"an independent online kurdish website

٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩٩، ٣١ ساڵەی تیرۆری د.قاسملووی ڕێبەر خەریکە لێمان نزیک دەبێتەوە. ئەم ساڵ لە کاتێک‌دا یادی خەساری گەورەی لە دەستدانی د.قاسملوو دەکەینەوە کە بەرەو ٧٥ ساڵەی .دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان دەچین.

لێک نزیک بوونی ئەو دوو بیرەوەرییە، وامان لێ دەکا کە لە یادکردنەوەی هەر کامێکیان‌دا، گۆشەنیگایەکمان لە سەر ڕووداو یا بیرەوەرییەکەی دیکە بێ. دوای قازی محەممەد، پێشەوا و دامەزرێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستان، هیچ ناوێکی دیکە بە ڕادەی ناوی د.قاسملوو، سێبەر و تیشک و نفووزی نە خستووەتە سەر ئەم حیزبە. هیچ ناوێکی دیکە ئەوەندە ئادرەس و ناسێنەری حیزبی دیموکرات نەبوون. هیچ کەسایەتییەکی دیکەش ئەوەندە لە بنیاتنانەوە و زیندووکردنەوە ئەم حیزبەو شوناس پێدان و ڕەنگڕێژ کردنی ڕێباز و سیاسەتەکانی‌دا، ڕۆڵ و کاریگەریی نەبووە.

ئەم ڕاستیانە وامان لێ دەکەن ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین، د.قاسملووی ڕیبەر، چی لە دوای خۆی بۆ حیزبەکەی و لە ڕێگای خەباتی و تێکۆشانی حیزبەکەی، بۆ نەتەوەکەی بە جێ هێشتووە و، حیزبی دیموکرات چەند توانیویەتی و چۆن دەتوانێ، هەڵگر و پارێزەری میرات و سامانێک بێ کە لەو ڕێبەرەوە بۆی ماوەتەوە؟ قسەی تێدا نیە لە یادکردنەوەی تێرۆری د.قاسملوو و هاوڕێ عەبدوڵا قادری ئازە‌ردا، یەکەم شت دوای ٣١ ساڵ کە هەر وا مایەی داخ و بە ئازارە، داخراویی ئەو پەروەندەیە، سەرپۆش دانانی دەوڵەتی ئوتریش لە سەر ڕاستییەکانی ئەو تاوانە تیرۆریستییە و، بەڕێوەنەچوونی حوکمی عەداڵەت لە بارەی بەڕێوەبەرانی ئەو تاوانە گەورەیەیە. بێگومان هەتا ئەو پێشێلکردنەی حەق ودادپەروەری درێژەی هەبێ، حیزبی دیموکرات، نەتەوەی کورد و هەموو خوازیارانی عەدالەت لە سەریانە نەحەسێنەوە و وەبیرخۆیانی بێننەوە کە پێویستە بە دوای ڕێگا و ئامرازی کاریگەر بەمەبەستی کرانەوەی ئەو پەروەندەیەدا بگەڕین.

ئەو پرسیارە لە جێی خۆی دایە کە خاوەنانی ئەو کەیسە، حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئایا بە ڕاستی هەموو دەرگایەک و هەموو ڕێگایەکیان لە سەر داخراوە و هەموانیان تاقی کردووەتەوە؟ دوای ئەو هەمووە ساڵە و ئەو هەمووە گۆڕانە کە لە پێوەندییە نیودەوڵەتییەکان‌دا ڕوویان داوە، هێشتا هەلومەرجێکی باشتر لە سوودی ئەو کەیسە و قوربانییەکانی ئەم تیرۆرە و راستی و حەق و عەدالەت نەهاتووەتە کایەوە؟! دووهەم خاڵ لە پێوەندی لە گەڵ تیرۆری د.قاسملوو‌دا، هەمیشە و هەموو کات جێگای سەرنج بووە، ئەوەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە لە نێوبردنی د. قاسملووی ڕێبەر چ زەبرێکی قورسی لە حیزبەکەی و لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانەی کوردستان دا و، ئەو حیزبە و ئەم بزووتنەوەیە، چەندە توانیویانە شوێنەوارە گەورە و قووڵەکانی ئەم خەسارە کەم بکەنەوە؟ ئەوە کە چەندین ساڵ دوای نەمانی ئەو ڕێبەرە، حیزبی دیموکرات سەرەڕای هاتنە کایەی زۆر فاکتەر و هەلومەرج لە بەرژەوەندی ڕێژیمی ئێران لە ئاستی ناوچەدا و، لە زیانی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، توانیویە وەک هێزێکی سەرەکی لە مەیدانی خەبات و بەربەرەکانی لە گەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا بمێنێتەوە و، کوردستان هەروا یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی دژایەتی لە گەڵ دەسەڵاتی جەهەننەمی و دژەگەلیی ئەو ڕیژیمە بێ، دەتوانین وەک خاڵێکی جێگای شانازی بۆ درێژەدەرانی ڕێگا و ئامانجەکانی ئەو ڕێبەرە بیبینین.

جگە لەمەش قاسملوو وەک ڕێبەرێک و وەک سەرچاوە و داهێنەری زۆر پرەنسیپ و باوەڕ و سیاسەت، جگە لەوەی لە نێو حیزبەکەی ودرێژەدەرانی ڕێگاکەی‌دا کاڵ نەبووەتەوە، لە نێو نەتەوەکەشی‌دا زۆر زیاتر لە سەردەمی ژیانی بووە بە هێمای خەبات لە پێناوی ڕزگاریی نەتەوەیی ، بووە بە ڕەمزیکی خۆشەویست لە پانتایی کوردستان‌دا کە چین و توێژی جۆراوجۆر شانازی بە ئامانجەکان و ڕێگا و ڕێبازەکەیەوە دەکەن و لێی کۆ دەبنەوە. زێدەڕۆیی نیە ئەگەر بڵێین ئەو ڕێبەرە شەهیدە هاوکات هەم وەک هێمای سەرکردەیەکی سەرکەوتوو و لێهاتووی فکری، سیاسی، دیپلۆماسی و مەیدانیی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەی لە سەردەمی ژیانی‌دا چاوی لێ دەکرێ، هەم وەک ڕەمزێ مەزلوومیەت و غەدرلێکراویی نەتەوەیەک کە تەنانەت ئەو کاتەش کە ڕێگای دانوستان و ئاشتی بۆ چارەسەری پرسی ڕەوای نەتەوەکەی هەڵ دەبژێرێ، بە تیرۆرو کوشتن بەرەوڕووی دەبنەوە. بەڵام حیزبێک کە قاسملوو چەندین ساڵ بەو پەڕی لێوەشاوەییەوە، ڕێبەریی کرد و توانی لە ئاستی کوردستان، ئێران و لە گۆڕەپان و لە کۆڕ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی‌دا، جێگە وپێگەیەکی بێ ڕکەبەر ودیاری بۆ دابین بکا،٣١ ساڵ دوای شەهید بوونی ئەو ڕێبەرە، نەیتوانیوە جێگای بەتاڵی ئەو لە ڕێبەریی خۆی دا پڕ بکاتەوە. جگە لەمەش لە ئەنجامی ناکۆکییە نێوخۆییەکانیدا، ئەوە بۆ ١٥ ساڵ دەچێ حیزبی دیموکرات بووە بە دوو لەت. ڕێڕەوانی ئەو ڕێبەرە شەهیدە لە کاتێک‌دا بەرەو ٧٥ساڵەی دامەزرانی حیزبەکەیان دەچن کە هێشتا نەیانتوانیوە ئەم دۆخە چارەسەر بکەن و حیزبی دیموکرات بکەنەوە بە یەک. ناکرێ خۆ لە داننان بەو ڕاستییە ببوێرین کە دوو کەرتبوونی حیزبی دیموکرات، کاریگەریی نەرێنیی حاشالێنەکراوی لە سەر هیوای خەڵکی کوردستان بەو حیزبە هەبووە. هیچ کەس گومانی لەوە دا نیە کە بێ یەکبوونەوەی حیزبی دیموکرات و لە ئەگەری درێژەکێشانی ئەم دۆخەی ئیستادا، میراتی قاسملوو و بەرهەمی ٧٥ ساڵ خەبات و قوربانیدانی هەزاران تێکۆشەری ئەم ڕێگا پڕ سەروەرییە، پتر بەرەوڕووی لاواز بوون و مەترسی و هەڕەشەی جۆراوجۆر دەبێتەوە.

باشترین وەفاداری لە ئاست ڕێبەری شەهید د.قاسملوو لە ٣١ سالەی شەهید بوونیدا، هەر وەها باشترین خاوەنداریەتی لە بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی پڕ لە قوربانیدانی سەرجەم شەهیدان و نەمرانی ئەم مێژووە ٧٥ ساڵەیە، هەر لە پێشەوا قازی محەممەدی دامەزرێنەری حیزبی دیموکراتەوە تا دەگاتە نوێترین شەهیدانی ئەم قوتابخانەیە، بریتییە لە زاڵبوون و سەرکەوتن بە سەر لێکدابڕان و پەرتەوازەیی بنەمالەی گەورەی دیموکرات. بریتییە لە ئامادەکردنی حیزبی دیموکراتی خاوەن مێژوویەکی پڕشنگدار بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە گەورە و گرانەکانی لە قۆناغەکانی لێرەبەدواوەی خەبات دا، بریتییە لە گەڕاندنەوە و ژیاندنەوەی هیوا بۆ خەڵکی کوردستان و شەرمەزار نەبوون و سەربەرزبوون لە ئاست ڕابردوو و داهاتوو.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی