ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەن کە بەچۆڵکردنی شار و گوندەکان و پەنا بردن بۆ سروشتی پاک و بێگەردی کوردستان لە رۆژی بەناو هەڵبژاردن دا ، پەیامی بایکۆتی چالاکانە و ئاگایانە بە گشت جیهان ، بگەیەنن .
چالاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دانانی هەشتەگی:”
#لەپێناو_ژنانی_وڵاتەکەم_شار_چۆڵ_دەکەم
#NoVote4Discrimination “
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پشتیوانی خۆیان لەو کەمپینە دەربڕیوە و داوا لە هەموو لایەکیش دەکەن پشتیوانی لە داوا ڕەواکەی ژنان بکەن.
ئەوەی خوارەوە دەقی داواکارییەکەی ژنانی ڕۆژهەڵاتە کە نوسخەیەکی بۆ ماڵپەری پێشمەرگەکان هاتووە.
داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین کە لە رۆژی هەڵبژاردنەکان شار چۆڵ بکەن.
هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی هەر مانا و واتایەکی هەبێ (کە نیەتی ) ، بەڵام بۆ ژنان بێ واتاترین بابەتە. لە بەر ئەم هۆیە هەڵبژاردنەکان وەک سووکایەتیەک دەزانین بەرانبەر بە ژنانی وڵاتەکەمان و بەشداری لەم هەڵبژاردنانەدا بە مانای بەشداری لە سووکایەتی بە ژنانەدایە ، بەتایبەت بۆ ژنی کورد کە هەڵگری بەها و سەروەرییەکی زۆرە لە کۆمەڵگا و مێژووی بزاڤی رزگاریخوانەی کوردا .
داوا لە کۆمەڵانی وشیاری خەڵکی کوردستان دەکەین کە بەچۆڵکردنی شار و گوند و پەنا بردن بۆ سروشتی پاک و بێگەردی کوردستان لە رۆژی بەناو هەڵبژاردن دا ، پەیامی بایکۆتی چالاکانە و ئاگایانە بە گشت جیهان ، بگەیەنن .
ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێران
