"an independent online kurdish website

پ م نیوز: پاشنیوەڕۆی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١ی نۆڤامبری ٢٠١٨ی زایینی، کاک مەغدید مێهرفام، ناسراو بە حەمید کە لە ناوچەی پیرانشار بە  مەغدیدی کوێخا خدری دڵاوان، دەناسرا  بە هۆی سەکتەی دڵ و پاش چەند ڕۆژ بەربەرەکانی لەگەڵ مەرگ، بەداخەوە ماڵئاوایی لە بنەماڵە و خزم و دۆستانی کرد.


روحی کاک مەغدید شاد بێ.

لە ناخی دڵمانەوە سەرەخۆشی لە هاوژیانی و مناڵەکانی و کاک برایم لاجانی و خوشکە سەفیا و سەرجەم خزمانیان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.

 

دەقی هەواڵ وەرگیراو لە  لە ماڵپەڕی گیارەنگ

کۆچی دوایی کاک مەغدید مێهرفام ناسراوبە حەمید ئەندامی حدک لە سوئێد

کۆچی دوایی ئەندامێکی تێکۆشەری حیزبی دیموکراتی کوردستان بە سەکتەی دڵ لە شاری یۆتێبۆری سوید

بە پێی هەواڵێک کە لە شاری یۆتێبۆری سویدەوە

بە دەستمان گەیشتووە، بە داخێکی زۆرەوە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی ١ی نۆڤامبری ٢٠١٨ی زایینی، هاوڕێی تێکۆشەر و ئەندامی چالاکی حیزبی دیموکراتی کوردستان کاک مەغدید مێهرفام، ناسراو بە حەمید، بە هۆی سەکتەی دڵ و پاش چەند ڕۆژ بەربەرەکانێ لەگەڵ مەرگ، ماڵئاوایی لێ کردین.

 کاک حەمید مێهرفام ساڵی ١٣٣٧ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و خاوەن هەڵوێست لە گوندی دەڵاوان لە بناری کوێستانی کانی خوا لە ناوچەی پیرانشار لە دایک بوو. حاجی خدری باوکی لە دۆستانی نزیکی حیزبی دیموکرات و شۆڕشگێڕانی ئەو سەردەمە بووە و ماڵەکەیان هەموو کات بنکەی حەوانەوەی تێکۆشەری دیموکرات بە تایبەت شەهیدان سولەیمان موعینی و ساڵح لاجانی بوو. هەر ئەو تێکەڵاوییەی باوکی دەبێتە هۆگری کاک حەمید بە شۆڕش و بزووتنەوەی کوردایەتی و لە سەرەتای دەستپێکی خۆپیشاندانەکان دژ بە ڕژیمی پاشایەتی یەکێک لەو لاوە تێکۆشەرانەی دێموکرات دەبێ کە هەموو کات لە ڕیزی پێشەوە خۆپیشاندەران بوو. پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ٥٧ی هەتاوی، بە رەسمی دەچیتە ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و وەک ئەندامێکی هۆشیار و چالاک هەوڵی ڕزگاری نەتەوەکەی دەدا. پاش هێرشی ڕژیمی ئیسلامی بۆ سەر کوردستان، ڕوو لە ڕێکخراوی چریکە فیداییەکان دەکات و هەر لەو سەرەبەندە دا دەستبەسەر دەکرێ و ساڵێک لە بەندیخانە دا دەمێنێتەوە. پاش ئازاد بوونی ڕوو لە تاران دەکات و دەست دەکاتەوە بە خەبات دژی ڕژیم و پاش ماوەیەک ئاشكرا دەبێ و بە ناچار ڕوو لە باشووری کوردستان دەکات. پاش چەند ساڵێک لە ڕێگەی یەکێتی سۆڤیەتەوە خۆی دەگەیەنەتە وڵاتی سوید و لەوێ نیشتەجێ دەبێ. دوای هاتنە دەرەوە و لە ساڵی ٢٠٠٦ی زایینیەوە بۆ جارێکی تر دێتەوە ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان. هەر لە ڕۆژانی سەرەتای پەیوەست بوونەوە بە حیزبەوە وەک ئەندامێکی چالاک و هەڵسووڕ بۆ بردنە پێشی سیاسەتەکانی حیزبەکەمان و تێکۆشان بۆ بە دەست هێنانی ئازادی و سەربەخۆیی بۆ کورد و کوردستان، لە هیچ هەوڵ و تێکۆشانێک درێغی نەکرد. کاک حەمید زیاتر لە ٣ دەورە ئەندامی چالاکی کومیتەی گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو لە شاری یۆتێبۆری و لە هەموو چالاکی و سمینار و کۆڕ و کۆبوونەوە حیزبەکاندا بەشداری دەکرد. کاک حەمید مرۆڤێکی خاوەن ڕا و خاوەن هەڵوێست و بە بڕوا بوو. هاوکات لە ناو کۆڕی هاوڕێیانی حیزب و کوردستانیانی وڵاتی سوید و شاری یۆتێبۆری مرۆڤێکی خۆشەویست و خۆشناو بوو. ئاواتی کاک حەمیدیش وەک هەموو تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی، ڕزگاری گەل و نیشتمانەکەمان و سەربەخۆیی کوردستان بوو کە بە داخەوە مەرگ مەودای نە دا ئەو ئاواتەی بێتە دیی و درێژەی ڕێگەی خەباتی بە هاوبیرانی سپارد.

 

رۆژی هەینی رێکەوتی 9ی 11 کاتژمێر 09:30 خولەک لە گورستانی kviberg  ڕێوڕەسمی ئەسپاردە کردنی کوچ کردوو مەغدید مێهرفام (حەمید) بەرێوە چوو و کات ژمێر 13:00 هەتا 18:00هەمان رۆژ لە لۆکاڵی (البیت الثقافی العراقی ) کۆریادێک بۆ هاورێ حەمید بەڕێوەچوو.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی