پێشمەرگەکان: مەلا نیاز وتی: دۆستایەتی کۆماری ئیسلامیمان پێ لە دۆستایەتی کوردەکانی رۆژهەڵات باشترە و پەشیمان نیم لە سوتاندنی بارەگاکان، داوای لێبوردن دەکا.

هەلوێستی مەلا نیاز لە کاتی روودانی روداوەکەدا زۆر خراپ بوو و دیارە خۆی وەپیش خەڵک کەوتووە بۆ سوتاندن و تۆڵە کردنەوە، لێرەدا تەڕ و ئیشک وێگڕا سوتێنرا، هەڵەکە لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رووی دابوو، بەڵام بەداخەوە خەڵکەکە بنکەی حیزبی دێمۆکڕاتیشیان سوتاندن و چەند پێشمەرگەشیان بە دیل گرتن و لێرەدا حیزبەکانی رۆژهەڵات زۆر بوێرانە هەڵوێستیان گرت و زۆریان لە خۆبردوویی لە خۆ نیشاندا کە بەرابەر مەلا نیاز و خەڵکی برینداری باڵەکایەتی سەنگەریان نەگرت و لێگەڕان بنکەکانیان بسوتێنن، بەمجۆرە توانیان پێش بە روداوێکی زۆر تاڵ بگرن.
بەداخەوە کە 2 برا بوون بە قوربانی و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاریان دەکەین و روحیان شاد بێ و هیوادارین، لاوی کورد بە دەست لاوی کورد نەکوژرێ .
لێرەشدا ئەم 2 پێشمەرگەیەی بەم تاوانە گیراون، کارەکەیان کردوە بەڵام خەتاباری ئەسلی ئەو کەسەیە کە دەستووری ئەم هێرشەی داوە.
دەقی روونکردنەوەکەی مەلا نیاز چۆمانی وەرگیراو لە رۆهەڵات تایمز
بەناوی خوای گەورە و مێهربان
بابەت روونکردنەوە بۆ خوشک و برا سەربەرزەکانم لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هێزە خەباتگێڕەکانیان
وەک لای هەمووان ئاشکرایە، رۆژی هەینی لە گوندی گوندەژۆری دەڤەری باڵەکایەتی کارەساتێکی دڵتەزێن رووی دا کە شەهیدبونی دوو برا و بریندار بوونی دوو برای دیکەی لێکەوتەوە و لە ئەنجامی ئەو کارەساتە دڵتەزێنەدا خەڵکی باڵەکایەتی بە هەموو چین و توێژەکانییەوە روویان لە شوێنی رووداوەکە کرد و هەموویان دڵگران و داخ لەدڵ بوون بۆ ئەو کارەساتە، ئەویش کاتێک بینیمان کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران چوار برایان خەڵتانی خوێن کردووە. راستە لەو رووداوەدا کۆمەڵێک شتی نەخوازراو رووی دا و تاوانبار و بێتاوان بەیەکەوە بوونە قوربانی، بەڵام خۆشبەختانە زەرەری گیانی دیکەی بەدوای خۆیدا نەهێنا. هێندێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات شاهیدی ئەوەمان بۆ دەدەن کە خەڵک زۆر بە حورمەتەوە داوای لێ کردوون ئەو شوێنانە چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی کارەساتی نەخوازرای دیکەی لێ نەکەوێتەوە و دوژمنانی گەلی کورد نەتوانن زەفەر بە برایەتی نێوانمان ببەن. ئەوەی بووە مایەی نیگەرانی براکانمان لە رۆژهەڵات و حیزبەکانی تر کە هیچ دەستیان نەبووە لەو رووداوەدا، سوتاندنی هێندێک بارەگا بوو، بەڵام لە زۆر شوێنی دنیادا لە کاتی روودانی کارەساتێکی دڵتەزێن و نەخوازراو و کۆنتڕۆڵ نەکردنی لە لایان دامودەزگاکانی حکومەتەوە شتی ئاوا رووی داوە. وەک نموونە لە فەڕەنسا لەسەر کوشتنی هاووڵاتییەک لە لایان پۆلیسەوە ٣٠ هەزار ئوتۆمبێل سوتێندرا و بۆ ماوەی دوو مانگیش باری نائاسایی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا راگەیەندرا. بۆیە پێویستە لەسەر خەڵکی رۆژهەڵات و حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات سووتانی ئەو بارەگایانە بە هەڵچوونی خەڵک و کاردانەوەی گەورەیی کارەساتەکە وەربگرن و پێویستە هەموو لایەک خۆشحاڵ بین کە ئەو کاردانەوە جەماوەرییە رووداوی و کارەساتی گەورەتری لێ نەکەوتەوە و بەوەندە کۆتایی پێ هات و زیانی گیانی زیاتری بەدوای خۆیدا نەهێنا. ئەوەی کە پەیوەندی بە لێدوانەکانی من لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە هەیە دوو بەشە. یەکەمیان دەستگیرکردن و بەسزاگەیاندنی تاوانباران و دەستەکانی پشتی پەردەی ئەو تاوانە و نەگەڕانەوەی هێزەکانی رۆژهەڵات بۆ بناری هەڵگوردە کە ئەوەیان داواکاری بنەماڵەی شەهیدەکان و خەڵکی باڵەکایەتی و لایەنە سیاسییەکان بووە وەک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی رۆژی سێشەممە لەبەردەم قائیمقامی قەزای چۆمان لە لایان بنەماڵەی شەهیدەکانەوە خوێندراوە. بۆیە داواکارم کە خوشک و برا رۆژهەڵاتییەکانم تەنیا من بە ئامانج نەگرن. دووهەمیان سەبارەت بەوەی کە من دەڵێم دۆستایەتی ئێران بۆ ئێمە باشترە، هەموو برا کوردەکانمان دڵنیا دەکەمەوە کە مەبەستی من ئەوە نەبووە کە خوانەخواستە من لە نەتەوەی خۆم هەڵگەڕێمەوە، بەڵکو یان من نەمتوانیوە باش مەبەستەکە بگەیەنم، یان بە خراپ لێک دراوەتەوە. دەزانم خوشک و براکانم لە رۆژهەڵاتی کوردستان تێبینییان لەسەر وتەکانی من هەبووە و بە زۆرێک لە قسەکانم دڵگران بوونە و هەست دەکەم بریندارم کردوون، هەقیشیان پێ دەدەم. پێویستە بۆ هەموو لایەک روون بکەمەوە من دوور و نیزیک پەیوەندیم بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نییە و ناشم بێ و لێشم ناوەشێتەوە. ئەوەی کە گوتومە هەڵچوونێک و کاردانەوەیەکی کاتی بووە کە بۆ قورسیی برینەکە و گەورەیی رووداوەکە دەگەڕێتەوە و بە دڵنیاییەوە هیچ نییەتێکی هاندان و ناپاکیکردنی لە پشتەوە نەبووە. ئێمە هیچ کات چاکە و برایەتی خوشک و برا کوردەکانمان لە رۆژهەڵات لەبیر ناکەین و دنیایەک رێز و حورمەتم بۆ خەباتی چەندین ساڵەی خەباتگێڕانی نەتەوەکەم لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە و هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە مافەکانی نەتەوەکەم لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەرز دەنرخێنم. ئەگەر لە ماوەی ئەو چەند رۆژەی رابردوودا هێندێک قسە و وتەی ناشیرین لە لایان منەوە گوترابێ و بەکار هاتبێ و هێزە شۆڕشگێڕەکان و خەڵکی خۆشەویستی رۆژهەڵاتی کوردستانم دڵگران یاخود بریندار کردبێ، ئەوا لێرەوە و لە رێگای ماڵپەڕی رۆژهەڵات تایمزەوە داوای لێبوردنیان لێ دەکەم و هیوادارم بە گەورەیی خۆیان بمبەخشن. لە کۆیاییدا داوا لە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەم کە هاوکاری یاسا بن بۆ ئاشکراکردن و بەدواداچوونی دەستەکانی پشتی پەردەی ئەو رووداوە بۆ ئەوەی کە جارێکی دیکە رووداوی ئاوا کارەساتبار دووپات نەبێتەوە و متمانە و پەیوەندییەکانی خەڵکی باڵەکایەتی و هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بگەڕێتەوە دۆخی جاران و رێگا نەدەین دوژمن کەلێنمان لەنێودا دروست بکات و لە ئاوی لێڵ ماسی بگرێ. هاوکات داوا لە هێزە سیاسییەکان دەکەم کە داوا لە ئەندامان و لایەنگران و خەڵکی بەشەرەفی رۆژهەڵاتی کوردستان بکەن لەپێناو برایەتی و یەکڕیزماندا دەست لە بێڕێزی بە من و بە خەڵکی باڵەکایەتی هەڵگرن و هەموومان لە راستای برایەتی و تەبایی و ئاشتەواییدا بنووسین و قسە بکەین، چونکە ئەو شەهیدانەی گوندەژوور موڵکی هەموو لایەکمانن.
دەگەڵ رێزمدا
براتان مەلا نیاز چۆمانی 30.8.2017
مەلا و پێشنوێژی مزگەوتی ”بەری سەکران