"an independent online kurdish website

ئەوڕۆ 3ی ئاگوستی 2018 لە شاری ئۆرەبرۆی سوید، کادری دێرینی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئیران کاک سەعید کوێستانی لە تەمەنی 79 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.


بەڕێوەبەرانی  ماڵپەڕی پێشمەرگەکان:  لە ناخی دڵمانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵە و کەس و کار و سەرجەم هاوسەنگەرانی کاک سەعید دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.

 

روحی کاک سەعید خۆش بێ.

 

هەواڵی پەیوەندی دار

 

پێشمەرگە ، کادری دێرین و خەباتکاری حیزب کاک سەعید کویستانی کۆچی دوایی کرد.

بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە سەر لەبەیانی ئەوڕۆ ٣ ئاگووستی ٢٠١٨ دڵە گەورەکەی کاک سەعید کویستانی کادری فیداکاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید لە لێدان کەوت. کومیتەی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ویڕای بە داخ بوون بۆ کۆچی دوایی هاوڕێ کاک سەعید، سەرەخوشی گەرمی خۆمان پێشکەش بە بنەماڵەی گەورەی کوێستانی دەکەین و خومان بە بەشداری خەمی بنەماڵەیان دەزانین.

ڕۆحی کاک سەعید شاد

کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سوید

٢٠١٨٠٨٠٣

 

کورتەیەک لە ژیانی کاک سەعید کویستانی

 

کاک سەعید کوێستانی، مامۆستای کوردایەتی و ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی، کە لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا, پاش ٦٥ساڵ تێکۆشان، لە رێکەوتی ٢٠١٨٠٨٠٣، لە شاری ئۆروبروو ، وڵاتی سوئێد، مەنزلگای ئەبەدی بۆ حەسانەوه و ئۆقرەیی هەڵدەبژێرێ، کۆچی دوایی دەکا. کاک سەعید لە گوندی ئاڵیاویی شێخان، لە نێزێک شاری نەغەدەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە بنەماڵەیەکی مەڵازاده، لە ساڵی 1939 چاوی بەدونیا پشکووتوه. 6 مانگانە بووه باوکی کۆچی کردوه و وێرای دایک و برای گەوره و دوو خۆشکی رویان کردوتە شاری نەغەده. کاک سەعید هەر لە تەمەنی مێرمندالی بە هۆی برا گەورەکەیەوه، کە خەباتکارو سیاسی بوو، رەوانشاد کاک سادق کاوه، لە گەل خەباتکارانی ئەو سەردەمە ئاشنا دەبێ. لە تەمەنی 12 ساڵاندا لە لای خەباتکاری گەورەی نەتەوەکەمان، رەوانشاد کاک کەریم حیسامی خەرێکی رۆژنامە فروشتن دەبێ. بەهۆی ئەوەی زۆربەی رۆژنامەکان کۆمەڵایەتی و سیاسی دەبن کاک سەعید چەندین جار لە لایەن ژاندەرمەکانی شا، توشی لێدان و رەپێنان دەبێ.

رە نگە ئەمانە هەوەلین گەرای، بوون بە خەباتکار و تێکۆشەری رێگای ئازادی, بووبێ کە لە ناخی کاک سەعیددا دەپشکوێ. دەورانی مندالی و مێرمندالی کاک سەعید، بە دیتنی دەستەڵاتی رەشی پەهلەویەکان و شەری دوهەمی عالەمی و دەستەلاتی کۆماری کوردستان و هاتنە سەرکاری دوکتور موسەدیق لە ئێران تێپەریوه، کە هەمووی ئەم روداوانە لە سەر پێگەیاندن و پوختەکردن و دەوڵەمەند کردنی هزرو بیری کاک سەعید کاریگەر بوونە. پاش گیرانی براکەی و قەپات کردنی چایخانەکەیان، دەگەرێنەوه گوندی ئاڵیاوه. كاک سەعێد هەر هەتا پۆلی دووهەمی سەرەتایی توانیویەتی بخوێنێ. خۆی دەڵێ: ئاواتی گەورەی من خوێندن بوو، بەڵام دایکم بۆی نەدەکرا لە شار بمێنێتەوه و ژیانمان دابین بکا و من بخوێنم. کاک سەعید بە هیمەت و تێکۆشانی خۆی دەبێتە خوێندەوار و نوسەر.

لە دێی ئالیاوێ ماڵەکەیان دەبێتە بنکەیەک بۆ تێکۆشەرانی دێموکرات. خۆی دەڵی هەر یەک دەهات و یەک دەرۆیشت. سەرەرای ئەوەی تەمەنم کەم بوو، کاتێک کادرەکان دەهاتنەوه ناوچە، مینان لە گەڵ خۆیان دەگێرا. کاک سەعید هەر زۆر زوو دەبێتە جێگای باور و متمانەی کادرەکانی دێمۆکرات. لە تەمەنی 16 ساڵانەدا، لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی بالای ئەودەمی دێمۆکرات لە گوندی ئالیاوێ ، وەک ئەندام و باوەرپێکراو ئاگادار بووە و کاری بۆ راپەراندوون. لە تەمەنی 20 ساڵیدا، کاتێک زۆربەی کادیرانی حیزبی لە لایەن حکۆمەتەوە

دەگیرین، کاک سەعید دەرفەت پەیدا دەکا و دەرباز دەبێ بۆ باشوری کوردستان، ژیانی دوری لە خێزان و کەسو کار و تێکەڵاوی لە گەڵ شۆرش و خەباتی شاخ، هەر لەو کاتەوه بۆ کاک سەعید دەست پێدەکا. لە باشوری کوردستان و عێراق، کاک سەعید وەک پەنابەر لە هەولێر، شاهیدی ئالوگۆرەکانی عیراق و هاتنەوەی نەمر مەڵا مستەفای بارزانی و بوژانەوەی خەباتی پارتی و حیزبی شیوعی و هەواڵانی دێمۆکرات دەبێ. بە هەڵگیرسانی شۆرشی ئەیلوول، کاک سەعید شاری هەوڵیر بەجێدێڵی و کاری رێخستنی خۆی لە گەل هەواڵانی دێمۆکرات دەستپێدەکاتەوە. کاتێک دەبێنی رێکخستنی حیزبی دێمۆکرات توشی بێئوسولی و سەرەرۆیی و پەرشوبلاوی بۆە، لە گەل چەند لە هەواڵانی خۆی، بۆ دەربازبوون لەو وەزعە، کۆمیتەی ساغکەرەوی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان رادەگەینن. لەبەر هەولمەرجی شەری ناوخۆیی لە باشوریی کوردستان و دەستتێوەردانی ئێران، ژیان و تێکۆشانی کادیرە بوێرەکانی حیزب لە رادەبەدر تاقەتپروکێن دەبێ. 

پاش ماوەیەک کار کردن، بێتوانایی رێبەری تازەیی پاش کۆنگرەی دووهەمی حیزب دەردەکەوێ و ئەوجار کاک سەعید لە گەل هەواڵانی، کۆمیتەی ئینقلابی حیزبی دێموکراتی کوردستان رادەگەێنن و بۆ بووژانەوە و پەرەپێدانی هەرچی زیاتری خەبات و تێکۆشانی حیزبی لە ناو کۆمەڵانی خەڵکدا، دەگەرێنەوە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە بەداخەوە زۆربەی هەره زۆری هەواڵانیان لە تێکهەلچوون لە گەل ژاندەرمەکانی شا و دەستوپێوەندەکانیان لە باشوری کوردستان شەهید دەبن. جوڵانەوەی چەکدارانەی ساڵەکانی ٦٧ و ٦٨،بە ئەستێرەی پرشەنگداری مێژووی کوردایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەژمێردرێ.

پاش شەهید بوونی هەواڵانی، کاک سەعید بەناچاری دەگەرێتەوه ئێران. پاش ماوەیەک گیران و سجنکێشان، دووکانێکی وێنەگری لە شاری نەغەدە دەکاتەوە. لەو ماوەیەدا کاک سەعێد لە پەنا ژیانی ئاسایی خۆی، لە چاوپێکەوتن و دیدار لە گەڵ دۆستانی سیاسی و جێگای متمانەی خۆی، دەست هەڵناگرێ. یەکێک لەو کەسانە، بەرێز کاک مستەفای هیجری، کە ئەوکات دەبیری دەبیرستانەکانی شاری نەغەدە بووە، دەبێ.

بە روخانی حکومەتی شا، کاک سەعید دیسان وەک کادیرێکی بە ئەزموونی رۆژانی سەختی خەبات دێتەوە مەیدان. کاک سەعید بە پێشنیاری شەهید دوکتور قاسملوو، کە دەفەرموێ، کاک سەعید دووجار حیزبی لە هەڵدێر رزگارکردوە، لە کۆنگرەی حیزب وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵدبژێردرێ و گەڵێک بەرپرسایەتی باڵای حیزبی هەبووه. کاک سەعید لە خەباتی دورودرێژی خۆیدا لە گەل زۆرێک لە سەرکردەکانی بەناوبانگی وەک نەمران جەلال تالەبانی و مەڵا مستەفا بارزانی و زۆرێکی دیکە هەم کاری کوردوە و هەم دۆست و ئاشنا بووە.

کاک سەعید لە سیاسەتدا لایەنگری نەرمو نیانی نواندن و حاوانەوە و لەسەرخۆیی بوو. لە سەر کێشە و ناکۆکێکانی ناو خوی رێکخستن، هەم لە کوردستان و هەم لە تاراوگە، ئەهلی وتووێژو ئاخافتن و سازان و پێکهاتن و یەکیەتی بوو. لە هەمان کاتدا لە گوتنی راستیەکان و رەخنەی کاریگەر و بەوەج، قەت خۆی نەدەبوارد. کاک سەعید لە ژیانیدا، بە شاهیدی ئەو کەسانەی کاریان لەگەل کردوە، قەد چاوی لەوە نەبووە کە بۆ پاراستن یان وەدەستخستنی پلەوپایەی سەروی حیزبی، پرینسیپەکانی ئەخلاقی و حیزبی بێنێتە ژێر پێ. کاک سەعید لە ساڵی 1986 کوردستان بە نەخۆشی بەجێدێڵێ و لە وڵاتی سوئێد لە گەل بنەماڵەی خۆی نیشتەجێ دەبێ. کاک سەعێد لە وڵاتی سوئێدیش لە کارو چاڵاکی لە پێناو سەروەری گەلی کورد رانەوەستا. بێجگە لە نوسێنی پەرتووک و مەقالەو بیرەوەری و وتووێژی رادیوویی و تلویزیونی، لە بەشداری لە کۆروکۆبوونەوەکانی کوردانی تاراوگە، بۆ هەموو بەشەکانی کوردستان رانەدەوەستا. ساڵی 2007 بە نەخۆشێکی کوتوپڕ هاوسەر و هاورێی 50 ساڵەی دەورانی سەختی ژیانی خۆی، واتە رەحمەتی زارا خانم، لە دەستدەدا، کە بۆ ماوەیەکی یەکجار زۆر کاریگەری زۆر خەراپی لە سەر سەڵامەتی دەرونی کاک سەعید دانا.

بە دوایین هەڵمەتی گەورەی کوردان،لە سەر رێفراندومی باشوری کوردستان، یەکجار زۆر دڵخۆش و خۆشحال بوو. دوای سەرکەوتنی رێفراندوم بە بەشداری رێژەیەکی یەکجار زۆری خەڵک، دیفەرموو، داخوا ئەم جارە، پێش مردنم، بڵەی ئاواتە گەورەکەم کە دەوڵەتی کوردیە بێتەدی؟ ئەگەر چی کاک سەعید لە باری ئابووریەوە، بازنشەستە یان تەقاویدێکی فەقیر بوو بەڵام هەمیشە دڵ ودەرونی باش بوو و یارمەتی بۆ پێشـمەرگە و کەسانی بێ بەزاعەت لە کوردستان دەناردەوه.

كاک سەعید لە ناو بنەماڵەشدا، سەرەڕای راگرتنی دابوو نەرێتی کوردەواری، کەسێکی ویشک و توند و ناحالی لە کۆمەڵگای سوئێدی نەبوو،  كاک سەعید کوێستانی بە بەشداری چاڵاکانە و ماوە درێژی خۆی لە جوڵانەوەی رزگاریخوازانەی گەلی کورد، بە کردەوە ببوو بە مێژوی زێندوی ئەم دەورانە، زۆرێک لە راستی و دروستی روداوەکانی لە لا بوو. بەخۆشیەوە بیرەوەریەکانی وەک سەرچاوەیەکی باوەرپێکراو و جێگای متمانە کەڵکی لێوەردەگیرێ. کاک سەعید سیاسەت و ئەخلاق و ویژدانی ئینسانی لێکنەدەکردوە و هەر بۆیە لە لایەن ئەوانەی کە تەنانەت هاوبیری سیاسیشی نەبوون، خۆشەویست و جێگای متمانە بوو.

روحی کاک سەعید شادو رێگای پڕ رێبوار بێ!

….

تەرمی پیرۆزی کاک سەعید کوێستانی لە شاری ئۆره‌برووی سوید لە گۆرستانی ڵێنگدبروو شیرکا، بە خاک ده‌سپێردرێ

رۆژی بەخاکسپاردن

رۆژی هەینی ، رێکەوتی 10 ی ئاگۆستی

 14.00کاتژمێری

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی