"an independent online kurdish website

ڕووداەکانی ناوچە لە یەک ساڵی ڕابردوو دا هەڵگری زۆر دەرسی پڕبایخن کە کورد دەتوانێ و پێویستە بەقازانجی خۆی لێیان فێر بێ.

دواڕوودای گرنگ کۆبوونەوەی ڕێبەرانی وڵاتانی شووڕای هاوکاریی کەنداوی فارس بوو کە لە ڕۆژی ١٦ی بەفرەنبای ١٣٩٩ (٥ی ژانوییەی ٢٠٢١) لە شاری “العلا”ی عەرەبستانی سعوودی پێکهات.

ئامانجی ئەو کۆبوونەوە بەکورتی: دەستنیشانکردنی کێشەکانی نێوانیان و بەخۆداچوونەوە لە پێناو چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان، مودیرییەتکردنی جیاوازییەکان، دیاریکردنی خاڵە هاوبەشەکانیان و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی هاوبەش بەمەبەستی بەگژداچوونەوەی هەڕەشە و پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بە هێزی یەکگرتوو، دابینکردنی بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچە و پیشاندانی یەکگرتوویی و هاوهەڵوێستی بەرامبەر بە دەوڵەتی نوێی ئەمریکا کە نەتوانێ لەبەرچاویان نەگرێ و لەسەر حیسابی ئەوان لەگەڵ ئێران ڕێکبکەوێ.

جێگای سرنجە، وڵاتانی لێوارەی کەنداو لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهانن و خاوەنی دنیایەک چەکوچۆڵی مودێرنن، بەڵام تێگەیون کە بەتەنیا بە چەک و پارە ناتوانن بەرەنگاری هەڕەشەکان ببنەوە و سەرەڕای جیاوازی و ناکۆکییەکانیان، تەنیا بەیەکەوە دەتوانن مەوقعییەت و بەرژەوەندییەکانی خۆیان بپارێزن.

لە دنیای سیاسەت دا لەمێژە ئەو ئەسڵە سەلماوە کە هەر حیزب و لایەن و دەوڵەتێک، بەتایبەتی جووڵانەوەیەکی ڕزگاریخواز، بیهەوێ دەورێکی چالاک و کاریگەر بگێڕێ و ببیسترێ و بەجیددی بگیرێ و کاریگەریی بخاتە سەر بەرژەوەندیی لایەنی بەرامبەری و بەرژەوەندییەکانی خۆی دابین بکات، دەبێ بزانێ کە تەنیا بە سەروەت و سامان و هێزی نیزامی، هەرچەندی  زۆریش بێ، سەرکەوتن دەستەبەر نابێ.

وادیارە وڵاتانی عەرەبی وەخۆ هاتوونەوە و ئەو ئەسڵەیان سەلماندووە و هەستیان بەوە کردووە کە کێشە و ناتەباییەکانی نێوانیان چەندی خەسار پێگەیاندوون و ناکۆکیی ئەوان بەستێن و مەیدانی بۆ پیلانگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە دا ئامادە کردووە. وڵاتانی دەستڕۆیشتووی شووڕای هاوکاری بۆیان دەرکەوتووە کە پارە و چەک بۆ پاراستنی خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان مەرجی پێویستە، بەڵام مەرجی کافی نیە و بێجگە لە پارە و چەک، پێویستییان بە یەکگرتوویی و هاوهەڵوێستیی سیاسی هەیە.

وڵاتانی لێوارەی کەنداو، لەسەر بنەمای لێکدانەوەی باروودۆخی ناوچە و جیهانی و هەڵسەنگاندنی واقعبینانەی هێزی ئەکتەرەکانی ناوچەیی، هەستیان بە زەروورەتی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان و یەکگرتن و هاوکاری کردووە.

مێژووی وڵاتان و خەباتی میلەتان لەمێژە دەریخستووە کە هێزی نیزامی و سەروەت و سامان ئەوکاتە ماف و دەسکەوتی پێ دابین دەکرێ کە هێزی سیاسیی یەکگرتووی لەپشت بێ.

ڕووداوەکانی چەند ساڵی ڕابردووی باشوور، باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان ڕاستبوون و حاشاهەڵنەگربوونی ئەو ڕاستییەیان بە سەپاندنی تێچوویەکی قورسی سیاسی و ئینسانی وەبیر کورد هێناوەتەوە!

لەوەش کارەساتباتر، هێزی نیزامی و سەروەت و سامانی زۆر بەبێ یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستیی سیاسی لایەنەکانی نێو بزووتنەوە، دەتوانێ کەش و هەوایەکی نەخوازراو بە سەر جووڵانەوە دا زاڵ بکا و بزووتنەوە لە ئامانج دوور بخاتەوە!

بە هەڵکەوت نیە کە ڕێژیمەکانی دابەشکەری کوردستان هەمیشە هەزینەی سەرسووڕهێنەریان بۆ دووبەرکینانەوە و تێکدانی ڕێزەکانی جووڵانەوەی کورد تەرخان کردووە و دەیکەن.

بەو کارە، دوژمن کاریگەرترین هێز و چەکی جووڵانەوەی ڕزگاریخواز واتە یەکێتی و هاوپێوەندیی و یەکگرتوویی سیاسی، لەکار دەخا. دوژمن هەتا ئێستا ئەو سیاسەتەی زۆر سەرکەوتووانە بەدژی کورد و پرسی کورد بەڕێوەبردووە.

ئێمەی کوردیش بۆ ئەوە هەست بە پێداویستیی یەکگرتن و خەباتی هاوبەش بکەین، دەبێ سەرەتا بزانین کە یەکنەگرتوویی و نەبوونی یەکگوتاری و هاوهەڵوێستیی چەندە و چۆنی زیان بە جووڵانەوەی ڕۆژهەڵات گەیاندووە:

  • دەستی ڕێژیمی ئاواڵە کردووە کە بە دورر لە چاوی بیروڕای گشتیی جیهانی کورد سەرکوت بکات.
  • بەستێنی بۆ ڕێژیم و نەیارانی دیکەی گەلەکەمان خۆش کردووە کە لە ئاستی نێونەتەوەیی دا بەدژی ڕەوایی جووڵانەوەی کورد پڕوپاگەندە بکەن و هەوڵ بۆ بێ ئیعتبارکردنی بدەن.
  • بەستێن و دەرفەتی بۆ ئوپوزسیونی ناوەندگەرا ڕەخساندووە کە بەهاسانی و بەبێ دڵەڕاوکە و نیگەرانیی لە تێچووی سیاسی، گرنگیی نەدا بە پرسی کورد و هیچ مافێک بۆ کورد نەسەلمێنێ و هیچ بەرنامەیەکی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد نەبێت.
  • لە ئاستی نێودەوڵەتیش دا، کەس نازانێ کێ زمانحاڵ و نوێنەری کوردە و پشتیوانی سیاسی لە کێ بکرێ؟!
  • کورد، سەرەڕای ڕەوابوونی پرسەکەی، نەیتوانیوە ببێت بە هێزێک کە لە ئاڵووگۆڕە سیاسییەکان دا حیسابی بۆ بکرێ و لەبەرچاوی بگیرێ.
  • لە هەمووی ئەوانە گرینگ تر، بۆتە هۆی دڕدۆنگی و داکشانی متمانەی خەڵکی کوردستان بە حیزبە سیاسییەکان و ئەوە کە هێزە سیاسییەکان نەتوانن لە پوتانسییەلەکانی جووڵانەوە کەڵکی وەربگرن.

دەبینین کە کاتی ئەوە هاتووە ئێمەش ئەسڵی ئاماژەپێکراو بسەلمێنین و لە پێناو بەهێزکردنی جووڵانەوەکەمان و گەیشتن بە ئازادی، بۆ یەکڕیزی و خەبات بە یەکگرتوویی، تێبکۆشین.

کاتەکە ئاستەم و هەستیارە. ئێمەی کورد چی دیکە بەرگەی پڕشووبڵاوی و درێژەدان بە دووبەرەکی و یەکنەگرتوویی لەسەر وردەشت ناگرین. وریا بین کە بەرژەوەندیی ستراتێژیکی گەلەکەمان لە پێناو کۆمەڵێک بەرژەوەندیی تاکتیکی دا نەبن بە قوربانی.

یەکگرتن و هاوپەیمانی و کاری هاوبەش هاسان نیە، بەڵام لە پێناو دابینکردنی ماف و ئازادی دا ئەرکی نەتەوەیی خەباتگێڕی کوردە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی