ئەرکی میدیای کوردی زۆر گرانترە لە ئەرکی میدیا لە وڵاتانی سەربەخۆ، کورد بە پێی ئەو هەل و مەرجەی کە تێی کەوتووە هێشتا چێژی لە سەربەخۆیی وەرنەگرتووە هەر بۆیە میدیاکەشی ناتوانێت میدیایەکی سەربەخۆ بێت،
زۆربەی رۆژنامە، تێڤێ و رادیۆ و چاپەمەنیەکان لە ژێر چاوەدێری لایەن و رێکخستنی سیاسییەوە واتە حێزبەکان چاوەدێری دەکرێن و دەردەچێت هەر بۆیە تاکی سەربەخۆمان هەیە کە بە توانای تاکە کەسی خۆی تێدەکۆشێت جێگە پەنجەی دەربکەوێت بەڵام ئەویش لە لایەن میدیای حێزبەکانەوە پشتگوێ دەخرێت وەک پێویست گرینگی پێنادرێت، هەر بۆیە تاکی سەربەخۆش هەتا سەر زۆر زەحمەتە درێژە بە کاری خۆی بدات! ئەو دامەزراوە سەندیکاییە، یەکیەتی نووسەران یان ڕێکخراوی رۆژنامەوانی کە هەشبێت زۆربەیان لە راستیدا سەربەخۆ نین و وەک دەبینین هەر حێزبێک چەندین دامەزراوەی داناوە بە ناوی یەکیەتی نووسەران و یەکیەتی رۆژنامەگەری و تەنانەت جاری وایە پاشگری سەربەخۆش بۆ ناوی خۆیان بە کار دەهێنن بەڵام ئەگەر کەسەک ئەندام نەبێت لەم دامەزراوە حێزبییانە ئەوە ئیتر نە نووسەرە و نە رۆژنامەوانە و نە میدیاکار! بۆ زانیاری خوێنەران ئێستا ئیتر ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی کوردیش سەربەخۆ نییە، ئیتر لە ڕێکخراوە خێرخوازەکان گەڕێ کە ناوەکیان بووە بە پێناسەیان!
ئەوڕۆکە کورد لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە میدیای بەرپرس و سەربەخۆ هەیە بۆ ئەوەی کە خوێنەر، بینەر و گوێگری کورد لە رێگەی ئەوانەوە زانیاری وەربگرن و لە راستیدا میدیای سەربەخۆ دەبێت ببێ بە سەرچاوە بۆ لێکۆڵەر و زانکۆ و رۆشنبیر و کەسانی خاوەن هزر!
سەیرکەن دەبینن کە هەر چاپخانەیەک تەنانەت پەرتووک فرۆشییەک یان نواندن و پیشانگەیەک لە ڕوی رواڵەتی پەرتووک یان ناوەرۆکی بڵاوکراوەکەی تێدەگەیت کە سەر بە چ رەوتێکە و لە لایەن کامە حێزبەوە پشتیوانی دەکرێت!
میدیاش وەک ڕێکخستنێکی حێزبایەتی لێهاتووە و هەر یەکە چووەنەتە ناو یەکێ لەو بەرە سیاسییانەی کە لە ناوچەکەدا بوونی هەیە و وەک ئەوەی بڵێی جگە لەم رێگەیە و جگە لەم هەڵبژاردەیە هیچ رێگەیەکیتر لە بەردەمیاندا بوونی نییە!
میدیایەک کە نەتوانێت کار بۆ بە ستاندارکردن و یەکگرتنی زمانی میدیاییەکەی خۆی بکات چۆن دەتوانێت لە سەر پرسە گرینگە و بنەڕەتییەکان وڵاتەکەی کاریگەری دابنێت؟
بە دەیان تێڤێ و ساتل لە ئارادایە، بە دەیان رۆژنامە ( دیارە زۆربەیان لە ئۆرگانی رێکخستن دەچن)، بە دەیان رادیۆ، ئەی بۆ ناتوانن بە قەد خاڵێکی لاواز لە سەر کۆمەڵگەی کوردی کاریگەری دابنێن؟
لە کاتێکدا میدیای سێبەر و هەر وەها میدیای شۆفار(سەر بە دەزگا ئیتلاعاتییەکانی وڵاتان) زۆر بە رژدی خەریکی بڵاوکردنەوەی پرۆپاگاندەی ژەهراوین لە هەمان کاتدا بە ڕوونی دەبینین بە هۆی کەمتەرخەمی و بێخەمی میدیای کوردییەوە بیر و هزری ڕزاو و داگیرکاری هەر لە ژێر کارتێکەری بیرۆکەی میدیای چەواشەکار چووەتە ناو جەرگەی کۆمەڵگەی کوردستانەوە و زۆر بە سانایی داگیرکەران یاری خۆیان بە پەروەردەکراوی لەم ئاوە لێڵ کراوە دەدۆزنەوە و کاتێک بەم شێوازە دزەکردنە دەزانین کە شۆک بەربینگمانی گرتووە!
هەموو هۆکارەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە میدیای کوردی هێشتا نازانێ ئەرکی چییە و یان هێشتا نەبووە بەو میدیایەی کە ئەرکی خۆی لە سۆنگەی وڵاتەکەیەوە جێبەجێ بکات!
رۆژنامە و تێڤێ و رادیۆ با بخرێتە ناو چوارچێوەیەک بە ناوی میدیای سەربەخۆ و لە بندەستی و چاولەدەستی حێزبەکان رزگاری بێت!
میدیا پێویستە سەربەخۆ بێت ئەگینا ئەوە میدیا نییە بەڵکوو ئۆرگانێکی حێزبییە!
کوردستان پێویستی بە میدیای سەربەخۆ هەیە!
رەوف گوڵبەدەن
22.4.2017 ز