"an independent online kurdish website

مەبەستم ڕۆژهەڵاتی کوردستانە!

زۆرن ئەو ڕێبەر و سەرکردە و شاعیر و هونەرمەندانەی کە هەرکامەی لە بوارێک و مەیدانێک دا کاریگەریی زیاتریان لە سەر خەڵك هەبووە

و خەڵکی هانداوە بۆ بەشداریی شۆڕشەکانی کوردستان کە لێرە دا مەبەستم تەنیا دوو کەسە و ڕێز دەگرم لە هەموو ئەو تێکۆشەرانەی کە باندۆری زۆریان هەبووە.

ئەم دوو گەورە مرۆڤەی کە وێنەکانیانم داناوە هەرکامەی قەڵایەک لە ورە و هێز و گوڕ و تین بوون بۆ ڕاکێشانی لاوانی ڕۆژهەڵاتی نیشتیمان بۆ نێو ڕێزەکانی هێزی پێشمەرگە و شۆڕشگێڕانی کوردستان.

ــــــــــــــــ

مامۆستای گەورە شڤان پەروەر، بە دەنگ و هونەر و هەڵبژاردنی تێکستی کاریگەربۆ هاندانی لاوانی کوردستان و بە گەورەیی خۆی هیندە بەرز و بە باندۆر بوو بە قەدەر چیای ئاگری. هەزاران لاوی کورد بە دەنگی ئەو گەورە مرۆڤەی کورد ڕوویان کردە سەنگەری پێشمەرگایەتی و بەشی زۆریشیان لەو سەنگەرە دا بە سەخاوەتەوە گیانیان بەخشی.

کوردێکی موکریانی، ئەردەڵانی، لەک، هەورامی، کەلهور و بەختیاری و لۆر لەگەل ئەوەی بە جورئەتەوە دەتوانم بڵێم تەنیا ٢ لە سەدی لە زاراوەی هونەرمەند حاڵی دەبوون، بەڵام ئەو هەیبەت و حەماسەتەی هونەرمەند شڤان پەروەر وای کردبوو کە ئەوان خۆیان لە چوارچێوەی حەماسەتی سروودەکانی دا ببیننەوە و ڕووبکەنە ئەو سەنگەرەی کە شڤان پەروەر بە کوردستانی دەزانی.

کێ دەیتوانی گوێ لە گۆرانی و سروودەکانی شڤان پەروەر بگرێ و ئاواتی پێشمەرگایەتی لای نەبێتە مەبەست؟ کێ دەیتوانی گوێ لە کینە ئەم، ئاگری خوین دگری، واهاتن پێشمەرگێ مە بگرێ و نەبێتە شەیدای پێشمەرگایەتی؟

ـــــــــــــ

پێشمەرگەی دەنگ بە هەیبەت کاک ئەحمەد شێربەگی ، ئەو دەنگە حەماسیەی کە ببووە ناسنامەی حیزب و پێشمەرگە و ڕادیۆ و شەهیدان و گەل . کەس هەبوو گوێ بۆ دەنگی کاک ئەحمەد بگرێ کە باسی لە قاەمانیەتیی گەل و پیشمەرگە دەکا و هەول نەدا ببێتە پیشمەرگە؟ من شاهیدی دەدەم کە دەیان نموونە هەیە کاتێک لاوێک دەهاتە پێشمەرگایەتی ، نەیدەپرسی بەرپرستان کێ یە؟ فەرماندەتان کێ ؟ دەیپرسی ئەرێ من ئاواتمە خاوەنی ئەو دەنگە ببینم کە هەواڵەکانی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران دەخوێنێ. ناویان دەپرسی. ئاخەر من شاهیدی دەدەم کە بە حوکمی جۆغرافیای تێکۆشانم کە هاوسنووری باکووری کوردستان بوو، ڕۆژانە خەڵکی ئەو دەڤەرانە لەگەل ئەوەی جگە لە پەیڤی کوردستان و پێشمەرگە، شتێکی دیکە لە زاراوەی کاک ئەحمەد حاڵی نەدەبوون، بەڵام بە عیشق وعیلاقەوە گوێیان دەدایە و ناوی ئەویان لە ئێمە دەپرسی ودەیکردینە وەکیل تا سڵاوی بگەیەنین.

کەس هەبوو سرنج بدەن! سرنج بدەن !ی کاک ئەحمەد هاندەری نەبێ بۆ شۆڕش؟ کام دایکی شەهید هەبوو کاتێک ڕۆڵەی شەهید دەبوو، ئاواتی ئەوەی نەبێ کە هەواڵی شەهید بوونی ڕۆڵەکەیان بە دەنگی کاک ئەحمەد بڵاو نەبێتەوە؟ کام بنەماڵەی شەهیدان هەبوو کە ئاواتی دیداری کاک ئەحمەدی نەبێ؟ کاک ئەحمەد هیندە بەرز بوو بە قەدەر قەندیل و شاهۆ.

بۆیە من دەتوانم شاهیدی بدەم کە زۆرترین کاریگەری بۆ هاندانی لاوانی ڕۆژهەڵات بۆ نێو هێزی پێشمەرگە مامۆستا شڤان پەروەر و کاک ئەحمەد شیربەگی بوون.

هیوام تەمەندرێژی و تەندروستیی هەردووکیانە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی