەک جاران تاقەتت نەماوە و باش هاوار ناکەیت بۆ مشتەری و کڕیاری قوماشەکانت؟ سەید قاسم لە وڵامدا فەرمووی: ” بەخوا باوە کەس ئەم دەوڵەتە وەک من خاس ناناسێت و نازانێت چەند بێ ویژدانە وامزانی هەر خۆم قوماش و کراس بە هەموو لایەک دا دەپێوم و دەیفرۆشم، کەچی کە دەستگیریان کردم زانیم ئەمانە چەند بێ ویژدانن و چۆن لە هەموو لایەکەوە دەیپێون هیچ هه‌ستێکی مرۆڤانه‌یان نیه‌ ”.!

زۆری قسە کرد دەگەڵ باوکم و منیش باش گوێم لێیان گرتبوو، دواتر لە باوکمم پرسی مەبەستی چیبوو لە هەموو لایێکەوە دەیپێون، باوکم فەرمووی کوڕم ئەم ڕێژیمە ئایینی ئیسلام و درووشمی (الله اکبر)ی کردووە بە ئاڵای خۆیی و چۆنی پێ باش بێت و قازانج و بەرژەوندی خۆی تێدا بێت ئاوای بۆ خەڵکی باس دەکات و بە حیسابی خۆی دەیپێوێت، ئەوەتا سەید قاسم سوێندی داون لە زێندان بە خاتری خودا ڕێزی بگرن کەچی هەر بێ ڕێزیان پێکردووە و خودا و ئایین لای ئەم زاڵمانە تەنیا وەک قوماشەکەی سەید قاسم وایە کە خۆی باسی کرد.!

جوان تێگەیشتم و بۆیە بۆ ئێوەی بەڕێزیشم وەک خۆی گێڕایەوە.

ئەوەتی گوێم لە هەواڵ و ڕووداوی ئاڵای کوردستانە، زیاتر باسی ئەوەیە کە کێ یەکەم جار ئاڵای کوردستانی هەڵکرد، کێ لێی وەرگرت و کێ چەقاندنی و کێ بردی بۆ بەغدا و کێ لە بەغداوە هێنایەوە کوردستان و کێ لە ژێریدا هێزی بەعسی هێناو و کێ پاسداری هێناو و کێ سوپای تورکی لە سێبەری ئەم ئاڵایەدا هێنایە باشووری کوردستان و کێ چی کرد و کێ چی نەکرد…کەچی قەت باسی ئەوەم گوێ لێ نەبوو ئەوانەی زۆرتر لە گەلەکەیان حەز بە هەڵکردنی ئەم ئاڵایە دەکەن و خۆیان زۆر پێ نەتەوەیی ترە بۆ حەز بە مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی نیشتیمانەکەی خۆیان ناکەن، بۆ نەوتەکەی دەدزن، بۆ ئازاری خەڵک دەدەن، بۆ مووچە و معاشی خەڵکیان زەوت کردووە و …هتد.

ڕەنگە زۆربەمان بزانین ئەوان لە ڕاستیدا ئاڵای کوردستان و ئاڵای سەربەخۆیی هەڵناکەن بەڵکوو لێی نابنەوە و شەڕی پێ دەفرۆشن. کەس نیە نەزانێت به‌رپرسانی یەکێتی نیشتیمانی لە کەرکووک بۆچی ئەمجارە ڕیکلامیان بە ئاڵای کوردستانەوە کرد، ئەگینا من ساڵی ۲۰۰۳ لە گەڕەکەکانی کەرکووک و لە جادەی ڕەحیم ئاوا، ئاڵای کوردستانم بینیوە و خەڵکی کەرکووک لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەعس بە بێ سێ و دوو کردن ئاڵای نەتەوەکەیان هەڵکرد و پێویستیش بە ڕیکلام و خۆهەڵکێشان و هاش و فشی حیزبەکان لە کوردستان نەبووە و نیە لەمبارییەوە.

پاشان ئێوەی شۆڕشگێڕ هەموو شتێکتان ساغ کردووەتەوە و هەر مابوو ئاڵای کوردستان لە ئێستادا لە سەر بینای پارێزگە و قەڵای کەرکووک هەڵکرێت؟!

تەنیا ڕاست ناکەن، ئەم کردەی ئێوە بێ هیچ گومانێک یاریکردنە بە عەقڵی تاکی کورد و خۆدزینەوە لەو هەموو گرفت و قەیرانەی لە ساییەی حوکمڕانی حیزب و بنەماڵە دا بەرۆکی بە خەڵکی لێقەوماوی باشووری کوردستان گرتووە.

کێشەی سەرەکی خەڵک لە ئێستادا تەنیا ئاڵا هەڵکردن نیە، خەڵک نان نیە بخوات، کەس هیوای بە داهاتووی خۆی نەماوە، گەنجان هەموو وڵات جێدەهێڵن، کەچی ئێوەش وەک شوانە درۆزنە هەموو نەورۆزێک ئاڵا هەڵدەکەن و سەربەخۆیی ڕادەگەیێنن.

وڵامەکەی پاسدار عیبادی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق هه‌ڵگری ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی تەواو بوو کە گوتی زۆر لە مێژە ئاڵای کوردستان لە کەڕکووک هەڵکراوە، چونکە ئەویش دەزانێت ئێوە چەند مامەڵەچی و درۆزنن. لە لایەکی دیکەوە سوڵتانە خەسیوەکەی داعش له‌ تورکیا هاوار دەکات ئەگەر ئاڵای کوردستان لە کەرکووک دانەگرن پەشیمان دەبنەوە، وەک ئەوەی نەزانین جەنابی چۆن پارە و داهاتی خەڵکی کوردستان لە ڕێگەی حیزبەکەی بارزانیەوە دەخوات و لەمێژە بێ ڕێزی بەم ئاڵایە و نەتەوەی کورد دەکات و جاروباریش به‌ هه‌ڵکردنی ته‌نیا ئاڵایه‌کی چکۆله‌ له‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆکان ده‌گه‌ڵ به‌رپرسانی کورد به‌ ئاوات و هیوای نه‌ته‌وه‌که‌مان گاڵته‌ ده‌کات.

کەوابوو بە ویژدانەوە ئاوڕێک لە خۆتان بدەنەوە، هەموو خاڵ و کەلێنەکانتان له‌ کوردستان پڕ کردووەتەوە و تەنیا هەڵکردنی ئاڵاکه‌ی ماوە و ئێمە دەستمان گرتوون یان خود دیسان چەواشەکاری دەکەن، له‌ لایه‌که‌وه‌ یەکێتی ئاڵا لە کەرکووک هەڵدەکات و پارتی لە هەولێر دەوڵەت ڕادەگەیێنێت و گۆڕان لە سلێمانی دەیگۆڕێت و ئیسلامیه‌کانیش کڕوکپیان له‌ خۆیان چنیوه‌ و ده‌سره‌تان بۆ سووڕ ده‌ده‌ن!!که‌چی هیچتان حازر نین خواستی ڕه‌وای خه‌ڵکی باشووری کوردستان و داواکانیان وڵام بده‌نه‌وه‌. بەڕاست زۆر خراپ سەرتان لەم خەڵکە شێواندووە و خۆشتان باش دەزانن عاقیبەتی ڕابواردن و بێ ڕێزیکردن بە سیمبول و ڕەمزی نەتەوەکەتان سه‌رئه‌نجام فڕێدانتان دەبێت بۆ زبڵدانی مێژوو، چونکه‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد سووکایه‌تی له‌ هیچ داگیرکه‌رێک قه‌بووڵ نه‌کردووه‌ و له‌وه‌ش گه‌وره‌تره‌ له‌ ئێوه‌ی قه‌بووڵ بکات.

پێشمەرگەکان: هەر بابەتێک لە سایتی پێشمەرگەکان بڵاو دەبێتەوە نووسەر خۆی لێی بەرپرسیارە و بۆچوونی نووسەرە.