"an independent online kurdish website

کەی لە دووڕوویی خێزانیی رزگایمان ئەبێ؟!

بەسە ، چیدی باشترین کچەکەنتان مەکەنە قوربانی خوێڕیترن کوڕەکانتان


دووڕوویی مرۆڤ شتێکی سروشتییە، بەڵام ئەم دووڕووییە لە مرۆڤی کوردا چەندقاتە. با مرۆڤەکان پێشکەوتووش بن، با خوێندەوار و دوکتۆر و موھەندێس و مامۆستا و زانا و فیلسوفیش بن، باسی مافی یەکسانی کچ و کوڕ، ژن و پیاو لە مێشک مەخیلە و خەیاڵدانی کۆنەپەرستانەی مرۆڤی کوردا جێی نابێتەوە.

رۆژ نیە لە کوردستان ژنێ، کچێ، دایکێ، خوشکێ، ھاوسەرێ نەبێتە قوربانیی کۆنەپەرستی و دواکەوتوویی پیاوانی کورد و بنەماڵەکانیان.

ئەوەی دەیبیستین و ئەیخوێنینەوە و دەبینین لەگەڵ واقێع و باوڕدا زۆر ناتەبایە. ئێمەی کوردیش وەک زۆرێ لە فارس و عەرەبەکان دووڕووین. بەرگ ئەگۆڕین و دەمامک ئەبەستین.

 بۆ نمونە زۆر جار لە خێزانەکانا گوێمان لێی دەبێ کە باوک یان دایک ئەڵێن:” کچەکەم داینەمۆ و ئامیانی ماڵەکەمانە، کوڕ چیە! بریا ھەموو کوڕەکانیشم کچ بووایان! شەڵا بە جێی کوڕەکانم خوا کچی بدابامایە! بەڵام کە دەگاتە کردەوە، باشترین، دڵسۆزترین، میھرەبانترین و بەوەفاترین کچەکانیان ئەکەنە قوربانی خوێڕیترین و بێ نرخترین کوڕەکانیان.

لەوانەیە زۆری ئێمە لە ژیانا چیرۆکی راستەقینەی زۆرمان لەم پێوەندییەدا گوێ لێ بووبێ.

لە کەیسی پەروەردەی خێزانیدا دایک داینەمۆی پەروەردەیە. بەڵام کە دایک ناوشیار، نائاگا، دواکەوتوو بوو بنەماڵە چی بەسەر دێ! دایک دەبێتە توتی و تەنیا و تەنیا توتیوار وانەی دواکەوتووانە و پیاوسالارانە و نێرلاسارانەی بە خێزان چ کوڕ و چ کچ دەڵێتەوە و مێشکی پەروەردەکاری دایکەکەش تەنیا کۆپی پێستی ئەو پەروەردە سەقەتە ژنکوژی و کچ قوربانی کوڕ کردنەی پیاو دەکا و ھیچیتر.

 ئەو کاتە دایک لە سیستمی پەروەردەدا تەنیا دەبێتە ئامێرێ بۆ دیکتەی بەبەغایی(توتیواری)ی پەروەردەی پیاوانەی خێزان و بەس.

بۆیە زۆر ئاساییە کە ئەگەر کچەکانیش گەورە بوون، تەنانەت ئەگەر لە ئاستی بەرزی ئاکادیمیشدا خوێندنیان تەواو کردبێ و مامۆستاش بن، ھەر دیسان وەک مێشکێکی کۆپی کراو، وەک عەقڵێکی دیل و کۆیلەی دەستی پیاو باوەڕە دواکەوتووانە و پیاوسالارانە و پیاولاسارنەکان، ئامادەیە باشترین خوشکەکانی بکاتە قوربانی بێ نرخترین و خوێڕیترین براکانی.

بەھیوای رۆژێ، کورد وەک مرۆڤ چاو لە ژن و کچ بکات لە خێزان و کۆمەڵگادا، نەک وەک مرۆڤێکی ھەڵاوێردراو و بوونەوەرێک بۆ قوربانیی رەگەزی بەرامبەر. نەک وەک قۆچی قوربانی بۆ باوک و مام و براکانی.

من بۆ خۆم تاقە خوشکێکم ھەیە، بە کردەوە چیم بۆ خۆم پێ باش و رەوا بووە، ئەوەشم بۆ ئەو بە زیادە ویستووە، بە زیادەوە لەبەر ئەوەی تاقە خوشکی پێنج برایە.

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی