حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، خەڵکى خەباتکار و بوێرى کوردستانى رۆژهەڵات لە ئەگەرى هەر پیلانێکی کۆمارى ئیسلامى بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، وەڵامیان دەدەنەوە و بێدەنگ نابن.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
کۆڕو کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان
کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان،
دۆستان و دڵسۆزان،
هێرشی حەشدی شەعبی و سپای عێراق بۆ سەر ناوچە کێشە لەسەرەکانی کوردستانی باشوور نەک هەر هەرێمی کوردستانی تووشى ئاڵۆزى و دووبەرەکایەتى و زەرەر و زیانى زۆر کردووە، دەرفەتێکیشى بۆ ڕێژیمى کۆمارى ئیسلامیی ئێران و هێزە تێرۆریستەکانى خولقاندووە کە لەو ئاڵۆزیانە کەڵکی نابەجێ وەر بگرن و هەوڵ بدەن زەربە لە حیزبەکانى کوردستانى ڕۆژهەڵات بدەن.
لەم پەیوەندەدا بەپێویستى دەزانین ڕایبگەیەنین کە:
یەکەم، ئێمە هەموو دەستدرێژى و پیلانگێڕییەکى کۆمارى ئیسلامیى ئێران لە هەرێمى کوردستان مەحکووم دەکەین. ڕێژیمى ئێران نەک هەر دوژمنى نەتەوەکانی ئێران بەڵکوو سەرچاوەى نائارامى و قەیران لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستە و لە کوردستانى باشووریش جگە لە ئاڵۆزى و دووبەرەکایەتى نانەوە هیچ خێرێکی بۆ کورد نابێت.
دووهەم، ئێمە بە مافى خۆمانى دەزانین بە هەموو توانامانەوە بۆ پووچەڵکردنەوەى هەر پیلانێکى ئەو رێژیمە و بەرپەرچ دانەوەى هەوڵ بدەین و هەموو هەنگاوێکى پێویست لەم بارەیەوە هەڵبگرین.
سێهەم، خەڵکى خەباتکار و بوێرى کوردستانى رۆژهەڵات لە ئەگەرى هەر پیلانێکی کۆمارى ئیسلامى بۆ سەر حیزبەکانی رۆژهەڵات، وەڵامیان دەدەنەوە و بێدەنگ نابن. دڵنیایان دەکەینەوە کە ڕۆڵە پێشمەرگەکانى ئەوان ، لە هەر ئەگەرێکدا وەکوو هەمیشە حەماسەی پڕ لە شانازى بەدژى دوژمنانى گەلى کورد دەخوڵقێنن.
چوارەم، داوا لە هەموو کوردانى دەرەوەى وڵات بەگشتى و بەتایبەت کوردانی ڕۆژهەڵات دەکەین کە بە شێوازی مەدەنی و ئەمڕۆییانە بەدژى پیلانە گڵاوەکانى ڕێژیمى کۆمارى ئیسلامى بۆ سەر حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان و کوردانی ڕۆژهەڵاتی دانیشتووى باشوور بوەستنەوە.
پێنجەم ـ داوا لە حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان و خوشک و براکانمان بەتایبەتی لاوەکان، ئازادیخوازان، ناوەند و کەسایەتییە ئایینییەکان لەو بەشە دەکەین کە ئیزن نەدەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هێرشەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان وەک دەرفەتێک بقۆزێتەوە بۆ هێرش کردن بۆسەر کەمپەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و ئەندامان و لایەنگرانیان لە باشوور و، لەبەرانبەر دەستدرێژییەکانی ئەو ڕێژیمە بێدەنگ نەبن.
شەشەم، داوا لە ئەندامان و لایەنگرانى هەموو حیزبەکان دەکەین لەگەڵ ئامادەبوون و لەسەرهەست بوون، خۆ لە زمانی زبر و سووکایەتی بەنیسبەت یەکتر و ئەندام و لایەنگرانی پارچەکانیتر دوور بگرن و هەوڵ بدەن زمانی پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و گشتییان هەبێ تاکوو بریندارکردنی یەکتری.
حەفتەم، داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و نوێنەرایەتیی وڵاتان لە کوردستانی باشوور دەکەین کە لە بەرامبەر دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە عێراق و کوردستان و کردەوەکانی سپای پاسداران و هەڕەشەیان بۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و گیانی خەڵکی نێو کەمپەکان بێدەنگ نەبن و هەڵوێستیان هەبێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
٣٠ی رەزبەری ١٣٩٦
٢٢ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧
سەرچاوە: کوردستان میدیا