"an independent online kurdish website

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٨.١.٢٠٢٠ هەیئەتێکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کومیتەی ئوتریش لە سەر بانگێشتنی پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریە بەشداری لە سمیناری مامۆستا عەبدولکەریم حاجی ئەندامی کومیتەی ناوەندی ئەو حیزبەدا کرد.

سەرەتا لە لایەن بەڕێوەبەری سمینارەکەوە بە خێر هاتنی بەشدارانی کونفرانسەکە کرا و سروودی نیشتمانی ئەی ڕەقیب و پاشان خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان ڕاگەیندرا.

پاشان مامۆستا عەبدولکەریم حاجی باسێکی تێر و تەسەلی سەبارەت بە بار و دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان بە گشتی، ڕێکخراوە سیاسی و چەکدارەکانی ناو گۆڕەپانەکە، پێکهاتە و سیاسەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سوریە، کەند و کۆسپەکانی سەر ڕێگای کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی لە ڕۆژئاوا و هەروەها بار و دۆخی دژواری ڕۆژئاوا وەک ناوەندی بەرژەوەندی وڵاتانی زل هێزی وەک ئامریکا و ڕوسیە و وڵاتانی ناوچە وەک ئێران و تورکیە و سوریە پێشکەش بە بەشدارانی سمینارەکە کرد. پاشان بەشدارانی سمینارەکە نەزەراتی خۆیان لە سەر وتەکانی مامۆستا عەبدولکەریم حاجی دەربڕی و چەند پرسیارێکیان ئاراستە کرد . لە پێوەندی لە گەل دەست تێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە سووریە لە لایەن هەیتەتی حیزبەوە پرسیارێک ئاراستەی بەڕێزیان کرا. مامۆستا عەبدولکەریم لە وڵامی پرسیاری هەیئەتی حیزبدا قامکی بۆ سیاسەتی دژبەرانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەرانبەر بە بەرژەوەندیەکانی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و بە تایبەت کوردستانی ڕۆژئاوا ڕاکێشا وباسی لە ئامانجی سەرەکی کۆماری ئیسلامی لە بونیاد نانی هیلالی شێعە وەک هێڵی پێوەندی و بەستنەوەی بزووتنەوەی شێعەی وڵاتانی ئێران، عێراق، سوریە و لوبنان کرد و پێی وابوو دەست تێ وەردانی کۆماری ئیسلامی لەم وڵاتانەدا خەتەرێکی جیدیە دژ بە بەرژەوەندی کورد و داهاتووی کوردستان و هەرچەشنە زەبرێک وە بەرژەوەنی کۆماری ئیسلامی لەم وڵاتانەدا بکەوی ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندی کورد و کێشەی کورد لە ناوچەکەدایە. لە کۆتایی سمینارەکەدا هەیئەتی حیزب لە لایەن بەڕێوەبەرانی سمینارەکەوە بە ڕێزەوە بەڕێ کران و ئێمەش وەک کومیتەی حیزب سوپاسی بانگێشتنەکەیان ئەکەین.

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کومیتەی ئوتریش

١٨.١.٢٠٢٠

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی