"an independent online kurdish website

ئەم ئێوارە هەواڵی کۆچی دوایی تۆیان پێدام، هەواڵێک کە پێی تاسام، راستە خالم بووی بەڵام بەڕاستی تۆ یەکێک لەخۆشەویستترین کەسەکانم بووی. دەزانی من بۆچی بۆ مەرگی تۆ لەناخەوە گریام؟ چوونکە خۆم بەقەرزداری تۆ دەزانی لە دوو بوارەوە.

یەکەم: وەک خاڵ وخوارزا هەرچی لەدەستت هات بۆ پێگەیشتنم و دابینكردنی ژیانێکی بەختەوەرانە نەک هەر بۆ من بەڵکو بۆ هەموو خوارزایەکانت تێکوشای.

دووهەم: وەک ئەندامێکی دڵسۆز و ئەرک ناس، چالاک و چاونەترس هەمیشە ئەرکی خۆت بەجێدەهێنا. قەت جارێک لێم نەبیستی بڵێی نە. هەردەم دەتكوت ”بەسەر چاو ئەرکمانە، دەبێ بیکەین”، چەند ورە بەرز بووی. نازانم کام داستان، بەسەرهات، ئازایەتیت بنووسم، بەڵام تەنیا ئاماژە بەوانەی خوارەوە دەکەم:

ئەو کاتە كە لە ئاوایی (سۆفیان) لە گەڵ هێزێکی زۆر و تەیاری رێژیم دەرگیر بووین، ئێمە دوو پێشمەرگە بووین تۆ چونت هێزی دوژمن راگرتبوو و چەواشەت دەکرن. بەڵام سەرئەنجام لەگەڵیان دەرگیر بووین، تۆی ئازا و بوێر دەگەڵ چەند کەس لەخزمان و خەڵکی بەشەڕەفی ئاوایی (سۆفیان) دوای دەرچوونمان گیران. بەڵام تۆ ورەت دانەبەزی بەڵكوو دڵی هاوڕییەکانت دەدایەوە، هەروەها چەندە خۆڕاگرانە لەبەرامبەر ئەشکەنجەی جەستەی و رۆحی دا قورس و قایم ڕاوەستای.

جارێكیشیان کاتیک مرادی لاهیجانی (فەرماندە و کوڕی تێکۆشەری ناسراوی گەلەکەمان مامۆستا مەلا عبدالرحمن) شەهید بوو تۆ یەکەم کەس بووی لەگەڵ دایکە سەر بەرزەکەی لە شنۆوە خۆت گەیاندە ئاوایی (نەمنجێ)ی ناوچەی پیرانی پیرانشار هەتا تەرمی مراد نەکەوێتە دەستی دوژمن. لەو ساتەدا کە خەریکی کفن وخەڵاتی بوون لەلایەن هێزی دوژمنەوە بە تەرمی فەرماندەوە گیران. کەس بڕوای نەدەکرد جارێکی دیکە تۆ بەزیندوویی بگەڕێیەوە، كەچی تۆ شانازیت بە خۆوە دەکرد کەلەسەر کوردایەتی، حیزب و شۆڕشەوە گیراوی چەندە نەترسانە قسەت کردن. بۆیە بوویە مایەی شانازی حیزب وگەل.

لە کورتە ویدیۆیەکدا لێت دەپرسن بەو هەموو جارانە نەترسای یان خەم قەت داینەگرتی، لەوەڵامدا دەڵێی: بڕوام بە خوایە هەتا ئەجەلم نەهێ نامرم. کە وایە بۆچێ بترسم. بەڵام لەژیانم دا دوو جار زۆر ناحەرەت بووم بەدڵێش گریاوم ئەویش ئەو کاتە بوو کەهەواڵی مەرگی دوو رێبەرم پێ گەیشتووە. یەکەم: مەلامستەفای بارزانی نەمر. دووهەم: دوکتۆر عبدالرحمن قاسملووی نەمرە.

هەردووکیان لە کاتی ئەستەم و هەستیاردا لەدەست چوون. من بۆ ئەوان‌ و سەربوردەی نەتەوەکە م گریام.

خالە گیان ئاواتم بوو رۆژیک دابێ لە نیزیکەوە چ وەک خوارزا وچ‌ وەک حیزب پاداشی ئەو ئەرکناسی و دڵسۆزی و بوێریانەت بدەمەوە. بەڵام داری خۆزگە بێ بەرە. جارێکی دیکە لەناخی دڵمەوە دەڵێم رۆحت شاد. ئەگەر تۆ شانازیت بەئێمەوە دەکرد ئەوا ئێمە ش لە جەرگەی خەباتدا سەربەرز بووین کەخاوەنی‌خاڵی وەک تۆین. ماڵئاوا. ماڵئاوا

خوارزات/ لقمان مێهفه ر 13/7/1396

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی