"an independent online kurdish website

بەوجۆرە کە دەردەکەوێت مێژووی کوردستان پڕ لە مرۆڤی خەباتکار بەڵام ئامانجی من لێرە لەم بابەتەدا وەبیرهێنانەوەی دەوڵەمەندیی هزری نەتەوەیی نییە بەڵکو ئاوردانەوەیەکە لە دانەکانی مرواری ملوانەکەی نەتەوایەتیی کە لە ئارشیوەکاندا بەبێ دەنگی ماونەتەوە.

جا زۆر لەبار دەبێت کە لێرە لەم باسەدا پێکەوە وێرای باس کردن لە دانە مروارییەک لە ملوانەکەی مرواریدەکانی نەتەوایەتیی ناوی چەند ناوداری مێژووی کوردستان وەبیر بێنینەوە.

شۆڕشگێڕێک کە لە چیاکانی زاگرۆسەوە بۆ بەغدا، پاریس، مهاباد تا سووریە ڕۆیشت بریتییە لە میرزا ئیبراهیم خانی نادری کرماشانی، شۆڕشگێڕێک کە بەهەستی قووڵی نەتەوایەتییەوە، بەپێوڕی زانست و زانیاری لە پانتاوەکانی مایدەشتەوە بێ ڕاوەستان دیار بەدیار ڕۆیشت بەڵام لە کۆتایی دا لە دەمەشق گیانی فیدای ئامانجەکەی کرد.

میرزا ئیبراهیم خان نادری کرماشانی لە دایکبووی سالی ١٢٩٠ش (١٩١١م) مرۆڤیکی زانا لە بواری ڕامیاریی و علمی کوڕی فەیزوڵڵا و خەلکی مایدەشتی کرماشان شۆڕشگێڕێکی ماندوو نەناس و یەکێک لە ئەندامانی سەرەکی کۆمەڵەی ژ، ک و سکرتێری لەقی لورستان، کرماشان، کەڵهوڕ و فیلی بووە لەو ڕێکخراوەدا.

میرزا ئیبراهیم خان خوێندنی لە ئێران دەستپێکرد و لە بەغدا ئاستی پێدا بەڵام لە فەرانسە لە بواری یاسادا کۆتایی پێهێنا کە وێرای کۆتایی پێهێنانی خوێندەواری لە فەرانسە توانی ببێت بە ئەندامی سەرەکی لۆژینی زانکۆی پاریس.

میرزا ئیبراهیم خان دوای گەڕانەوەی لە فەرانسە بۆ ماوەیەک لە تاران دەبێت بە مامۆستای زانکۆی ئەفسەری لە بەشی مێژوودا، ئیبراهیم خان مرۆڤێکی زۆر تێگەیشتوو بەهەستی نەتەوەییەوە بووە کە زۆر بەجوانی لە زاراوەکانی دیکەی کوردی تێگەیشتووە، وێرای زاڵ بوون بەسەر زمانی دایکی دا لە زانستی خەت خۆشیدا جێگای سەرنج بووە، هەروەها زۆر بەباشی زمانەکانی وەک فارسی، عەرەبی، ئینگلیسی و فەرانسەوی بەشێوەی نووسین و قسەکردن زانیوە.

کاتی دامەرزانی کۆمەڵەی ژ ک لە گەڵ ئەو ڕێکخراوە دەکەوێت و دەبێت بە بەرپرسی لەقە زاراوەکانی سەر بە پارێزگای کرماشان، کاتی دامەرزانی حیزبی دێموکرات لە ساڵی ١٣٢٤ش لە گەڵ ئەو حیزبە دەکەوێت و ساڵی ١٣٢٥ش کە کۆماری کوردستان ڕادەگەیەنن بەپلەی سەرهەنگی دەبێت بەبەرپرسی ناوەندێک بەناوی لیژنەی کۆلتووری (فرهنگ) لە مهابادداو  وێرای پێوەندی باش لە گەڵ پێشەوا، پێوەندییەکی زۆر دۆستانەی لە گەڵ کەسانی ڕێزداری وەک زانا، شاعیر و بلیمەتی هەڵکەوتوویی کورد سەید تاهێر هاشمی و کەسانی وەک یەدوڵڵا خان ڕەزایی، ناسرخان ئازادپووڕ لە سنە، ئەنوەر دڵسۆز، عەبدوڵڵا ئەیوبیان، بەڕێز سدیق ئەنجیری، مەحموود مەحدود، عزەت عەبدوڵعەزیز، میرحاج … و ساڵح ئەقلیدس پەیدا دەکات زۆربەیان پێکەوە لە گۆڤار و بەڵاوکراوەکانی ئەو سەردەمەی وەک گەلاوێژ، نیشتمان و کوردستان لە شاری مهاباد هاوکارو بەشدار دەبن.

دوای هەرسهێنانی کۆماری کوردستان بۆ ماوەیەک لە بەندیخانەی دەکەن بەڵام دوای دوو ساڵ لە بەندیخانە ڕزگاری دەبی و داوای پەنابەری لە وڵاتی سووریە دەکات کە لە ئامدا لە گەڵ داواکارییەکەی موافقەت دەکەن و دەبێت بە ڕێنماییدەری (ڕێنماییکار) یەکیک لە ئەفسەرە هەرە پایەبەرزەکانی ئەو وڵاتە بەناوی حەسنی زەعیم، حەسنی زەعیم کە دواتر دەبێت بە سەرکۆماری سووریە بۆخۆی بە ڕێچلەک کوردو سەر بەکوردانی حەلەب دەبێ.

میرزا ئیبراهیم خان دوای ماوەیەک بەهۆکاری زانستی و لێهاتوویەوە پلەی سەرلەشکری لە هێزی هەوایی سووریە وەردەگرێت و لە ژێرەوە لە گەڵ ڕێکخراوەی کوردەکانی گۆڕانخواز پێوەندی پەیدا دەکات بەڵام دەستگای جاسوسی ئەو کاتی سووریە بەشتەکە دەزانێ و لە ژێرەوە بێ ئاگاداری خۆی بەوە تاوانباری دەکەن کە لە هەوڵی کۆدەتا دایە کە لە ئاکامدا لە ساڵی ١٩٥٦م (١٣٣٥ش) دەستکاری فڕۆکەکەی دەکەن و لە ئاسماندا بەردەبێتەوەو ڕۆحی فیدای ئامانجەکەی دەکات، بەڵێ بەم جۆرە نەیارانی گەلی کورد لەم ڕێگایەوە ڕێگری لە هەستی بەرزی نەتەوایەتیی ئیبراهیم خانی نادری کرماشانی دەکەن و بە پیلانێکی خائینانە ناهێڵن بە ئاواتە مێژینەکەی بگات. ڕۆحی شادو سەرکەوێ ڕێگای خەباتی.

— شوێنی بەدەستهێنانی زۆربەی زانیاریی کۆڕی تلگرامی … خزمانی خۆم لە ناوخۆ.

— نووسەری فارسی زۆربەی بابەتەکە مێژوو نووس سەید م… ها… خانەشووریی.

— سەرچاوەی باس ئارشێوی بلیمەت، زانا و شاعیر کورد مەرحومی سەید تاهێر هاشمی هەواڵ و هاوکاری ئیبراهیم خان نادری.

— سەرچاوەی وێنەکان ئارشیوی مەرحومی سەید حسن هاشمی.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی