مارف ئاغایی(١٣٤٤-١٣٧٦ ک.ه)ڕۆژنامەنووس، وەرگێڕ، شاعیر، توێژەر، چیرۆک نووس.
نەمر مارف ئاغایی لە نەسلی ئەو شاعیرانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە دوای سوارە کاریگەری لە سەر ڕەوتی نوێخوازی شیعری کوردیی هەبووە و ڕۆڵی گرینگ و بەرچاوی لە هێنانەئارای شێوازێکی تایبەت لە شێعریهەبووە. مارف شاعیرێکی پێشکەتوو هەست ناسک، دووربین، ورد و ناوەرۆکخواز و کورتبێژ بوو کە زمان و شێوازی تایبەت بە خۆی ھەبوو. ئەو کاتێک هاتە مەیدانی ئەدەب کە شۆڕەسوارانی وەک، سوارەی ئیلخانیزادە، فاتیح شەیخولئیسلامی(چاوە)، عەلی حەسەنیانی(هاوار)، قاسم موئەیەدزادە (هەڵۆ) و جەلال مەلەکشا مەیداندارایان دەکرد. ئەو هەوڵی دا وێڕای ئەوەیکە ڕێگا و ڕێبازی درەوشاوەترین کەسی ئەو قۆناخە نەمر کاک سوارە بگرێتە بەر و ڕێگای ئەو خۆشتر بکا، زمان و ناوەڕۆکی شێعرەکانیشی تایبەتیتر و فۆڕمیشیان کورتبڕتر بێ. ئەوەی کاتی خۆی سوارە کردی کە دەنگی وەک دەنگی شاعیرانی پێش خۆی وەک ماموستا گۆران نەچێ و جیاوازی دەگەڵ ئەوان هەبێ.مەودا و وردی ڕوانینی، دەقی هۆنراوەی دەکردە لەمپەڕێک بۆ بەگژداچوونەوەی زۆرداری و بەرگری نەتەوەیی بەجۆرێک شێعری بەرگری سپی و نوێ بەو دوو زاتە لەجۆری خۆیاندا دەگاتە سەرچڵەپۆپە.
نەمر شێرکۆ بێکەس یەکێک لە هەڵکەوتەکانی ئاسمانی ئەدەبی کورد و ئیمپراتۆری شێعری نوێی جیهان لەسەر مارف دەڵێ: کاتێک کە بەناچاری ڕوومان کردە ئەو دیو، هەتا گەیشتمە تاران زۆرم چەرمەسەری بینی، زۆر کەسیش یارمەتیم دام بەڵام یەکێک لەو لاوانەی کە شاعیرش بووخوالێیخۆشبوو مارف ئاغایی بوو، مارف یەکێک لەو کەسانە بوو کە ئەگە ئەجەل دەرەفەتی دابا لەو بەستێنە دەیتوانی زۆر ڕێگا بپێوێ.
کەڵکەکەڵەی سەرەکی مارف وەک زۆربەی کەسایەتییە ناودارەکانی کورد و ئەدیبانی گەورە سێ ڕەهەندی کۆمەڵایەتی، نەتەوایەتی و مرۆڤایەتی(ئاشتی خوازی) بوو.
مارف جگەلە وەرگێڕانی كتێبی “ناسیۆنالیزمی كورد” كتێبی شێعر و کورتە چێرۆكەكانی بە نێوی “زەوی سەخت و ئاسمانی دور”پاش مەرگی بڵاو بۆتەوە كە لەلایەن رەخنەگر و شارەزیانی شێعری هاوچەرخی كوردی لە كوردستانی ئێران بە كارێكی گرینگ و جۆرێك شێعری جیاواز لە قەڵەم داوە و چەندین لێكۆڵینەوەی لەبارەوە نووسراوە.
مارف لەو مرۆڤە دەگمەنانەیە کە لەناوخۆیدا دەریایەکی بەبڕشتی تووش و لافاوییە و لەدەرەوەشدا بەستێنێکی ئەهوەن و ئارام کە بەردەوام وانەکانی مرۆڤ بوون دەڵێتەوە، ئەو لە بێکەسی و تەنیایی دا بە خەستە غوربەتێک شەپۆل دەکا:
چەند ڕۆژێکە کوڵی گریانێکی خەستم هەڵگرتووە،
و هیچ دڵپڕێک،
چەند مانگێکە گەرووم پڕە لە ئاواز و هیچ بیسەرێک،
چەند ساڵێکە دیوانم پڕە لە شێعر
و هیچ خوێنەرێک،
نادۆزمەوە
کە فرمێسک و ئاواز و شێعرم جێ بێڵم.
مارف لە باسی هەوێتی و ڕەگەز و مرۆڤایەتیدا لە پرسی کورد و خەبات و بەرخودان دا، چەوساندنەوەی نەتەوەکەی وێنا دەکا و فلەش بەک فلەش بەک دەگەڕێتەوە:
لەم مێژووە پڕدووکەڵە
چۆن دووکەڵی ماڵ سووتان و تۆپ باران و کیمیا باران
لەنێو ئەم ڕووبارە لێڵە
چلۆن ئاو و فرمێسک و خوێن
لە یەک جیا دەکرێتەوە؟
تۆ لەنێو خەونی ژیاندا دەخولێیتەوە!
یان بە ڕەخنە و گازندە وێنەیەک لە بێکەسی نەتەوەکەی دەکێشێتەوە و ڕوحی ناسک و برینداری بە پەڕاوی شێعر دەلاوێنێتەوە و دەڵێ:
ڕەشترین قولەی ئەفریقام
بۆچی بەمن پێ دەکەنی خۆ ڕەنگم نا
باسی بەختم دەکەم بەختم
تەنیاترین مرۆڤی قەڕەباڵغی ئەم دونیایەم
باسی ڕۆحم دەکەم ڕۆحم
بێکەسترین لەدایک بووی سەر ئەم خاکەم
دە بەس قاقام بۆ بکێشە
باسی شێعرم دەکەم شێعرم
مارف لە تراویلکەدا واز لە خوازە و ئیستعارە دێنیت و ئەوەی کاک سوارە لە خەوەبەردینەدا بە تەمولێڵی هۆنیەوە، ئەو بە زمانێکی ساکار، وشەگەلی سانا و بە دەنگێکی بەرز ناوی دێنێ و خەباتی لەپێانو دەکا(ئەوە ئەو سەردەمەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەڵ بە موو بەند بوو).
بە تینوایەتی خۆم ڕادێم
ئەگە سەمای بریقەداری تراویلکەکام لێم گەڕێن
لە تەنیاییم دا دەپشکوێم
ئەگە هەناسەی پاییزی ئەم ئاشنا نامۆیانەم
لێ دوور کەوێ
هەر بە یادی تۆوە دەژیم ئەی “ئازادی”
ئەگە یادە تاڵەکانی ڕۆژانی نێو زیندانەکان
دەست لە ئازارم هەڵگرن.
مارف ئاغایی ڕووناکبیرێکی بێگەردی شاعیر و هەڵکەوتەیەکی جوانەمرگ بوو! نەمر کاک مارف بۆ من ماموستای ژیان بوو.
سەلیم حەقیقی