پێشمەرگەکان: کاتی ئەوە هاتووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، فکرێک لە مەلا عەلی بکاتەوە و چیتر نەهێڵێ داهێنانی خەتەرناک بکات،
هەر رۆژەو و داهێنانێکی دور لە عەقڵ دەکا و بە داخەوە مێدیاکانی باشووری کوردستانیش، وتووێژی لە گەڵ دەکەن و قسەکانی بە گوێ سەرجەم خەڵکی کوردستان دەگەیەنن. باشە مەلا تەواو نیە و خەڵکی ساویلکەش بە قسەی دەکا، باشە بۆ دەبێ مێدیاکان نارستەوخۆ بوونە بڵندگۆی ئەم مەلایە و بۆ حکومەتی هەڕیمی کوردستان لە بەرابەر ئەم مەلایە وا بێدەنگن.
جارێک دەڵێ: میزی وشتر بخۆنەوە، جارێک دەڵی: کلێنس بخۆن بۆ کز بوونەوە، جارێک دێت و دەڵی: من نەخۆشی شێتی و سەرەتان، لاڵی ….. چاک دەکەمەوە و بە ئاشکرا مەتەب (خەستەخانە) هەیە و خەڵکی بەدبەخت دەکا.
دەقی هەواڵ لە روداو، کە هەواڵی ئەم ژنە لە زۆربەی سایتەکان دانراوە.
ژنێک بۆ کێش دابەزاندن رۆژانە 24 کلێنسی خواردووە و نەخۆشکەوتووە
رووداو – هەولێر , ژنێک بۆ کێش دابەزاندن رۆژانە 24 کلێنسی خواردووە و دەڵێت بە قسەی مەلا عەلی کەڵەکم کردووە و ئێستا نەخۆش کەوتووم، مەلا عەلیش دەڵێت”هەر داهێنانێک دەکەم لێی پەشیمان نیم”.
ئەم ژنە کێشی زیاد لەپێویستە و زیاتر لە مانگێگە دەستی بە کلێنس خواردن کردووە، بۆ ئەوەی کێشی دابەزێت، رۆژانە 24 کلێنسی خواردووە، تاوەکو گەیشتووەتە ئەم دۆخەی ئێستای و لە نەخۆشخانە کەوتووە، ئازارێکی زۆری رێخۆڵە ناوسکی گرتووە.
ئەو ژنە لەبارەی چۆنییەتی خواردنی کلێنسەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند ”ژنێک هاتە لام کێشی زۆر دابەزی بوو، منیش بڕوام بەو قسەیە کردوو دەستم بەخواردنی کلێنس کرد و رۆژانە 24 کلێنسم دەخوارد، دکتۆر دەڵێت کلێنس ریخۆڵەکانمی گرتووە”.
کرمانج محەممەد، بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵات بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند ”بەگوێرەی ئەو تیشکەی بۆ ریخۆڵەکانی گیراوە، رەنگە لە 80%ـی هۆکارەکەی خواردنی ئەو کلێنسانە بێت، ئەمە جگەلەوەی خۆیشی هەر وا دەڵێت”.
پزیشکان دەڵێن، خواردنی کلێنس هیچ سوودێکی تەندروستی نییە، بەڵام ماڵەکەی مەلا عەلی کەڵەک، هێشتا جمەی دێت لە نەخۆش و پەشیمان نییە لە بیرۆکەکەی و ئێستاش بەردەوام بۆ خۆلاوازکردن رێنمای نەخۆشەکانی دەکات کلێنس بخۆن.
مەلا عەلی کەڵەک، لەبارەی خواردنی کلێنس بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند ”هەر داهێنانێک دەکەم لێی پەشیمان نیم، بەڵام بەگوێرەی رێنمای توبی نەبەوی، ژەمی یەک کلێنس نەک یەک دەستە، من بە بەردەوامی کلێنس دەخۆم کێشیشم زۆر پێی دابەزیووە”.
مەلا عەلی کەڵەک، جگە لە خواردنی کلێنس دەیان بیرۆکە و پێشنیاری دیکەی وەک چارەسەر بۆ چەندین جۆری نەخۆشی کردووە، هەرچەندە پزیشکان و وەزارەتی تەندروستی بیرۆکەکانی ئەویان رەتکردووەتەوە، بەڵام نەخۆشخانەکەی بەردەوام پڕە لەنەخۆش.
لەلایەن نەبەرد حوسێن
داڕشتنەوە: راوچی حەسەن