Hoppa till innehåll
Hem » مانیفێستی شۆڕشگێری، ئەلبورز ڕۆئین تەن

مانیفێستی شۆڕشگێری، ئەلبورز ڕۆئین تەن

ڕاسان ناوێک بوو کە جارێکی تر هیوای گەلی کورد بۆ ڕزگاری لە ڕۆژهەڵات زیندوو کرد و ئەوەی سەلمێنەری ئەو ڕاستیە بوو ئەو خوێنەی کە ڕێبەرایەتی ڕاسان لە پێناو زیندوو بونەوەی ئەو هیوایە کردە فیدای نیشتمان و گەل.alborz_rointen14

ئەو چەندە لە مێژووی حیزبی دێموکرات دا شتێکی نوێ نیە. لە خوێن و گەوهەری ئەو حیزبە دایە کە لە گیانفیدا کردن بۆ نیشتمان دا پێشڕەو بێت بە شێوەیەک پێشەواکەی پەتی سێدارە قەبوڵ دەکا بۆ ئەوەی گیانی هاونیشتمانیانی کورد بپارێزیت ، ڕێبەرانی زیندان دەکەنە سەنگەری خەبات و شێلگیر بوون، مێزی گفتوگۆ سەرەڕای زانینی ئەزموونی فریوی و درۆی دوژمن دەکەنە سەنگەرێکی تر بەشکەم بتوانێ دەرگایەک بۆ کورد بکاتەوە ، ڕێبەری تر سوێندی پەیمانی دەبێتە یا ئازادی یا سەردانان لە ڕێگەی ئازادی، بە هەزاران هەزار ڕێبواری ئەو ڕێگەیە کە مەرگ بە نرخی ئازادی دەکڕن و میدالیای شۆڕشگێری لە سینگ دەدەن و ناویان پێشمەرگە و ئامانجیان ئازادی و شەهید بون بە سەربەرزی دەزانن.

زۆر جار کە لە گێڕانەوەی مێژوی ئەو فیداکاریە بۆ جیلی نوێ کەمترخەمیش دەبین هەن کە هەڵدەستن بە هەمان خوێن و کردەوە ڕێبواری هەمان ڕێگا گەوهەری گیان فیدای لە مێشک و دڵیان دا وەک ڕێبەرانی نەمرمان هەیە و داستانی ئەوان دەبێت بە وانەیەکی تر لە وانەکانی خەباتی نەتەوەیەکی بە کەرامەتی وەک کورد کە بۆ ئازادی تێدەکۆشێ.

شەهیدانی ڕاسان و داستانی ژیان و شەهید بوونیان بە مانای وشە مانیفێستی شۆڕشگێرین چونکە هەر یەکەیان بەجورێک داستانی گەلەکەیان لەسینگ دا بۆ خاک برد تا داری ئازادی گەشە بکات نێسەکەی نیشتمان بحەسێنتەوە.

لەوانە شەهید کاوەی جوانمەرد، چەندین لایەنی چیرۆکی ئەو شەهیدە جێگای سەرنجن و هەبوونیان لە سەردەمی ئێستا هیوای ئازادین و بە شی کردنەوەی ئەو لایەنانەی ئەو شەهیدە سەربەرزە دەردەخات کە دۆزی ڕەوای گەل سەرەڕای دڕەندەی دوژمن لە خوێنی گەل دایە .

وەک بنەماڵەی شەهید باوکی شەهید کاوە لە زیندانی کۆماری ئیسلامی لە سێدارە دەدرێ لە سەر ئەوەی کە بۆ ڕزگاری گەل خەبات دەکات هەبوونی شەهید کاوە نمونەی هەرە زیندووی ئەوەیە کە بە مەرگ ناتوانرێت خەباتی گەلێک لە نێو ببردێت یا کورد بە مەرگ دەست لە خەباتی ڕەوای هەڵناگرێت ئەگەر نەجمەدینی باوکی لە سێدارە دەدرێت بەڵام دوای سی و چەند ساڵ کوڕەکەی دەبێتە چەخماخەی شۆڕشێکی گەورە کە هیوایە بۆ چەندین ملیۆن کورد و هەموو ئازادیخوازێک کە لە دێوی کۆماری تیرۆریست وە زال هاتوە.

وەک چالاکوانێکی خەباتی مەدەنی هەر لە سەرەتای پێگەیشتنی لە ڕێگەی جوراو جۆر هەوڵ دەدات بتوانێت دەرتانێک بۆ هێنانە بەرباس و دابین کردنی داخوازە ڕەواکانی هاونیشتمانانی بڕەخسێنێت و هەر لە زووە لە تەمەنی مێرد منداڵیەوە بە نهێنیش دەبێتە بەشێک لە تەشکیلاتی حیزبی دایک و پێشڕەو تا پەیوەندی لە گەڵ سەرچاوەی خەبات و تێکۆشان نەپچڕێت و بەردەوام بێت.

وەک لاوێکی خولیای ئازادیش یەک سات لە خۆپێگەیاندنی خۆی غافڵ نەبوە بەڵکو وێڕای هەموو ڕێگرییەکانی کۆماری ئیسلامی و زیندان خۆی لە بواری جیا جیا دا پێدەگەینێت تا بتونێت زانستی بخاتە خزمەت شۆڕش جا لە هەر قوناغ و شوێنێک بێت.

وەک زیندانیەکی سیاسی و چالاکوانی مەدەنی میلەکانی زیندان و دیواری سارد و ئازارو ئەشکەنجە ڕق ئەستورتری دەکات لە سەر بەردەوامی خەبات تێکۆشان بۆ ئەوەی ئازادی بەدەست بێنێت ئەو چەندەش نمونەی شۆڕشگێری کوردە کە شەهید بوون باوکی زیندان و ئەشکەنجە ڕێگری ناکات تائەوەی دەست هەڵگرێت لە خەباتی بەڵام نەک دەست هەڵناگریت بەڵکو شێلگیرتر دەبێت.

وەک پێشمەرگە کە دەبینێ هەموو دەرفەتەکان بۆ خزمەتی زیاتر لە ناو خۆ لە دەست دەچێ دێتە ڕێزی پێشمەرگە وەک لاوێکی خۆێن گەرم و لێهاتو ڕۆژ و پلەکانی یەک بە یەک لە سەرەتاوە بە سەرکەوتووی دەباتە سەر ئەوەی دەبنین خوێنی شۆڕش لە ڕەگی دا دەسوڕێتەوە ناڵێ دوای باوکێکی شەهید و زیندان و یادگاری بابەو ئازیزی دایە بوون ژیانێکی ئاسایی ببمە سەر بەڵکو دەڵێ شۆڕش لە کوێ پێویستی بە من بێت دەبێ لەوێ بم دەبێ بە پێشمەرگەیەکی نمونە و درێژە بە خەبات دەدات.

وەک پێشمەرگەیەکی نوێ بە بیرێکی سەردەمیانە بە هزرێکی پێشکەوتوو وێڕای بەجێ هێنانی ئەرکەکانی کار دەکات بۆ سەرخستنی ئامانجی حیزب و پێش خستنی ڕێکخراوەی پێشڕەو هەر لەو سۆنگەیەوەش هەست بە گرنگی دونیای ئێنترنت و بۆشای لەو بوارە دەکات هەر بۆیەش کار دەکات بۆ دروست کردنی وێبسایت و وەک ڕۆژنامەنوسێکی لێهاتوو لەو بوارە کاری کرد کە پێویستیەکی سەردەمی شۆڕشە

وەک ئەندامێکی ڕێبەری بەشێک بوو لە هێزی بڕیاری ڕاسان و ئەنجام دانی بەرنامە و پلانەکانی تەنانەت کاتێک کە پێویست بوو نەیگووت ڕێبەریم وەک کەلتوری نێو حیزبیمان لە ڕێزی پێشەوەی پێشەوە وەک پێشمەرگەیەکی قارەمان وەک ڕۆڵەیەکی نەبەز هەنگاو هەنگاو کۆلەپشتی بڕیارەکانی ڕاسانی لە شاخی کوردستانی ڕۆژهەڵات جێبەجێ دەکرد.

وەک فەرماندەیەک بە هێزو وزەیەکی بەتین بەرەو ڕووی هێزێکی بەرفراوانی دوژمن بوە سەلماندی تا کورد مابێت شەهید خەلیل خەلەبان و حەکیم ڕەزای و سەرگورد عەلیار و سەروان حاتەم و عەبدوڵا شەریفی و شەهید نحۆ باپیر شکاک و هەمو قارەمانانی تر لێنابڕێ بەلکو یەک دەڕۆن و هەزار شوێنان دەگرنەوە.

لە شەڕیش دا شۆڕشگێرانە نەیانهێشت دڵی دوژمن خۆش بێت و وێڕای بە هلی کۆپتەر و هێزێکی زۆر و بەرد بەردی کۆسالان گەڕان بەشکەم بتوانن بیانگرن نەیان زانیبو کە ڕۆڵەی دێموکرات بەرنامەی ڕاسان لە سینگیان دا بۆ هەمیشە بۆ ناو دڵی خاک دەبەن و نەک ئەوەی بکەوێتە دەست نەیاران نارنجۆکی تیکە تیکەکەر لە سەر جەرگ و هەناوی پۆڵاییینی خۆیان داناو وەک ئەرشەدی شاعیر گۆتەنی بە باڵی نارنجەک فڕین . کۆساڵانیش وەک هەوارامان و شاهۆ و بێستون و ئاویەر و ئاڕبابەو ئاگری شایەدی بۆ خەباتی قارەمانێتی ڕۆڵەی دێموکرات گیانفیداییان دەکەن.

بۆیە دەڵێم مانیفێستی شۆڕشگێری چونکە شەهید کاوە توانیبوی هەموو خسلەتەکانی شۆڕشگێرێک کە من زۆر بە کورتی ئاماژەم پێدا لە خۆی دا کۆ بکاتەوە بیخاتە خزمەتی حیزب و گەل و نیشتمان بۆیە دەڵێم مانیفێست تا بخوێنینەوە بزانین کاوەو و کاوەکان ڕەمزی هەر مانن وانەی سەرکەوتنن

ئەلبورز ڕۆئین تەن