تەرمی موسا باباخانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) لە هەولێر دۆزرایەوە و وەک ئەو حزبە رایگەیاندوە، لەلایەن دوو تیرۆریستی سەربە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە رفێنراوە.
لەماوەی کەمتر لە یەک مانگدا ئەمە دووەم حاڵەتی تیرۆرکردنی چالاکوانانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستانە لە هەرێمی کوردستان، بەوپێیەی لە 14ی تەمووزی ئەمساڵیشدا لە گوندی ژاڵەی نزیک شاری سلێمانی بێهروز رەحیمی پەنابەری سیاسی و لایەنگری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بە دەستڕێژی گولە کوژرا.
لەمساڵیشدا ئەمە چوارەم حاڵەتی تیرۆرکردنی چالاکوانانی رۆژهەڵاتە لە باشور، هەر وەک پژاک پێشتر رایگەیاندبوو لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا لە سنوری قەزای پێنجوێن دوو گەریلایان لە لایەن دوو کەسی سەر بە ئێرانەوە لە ناو بنکەیەکی خۆیان تیرۆر کراون.
لە رۆژانی رابردوودا دامەزراوەی عەبدولرەحمان برومەند، کە بارەگاکەی لە ئەمریکایە، ئامارێکی بڵاوکردەوە، کە دەریدەخات لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێراندا لانیکەم 540 بەرهەڵستکاری حکومەتی تاران لەدەرەوەی سنورەکانی ئەو وڵاتە تیرۆرکراون یان رفێنراون.
خاڵی جێی راوەستە لەسەرکردن لەو راپۆرتەدا ئەوەبوو، کە 70٪ی قوربانیان تیرۆر و رفاندنی ئەو چل ساڵە واتە 380 کەسیان لە هەرێمی کوردستان بوون، ئەمەش بەو واتایە دێت کە هەرێمی کوردستان مەترسیدارترین شوێنی جیهانە بۆ بەرهەڵستکارانی ئێران و جیا لەوەی 380 کەسەکە سەرجەمیان کوردبوون، لەناو قوربانیانی دیکەشدا کە لە وڵاتانی تر کراونەتە ئامانج ژمارەیەک چالاکوان و سەرکردەی کورد هەن، واتە کورد قوربانی سەرەکی سیاسەتی تیرۆر و تۆقاندنی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
تیرۆر و تۆقاندن کۆڵەکەی سەرەکی مانەوەی ئەو رژێمەیە و لە زۆربەی دۆسیەکانی تیرۆردا لەئاستی هەرە سەرەوەی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە تێوەگلاون و زۆربەی ئەو کردەوانە بە فتوای حەڵاڵ کردنی خوێن شەرعاندنیشیان بۆ کراوە و بۆ جێبەجێکردنیشی تۆڕێکی بەربڵاو، کە خۆی لەیەکەکانی دەزگاکانی هەواڵگری و سەربازی و دیپلۆماسی دەبینێتەوە ئەرکدارکراون و بودجەیەکی کراوەشیان بۆ تەرخان کراوە.
بەم پێیە کۆماری ئیسلامی لەو دەگمەن رژێمانەیە کە تیایدا تیرۆر بەشێکە لە بەها و بنەماکانی حکومەت و بەرنامەیەکی ستتراتیژی دەوڵەتە لە پێناو سڕینەوە و لاوازکردنی نەیارانی و درێژەدان بە مانەوەی. بەڵگەیەکی سەلمێنەریش ئەوەیە کە لە کاتی قوتاربوونی تیرۆریست و بکوژەکان و گەڕانەوەیان بۆ ئێران وەک پاڵەوانێک لە ئاستی بەرزدا پێشوازیان لێدەکرێت.
بگەڕێینەوە بۆ هەرێمی کوردستان وەک مەترسیدارترین زۆن کە بووەتە دۆزەخێک بۆ بەرهەڵستکارانی ئێران (مەبەست چالاکوانانی رۆژهەڵاتە)، لە زۆرینەی کەیسەکاندا بکوژان قوتاریان بووە ولەو دەگمەن کەیسانەشی گەیشتوونە دادگا، وەک تاوانێکی ئاسایی کوشتن مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، هەر وەک چۆن لە دۆسیەی قادر قادری فەرماندەی حزبی دیموکراتدا بینرا، کە دەبوو دادگای هەولێر بە پێی مادەی تیرۆر ئەو کەیسەی یەکلا بکردایەوە و تەواوی وردەکارییەکان لە بارەی فەرماندەران و ئەنجامدەرانی تاوانەکانەکە لە بڕیارەکەدا تۆمار بکرایەوە و بۆ رای گشتی و نێودەوڵەتی ئاشکرا بکرایە.
هەرچەندە هەنگاوێکی لەو چەشنە بە تەواوەتی مەکینەی تیرۆری ئێران ناوەستێنێت، بەڵام هەر وەک چۆن دوای بڕیارەکەی دادگای میکۆنوس لەبارەی دۆسیەی تیرۆرکردنی دکتۆر سادق شەرەفکەندی و هاوڕێکانی کە تیایدا ئۆباڵی تاوانەکە خرایە ئەستۆی بەرپرسانی پلەباڵای کۆماری ئیسلامی و بەو هۆیەوە بۆ ماوەیەکی زۆر تیرۆرکردنی نەیاران لە دەرەوە کەمببوەوە، لە هەرێمیش دەکرێت بەهەمان رێگە تێچووەکانی ئەو تاوانانەی تیرۆر لە سەر کۆماری ئیسلامی ئیران زیاد بکرێن.
سەرچاوە: ئاوێنە