"an independent online kurdish website

دروست یەک ساڵ بەر لە ئێستا بوو کە ھەواڵی جەرگ بڕی کۆچی سوورتیان پێدام. نەمدەتوانی باوەڕ بەو کۆچەت بکەم، چوونکە بەڵێنی ژوانی ئەوینمان ئەوە نەبوو.

ڕۆژەکان تێپەر دەبن و دەرۆن و من زیاتر لە جاران تاسەت دەکەم. تاسەی بەدەم ئێوارە دانیشتنێک، تاسەی قسە کردنێکی خۆمانە، تاسەی جواب دانەوەی ئەو پرسیارانەی ڵێم دەکردی، تاسەی ئەو کاتانەی دڵتەنگ دەبووم و تۆش بە باوەشێک خۆشەویستی ئارامیت پێ دەبەخشیم، تاسەی ئەو کاتانەم کردووە دەتکووت: لە گەڵ کاک چەکۆ و ھاورێیانم دەرۆمە راوە ماسی. بیرتە دەتکووت: تۆ بڵێی ئارسان کەی گەورە بێ لە گەڵ خۆم بیبەم بۆ راوە ماسی، بیرتە دەتکووت حەزم ڵێیە قسە کردنی ئارسانم گوێ لێ بێ. ئێستا فێری قسە کردن بووە، زۆڕیشی حەز لە ماسیە. وەک خۆت ھەستی نەتەوەیی تێدا بە ھێزە. کە ئاڵای کوردستان دەبینی زۆر خۆشحاڵ دەبێ. زۆر جار دەگرێم بۆ ئەوەی تۆ نی تا گەورە بوون و شەیتانی و شیرینیەکانی ببینی.

رەسول گیان وامزانی سەفەر و زەمەن دەتوانێ سارێژی زامی دڵم کات، بەڵام رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر ھەست بە نەبوونت دەکەم. خۆت دەزانی ھەموو شەوێ بە فرمێسکی چاوم شەو شادت لێ دەکەم. ئاخۆ بڵێی کەس فریوی پێکەنینە کانم بخوات و بڵێ حاڵی باشە؟ دڵنیام تۆ دەزانی چەند ئازار دەکێشم، لەوانەیە تاڵە سپیەکانی قژم بەڵگەیەک بێ بۆ ئازاری نەبوونت. ھەرچەند کە ھێلانەم لێ شێوا، بەڵام خۆشحاڵم کە تۆ بە ئاواتت گەیشتی کە شەھید بی لە پێناوی نیشتماندا. سەربەرزم کە بە بەخشینی خۆێنت سەروەری بۆ مێژوو و گەورەییت بۆ من و ئارسان تۆمار کرد. منیش ھەموو ھەوڵم دەدەم رۆڵەکەت بە ھەستی نەتەوەیی پەروەردە کەم و بتوانم خۆ راگر بم و ئەو گەورەییەی تۆ پێت بەخشیم رابگرم. لە گەڵ وێنەکانت دەدوێین و لە گەڵ بیرەوەریەکانت دەژین و تا مردن لە یادمدا دەمێنی.

سەری رێز و نەوازش بۆ تۆ و دکتۆر سلێمان، کە ھۆگریتان بۆ خاک و نیشتمان و کوردستان ھیچ سنووری نەدەناسی و گیانتان کردە خەڵات بۆ کوردستان.

روحتان شاد و کۆچی سوورتان بۆ ژوانگە ی ئەوینی ئازادی پیرۆز

 

وێنە: شەهیدان:  دوکتۆر سولەیمان و رەسوڵ محەممەدزادە

ھاوسەرت: کەنێرە مێهفەر

٢٠١٧⁄١٠⁄٢٦

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی