"an independent online kurdish website

یازدە پێشمەرگە وەفادار بە خاک و نیشتمان، یازدە پێشمەرگە کە بە خوێنی خۆیان جارێکی دیکە کوردستانیان ئاودێرکردەوە.


هەموومان بیستوومانە دوازدە سوارەی مەریوان چ قارەمانەتییەکیان نواندووە، وە هەروەها فیلمی چریکەی هەوراممان بینیوە کە چیرۆکەکانی سەر خاکی کوردستان نیشان دەدا و ، هەروەها گێڕانەوەی ئەو چیرۆکانە لە لایەن دایک و باوکانەوە بۆ منداڵەکانیان هەموو دەبنە هۆکارێک بۆ ئەوەی کە قارەمانیەتی گەورە پیاوانی کورد لەو دەڤەرە بگێردرێتەوە بۆ نەسلی ئێستا و داهاتوو. هەر ئەوانەش منیان فێرکرد و لە گوێیان دا خوێندم کە لە بەرامبەر هیچ زۆردارێک و داگیرکەرانی خاک و نیشتمان سەردانەنەوێنم. لەو یازدە سوارەی کۆساڵان فێربووم کە جامانەکەیان سپەرێک بوو لە بەرامبەر گولەکانی دوژمن هەروەک دیتمان لە جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ دا کە سەدان جامانە پۆشرا لە نێوان ژنان و پیاوان و منداڵانی کوردستان دا. لەو یازدە سوارە فێربووم کە پشتێنی پشتمان وەها توند دەبێت ببەستین کە دوژمن توانای چەماندنەوەی نەبێت. لەو یازدە سوارانە فێربووم کە بە پۆزەوانەکانی کە بە دەستی ژنانی ئەو خاکە چندراوە هێز و توانا بە ڕۆیشتنیان دەبەخشێ بەڵام پۆتینی داگیرکەران لەسەر خاکی وڵاتەکەمان خوێنی ڕۆڵەکانمانی پێ دەڕێژدرێ. لە یازدە سوارەی کۆساڵان فێربووم، بە گۆچانی دەستیان رێگا دەنەخشێنن، لێیان فێربووم کە هەر وشەیەک کە بە زمانیان دا دێت هیوا بە داهاتوو دەبەخشێت.

هەر بۆیە دوژمن لەو یازدە سوارەی کۆساڵان دەترسا و هەر لەبەر ئەوەش بوو تەواوی توانای خۆی بەکارهێنا لە تانگ و تۆپخانە و هێلیکۆپتێر و پوڵێکی زۆر بۆ خۆفرۆشان تەرخان کردن، بۆ لە ناوبردنی یازدە سوارەی کۆساڵان.

جێگای خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەم کە بیرەوەریم لە هەر یازدە سوارەکەی کۆساڵان هەم لە خۆیان و هەم لە بنەماڵە ئازیزەکانیان هەیە، تا دنیا هەیە قەت لە یاد ناکرێن.

یەکێک لەو بیرەوەریانە دوو ساڵ پێش بوو کە حیزب لە ژێر ناوی ڕاسان دەستی بە کار و چالاکیەکانی خۆی کردبوو، حیزب پۆلێک پێشمەرگەی خۆشەویستی ناردبۆوە بۆ ناوچە، من لەبەر هۆکاری ئەمنیەتی ناویان ناهێنم تەنها باسی کاک سەرکەوت دەکەم. کاک سەرکەوت  لەگەڵ هاوڕێیەکانی دوای گەڕانەوەیان هاتن بۆ ماڵی ئێمە، من بێ خەبەر بووم لە چوونەوەیان، کاک سەرکەوت چاوی لە من دەکرد و فرمێسکەکانی دەهاتنە خوار و زۆر بە زەحمەت قسەی پێ دەکرا، تەنها فرمێسکی دەڕشت. باسیان دەکرد کە لە ناوچە دا چۆن هەواڵی کۆچی کاک چەکۆ خەڵکی هەژاندبوو و باسیان لەوە دەکرد کە ئامۆژگارییەکانی کاک چەکۆ لە ناوچە دا وەکو نیسێیەک بوو لەگەڵیان دا، و ئامۆژگاریاکانی وا بەهێز بوون کە لە هیچ شتێک غافڵی نەدەکردن.

 بینینەوەی ئەو هاوڕێیانە هێزیان بە من بەخشی.

لە کۆتایی دا دەمهەوێ بیرەوەریەکی خۆشی کاک کاوە جەوانمەردیتان بۆ بگێڕمەوە، دوو ساڵ لەمەوبەر بوو لە مانگی نەورۆز دا کاک کاوە و ئەژینی هاوسەری و دوو هاوڕێی دیکەی هاتن بۆ ماڵمان. چەکۆ و من دانیشتبووین و گوێمان بۆ ڕاگرتبوون  کە کاک کاوە باسی ئەوەی دەکرد چۆن چوون مارەکردنەکەیان سەپت بکەن، لەو بەینە دا قسەی خۆشیان دەگێڕاوە و قا قا پێدەکەنین، لە بیر ناکرێ ئەو قاقایانە، و ئەکسێکی دەستە جەمعیمان لەو شەوە بۆ یادگاری گرت.

لێرەدا بەڕاستی دەتوانین ناوی ئەو یازدە پێشمەرگە لە خۆ بردوویانە بنێین یازدە سوارەی کۆساڵان. ڕوحیان شاد و ڕێبازیان بەردەوام بێ.

 

هێرۆ جەڵدیانی

ژیاننامەی ۸شەهیدی حیزبەکەمان کە لە کۆسالان و قەرەسەقەل شەهید بوون.

وێنەیەکی شەهید کاوە جەوانمەرد

حدکا شەهید بوونی دوو لە کادرە دیارەکانی خۆی لە ناوچەی مەریوان بڵاو کردەوە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی