Hoppa till innehåll
Hem » کەریم زەند کۆچی دوایی کرد

کەریم زەند کۆچی دوایی کرد

ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠ ی بەیانی 2017/10/10 لە شاری سلێمانی کەریم زەند گەڕیدە و مێژوونووسی ناسراوی کورد  لە ماڵەکەی خۆیدا بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

کەریم زەند، کوڕی حەمە ئاغای کوڕی ئەمین ئاغایە و لەساڵی 1924 لە شاری سلێمانی ، لەدایک بووە و لە گەڕەکی مەڵکەندی خوێندنی ئایینی و سەرەتایی و ناوەندی تەواو کردووە دواتر لە ساڵی ١٩٤٤ خانەی مامۆستایانی بەغدای تەواوکردووە.

کەریم زەند لە ساڵی 1946 بەشداری لە کۆماری کوردستان لە مهاباد کردووە، دەڵێت رۆژێک قازی محەممەد سەردانی ئەو پۆلەی کردووە ئەو وانەی تێدا گوتووەتەوە، دوای تەواو بوونی وانەکەی پێیگوتووە ”لە تارانێ را مامۆستا وام نەدیوە”. هەر ئەو کاتەش قازی محەممەد ”کلێتەیەکی” پێدەدات، کە تاوەکو کۆچی دوایی لەسەریدا بوو.

کەریم زەند لەگەڵ مستەفا بارزانی رووی کردووەتە یەکێتی سۆڤیەت. ئەو دەڵێت، مەلا مستەفا نامەی پێدا ناردووەتەوە بۆ حیزبی شیوعی بەو هۆیەوە دەستگیرکراوە و دوو ساڵ زیندانی کراوە و براوەتە زیندانی ئەبو غرێبیش.

مامۆستا کەریم زەند بە 13 ساڵ هەموو کوردستانی گەورە گەڕاوە، وەک خۆی دەڵێت ”لە ئەرمیناوە تا کەنداو” بەپێ گەڕاوم بە مەبەستی نووسینی جوگرافیای کوردستان.

لەماوەی تەمەنیدا، کەریم زەند نزیکەی 30 بۆ 40 کتێبی ئامادەکرا و دەستنووسی هەیە، 15 کتێبی جۆراوجۆری هەیە کە خۆی لە بوارەکانی جوگرافیا و مێژووی کوردستاندا نووسیوویەتی. لەگۆڤار و رۆژنامەکاندا زیاتر لە ٦٠٠ وتاری هەیە، لە ١٩٣٨ وە تێکەڵ بە سیاسەت بووە لە کۆمەڵەی برایەتی، هیوا، ئازادی، ژێکاف، کاژیک و پارتی دیموکرات.

کتێبی ”تۆماری تەمەن” کە لە (٥) بەرگ پێکهاتووە باس لە جوگرافیا و شێوەزاری میللەتانی کوردستان دەکات و یەکەم کەسە کە کتێبی ئینجیلی کردووەتەوە کوردی.

کەریم زەند ئه‌ندامی‌ دەستەی نوسەرانی کورد بووە، سەرپەرشتیاری نەهێشتنی نەخوێندەواری بووە بۆ ماوەی پانزە ساڵ، بریکاری سەندیکای مامۆستایان بووە، سەوداو مامەڵەی لە تەک تیپ و وشە و رستەدا لە گۆڤاری گەلاوێژەوە لە چلەکاندا هەیە، دەستەی گۆڤاری رۆژی نوێ و نوسەری کورد بووە، لە ١٩٥٨ جوگرافیای کوردستانی بڵاوکردووه‌تەوە، جێگری ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی بووە بێ پاداشت بۆ ماوەی ١٥ ساڵ.  

 

بڕوانامەکانی:

ئامۆژگای مامۆستایان لە بەغدا ، دیپلۆمی باڵا لە قاهیرە، پایەی پرۆفیسۆری پێ بەخشراوە لە زانکۆی ماینز گۆتنبێرگ لە ئەڵمانیا ، لە ١٩٦٨ خانەنشین بووە بە خواستی خۆی.

وێنە:  دانی لەوحی حدکا بە نەمر کاک کەریم زەند لە لایەن کاک محەممەد ساحبی ئەندامی رێبەری حدکا.

 

سەرچاوەکان: روداو، nrt, ، خەندان .

وێنە: لاپەرەی فەیسبووکی کاک محەممەد ساحبی

 وەک بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕی پێشمەرگەکان پڕ بە دڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس کاری نەمر کاک کەریم دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانن.

روحی شاد بێ.