"an independent online kurdish website

“مستەفا هیجری” لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا ڕوو لە خەڵکی کوردستان داوای کرد بەنیسبەت بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا

خەڵک خۆیان فریای خۆیان بکەون چونکە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێچ کارێک ئەنجام نادات.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانیانی خۆشەویست!

نیشتمانەکەمان کوردستان، بەهۆی ستەمکاری و گەندەڵکاری و نەزانپەرەستیی ڕێژیمی داگیرکەرەوە بەرەوڕووی مەترسییەکی گەورە به ناوی نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتەوە. لە ئێستادا سێبەری نادیاری مەرگ لە شەقام و کۆڵانەکاندا دەگەڕێ و گیانی خەڵک و ژیانی نیشتمانمانی خستووەتە مەترسییەوە.

هەموومان دەزانین کە ئەم نەخۆشییە ماڵوێرانکەرە ڕێژیم لە چینەوە هێنای و خستییە نێو کۆمەڵگە و ماوەی مانگێک شاردییەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە دژی گەلییەکانی، تاکوو کارەساتەکە تەقیەوە و ڕۆژانە مەرگی ئازیزانمان و نەخۆش‌کەوتنی هاوڕێ و دۆست و خزمەکانمان دەبینین.

لەم دۆخە کارەساتبارەدا، ڕێژیمی ئێران گەر حکوومەتێکی خەڵکی بوایە، هەر لە ڕۆژانی سەرەتاوە کە ئاگاداری بوونی ئەو بەڵا مەترسیدارە بوو، خەڵکی ئاگادار دەکردەوە بۆ خۆپارێزی و هەموو ئیمکاناتیشی تەرخان دەکرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم نەخۆشییە و ڕێگەگرتن لە پەرەگرتن و بڵاوبوونەوەی؛ بەڵام نەک ئەو کارەی نەکردووە و نایکا، بەڵکوو ئەوەندە ماسک و دەستکێش و ئەڵکۆڵەی کە هەیە ئەنباریان کردوون هەتاکوو بە نرخی چەند قات بە خەڵکی بفرۆشنەوە و بازرگانی بە مەرگی خەڵکەوە بکەن!

لەوەها بارودۆخێکدا به دیار چاوەڕوانیی ئەم ڕێژیمە دڕندەیەدا دانیشتن هەتاکوو بێ و فریای ئەو خەڵکەی کەوێ چاوەڕوانییەکی بێجێیە و وەدینەهاتوویە. بۆیە پێویستە بە ڕوونی بە بێ هیچ دوودڵییەک ئەوە بڵێین کە ئەگەر کوردستان و نەتەوەی کورد فریای خۆی نەکەوێ ئەو ڕێژیمە هێچی بۆ ناکا و تەنانەت ئاخوندەکانیش کە سەرچاوەی بەڵان، لە قومەوە دەگوازێتەوە بۆ کوردستان! بۆ ئەوەی فریای خۆمان و نیشتمانەکەمان بکەوین پێویستە:

ـ هەموو ڕێنوینییە پزیشکییەکان کە لە سەرچاوەی جێی باوەڕی ڕێکخراوی پزیشکیی جیهانییەوە ڕۆژانە لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەخرێتەوە بەر نەزەرەتان، بە وردی ڕەچاو بکەین.

ـ لە کاتی زۆر زۆر پێویستدا نەبێ، سەردانی شوێنە گشتی و پڕ حەشیمەتەکان نەکەین.

ـ بە دروستکردنی تیمی بچووکی خەڵکی، شوێنەکانی ژیان و شوێنە گشتییەکانی دەورووبەری خۆتان دژەگەند لێ بدەن.

ـ لە چوارچێوەی تیمی مەدەنی و بچووکدا، هەوڵی یارمەتی یەکتری و بە تایبەت بنەماڵە کەم‌داهات و بێ‌پەنا و هەژارەکان بدەن. ڕایەڵکەی دەیان و سەدان تیمی مەدەنیی بچووک، کە هەموو کوردستان بگرێتەوە و ئەزموونەکان بە پەیام بۆ یەک بگوزانەوە، هەم کوردستان دەرباز دەکا و هەمیش کۆمەڵگە پتەو دەکات.

ـ ئەوانەی کە هەوڵی گەندەڵی، کەڵکی نابەجێ ‌وەرگرتن و بازرگانی بە خوێنی خەڵکەوە دەکەن، ڕیسوا بکەن.

ـ دابڕانی تاکەکان لە یەک و خولقاندنی ترس و دڵەڕاوکێ، هەم بە قازانجی نەخۆشییەکە و هەم بە قازانجی ڕێژیمە. لە ئێستاد نەخۆشیی کۆرۆنا و کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو یەک بەڵان بۆ کۆمەڵگە، بۆیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیمیش بووە، هاودڵی و پێکەوە هەوڵدانتان زیاتر بکەن. تووندترکردنی گرێچنی پێکەوەبوون بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ڕێنوێنییە پزیشکییەکان لە قۆناغی دوای کۆرۆنا کورد بە سەر ڕێژیمدا زاڵ دەکات.

بە هیوای سەرکەوتن بە سەر ئەم نەخۆشییە و سەرچاوەی هەموو نەهامەتی و نەخۆشییەک واتە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی گشتی

مستەفا هیجری

18 رەشەمه 2719

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی