"an independent online kurdish website

پ م نیوز: بەداخەوە ئەمرۆ کاک سەید برایم لە نەخۆشخانەی شاری ڤێسترۆسی وڵاتی سوێد کۆچی دوای کرد و خەم و پەژارەی خستە دڵی هاوسەنگەرانی.

کاک سەید برایم کەسێکی روح سووک و خوشەویست بوو، زۆربەی هاوڕێیان رێزی تایبەتیان بۆ دادەنا و هەموو ژیانی لاوی خۆی لە خزمەت شۆڕش دابوو . لە تاراوگەش تا بۆ کرابێ خزمەت و یارمەتی حیزبی دێمۆکڕاتی داوە.

پڕسە و هاوغەمی خۆمان ئاراستەی کاک کاک سەید رەحیم، سەرجەم بنەمالەی کاک سەید برایم حوسێنی و هەموو کەس و کاری دەکەین, خۆمان شەریکی غەمیان دەزانم.

روحی شاد بێ

ڤیدیۆ

کۆچی دوایی تێکۆشەرێکی لە مێژینەی ح د ک، لە وڵاتی سوێد

بە پێی هەواڵی گەیشتوو لەوڵاتی سوێدەوە، ڕۆژی یەکشەممە، بیست‌وچواری نوامبر، سەعات یازدە و بیست دەقیقەی بەیانی، کاک سەید برایمی حوسێنی، تێکۆشەرێکی لەمێژینەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان، لە تەمەنی ٧٥ ساڵی دا و دوای چەندین مانگ بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە، لە نەخۆشخانەی شاری ڤێستڕۆسی شوێنی ژیانی، ماڵاوایی لە ژیان و بنەماڵە و هاوڕێیانی کرد و تێکەڵ بە دنیای هەرمان بوو.

سەید برایمی حوسێنی ساڵی ١٩٤٦ی زاینی لە گوندی “سەخسیتەپە”ی ناوچەی سندووسی نەغەدە لە باوەشی بنەماڵەیەکی ناسراو و خۆشناو دا دایک بوو. ئەو هەر لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە لەگەڵ بێبەشی و ستەملێکراویی نەتەوەکەی و بیری کوردایەتی ئاشنا بوو و بە ئاواتەوە بوو ڕۆژێک نەتەوەکەی لە بەندی ژێردەستی بێتە دەرێ و بە ڕزگاری بگا.

سەیدبرایم ساڵی ٤٦ی هەتاوی لە لایەن مەئموورەکانی ڕێژیمی پاشایەتییەوە گیرا و بۆ ماوەیەک لە بەندیخانە دا مایەوە. پێش دەستپێکردنی شۆڕشی ئێران و دوای ئەوەی کۆمیتەی زاگرۆسی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان پێک‌هات و تێکۆشەرانی حیزب لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ وەگەڕخستنەوەی تەشکیلاتی حیزب گەڕانەوە نێوخۆی وڵات، سەید برایم دەسبەجێ ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری و خزمەت بە نەتەوەکەی ڕاگەیاند و وەک ئەندامێکی هەڵسووڕ و بەباوەڕی حیزب دەستی بەکارکرد.

دوای ڕووخانی ڕێژیم و دەسپێکرانی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێمۆکڕات، کاک سەیدبرایم چەکی پێشمەرگایەتی لە شان کرد، ماوەیەک بەرپرسایەتیی لە بەشی پێشمەرگە لە ناوچەی نەغەدە دا هەبوو و دواتریش کاتێک یەکەم کۆنفڕانسی کۆمیتەی شارستانی نەغەدە پێک هات، بوو بە ئەندامی کۆمیتەی شارستانی نەغەدەو بەرپرسایەتیی کۆمیتەی ناوچەی خەڵیفەلیانی نەغەدەی کە یەکێک لە گەورەترین کۆمیتە ناوچەکان بوو، وەئەستۆگرت. لە ساڵی ٦٣ی هەتاوییش دا، دوای ماوەیەک کارکردن لە کۆمیتەی شاروێرانی سەروو، لە لایەن کۆمیتەی شارستانی نەغەدەوە بەرپرسایەتیی نەخۆشخانەی ٢٥ی گەلاوێژی حیزبی پێ‌سپێردرا و ماوەی سێ ساڵیش ئەو ئەرکەی بە دڵسۆزییەوە بەڕێوەبرد.

سەرەتای ساڵی ٨٨ زاینی، کاک سەید برایم بەبنەماڵەوە وەک پەنابەری سیاسی پەڕیوەی وڵاتی سوێد بوون. لە ژیانی ئاوارەییش دا ئەو هەر کۆڵی نەدا و ئەوەندەی لە توانای دا هەبوو، تێکۆشا، خزمەتی بە بزووتنەوەی ڕەوای گەلەکەی کرد و بە وەرگرتنی کار و بەرپرسایەتی لە کۆمیتەی ڤێستڕۆس و هاوکاری و یارمەتیدانی کۆمیتەی سوێدی حیزب، ئەرکی خۆی بەڕێوە برد. سەید برایمی حوسێنی مرۆڤیکی زۆر دەست و دڵ ئاواڵە، خۆشمەشرەف، دڵپاک، کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و هاوڕێیەکی بەئەمەگ ودڵسۆز بوو و هەتا دواڕۆژی ژیانیشی ئاواتی گەورەی ئەوە بوو کە خەڵک و وڵاتەکەی لە ژێردەستی ڕزگار بن.

وەرگیراو لە ماڵپەڕی حدک

…………………..

پێشمەرگەکان: 

 ڕێورەسمی بەخاکسپاردنی کاک سەید برایمی حوسێنی , رۆژی هەینی 29/11/2019 کاتژمێر 11ی بەیانی ، لە  گۆڕستانی Hovdestalunds kyrkogård

722 17 Västerås

لە وڵاتی سوید بەڕێوەچوو.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی