"an independent online kurdish website

لە سەرەتای هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ کوردستان هەوڵی زۆریان ئەوە بوو کەسانێک وەک بەکرێگیراو و پیاو کوژ بدۆزنەوە و دەست لە پشتیان بدەن بۆ ترساندن و بە چۆک دا هێنانی خەڵک و کوشت و بڕی کوردان و بە قەولی خۆیان کوردستانیان لە دژبەران پێ پاک بکەنەوە.

یەکێک لەو کەسانە سەید مەنسوور بەیاتیان خەڵکی گوندی دارگیاس سەر بە شاری بیجاڕە ناوبراو سەرەتا وەک پاسدار لە ساڵی 1361 لە ناوچەی سەردەشت دەبێ و دواتر دەکرێتە فەرماندەی ئیتلاعات و عەمەلیاتی سپای پاسدارانی سەقز. لە ماوەی دەسبەکار بوون و مانەوەی بە هۆی دڕی و زەبر و زەنگ لە نێو خەڵک دا. سەید مەنسووری بیجاڕی وەک کەسێکی تۆقێنەر ناوی کەوتە سەر زار و زمانان.

ساڵی 1363 بنکە و بارەگای ئەسڵی کۆمیتەی شارستانی سەقز و هێزی شەهید عەزیزی یوسفی لە سپی کانی ناوچەی شلێر بوو. چەند بنکەیەکی نیوە سابتیشمان لە بڕێک شوێنی وەک سرنجاخ لە ناوچەی خوڕخوڕە مابوو ئەو کات گوندەکان لە لایەن ڕژیمەوە داگیر نەکرابوون.

بەرپرسی ئەو کاتی کۆمیتەی شارستانی سەقز کەماڵ زەڕدەشتیان و فەرماندەری هێز مەمی تەهامی بوون. سەقز پێنج ناوچەی جیاوازی هەیە بۆ هەر ناوچەیەکیش ئەندامێکی کۆمیتەی شارستان هەڵدەبژێردرا ،یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی شارستان بووم. دووکەسیشمان بۆ بەشەکانی ماڵی و تەشکیلاتی جیا لە کۆمیتە ناوچەکان وەک هەیئەتی ئیجرایی هەڵدەبژارد خالید زەکی بەشی تەشکیلاتی گشتی و تایر ئەردەڵان بەشی ماڵی بوون.

ئێمە کەجێگای تێکۆشانمان ناوچەی گەورک بوو بۆ هێندێک کاری حیزبی گەڕابووینەوە بنکەی کۆمیتەی شارستان لە سپی کانی، خالید زەکی پێیوتم پێمخۆشە بێم سەردانی ناوچەی تێکۆشانتان بکەم و چەند کەسێک لەو ئەندامانەی سازمانتان داون لە نزیکەوە ببینم.

منیش ئامادەگیم دەربڕی و لکی 3ی شەهید ئەسەدی سولەیمانپور کە شوێنی تێکۆشانمان لە یەک ناوچە بوو بە فەرماندەهی ئەحمەد کەریمی نیا ناسروا بە ئەحمەد تەمۆغەیی مان ئاگادار کرد و کاک خالیدمان کردە هاوسەفەری خۆمان و وەڕێ کەوتین.

بۆ ڕۆژی( 5.6.1363) لای ئێوارەیەکی زوو گەیشتینە یەکەم ئاوایی ناوچەی گەورک بە ناوی قەبەغڵوو لە نزیک شاری سەقز. دەمانویست لە جادەی سەقز – بانە تێپەڕ ببین و بەرە و گوندی ئایچی لە وێشەوە بەرەو ناوچەی مەرخوز مەنزڵ بگوێزینەوە. لە ڕێڕەوی گوزەرماندا لە هەر ئاواییەک چەند کەسێک لە ئەندامانی تەشکیلاتی نهێنی بە کاک خالید بناسێنین و بۆ خۆی لە نزیکەوە بیاندوێنێ،

لە قەبەغڵوو ئەحمەد تەمۆغەیی پێشنارێکی پێکردم وتی پێمخۆشە سەردانێکی ماڵێ باوکم بکەم لە تەمۆغە . نزیک بوو لە شوێنی تێپەڕ بونمان وتی با کاک خالید لە گەڵ کادر و پێشمەرگەکان بپەڕێتەوە بۆ لای ئایچی و تۆش لە گەڵم وەرە دەتوانی یەک دوو کەسیش لە ئەندامەکانی تەمۆغە ئاگادار بکەی سبەی بێنە لای کاک خالیدی زەکی و بیانبینێ،

هەر دوکمان چوینە لای خالید زەکی بۆ چوونەکەمان لە گەڵ باس کرد وتی زۆر چاکە ، ئێوە بڕۆن و دواتر لە پشتی ئایچی یەک دەگرینەوە. بێ ڕاوەستان دوو سێ پێشمەرگەمان لە گەڵ خۆمان بردو دوای بڕیبی ڕێگەکەمان بە گورجی خۆمان گەیاندە تەمۆغە، هێندەی نەخایاند ئاگاداریان کردین ماشینەکانی ڕێگەی بانە – سەقز گەڕاونەوە دواوە و خەبەریان هێنا لە سەر ڕێگەی ئەسڵی جادەی سەقز- بانە لە نزیک پادگان شەڕ دەستی پێکردوە و هاتووچو نەماوە و جادە بەسراوە.

ئیمە تێگەیشتین ئەوە هاوڕێکانی ئێمەن و بێ ماتڵ بوون بەرە مەسیری شەڕگەکە ملمان پێوە نا ،ئەو کات کەرەسەی پەیوەندیمان نەبوو،

تا ئێمە گەیشتین تاریک داهات و نێوە نێوە خومپارە و تۆپ بەرە و بەرزاییەکان دەهاویژران , لە خەڵکی ئایچی مان پرسیار کرد چێ ڕووی داوە، وتیان وەڵا ئەمڕۆ کەسێکی ئەم ئاواییە بە نێوی سەعی سەعیدی ناسراو بە مام سایەق، لە سەقز بووە دەروێشەکان بە خیابان دا هاتوون و زکریان کردوە ئەویش ترساوە لە بەریان هەڵهاتووە و ماشێن لێی داوە و کوشتوویەتی . خەڵک چوون جەنازەکەیان هێناوەتەوە و گروهی زەربەتی سەقزیش خۆی لە گەڵ تێکەڵ کردوین و هاتوون بۆ ئایچی، لە کاتی شاردنەوەی مام سایەق لە قەبران پێشمەرگە لە قەبەغڵوەوە بەرە و ئێرە هاتوون و شەڕێكی قورس ڕویدا وە پاسداڕێکی زۆریان کوشتووە و فەرەماندەی پاسدارەکانیش بە ناوی سەی مەنسوور کوژراوە و ئاگامان لە تەلەفاتی پێشمەرگە نیە، تەنیا مەلا ئەحمەدیش مەلای ئاوایی بۆ تەڵقینی مردوەکە بە ڕاکشانەوە لە قەبران مابوو خەڵک لە ترسی شەڕ هەمووی بەرە ماڵ هەڵاتوون.

لە جەرەیانی شەڕەکەدا کاک خالید زەکی بریندار دەبێ و پێشمەرگەکان بەرە ئاوایی سرنجاخ کە بنکەیەکی نیوە سابتی لێمابوو دەگەڕێنەوە وبە داخەوە لە بەر قورسی برینەکەی دوای شەش سەعات خالیدی زەکی کادری پێشکەوتوو دیاری ناوچەی سەقز چاوەکانی بۆ هەمیشە لە سەر یەک دانا و بەجێی هێشتین.

قسەی خەڵک ڕاست بوو هەم پاسداری زۆر کوژرابوون و هەم فەرماندە بەد ناوەکەی ڕژیم کوژرابوو.

داوی کوژرانی فەرماندەری ئیتلاعاتی سەقز خەبەرەکەی لە هەموو شوێن بڵاو بویەوە و ڕژیم تەداروکی چاکی بۆ بەدی کرد و بە کەبکەبە و دەبدەبە بە دەیان ماشینەوە جەنازەی سەی مەنسووریان بۆ شاری بیجاڕ بردوەوە پلەی سەرداریان دایە و بۆنە و مەراسمیان بۆ ڕازاندەوە و لە سەرەخۆشیەکەی دا هانی خەڵکیان دا بۆ دژایەتی کورد و پێشمەرگە،

پاش تێپەڕینی زیاتر لە سێ دەیە، لەکاتی سەردانی خامنەیی بۆکوردستان وەک فەرماندەی نمونە خامنەیی سەردانی سەر قەبرەکەی لە شاری بیجاڕ دەکا تا بەو سەردارانەی کە ماون بڵێ گەر ئێوەش وەک سەی مەنسوور کوردمان بۆ بکوژن و خۆتانمان بۆ بە کوشت بدەن پاش 30 سالێش بێ هەر دێینە سەر قەبرەکەتان و چاکەتانمان لە بیر ناچێ.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی