لە پەیامێکدا مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەنگی سێ ملیۆن کەس بۆ سەربەخۆیی بە کەس ناسڕدرێتەوە. راشیگەیاند ”نامانەوێ خوێن بڕژێت، دەمانەوێ کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێ، بەڵام ئەگەر نیازی شەڕتان هەیە ئەوان مردن هەڵدەبژێرین و ناهێڵین کەرامەتمان بشکێت”.

بارزانی راشیگەیاند ”ئەگەر گشتپرسیش نەکرایە پلان هەبوو هێرشکردنە سەر ناوچە کوردستانییەکان و تێکدانی دۆخی هەرێمی کوردستان، چونکە فەرهەنگی بەغدا نەگۆڕاوە و قەناعەتی بە فیدراڵیش نەبووە”.
لەبارەی رووداوەکانی کەرکووک، بارزانی گوتی ”خیانەتێکی گەورە لە شەوی 15 لەسەر 16ی ئۆکتۆبەر کرا، ئەوەی هەرگیز پێشبینیمان نەدەکرد و بە خەیاڵیشماندا نەدەهات؛ ئەو خیانەتە نیشتمانییە گەورەیە بوو کە لە کەرکووک ئەنجامدرا، لە پشتەوە خەنجەری ژەهراوی لە پێشمەرگە و هەموو خەڵکی کوردستان درا”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند ”دەسەڵاتی بەغدا تووشی غرورێکی گەورە بووە، زۆر هەوڵماندا شەڕ نەبێ، بەڵام هێزە عێراقییەکان بەتایبەت حەشد هەر دەیانویست بێنە پێشەوە بۆیە پێشمەرگە ناچاربوو بەرگریی بکات و رێگە بە پێشڕەوییەکانیان نەدەن”.
رووداو – هەولێر
ڤیدیۆ