"an independent online kurdish website

لەدایکبوونی حیزبی دێموکرات گرینگترین ڕووداوی مێژوویی مودێڕنی کوردی بوو. لەسەردەستی حیزبی دێموکرات کۆماری کوردستان هاتە دامەزراندن و هەر لەسەر دەستی حیزبی دێموکرات بوو  بۆ ئەوەڵین جار ئاڵای کوردستان لە هەموو جێگایەک شەکایەوە. لەدایکبونی حیزبی دێموکرات لەدایکبوونێکی نوێی خەباتی ناسیونالیزمی کورد بوو.

 

حیزبی دێموکرات پانتاییەکی گەورەی خەباتی تاک بەتاکی کوردە. ئەوەی حیزبی دێموکرات لە هەموو حیزبەکانیتر جیادەکاتەوە، کۆکردنەوە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بەهەر ئایدیولوژیا و باوەڕو مەرامێک کە هەیانە، لەژێر چەترێکی یەکگرتوو. منی یارسانی و کەسێکی سوننە یا شیعە مەزهەبێک ، هەر هەموومان دەتوانین لە نێو حیزبی دێموکرات دا  بۆ یەک ئامانج خەبات بکەین. لەپاڵ باوەڕدارێکدا، بێباوەڕێکیش هەر هەمان خەون و ئاواتی سەربەخۆیی کوردستانی وەک توێشوویەک لە کۆڵەپشتییە پێشمەرگانەکەیدایە. تۆ ناتوانی حیزبێکی دیکە بدۆزیتەوە کەبتوانێت ئا ئەو هەموو جیاوازییە لەدەوری خۆی کۆکاتەوە و لەیەک سەنگەردا بۆ یەک ئامانج تێبکۆشن. باوەڕبوون بەدێموکراسی و ماڤی تاکەکان و خەباتی بێوچان بۆ ناسنامەی نەتەوەیەک ، جەوهەری بنەڕەتی هزرو بیری دێموکراتە.

بەدریژایی ٧٦ساڵ لەتەمەنی پڕ لەسەروەیی خۆیدا، حیزبی دێموکرات بەسەر زۆر تەنگ و چەڵەمەدا سەرکەوتووە و سەربەرزانە و سەربەخۆییانە لەخەبات بەردەوام بووە. لەڕێگای ئەم خەباتەشدا بەهەزاران شەهیدی داوە و بەدەیان سەرکردی فیدای ئامانجەکانی گەل و نیشتمان کردووە. حیزبی دێموکرات کانیاوێکی لەبڕان نەهاتووی کۆمەڵانی خەڵکە. گەل و نیشتمان و حیزبی دێموکرت مەحاڵە لەیەک جیابکرێنەوە. تێکەڵبوونی حیزبی دێموکرات و سیاسەتەکانی ئەم حیزبە بەخەباتی کوردی، نەک تەنها سەرمەشقی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، بەڵکوو ئیلهام بەخشی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بوو.

دێموکرات ئاسۆیەکی ڕوون و چرایەکی نەکوژاوەی خەباتی کوردستانە. ٧٦ساڵە ئەم چرایە لەبەرزاییەکانی شاهۆ تا ماکۆ و داڵەهۆ بەردەوام خەباتی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووناک دەکاتەوە.

لەیادی دامەزرانی حیزبی دێموکرات سڵاو دەنێرم بۆ شەهیدانی هەمیشە زیندووی کوردستان و ڕێبوارانی ڕێگای قازی، قاسملوو و شەڕەفکەندی و پێشمەرگە چاونەترس و گیانفیداکانی دێموکرات. لەم یادەدا دیسانەوە پەیمان نوێدەکەینەوە کە تادوا هەناسە، ڕێبواری بەوەفا ڕێبازی شەهیدان و حیزبە خۆشەویستەکەمان بین.

یاد و ناوی دێموکرات هەمیشە بەرز و پیرۆز بێت.

بەدرەدین یوسف شاهی ٢١-٨-٢٠٢١

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی