پێشمەرگەکان: بنەماڵەی ماملێ لە دەرەوە بۆ پارستنی خەڵک لە نەخۆشی کرونا، پرسە دانانێن.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 17-2-2020، هونەرمەند جەعفەر ماملێ، برای محەممەدی ماملێ لە شاری مەهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆچی دوایی کرد.
دەقی ئاگاداری بنەماڵەی ماملێ
هاووڵاتیانی بەرێزی دانیشتووی سوێد !
لە گەڵ سلاو و رێز
کۆچی دوایی هونەرمەندی کورد ” جەعفەری ماملێ ” بوو بە هۆی دەربرینی هاوسۆزی و هاوخەمی کۆمەلانی خەڵکی کوردستان لە ناو خۆ و دەرەوەی وڵات، جگە لە ناوخۆی کوردستان لە چەند وڵاتی ئورووپایش کۆر و یادکردن هاتە ئاراوە.
بریارمان دابوو لە ولاتی سوێد رێورەسمێکی تایبەتی دابمەزرێنین و پێشوازی لە ئێوە ئازیزان و خۆشەویستان بکەین بەڵام بەداخەوە کۆسپی بەردەم گەرانەوەی کچەکانی هونەرمەندی زیندوویادمان ” وەفا و سەفا” لە کوردستان بۆ سوێد وەزعەکەی لە گەڵ بڵاو بوونەوەی نەخۆشی ” کورونا ویرووس” روو بە روو کرد، ئەو رەوشە کاردانەوەی بووە لەسەر بریاری پێشوومان و ناچاری کردووین کە خۆمان لە گەڵ هەوڵەکانی پێویست بۆ بەرگری و رێگری کردن لە تووش بوونی ئەو ویرووسە رێک بخەین و ریزی تەواو بگرین بۆ هاوڵاتیان بە شێوەیەک کە پاراستنی گیان و ژیانیان لە پلەی یەکەمی بەرژەوەندی یەکانی خۆمان بە حیساب بێنین.
لەو دۆخە تایبەتییەدا ئێمەش هاودەنگ دەبین لە گەڵ پلانەکانی پێویست بۆ تووش نەبوونی هاووڵاتیانی خۆشەویستمان بە هەر چەشنە نەخۆشی یەک و پێتان رادەگەیەنین کە لەو هەل ومەرجە نالەبارەدا هیچ بەرنامە ورێ ورەسمی پرسە و سەرەخۆشی بەرێوە نابەین و سپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی ئێوەی خۆشەویست دەکەین و ئاواتە خوازین گیان و ژیانی خۆتان و بنەماڵەی بەرێزتان بە دوور بێ لە نەخۆشی و ناخۆشی و نالەباری و نەهامەت.
لە گەڵ رێز و سپاسی دووبارە
بنەماڵەی ماملێ لە دەرەوەی وڵات
١ی مارسی ٢٠٢٠