Hoppa till innehåll
Hem » ئەگەر خۆخۆری ناوخۆی نەبوایە، یەکێك لە دەوڵەتە بە‌هێزەکانی ناوچە، دەوڵەتی کوردی دەبوو!!، محمد سلێمانی

ئەگەر خۆخۆری ناوخۆی نەبوایە، یەکێك لە دەوڵەتە بە‌هێزەکانی ناوچە، دەوڵەتی کوردی دەبوو!!، محمد سلێمانی

بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بە درێژایی مێژوو بە دوو ڕێڕەوی ناتەبا و بەتەواوی دژ بە یەكدا هەنگاوی خۆی هاویشتووە

muhamad-suleimani
محەممەد سولەیمانی

 و هەر بەو هۆیەشەوە مەترسی سیاسی لە سەر بەرخۆدان و دەسکەوتە بەدیهاتووەکانی شۆڕشەکانی کوردستان لە رەوتی مێژوودا دروستبووە و نەبۆتە خاوەنی کیانی سیاسی. هۆکاری بنەڕەتی ئەو بابەتەش ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژینگەی سیاسی و سروشتی پشتی جەبهەکەی جووڵانەوەی سیاسی کورد هەیە و هەروەك ئاشکرایە  زۆربەی هێزەکوردیەکان بە جۆرێك لە جۆرەکان،  پەیوەندییان لە گەڵ حکوومەتە داگیرکاریەکانی کوردستاندا هەیە و ئەو هاوکاری و یارمەتیدانەش  زۆر بەی کات، بەداخەوە بەگژیەكداکردنی ڕۆڵەکانی گەلی کوردی لە بەشەکانی تری  لێکەوتۆتەوە. کاتێك سەیری رووداو و کۆمەڵکۆژیەکانی گەلی عەفرین بەهۆی حکوومەتی تورکیە دەکەین، ڕەنگە باشتر نێوەرۆکی ئەو دێرانەمان بۆ روون بێتەوە و چاکتر لەو بابەتە بگەین. هەیە کورد و خۆی بەکورد دەزانێت، بەڵام بەهۆی نەگونجانیان لە گەڵ سیاسەتی پەکەکەدا، کەوتنی ئەو شارە وەك شکەست و تێك شکانی پارتی کرێکارانی کوردستان وەسف دەکەن و زۆی ئەسەف بۆ ناخۆن!! ئێمەی کورد بەداخەوە هەر بەوجۆرە سیاسەتمانکردوە و ئەو ڕێڕەوە هەڵە و نادروستە هەتا ئەمڕۆش درێژەیی هەیە و بۆتەسەرەتان لە ژیر پێی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورددا و وەک پێویست نەمانتوانیووە بستێکی وڵاتەکەمان کە ڕزگاریشمانکردبێت، بپارێزین و هاوکاری و پشتیووانیە ناوچە و جیهانیەکان لە بەرژەوەندی دۆزی ڕەوای خۆماندا بەکار بێنین. کەچی بەردەوام ئێمە بوونەتە هێڵی بەرگریکردن لە دەسکەوت و بەرژەوەندیە سیاسی و ئابووریەکانی زلهێزەکانی گێتی و لە کاتی لازمدا، کێشە و پرسی کورد پشتگوێ خراوە و سیاسەتێکی روونیان سەبارەت بە مەسەلەی کورد نەبووە. سەرکردایەتی سیاسی هەموو بەشەکانی کوردستان پێویستە بە سیاسەت و تێڕوانینی خۆیاندا بچنەوە و چیتر بەدوایی هەست و سۆزی مرۆڤ دۆستی و پاراستنی مافی مرۆڤ و شەڕی ئاشتی جیهانی نەکەون، چوونکی  وەك گەمەیەکی دۆڕاو وایە بۆ گەلی کورد. دکتۆر قاسملوو دەڵێت: ئێمەی کورد لەبەر ئەوەی تیرۆرناکەن و بیانەکان بەبارمتە ناگرین و فرۆک نافڕینین، کەس گوێمان بۆناگرێ و ئاور لە خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیمان نادەنەوە.

مێژوویەك بەسەر ئەو دێرەدا تێپەڕ دەبێت و ئێستا زیاتر لە هەموو وەختێك نێوەڕۆکی لێکدانەوەی ڕێبەری مێژووی هاوچەرخی نوێمان بۆ دەردەکەوێت. عەفرین یەکان دژی تیرۆر بوون و لەسەنگەری ڕزگاری و ئاسایشی جیهانیدا بوون، کەچی خۆیان و هەرێمەکەیان بە خەیانەتی ناوچەی و گێتی بە تورکیە و جاشەکانی فرۆشرا.  سیاسەتی دژبەخۆی هەر بەوەشەوە کۆتایی نەهاتووە، کاتێك لە هەرێمی کوردستان بڕیاری گشتپرسی درا، بەشێك لە هێزەکانی باشوور کەوتنە بەهانە هێنانەوە و دژایەتی ئەو پرسەیانکرد و زەمینەی ئەوەیان رەخساند هەتا وڵاتانی دەورووبەر کەڵکی زۆر باش لە نارێكی ناوماڵی کورد لە بەرژەوەندیاندا وەرگرن و ئاکامی ئەو سەرکەوتنەگەورەیە، بەرێککەوتنێکی ژێربەژێر و سازانی نامووقەدەس  خەریکبوو هەموو شتێك لە دەست بدەین. کورد سیاسەتی دژ بەخۆی زۆر بەهێز و کاریگەرە و ئەگەر تەنیا جارێك بەو رادەیەش کاریگەری لەسەر وڵاتانی ناوچەکەدا هەبوایە و خۆمان بە کۆیلە و پاشکۆیان نەزانیبا و لە دەرفەوت و کاتی دیاریکراودا، لە پشتەوە خەنجەرمان لە پشتی یەکدی نەدابایە، بەدڵنیایەوە، یەکێك لە دەوڵەتە بەهێزەکانی ناوچەیی، کورد دەبوو.  سیاسەتی رەخنەگرتن و دەست نیشانکردنی لایەنە بەهێز و نیگەتیڤەکان دەبێت وەك سروشتی سیاسی و ڕێکخراوەی لێکدانەوەی بۆ بکرێ و ئەگەر کەسێك هات و رەخنەی لە حیزبێك یان شەخسێك گرت، نابێت  بەجۆرێك پێناسەی بۆ بکرێت کە ئیدی ئەوە دژی کەسایەتی و بیری هێزێکە و هێرشی نەڕەوای بکرێتەسەر. جەوهەری خەباتی نەتەوەیی کە لەسەر هێلی تێکۆشانی بەرینی نیشتیمانی بیناکرابێت، دەرهاویشتەکانیشی زۆر جاران ڕەنگە بە پێچەوانەی خواست و ئامانجی تاکڕەوی و بەرژەوەندی خۆازی کەسێك یان کۆمەڵێك سیاسی پێگە لاواز بێت و، ئەو دەستەیەش کە بەڕێچکەی راستەقینەی جووڵانەوەی سیاسی و نەتەوەیدا هەنگاو دەهاوێژێت، بە هۆی سروشتی ئامانج و بەرنامەی سیاسی و نەتەوەیان، لازمە رسکی سیاسی بکا و  دەست بۆ سەربزێوی گەورە ببات و لە دەرفەتی ڕەخساو  وەك  هەستانەوەیەکی گەورەی نەتەوەی لە پێناوی ئامانجی سیاسی، ئەنجامبدات و ڕەنگە لە کۆتایدا ئەو کردارە بەسەرکێشی نەتەوەییش  پێناسە بکرێت. زۆر بە دەگمەن سیاسیەکانی کورد دەستیان بۆ کردەیەکی لەو جۆرە بردوە و، ڕاگەیاندنی حکوومەتی کوردستان لە رۆژهەڵات بە سەرۆکایەتی پێشەوای مەزن و بریاری ڕاپەرینی جەماوەری لە باشوور و ئەنجامدانی گشتپرسی لە ژێرکاریگەری مەسعوود بارزانیدا، نموونەیەکی جوانی  سەرکێشی نەتەوەین و مرۆڤ دەبێت شانازی بەو رووداوانەوە بکات کە مێژوویەکی گەشیان هەیە. 

بکەرەکانی ڕیفراندۆم نموونەی ئەو هزرە سیاسی و نەتەوەیەبوون کە ژیرانە و چاونەترسانە، دواجار بڕیاریان لەسەر ئامانجێکی نەتەوەیدا و بەداخەوە بە هۆی ناکۆکیە نێوخۆیەکان و سیاسەتی دژبەخۆی، پرۆسەکە وەك پێویست ئامانجی خۆی نەپێکاوە، بەڵام ئەو مەسەلەیە درێژەی هەیە و بەسانای باوەرناکەم کۆتای پێ بێت. پاشان وەختێك خەڵکی شاری سنە بۆ پێشوازی لە کاربەدەستانی پلەبەرزی حکوومەتی ئاخوندی بێنە سەر شەقام و لە سەفی پێشوازیدا دەربکەون، بەمانەی سیاسەتی هەڵەی هێزە کوردیەکانی ئەو بەشە و یانیش چ خەتایەکێ حیزبی دێمۆکراتی تێدایە! کاتێك لە ئامەد بە شێوەی بەربڵاو  پێشوازی لە ئەردۆغان دەکرێت، بەجێ نیە هۆکاری ئەو پێشوازییە بۆ هیزێکی تێکۆشەری کورد بگێڕینەوە و خەتایەکەی بخرێتە گەردنی لایەنێکی دیاریکراوی کوردستانی باکوور. جائەگەر ئەوە بکرێتە پێوەر بۆ دەست نیشانکردنی خۆشەویستی یان دژایەتی هێزێکی کوردی لە بەشەکانی کوردستاندا،  رۆژهەڵاتیش و باشووریش ئەو رووداوانەی بەسەردا تێپەڕبووە. ئەو خەڵکەی کە بەو شێوەیە لە پێشوازی داگیرکەرانی وڵاتەکەیاندا، دەوەستن، بەشێکیان بەزۆر و بەهۆی کۆمەڵێك بەرژەوەندی و بژیوی ژیان و ئاسایشی کۆمەڵایەتیان ئامادەی ئەو جۆرە بۆنە و کۆبوونەوە پڕ لە دەردی سەری و سەر ئێشیە دەبن. ئەگینا بە ئارووزویان بێ هەرگیز لەو شوێن و جێگایانەدا ناوەستن و کەس  شانازی بە خۆدەرخستنی ناکات.

محمد سلێمانی

19.03.2018