"an independent online kurdish website

برایەکم هەبوو ساڵ و نیوێک لە خۆم بچووکتر بوو، ناوی ڕەسوڵ بوو، لەو کاتەی کە ماڵی براگەورەکەم بە ماڵەوە دەچنە قەسڵان لە نزیک مەیدان، کە بنکەی بەشێک لە هێزەکانی حیزبی دیمۆکراتی لێدەبێت.

 رەسوڵی برام کە ئەویش زۆر حەزی دەکرد ببێتە پێشمەرگە، ئەوان لەگەڵ خۆیان دەیبەن، لە کاتی گەیشتنیان بە ناوچەکانی قەسڵان، ڕەسوڵی برام هەر لە چاوەڕوانی ئەوە بوو، کە بینێرن بۆ دەورەی پێشمەرگایەتی و دەورەی یەکێتی لاوان، بەڵام مخابن مەرگ نەیهێشت بەو ئاواتەی بگات. لە نیوەڕۆیەکی گەرمای قەسڵاندا، لەگەڵ چەند گەنجێکی هاوتەمەنی خۆی کە بەردەوام پێکەوە وەرزش و یاریان دەکرد، رۆژێک بە مەبەستی مەلەکردن دەچنە شۆینێک کە نزیک بە١ کیلۆمیتری لە ماڵ و بنکەکانی حیزبی دیمۆکرات دوور دەبێت. لەوێ بە داخەوە جۆرە بۆمبێکی نەتەقیوی پاشماوەی شەڕی ئێران و ئێراق دەبیننەوە، ئیتر وای باسدەکەن کە بەهۆی دەسکاریکردنەوە بە سەریاندا تەقیوەتەوە، و هەموویان بە تووندی بریندار دەبن، دیارە برینی ڕەسوڵی برام لە هی ئەوانی دیکە تووندتر دەبێت، تا دەیگەیەنە خەستەخانەی بەعقوبە بە داخەوە شەهید دەبێت.


لەوکاتانەدا گەیاندنی هەواڵێکی وا لە کوردستانەوە بۆ ئۆردوگای ئەڵتاش لانیکەم ١٠ بۆ ٢٠ڕۆژێکی دەویست، ئەویش ئەگەر کەسێک لە باشورەوە بە هەڵکەوت سەردانی خزمانی کەمپی ئەڵتاشی بکردایە، یا کەسانێک لە ئەڵتاشەوە سەردانی کوڕە پێشمەرگەکانیان لە شاخ بکردایە، و هەواڵی بەو شێوەیان بهێنایەتەوە.
ئێوارەیەکی درەنگ باوکم بە پەشۆکاویی وعاجزی گەڕایەوە ماڵەوە. و بە دایکمی وت دەڵێن بە هۆی تەقینەوەیەک لە قەسڵان چەند مناڵێک بریندار بوون، کورەکەی خۆشمان تۆزێک بریندارە و لە خەستەخانەی بەعقوبەیە. دیارە ئەو کەسەی بە باوکمی وتبوو بریندارە، زانیبووی شەهید بووە، بەس حەزی نەکردبوو ئەو هەواڵە یەکسەر بە باوکم بڵێ، پێی باش بوو کە بۆخۆمان بە دوای ئەو هەواڵەدا بگەرێین و لە کەسی دیکەوە هەواڵەکە ببیسینەوە.
ئیتر کاتژمێر٣ی بەیانی ڕۆژی دواتر باوکم بە هاوکاری ئاشنایەکی دەستڕۆشتوومان، و بە پەیداکردنی پێناسەیەکی کاتی هاتووچۆ بە پارە، من و دایکمی بەرەو بەعقوبە بە ڕێکرد. لە رۆمادی چووینە تەرمیناڵی ( گەراجی)  نەهزە لە بەغدا، لە تەرمیناڵی نەهزە بەشی شارەکانی باشوری کوردستان بوو، لەوێ شۆفێرێکی خەتی بەغدا- کەلار، کوردێکی کاکەیی بوو، زانی ئێمە کوردین هات بۆ لامان، و لێی پرسین بۆ کوێ دەڕۆن. منیش داستانەکەم بۆ باسکرد، وتم لە پێشا دەچینە بەعقوبە، ئەگەر براکەم لەوێ مابوو  ئێمەش دەمێنینەوە، ئەگەریش لەوێ نەمابوو بەرەو قەسڵان دەڕوێن، بە نرخێک بۆ هەردوو ئەگەرکە ڕێکەوتین. لە ڕێگە خۆێ پێناساندین کە ناوی خالیدە، و ئەوەشی پێ ڕاگەیاندین کە ماڵی خوشکە گەورەکەی لە بەعقوبەیە، و هەر کارێکی پێویستمان هەبێت دەتوانین داوای هاوکاری لەوان بکەین. پیاوێکی بە مانای ووشە کورد و هەستی کوردایەتی زۆر زاڵ بوو، باسی بەشداری بنەماڵەو باوکی لە شۆڕشەکانی ئەیلول و گوڵان بۆ کردین. لە ڕێگە هەر دڵنەوایی دەداینەوە، دەیوت ئینشائەڵا پاش چەند کاتژمێری دیکە بە دیداری کورەکەتان شاد دەبنەوە.
دوای ماندوبوونێکی زۆر و کڕینی هیندێک دیاری بۆ براکەم، کە کراسێکی سپی و بڕێک پێنووس و دەفتەری نیگار کێشان بوو، چوونکە دەمزانی زۆر حەزی لە نیگار کێشانە. چووینە پرسگەی خستەخانەکە، من کە عەرەبیم دەزانی بە پرسگەکەم وت کە براکەم لە جەماعەتی (معارضە) واتە ئوپوزسیونە و بو برینداری هێناویانەتە ئێرە. ئیتر بانگی دوکتۆرەکەیان کرد، دوکتۆرێکی بە تەمەن هات کە من و دایکمی وا بە پەشۆکاوی بینی، پێی باش نەبوو کە پێمان بڵێ شەهید بووە، بە ڕوویەکی خۆشەوە، وتی شوکر بۆ خوا زۆر باشەو چارەسەری سەرەتاییمان کردوە و ناردوومانەتەوە بۆ قەسڵان. بەڵام بانگی شۆفیرەکەی کرد، لە ژوورەوە بڕێک قسەی بۆ کرد، دیاربوو بۆی باسکردبوو کە ڕەسوڵی برام شەهید بووە، بەڵام شۆفیرەکە حەزی نەدەکرد بە ئێمە بڵێ. خەستەخانەکەمان بە جیهێشت و بەرەو قەسڵان  بەڕێکەوتین. خالید شێوەی قسەکردنی لەگەڵ ئێمە گۆڕاو، زۆر بەزەیی بە دایکمدا دەهات، و نە گۆرانی لێدەدا نە قسەی خۆشی دەکرد.  بۆ کاتژمێر نزیک بە حەوتی ئێوارە گەشتینە بنکەکانی قەسڵان، و چووینە ماڵی ئاشنایەکمان. لەوێ هەواڵی براکەمان پرسی، وتیان لە سلێمانییەوە کەمێکی دیکە دەیهێننەوە، و ئێوە تۆزێک پشوو بدەن و خۆمان دەتانبەین بۆ ماڵی کوڕەکەتان، مەبەستیان براگەورەکەم بوو، تا ئەوانیش لە سلێمانییەوە دەگەڕێنەوە.
مامۆ خەسرەوم بە ڕەحمەت بێت زانی کە  ئێمە لەوێین هات بۆ ئەو ماڵە، من بە چاوی خۆم بینیم و بانگم کرد، بەڵام وڵامی منی نەدایەوە ڕووی لە من گۆڕی، و چووە ژوورێکی دیکەو نەهات بۆ لای من و دایکم، من زۆرم لا سەیر بوو، دایکم پێداگری لەوە دەکرد، کە ئەوە مامۆ خەسرەوت نەبووە، لەوانەیە تۆ بە هەڵە تێگەیشتبیت. دیاربوو مامۆ خەسرەوم بانگی چەند ژنێکی بە تەمەنی کردبوو، بۆ ئەوەی بە ئارامی هەواڵی شەهید بوونی براکەم بە دایکم بڵێن.
ئیتر دوای چەند خولەک چەن ژنە پێشمەرگەیەک ودایکە شەهیدێک هاتن بۆ لای دایکم، بە ئارامی وتیان دایە گیان هەرکام لە ئێمە لەم ژنانەی دەمان بینی یا کوڕ یا مێرد یا برامان شەهید بووە، و کەسمان لەو کارەساتە ناخۆشە بێبەش نین، و دەبێت پێت بلێین بە داخەوە کە کورەکەتان جوانەرمەرگ بووە واتە شەهید بوو.
ئای لەو هەواڵە دڵتەزێنە و لە کاتە ناڵە و ڕۆڵەڕۆی دایکم یەک گەڕەک دەڕۆشت، و بە دەنگ گرینی من و دایکم مامۆ خەسرەو هاتە ژوورەکە و منی لە ئامێزگرت و ئەویش بە دەنگی بەرز دەگریا. هەرگیز ئەو ڕۆژە ناخۆشەو شیوەنی دایکم لە بیر ناچێت. پێشمەرگەیەک کە خزمان بوو هات منی برد بۆ ژوورەکەی خۆیان، ڕاستی منیش تووشی شۆک هاتبووم و ئاگام لە خۆم نەمابوو، بەرگەی ئەو کۆسپە لە ناکاوەم نەدەگرت، دەنگی جەرگسووتاوی و کزۆڵی دایکم زۆر کاریگەری لە سەرمدانابوو، لەوێ هیندێک چەکم بینی دانرابوو، لە ناوکاو پەلاماری کەڵەشینکۆفێکم دا خۆم بکووژم، زوو پێشمەرگەکان فریام کەوتن و چەکەکەیان لێسەندم. بە هەرحاڵ لەگەڵ دایکم تا کاتژمێر٥ی بەیانی هیچ خەو نەچووە چاومان. لە گەڵ یەکەم ئوتۆمبیلی بارەگاکان بەرەو کەلار چووین، و لەویشەوە بۆ بەغدا. بۆ کاتژمێر٤ی پاشنیوەڕۆ گەیشتینەوە ئۆردووگاکە، هەر لە٢٠٠ میتری ماڵی خۆمانەوە کە خوشکەکانم بە پیری ئێمەوە هاتن، دایکم بە دەنگی بەرز بانگی کردن، خۆیشکە براشەهید بووکەتان، ئیدی خەڵکی گەڕەک هەموو هاتن بۆ لامان و شیوەن و پرسە بۆ ماوەی٣ ڕۆژ ڕاگەیاندرا.
حەفتەیەک دوای پرسەکە، لەو کاتەدا و لە تەمەنی  لاویدا ئەم هەڵبەستەم بۆ براکەم نووسی. دیارە لە بواری زمانەوانی و ناوەڕۆکەوە کرچ و کاڵی پێوە دیارە، ئیتر لەو کاتەدا هەر ئەوەندەم لێزانیبوو. نامەوێ هیچ دەستکاری بکەم و دەمەوێ هەر وەک خۆی لەم پەرتووکەدا بڵاوی بکەمەوە. لەو هەڵبەستەدا چەند ووشەیەکی عەرەبی تێدایە، بەڵام وەک گێڕانەوەی ڕاستی ڕووداوەکە، بۆ خۆم ووشەکانم وەک خۆی داناوە. دواتر لە خوارەوە کوردییەکەی دەنووسمەوە.
برام کاک ڕەسوڵ پشتت شکاندم
خەبەری مەرگت هەڵی تەکاندم
برام کاک ڕەسوڵ برای شەهیدم
برای جوانەمەرگ خۆشی نەدیدم
خەبەرمان بۆ هات تۆ برینداری
وەسیەتی دایک و براکەت دەکەی
هەر ئاهو ناڵەی زامەکەت دەکەی
کە خەبەر گەیشت ئێمە ڕێکەوتین
هەتا بەعقووبە*بە پەلە هاتین ١
لە نەخۆشخانەی گەورەی بەعقوبە
هەواڵمان پرسی وتیان مەزروبە * ٢
دیسان هەر لەوێ هەتاکو قەسڵان
کەوتینە ڕێ بە بێ وچاندان
لەگەڵ خۆرئاوا گەیشتینە قەسڵان
هەواڵمان پرسی کوانێ رەسووڵ گیان
وتیان چاوەرێ بن ئێستا دەیبینن
ها لە سلێمانی و ئێستا دەیهێنن
پۆل پۆل ئافرەتی بنەماڵەکان
 بە خرۆشەوە هاتن بۆ لامان
لە ناکاو یەکێک لە ئافرەتەکان
وتی بە دایکم، دادە عەینا گیان
قەزاو قەدەرە هاتووەتە ڕێتان
ئەمە سێ ڕۆژە هالە گۆرستان
تەرمە برینەکەی بە خاکسپێردراوە
تازە هەرچی بکەی دەسەڵات نەماوە
ئا لە ئەو ساتە چەندە ناخۆش بوو
شیوەن لە من و دایکم چۆن بەربوو
هاواری دەکرد دایکی بێچارە
دەخێلە مەرۆ ڕۆڵە هاوارە
ڕۆڵە تۆ کۆتری لەگەڵ بڕاوی
ناڵەی نارونجۆک شەهیدکراوی *٣
هەرچی دەوریان گرت دڵخۆشیاندا
هاواری دەکرد دەیدا بە سەردا
منیش هاوارم ئەکرد ئەی هاوار
خەریک بوو شێت بم لە خەم و قەهار
لە رۆژی دوایی گەراینۆ بۆ ماڵ
بۆ کامپی غەریب لە رۆمادێی تاڵ
خەبەرمان هێنا بۆ باوکی ڕەسووڵ
جەرگت براوە داماو و مەلوول
ئەویش هاواری دەگەییە ئاسمان
ئامان ڕۆڵە گیان ئامان ڕۆڵە گیان
خوشکانت هەموو بەربوونە خۆیان
هەتاکو دە رۆژ هەر شین و گریان
هەموو بەرگی ڕەش کز و خەمباری
ماڵ ئاوایت کرد تۆ بە یەکجاری
بە تەمەن لاوی ئەی شەهیدی وڵات
لە پێناو گەلدا خۆتت کرد خەڵات
ناوی شەهیدیت  شانازیمانە
سەربەخۆیی گەل ئاواتمانە.

 ئەم هەڵبەستە لە ڕێکەتی٢٤/ ٦/ ١٩٨٩ لە  ئۆردوگای ئەڵتاش ڕۆمادی نووسراوە.

سەرچاوە:  کتێبی ( بیرەوەرییەکانم لە پێناو سەروەری نیشتیماندا) ، لاپەڕە ٧٩ تا ٨٦

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی