"an independent online kurdish website

هەر سووچێکی ئەم کوردستانە تەماشا بکەین کۆمەڵێک مرۆڤی بەکردەوە لە مەیدان و بە ناوی گومناو دەبینین. ئەگەر ئێمە نەگەڕێینەوە بۆ پێش خۆمان و هەر ٤٠ ساڵی ڕابردوو بکەینە میناک، دەبینین کە لە پەنا خەباتی هەمە لایەنەی گەلی کوردستان لە پێناو ئازادی دا، کۆمەڵێک تاکی خۆبەخشی بێ چاوەڕوانی هەن کە تۆمارکەری داستانهایەکن تا ئێستا  نەبیستراون و ئەگەریش لانی کەم ئێمەمانان  هەرچەند بە کورتیش بێ تۆماری نەکەین، مومکینە بە بێ دەنگی سەر بنێنەوە و مێژوو و داستانەکانیش لە گەل خۆیان دەبەنەوە. لە نێو بزووتنەەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی و حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بەتایبەتی دا ژمارەی ئەو مرۆڤە خەباتکارانە کە هەتا ئیستاش بە هەر هۆکارێک کە هەیە کەمتر ناسراون و کەمتر باسیان کراوە  هیندە زۆرە کە لە هەزاران تێپەڕ دەکات. بەدڵنیاییەوە ئەوە ئەرکی هەموومانە کە تا بۆمان بکرێ ئەو مرۆڤە قانیع و لە هەمانکات دا باوەڕ بەخۆیانە بە جیلی ئێستا بناسێنین تا ئەو جیلە ڕێز و حورمەتی تێکۆشەرانی پێش خۆیان بزانن و بیکەن بە سونبولی بەرخودان و نیشتیمانپەروەری.

مەڕگەوەڕ یەکێک لەو ناوچانەیە کە هەر لە دێزەمانەوە پردی نیوان ٣ بەشی کوردستان بۆوە کە هەرگیزاوهەرگیز داگیرکەران لەوێ  نە هەستیان بە ئەمنیەتی خۆیان کردووە و  نەتوانیویانە بەسەری دا زاڵ بن. چوونکی خەڵکی ئەو دەڤەرە بەشداریی چالاکانەی هەبووە لە زۆربەی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی ڕۆژهەڵات، باکوور و باشووری کوردستان. ڕیشەی حیزبی دێمۆکرات لە مەڕگەوەڕ دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی دامەزرانی  حیزب تا بە ئەمڕۆ و لە ماوەی ٧٢ ساڵ دا کە نیزیک بە ٣ جیلە لە ڕیزەکانی ئەو حیزبە دا خەبات دەکەن و قوربانی دەدەن.لە تەواوی  ئەو مێژووە دوور و درێژە دا کەم نین خەباتکاری لێهاتوو لە بوارە جۆراوجۆرەکانی تێکۆشان دا.

یەکێک لە تێکۆشەرانی دێمۆکرات کە زیاتر لە ٣ دەیە لە تەمەنی سەرفی خزمەت بە ئامانجەنەتەوەییەکانی کردووە کاک نەجمەدین جەباریان خەڵکی ئاوایی “خوراسپ “ی مەڕگەوەڕە کە دەمەوێ ئەگەر بە کورتیش بێ بەو کورتە نووسینە ئیحترامێکی ڕابردووە پڕ لە شانازییەکەی  خۆی و بنەماڵەکەیان بگرم. ڕابردوویەک کە نەک بە بابەتێکی وەها کورت، بگرە بە سەدان ڵاپەرە و لە هەمانکاتیشدا  نەک بە قەڵەمە کۆڵەوارەکەی من ، بگرە بە قەڵەمی خاوەن قەڵەمان تۆمار کردنی کارێکی هاسان نیە. چوونکی نەجمەدین جەباریان و بنەماڵەکەیان  لایەنی هیندە پڕشنگداری لە درێژەی ئەو هەموو ساڵەی خەباتیان دا تۆمار کردووە کە تەنانەت جارێ تۆمار کردنیشیان ڕەنگ بێ مەسلەحەت نەبێ.

ماوەیەک لەمەوبەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هاوڕێ و هاوناوم کاک کاووس جەباریان برازای کاک نەجمەدین  کۆمەڵێک وێنەی کاک نەجمەدینی دانابوو کە وادیارە ناساخ و لە نەخۆشخانەیەکی باشووری کوردستان بوو. بە دیتنی ئەو وێنانە و لاوازیی جەستەیی کاک نەجمەدین، هەم من و دڵنیام هەم هەزاران کەسی دیکەی ناڕاحەت و غەمبار کرد. ئێمە بەردەوام نەجمەدینێکی سەری حاڵ، چوست و چالاک، بە بڕشت و بەتوانامان بینیبوو. بۆیە لەنەکاو دەرکەوتنی ئەم وێنانە تەنانەت باوەڕ کردنیشیان هاسان نەبوو.

بنەماڵەی جەباریان بە گشتی نموونەیەکن لە بزووتنەوەیەکی بەرینی ماف خوازی و نموومنەیەکن لە وەفاداری بە ڕێچکەی دێمۆکرات.ئەو بنەمالەیە نرخێکی زۆریان بە نەتەوەکەیان بەخشیوە و بوونەتە نموونەی ئازایەتی و کوردایەتی بۆ زۆر بنەماڵەی دیکە. بەخشینی خوێن ، ئاوارەیی، دەربەدەری و ماڵوێرانیان بینیوە.  لە لایەن ڕێژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی غەدر و تاوانیان  دەرحەق ئەنجام دراوە کەلە درێژەی بابەتەکە دا ئێشارە بە چەند نموونەیەکیان پێدەکەم.(ئەوەش زیاد بکەم کە شەهید یووسف ئەمینی و شەهید  جەمشید ئەسەدی لە خزمانی بنەماڵەی جەباریان بوون و وێڕای چەندین کەسی دیکەی خزم و کەسیان پێکەوە پێشمەرگەی حیزب بوون).

بنەماڵەی جەباریان بە گشتی و نەجمەدین بە تایبەتی لە زۆر گوندی ناوچەی مەڕگەوەڕ و بەراندێز ژیاون و سەرەنجام لە ئاوایی خوراسپ و گرکی مەڕگەوەڕ گیرساونەتەوە. سەرەتای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی و  دەستپێکردنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ، بنەماڵەی جەباریان تێکەڵ بە کاروانی خەباتگێرانی دێمۆکرات دەبنەوە. نەجمەدین، محمد ئەمینی برای لەگەل  نوورەدینی برازای(کوری محمد ئەمین) دەبنە پێشمەرگەی حیزب . ئەوان هەم لە لایەک دژی داگیرکەری کوردستان خەبات دەکەن و لە لایەکی دیکەش بەربەرەکانی لەگەل دەسەڵات و زوڵم و زۆری دەرەبەگەکان دەکەن ، بۆیە زۆر زوو بۆ خەڵکی ناوچە دەناسرێن و دەبنە جێی ئیعتیماد.

ناوچەی مەڕگەوەڕ بە هۆی بوونی هیندێک میوانی نەحەواوەی شەڕفرۆشەوە زوو تووشی داگیرکاری و هێرشی دوژمن لە ڕێگای ئەو میوانانەوە هات. ساڵی ١٣٦١ کە ئەوکات بنەماڵەی جەباریان لە گوندی گرک دەژیان ژمارەیەک لە جاش و پاسدار بە هاوڕێیەتی هاوکارانی دیکەیان دەچنە سەر ئەو بنەماڵەیە کە نوورەدین  بۆ سەردان لە ماڵ بووە. کاتێک ئەو ڕەوە چەقەڵە دەوری ماڵەکە دەگرن نوورەدین لە ڕێگای کون کردنی چەند دیوار بۆ ماڵە دراوسێکانیان  ڕزگاری دەبێ، بەڵام برایەکی   نوورەدین بە ناوی کەریم تەمەن ١١ ساڵ بە هۆی ترس تووشی ڕاوەستانی دڵ دەبێ و گیانی لە دەست دەدات. هەرهەمان کات ژنان لە ماڵێ بە هۆی تەندوورەوە دووکەڵێکی زۆر دروست دەکەن تا نوورەدین لە گەمارۆی چەقەڵەکان  ڕزگاری بێ، برای دووهەمی نوورەدینیش  لە نێو دووکەڵەکە دا بە ناوی سامی تەمەن ٧ ساڵ دەکەوێتەوە تەندوور و دەسووتێ کە دوای چەند رۆژ بە هۆی قوڵیی ڕێژەی  سووتانەکە گیانی لە دەست دەدات! ئەوە دەست پێکی قوربانیدانی ئەو بنەماڵە هەژار و لە هەمانکات دا خەباتکارو نیشتیمان پەروەرە بوو.

نوورەدین ، نەجمەدین و محمد ئەمین  پێشمەرگەن و بەرە بەرە تەواوی ناوچەکانی ڕۆژئاوای شاری ئۆرمیە داگیردەکرێن و پێشمەرگە دەکەوێتەوە حاڵەتی پارتیزانی و تیمی بچووکەوە. ڕۆژی ٢ی ڕەزبەری ١٣٦٣ ڕۆژێک کە سێهەمین قوربانیدان بوو بۆ بنەماڵەی جەباریان. لەوڕۆژە دا دەشتەکان شاهیدی حەماسەیەک و هەواڵێکی ڕەش بوو بۆ شاری ئۆرمیە و هەموو دەوروبەری. هێزیکی زۆری دوژمن بە چەکی قورسەوە دەچنە سەر دەستەیەکی بچووکی کادر و پێشمەرگەی هێزی شەهید نەحۆی ئەوکات و کۆمیتەی شارستانی ئۆرمیە کە دوای مەئمووریەتێکی چەند ڕۆژە بۆ پشوودان لە شاخە بەردێکی دەشتەکان مابوونەوە. شەڕێکی قورس دەست پێدەکا و بۆ چەندین سەعات درێژەی دەبێ. ئاکامی شەڕەکە کوژرانی دەیان کەس لە هێزەکانی ڕێژیمە  و بەداخەوە لەو تیمە جگەلە سێ کەس کە ڕزگاری بوون (محمد ئەمین کرێت کە دواتر و لە ساڵی ١٣٦٩ لە مەحمووداوێی گەلی قاسملوو شەهید بوو  و کاووس دەشتی کە دواتر وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا بەڵام ئەندامێکی بەوەفای حیزب بوو تا ئەوەی لە ساڵێ ١٣٧٢ کەوتە کەمینی جاش و پاسداران و شەهید بوو . ڕووحیان شاد . هەر وەها پێشمەرگەیەکی تر بە ناوی محمد لالەسورخ کە ئەویش ڕزگاری بوو) ئەوانی دیکە  شەهید دەبن و سێ کەسیش بە ناوەکانی: فەریق، سەدیق حاتەمی و عوسمان بە دیل دەگیرێن( مام فەریق بەهۆی شکەنجە و ئازاری زۆرەوە لە زیندان تووشی نەخۆشیی ڕەوانی هاتبوو و ساڵی ٦٦ ئازاد کرا و هاتە لای حیزب ، دوای ماوەیەک بە هۆی چوونە سەری تەمەنی گەرایەوە لای کەس و کاری و لەوێ کۆچی دوایی کرد ڕووحی شاد. هەروەها  سەدیق  حاتەمی خەڵکی نێرگی  لە ٢٨/١٠/١٣٦٣ ئیعدام کراوە ڕووحی شاد ، و عوسمان خەڵکی گەڵاز و   کە ئەویش دوای ساڵانێکی زۆر ئازاد بووە).

شەهیدەکانی ئەو داستانە حەماسەییە بریتی بوون لە:

سلێمان ئابری ئەندامی هەیئەتی ئیجرائیی کۆمیتەی شارستانی ئۆرمیە

خەلیل عەبدولا پوور ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی کۆمیتەی شارستانی ئۆرمیە

مەلا سمایل کوردنەژاد فەرماندەری عەمەڵیاتی هیزی شەهید نەحۆ

نورەدین جەباریان هاوکاری کادر لە کۆمیتەی شارستانی ئۆرمیە

خالید شێخی پێشمەرگە لە کۆمیتەی شارستانی ئۆرمیە

ڕووحی هەموویان شاد،  زەبرێکی قورس و برینێکی قووڵ بە شەهید بوونی ئەو پۆلە تێکۆشەرەی حیزب کەوتە جەستەی  بزووتنەوەی میللی دێمۆکراتیکی گەلەکەمان.بەتایبەتی ئەوانە زۆربەیان لە کەسە هەرە دیار و بە باندۆرەکانی ئەو دەڤەرە بوون و دوژمنیش تەبلیغاتێکی زۆری پێوە کرد.

شەهید بوونی نوورەدین بنەماڵەی جەباریانی تووشی دڵشکاوی و نوێبوونەوەی برینێکی دیکە کرد، بەڵام  بوو بە سەرەتای هاتنە مەیدانی کاووس جەباریان  برای نوورەدین لە پەنا باب و مامی بوو. ئەوجار کاووس جەباریان ئەگەرچی بە تەمەن بچووکە، بەڵام بە هەمان ڕووحیەتی قارەمانانەی نوورەدینی برای چەکی پێشمەرگایەتی هەڵدەگرێ و دەبێتەوە درێژەدەری ڕێگای شەهیدان.

محمد ئەمین تا ساڵی ١٣٦٦ وەک پێشمەرگە لە ڕیزەکانی حیزب دا مایەوە و بەهۆی چوونە سەری تەمەن و بە مەبەستی سەرپەرەستی کردنی مناڵەکانی،  لە سەر ئیزنی حیزب گەڕایەوە ناو بنەماڵەکەی، بەڵام بۆ ماوەیەکی زۆر لە لایەن ڕێژیمەوە گیرا و زیندانی کرا بە ڵام نە گیران و نە لەدەستدانی ٣ کوڕی لە پێناو کوردایەتی دا، نەیانتوانی هیچ لە ورەی نیشتیمان پەروەری و وەفاداری بە ڕێبازی حیزب کەم بکاتەوە  وبەردەوام هاوکار و هاوخەباتی هاوڕێیانی حیزبی بوو. مام محمد ئەمین  لە ڕۆژی ٣١.١٠.١٣٨٦ی هەتاوی کۆچی دوایی کرد، ڕووحی شاد.

کاووس جەباریانیش ماوەیەک بە هۆی دژواریی ژیان لە باشووری کوردستان دانیشت و لەگەل ئەوەی ئەندامێکی چالاک و هاوکارێکی بەردەوامی کادر و پێشمەرگەکان بوو و زۆرجاریش لەگەل تیمە تەشکیلاتی و نیزامی یەکان دەچووە ناوچە ، خەریکی  کار و کاسبی بوو، ساڵی ١٩٩٧ لە ڕێگای یووئێنەوە هاتۆتەوە وڵاتی سوئێد و لەوێش بەردەوام لە ئەندامە دڵسۆز و بەوەفا و چالاکەکانی حیزبە،کە من هیوای تەمەن درێژی بۆ خۆی و بنەماڵەکەی دەخوازم.

نەجمەدین جەباریان تەمەنی لە ٦٠ ساڵ تێپەڕی کردووە  و باوکی ٧ منداڵە لە دوو ژن.( ژنی یەکەمی نەجمەدین بە هۆی هەڕەشەیەک کە ئەفرادی دوژمن لێیان کردووە، تووشی نەخۆشیی ڕەوانی دەبێ و بەداخەوە تەنانەت نەخۆشییەکە بووەتە هۆکار تا گیانی یەکێك لە مناڵەکانیشی لێ بستێنێ . لە سەر ئەو ڕووداوە کەم دەزانم و بۆیە هەر ئەوندە دەنووسم) . دواتر نەجمەدین لەگەل خانمێکی دیکە ژیانی هاوبەش پێکدێنێ کە ئێستاش پێکەوە  لەگەل دوو مناڵەکەی ژیان بە سەر دەبەن . لەم نیزیکانەش بەداخەوە نەجمەدین تووشی نەخۆشییەکی سەخت هات کە لە ڕێگای عەمەڵ جەراحی بەرەو باشتر بوون دەروا . وێنەکانی کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بڵاو بوونەوە ، نەجمەدینێکی بە جەستە کز و لاواز، دڵنیام کە هەموو ئەو کەسانەی کە نەجمەدین یان ناسیوە بە بینی ئەو وێنانە دڵگران بوون و هیوای سڵامەتیان بۆ خواستووە. نەجمەدین هەر لە سەرەتای خەباتی ئاشکرای حیزب دا وەک کەسێکی هەڵسوور و چوست و چالاک ڕیزەکانی حیزب بۆ خەبات بە دژی زوڵم و زۆر هەڵدەبژێرێ و زوو دەبێتەوە خاوەن ئیعتیبارێکی باشی خەڵک و هاوڕێیانی حیزبیی. لە زۆر شەڕ و داستانی گەورەی پێشمەرگەی دێمۆکرات لە انوچەکانی ئۆرمیە  بەشدار دەبێ. زۆر ئەرک و مەئمووریەتی حیزبی بە جێ دەگەیەنێ.

هیندێک لە تایبەتمەندییەکانی کاک نەجمەدین

نەجمەدین پێش ئەوەی ببێتەوە پێشمەرگە وەک هەموو خەڵکی دێهات  کەسێکی مەڕدار و وەرزێڕ بووە. هەروەها نەجمەدین هونەرێکی لە وجوود دا هەیە کە ئەویش گێڕانەوەی چیڕۆک و حەقایەتی کوردی یە کەلە زمان باب و باپیرانیەوە وەریگرتوون و بە ئەمانەوەتە دەیانگێڕێتەوە.  زۆر چیڕۆک و حەقایەت کە دە ئەسڵ دا مێژووی نەتەوەکەمانن بە شێوەی زارەکی دەیانگڕێتەوە و پاراستوونی.

هەر وەها نەجمەدین بەوە ناسراوە کە هەتا بڵێی وریا و وشیارە. ئەهلی خۆپاراستن، ئەهلی تەحەموڵ  و موقاومەت بۆ خۆپاراستن، ئەهلی ئیحتیات و وریایی. هەموو ئەوکەسانەی کە لە ئەرک و کاری حیزبی دا لەگەل نەجمەدین دابوون باس لە وریایی ، هوشیاری ، نهێنیکاری و دیقەتی ئەو دەکەن. بۆیە زۆر کەم وابووە تیمێک کە نەجمەدینی لەگەل بێ  نەخوازراو تووشی ئەفرادی دوژمن بێ.  ئەو هیندە وشیارە لە هەستان و دانیشتنی پارتیزانی دا کە جاری وابووە کەسانێک کە بە باشی نەیانناسیوە وایانزانیوە کە  نەجمەدین کەسێکەکە  دەترسێ یان بە کوردییەکەی ترسەنۆکە. بەڵام ئەوە نەک وانیە، بەڵکوو نیشانەی ڕووحێکی بەتەواوی پارتیزانی یە کەلە وجوودی ئەو مرۆڤە دا دروست بووە. هەرکاتیش تووشی شەڕ بووبێ لە پێشمەرگە ئازا و بە دەست و بردەکانی حیزب بووە کە نموونە زۆرن لە دەست و برد و بە سزاگەیاندنی خۆفرۆشان لە درێژەی ساڵانی خەباتی شاخ دا.

 یەکێک لە لایەنە هەرە سرنج ڕاکێشەکانی کەسایەتی و تایبەتمەندییەکانی کاک نەجمەدین  ئەوەیە کە: قەت ناتوانێ لە هەمبەر ناعەداڵەتی دا ئەگەرچی ئەو ناعەداڵەتیە بچووکیش بووبیت  بێ دەنگ بێ.  ناحەقی لە کەس قەبووڵ ناکا، قسە لە ڕوو و ڕوک بێژە. دەست و دڵ پاک و ڕاستگۆیە، بە ئەخلاق و کۆمەڵایەتییە، کوردێکی موخلیس و حیزبیەکی بە ئیمانە، بێ ئیدیعا و قانیعە بەوەی کە هەیەتی و خۆڕاگر و بە تەحەموڵە.کەم قسەیە و بە سەر زاراوەی ناوچەکەی دا زۆر زاڵە و سینگی پڕە لە پەیڤی کەڤناری  زاراوەی  دەڤەەکانی مەڕگەوەڕ ،دەشت،  بەراندێز ، تەڕگەوەڕ  و دٶل و  دەشتەبێل.

داستانی مانەوەی نەجمەدین لە بارەگای ژێر زەویدا!

ساڵی ٦٩ و ٧٠ی هەتاوی نەجمەدین وازی لە پێشمەرگایەتیی تەواو وەخت هێنابوو، بەڵام هەرکات کۆمیتەی شارستانی ئۆرمیە و هێزی ئاگری پێویستیان بە چاوساغی یان هاوکاریی نەجمەدین هەبوایە بێ ڕاوەستان دەهات و وەک هەمیشە پێشمەرگە بوو. چوونکی کەسێکی  هیندە جێی باوەڕی حیزب و خەڵک بوو، گرینگ نەبوو کە نەجمەدین پێشمەرگەی تەواو وەختە یان نیە و ناتوانێ لەگەل تیمێکی تەشکیلاتی دا بڕوا بۆ ئەرکی تەشکیلاتی یان نیزامی، هەرکات کۆمیتە داوای لێکردباوە لەگەل تیمەکان دەچوو.  ئەو دوو ساڵە پاییزان کە کادر و پێشمەرگە دەهاتنە بنکەکانیان لە باشوور، نەجمەدین بە تاقی تەنیا لە ناوچە دەمایەوە و کەسیش نەیدەزانی لە کوێ دەمێنێ.

ڕێژیم بەردەوام بە دوایدا بوو. بۆ ئێمەش پرسیار بوو کە نەجمەدین چۆن لە ناوچەیە و تووشی هیچ شەڕ یان ئاشکرابوونێک نابێ.  ئەو  لە نێوان گوندی مەلیان و چریاوا و لە هەڵدێرێکی سەخت دا ژێر زەمینێکی دروست کردبوو کە خۆی ناوی دانابوو مقەری نەجمەدین و کەسیش نەیدەزانی مقەری نەجمەدین لە کوێ یە. دوژمن دەیزانی کە نەجمەدین بەردەوام دێتەوە نێو ئاوایەکانی مەڕگەوەڕ و بەراندێز، بەڵام بە هیچ جۆرێک نەیاندەتوانی بیدۆزنەوە.

لە هەردوو زستانی ٦٩ و ٧٠ی هەتاوی دا نەجمەدین هەرکات ماندوو بووبێ، یان هەستی بە خەتەری تێکەوتنی داوی دوژمنی کردووە چووتە بارەگا ژێر زەمینییەکەی و بۆ ماوەیەک خۆی ون کردووە. کە هاتۆتەوە بۆ لای چیراوا  ولەوێ ڕا چووتەوە دێهاتی دیکە، چەندین کیلۆ میتر لە نێو چۆم دا هاتووە. ئەویش چۆمی زستانە. لە گەڕانەوەش دا بە هەمانشێوە لە نوێ چۆمەکە دا ڕۆیشتووە تا بارەگاکەی. زۆرجار دوژمن شوێن پێێ هەڵگرتووە تا هاتۆتەوە نێو چریاوا، کە تەماشا دەکەن هیچ کەس لە گوند دەرنەچووە بۆ شاخی بۆزی سینا و ئەوانە. هاتوون دار و دیواری ئەوگوندەیان پشکنیوە و هیچیان نەدیوە.

وابزانم دوژمن لە ڕێگای خەڵکانێکی ناوچەوە شوێنەکەیان دۆزی بووە و دەنگیدابووە کە بارەگای نەجمەدین دۆزرایەوە  و پڕ لە ئیمکاناتی وەک: نەوت، چرا، عەلائەدین، گازی بچووک، کیسە خەو، پەتوو، فیشەکی زیادی، نارنجۆک و  قاپ و قاچاغ  و بگرە  خواردن بووە. نەجمەدین خۆی بە سەرهات و داستانی زۆری هەیە لە سەر ئەو دوو ساڵە و تەعقیبی دوژمن و سەرلێشوانیان. خەڵکی ناوچە دەگێرنەوە کە دوژمن نەیدەزانی چی بکا. لە نەکاو ڕاپۆرتیان دەدایە اطلاعات کە ئەوە نەجمەدین ئەم ئێوارەیە لە فڵانە ئاوایی لە فڵانە ماڵ بووە. کە دوژمن دەچوو و فیشاری بۆ ئەو ماڵە دەهێنا، ناچار دەیانگوت : بەڵێ نەجمەدین هات نان و چای  خوارد و ڕۆی. تەنانەت جاری وابووە شوێن پێی نەجمەدین یان نیشانی دوژمن داوە. کەچی بەو زستانە وەدوای کەوتوون بۆیان نەدۆزراوەتەوە. دوای ئەوە ئیدی حیزب داوای لێکرد کە بێتەوە هێز و  وەک پێشمەرگەی تەواو وەخت کار بکا. هات و لە کۆمیتەی شارستانی ئۆرمیە لەگەل تیمە تەشکیلاتی، ماڵی و تیمە بچووکەکانی پێشمەرگە دەچووە ناوچە.

دەتوانم بڵێم کە کاک نەجمەدین لە هەر تیمێکی کادرو پێشمەرگەکان بوایە، شارەزای شێو و دۆڵ و مەزار و کوێڕە ڕێگاکان بوو. تەنانەت جۆگەکانی دەشتی مەڕگەوەڕی هەموو دەناسینەوە. هەموو خەڵکی مەڕگەوەر دەیناسن و وەک کەسێکی سابیتی حیزبی و ڕازدار و پاک لەگەڵی دەدوێن و هاوکاریی دەکەن. دەتوانم  بە بێ موبالیغە شاهیدی ئەوە بدەم کە کاک نەجمەدین لە سەر جم و جۆڵی ئەفرادی دوژمن، جاش و جاسووسەکانی ناوچە لە بواری زانیاریی دەقیقەوە لە کەسە هەرە دیارەکان بوو. هەرجاش و پاسدارێک  یان هێزیکی دوژمن لە ناوچە هەبوو، نەجمەدین زانیاریی زۆر حەساسی لە سەر لە بەردەست دابوو. لە سەر هەر گومانلێکراوێکی ناوچە لە نەجمەدین پرسیار کرابا  بەشی بەرچاو روونیەکی زۆر باش زانیاریی لە سەر هەبوو.

وتەی کۆتایی

هەروەک لە سەرەتا دا باسی ئەوەم کرد کە نە ئەو چەند دێرە دەتوانن ناسێنەری خەبات و بەرخودانی دەیان ساڵەی کاک نەجمەدین و بنەماڵەکەی  بن، نە تەمەنێک خەباتی ئەو و بنەماڵەکەی هیند ەهاسانە تا منی نە نووسەر بتوانم لە سەریان بنووسم. تەنیا و تەنیا ئەوەیە کە  ویستم وەفایەکم هەبووبێ بۆ هاوڕێ و هاوخەباتیەکی خۆم و پێێ بڵێم: کەکێ نەجمەدین تو گەلەک ل نەخۆشیان ب هێزتری و تو ئەو نەجمەدینەی کو دوژمن  و کارەساتان نەشێان تە بچەوینن.

هیوادارم کاک نەجمەدین تەمەن درێژ و تەندروست بێ و هیوای تەمەن درێژیش بۆ هاوژین و مناڵەکانی و باقی بنەماڵە بەڕێزەکەی جەباریان. ئەگەر نووسینەکەم زۆر کرچ  وکاڵە لە بواری داڕشتن و زانیاریی وردەوە، هەم هیوادارم کاک نەجمەدین و کاک کاووسی هاوڕێ  وهاوناوم  لێم ببۆرن، هەمیش ئەوە بڵێم: وەک عادەتی خۆم کە بمەوێ باسێ هاوڕێیەک بکەم، یان لە سەر خۆی پرسیاری لێ ناکەم، یان ئەوپەرەکەی ٢، ٣ پرسیاری سادەی لێدەکەم کە لەگەل کاک نەجمەدین ئەو پەیوەندیەشم نەگرت، لە کاتێك دا کوڕەکەی لە فەیسبۆک هاوڕێم بوو و دەمتوانی پەیوەندیی پێوە بکەم کە  کاک سەعید  گوڵێ هاوڕێی خۆشەویستی من و کاک  نەجمەدین  پێشنیاری کرد کە پەیوەندی بە کاک نەجمەدینەوە بکەم، بەڵام ڕاستییەکەی  نەمهەویست عادەتەکەم بشکێنم و هەر بەوەندە زانیارییەی کاک سەعید و کاک کاووسی برازای  و خۆم قەناعەتم کرد و بە ئەمانەتەوە نووسیم. قەزاوەتەکەش بۆ ئێوەی خوێنەری ئازیز بە جێدێڵم.

ئێوەش هەر شاد و سەرفیراز بن

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی