"an independent online kurdish website

لە سەر بریندار بوونی کاک ساڵە نەڵوسی.  کاک ساڵە لەم بارەوە وتووێژێکی لە  سایتی پێشمەرگەکان (پ م نیوز)  بڵاو کردۆتەوە و منیش دەم هەوێ بەم کورتە نووسینە، چۆنم دێوە باسی بکەم.

ئێمە بۆ کۆ کردنەوەی یارمەتی و سەردانی خەڵک دەچووینە گوندەکانی لاجانی پیرانشار. هێوارەی  15ی 6ی 1365ی هەتاوی گوندی خەراپەمان هەڵبژارد. من کە پێشتر بەرپرسی دەستە بووم لە لکی چواری هێزی قەندیل. چەند رۆژێک پیشتر داوام کڕد کە بچمە ناو کۆمیتەی لاجان، کە هەمیشە لە کار و چالاکی ناوچەدا وێگڕا بووین. داواکەم قەبوڵ کرا.

 ئەو شەوە کە چووینە ناو دێ هەوا زۆر خۆش بوو ئیمە چووینە ناو گوند ، دیارە پێش ئەوەی بچینە ناو گوند خەڵکی گوندەکە پێیان وتین کە پێگەی رێژیم کە لە گردێکی پێش ماڵان بوو، ئەمشۆ چرای هەڵنەکردووە و ئیمکانی ئەوە هەیە بێنە دەوری دێ بۆ کەمین  دانانەوە. ئێمەش کە ترسمان لە رێژیم نەبوو یان بڵێم زۆرمان ئەهەمییەت بە ئەمنیەتی خۆمان نەدەدا، بە قسەمان نەکردن.

 ساڵە نەڵۆسی لە گەڵ دوو هاوڕێی پێشمەرگە کە تازە هاتبوونە نێو شۆڕش و قەت لە شەڕدا بەشداریان نەکردبوو، بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی سەردانی چەند ماڵێکیان کرد بوو و دواتر چوو بوونە ماڵە عەلی مام حازیزی کە لە قەراغ دێ بوو .کە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ  بوون . دوای ئەوەی یارمەتی لە خاوەن ماڵ وەردەگرن و دێنە دەرێ، دەکەونە بەر دەسرێژی گوللەی پاسدارەکانی کە لە نزیک ماڵی کاک عەلی لە کەمین دا دەبن. لە یەکەم دەسرێژدا ساڵە نەڵۆسی بە تووندی بریدار دەبێ، دستی راستی دەشکێ و لاقی راستی لە کار دەکەوێ . خاوەن ماڵیش (کاک عەلی مام حایزی) لاقی بە تووندی بریندار دەبێ کە بەداخەوە دوای چەند مانگێک گیانی لە دەست دەدا.

یەکێک لەم دوو هاوڕێ پێشمەرگەیە (عەلی) وڵامی تەقەی پاسدارەکان دەداتەوە و  دەچێتە سەر کاک ساڵە و  لە پشتێی دەکا و دەی بات بۆ دەرەوەی دێ.  ئێمەش کە لە ناو دێ بووین تەقەمان لە شوێنی کەمینەکە کرد و لە دێ دەرکەوتین.

ساڵە عەلی و عوسمانی ناردبوو کە بچن ئەسبەکە بێنن کە لە ناو پۆلە دارێک دا بەستبوومانەوە، ئەو کوڕانە شوێنەکەیان نە دیتبۆوە و نەهاتبوونەوە ئەو شوێنەی وەک شوێنی پاشەکشە دیاریمان کردبوو.

پیگەی رێژی لێکدا لێکدا نوورئەفکەنی هەڵدەدا و دەوری دێی بە خۆمپارە دەکوتا. زۆر نیگەران بووم، دڵم لێدەدا و بیرم لای وان بوو کە دەبێ چیان بەسەر هات بێ. لە کاتی گەڕان بە دوای ساڵە و هاوڕێیانی دا، تووشی عەلی هاتم. عەلی کە کوڕێکی رەش ئەسمەر بوو، کە دیتم هەستم کرد زۆر ترساوە و رەنگی سپی هەڵگەڕاوە و قسەی بۆ نەدەهات. عەلی هەموو گیانی خوێناوی بوو و لێم پرسی چ بووە. وتی ساڵە زۆر تووند بریندار بووە و  ئیمکانی هەیە شەهید بێ، بە دەست ئیشارەی کرد کە تا دەرەوەی دێی هێناوە و بەڵام نازانێ لە کوێی داناوە.

منیش زۆر ناڕاحەت بووم و زۆریشی لێ تووڕە بووم، وەدوای دۆزینەوەی ساڵەی کەوتم و چەند هاوڕێیەکیش بە دوام دا هاتن.

منیش زۆر جار بە شۆخی بە ساڵەم دەوت مامۆستا ساڵح ، مامۆستا سالیح، منیش کە نزیک بوومەوە لەو مەسیرەی کە عەلی پێی وتبووم بە دەنگی بەرز بانگی کاک ساڵەم دەکرد” مامۆستا ساڵح، مامۆستا سالیح) پاش چەند جار بانگ کردن، ساڵە وڵامی دامەوە و وتی کاک عوسمان ئەوە لێرەم. وتم دەی وەرە، وتی من ناتوانم، تۆ وەرە ئێرە. کە چووم دەستم لێدا هەموو گیانی شەڵالی  خوێن بوو.

منێش چەند قسەی شوخیم لە گەڵ کرد. وتی ئەوەی کەی کاتی ئەو شۆخیانەیە. منیش پێم وت نامری هیچ نیە. من کە کاتی خۆی کە لە هێزی بەیانی حدکا بووم دەورەی سەرەتایی دەرمانیم دیتبوو. ئەو شەوە شەهید حوسێن فەتحوڵڵاهی کە کادری دەرمانی لک بوو، لە ئێمە هەڵبرابوو بەڵام شانسی ساڵەی کۆڵەپشتی دەرمانیەکەی لە لای ئێمە بوو و من فەوری کەمێک برینەکانی ساڵەم پێچاو و چووینە گوندی زنوێنجیان. لە زینونجیان لە بەر روناکی جوان دەرمانم کرد و  بۆ مانەوەی رۆژ لە دێ وەدەر کەوتین.

بۆ هێوارەی 16ی 6 ی 1365 ی هەتاوی لە گەڵ چەند هاوڕێی تر ساڵەمان سواری بارگینە بۆری کۆمیتەی لاجان کرد لە نزیک زینونجیانەوە بەرەوە قەندیل وەڕێ کەوتین. من قەت پێم خۆش نەبووە لە کاتی بردنی بریندار بۆ خەستەخانە، لە نزیک بریندارەکە بم، مەعمولەن بریندار لێت دەبێتە فەرماندە و هەر دەستووران دەدا، هەر دەڵێ وا بڕۆ، بەوێ دا بڕۆ… . ئەو شەوەش من و پێشمەرگەیەکی تر وەپێش کەوتین و  کاک حەسەن ئەبروزەنی لە گەڵ هاوڕێیەکی تر لە گەڵ ساڵە بوون.

دوای چەند سەعات رێگا رۆیشتن، یەکەم کەس بووم چوومە سەر جادەی پیرانشار بۆ سەردەشت لە نزیک نمنجێ کە زۆر شەوان دوژمن لە وێ کەمینیان دادەناوە و بڕکم هەڵپەڕکێ کرد و بەرەو قەندیل وەڕێ کەوتین. بۆ نیوەڕۆ گەیشتینە بازاڕی دەروە سپی لە نزیک شێخ ئایش لە بناری قەندیل و دوای ئیسراحەت کردن، بەرەوە سەوە و گۆرتیسوێ کە کۆمیتە شارستانی پیرانشاری لێ بوو وەڕێ کەوتین.

من زۆر پێش ساڵە و حەسەن گەیشتمە کۆمیتە شارستان و هاوڕێیانی کۆمیتە شارستان بەرەو پیریان چوونن و بۆ شەوێ ساڵەی برینداریان گەیاندە کۆمیتە شارستان و بۆ سبەی بەرەو خەستەخانەیان بەڕێ کرد.

بە کوری بەم جۆرە ساڵەمان لە مەرگ نەجات دا و ئێستا لە سوید دەژی و هیوادارم هەر ساغ و سڵامەت بی.

بابەتی پەیوەندی دار

کۆچ، ژیان و بەسەرهاتی “ساڵح نەڵۆسی”، ئامادەکردنی: هەڵمەت مەعروفی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی