"an independent online kurdish website

حەوتوویەک بە سەر کۆچی ناوامەی کاک ئەحمەدی کاکەمەمی خۆشەویستدا تێپەڕی بەڵام لە بیرگەمدا هەر بە زیندووی دەمێنێتەوە.

کاک ئەحمەد کەسایەتییەکی هەمەرەنگی هەبوو. بەو مانایە کە چەندین کەسایەتی بوو لە یەک کەسدا.  لە زۆر بواردا بە توانا، کارزان و ژیر بوو. لەهەمانکاتدا مرۆڤێکی زۆر بێدەمار و خاکساریش بوو. دەبوو زۆر باش بیناسی بۆ ئەوەی پێی بە داناییەکەی بەری. چوونکوو خۆی دەرینەدەخست و بە ڕووی خەڵکیدا نەدەدایەوە، بەڵکوو زۆرجار هەستێکی وای لای کەسی بەرامبەر دروست دەکرد، کە هەست بە زانایی بکا. 

لە پێکهێنانی پێوەندیی گەرموگوڕ و راستەقینەدا زۆر بەدڵ بوو. لە هەر دیدارێکدا لەگەڵی هەستت بە خۆشەویستییەکی تایبەتی، خەمخۆریی و دڵسۆزییەکی فراوان دەکرد. هیچ  بەربەستێکی بۆ پێکهێنان و گەرمڕاگرتنی هاوڕێیەتی نەدەناسی. توانایەکی زۆری لە ناسینی مرۆڤەکان هەبوو. زۆر زوو مرۆڤی ناڕەسەنی هەڵدەسەنگاند و حەزی دەکرد دوورییان لێ بکا.

کاکەمەمی کوردێکی کوردپەروەر بوو. ئەندامێکی تێکۆشەری حیزبی دێموکرات بوو. حیزبیشی بۆ خزمەت بە زمانی کوردی و گەیشتن بە مافەکانی نەتەوەیی هەڵبژاردبوو. بۆی گرینگ نەبوو حیزبی دێموکرات لەسەر وی چۆن بیر دەکاتەوە. ویژدانی خۆی لا پێوەر بوو. چاوەڕوانی هیچ پاداشتێک نەبوو، و منەتیشی بەسەر کەسدا نەدەکرد. حیزبی دێموکراتی پێش لە هەمووکەس بە هی خۆی دەزانی. هەرچی زەحمەت و لەخۆبوردوویی و  خیرنەدیتوویی بۆ کێشابوو، بە ئەرکی خۆی زانیبوو.

شێوەی بیرکردنەوە و کارکردنی لە کاری بەکۆمەڵدا تایبەت و زۆرکات جیاواز بوو. ئەوەش هێندێکجار دەبووە هۆی خەراپلێتێگەیشتنی.

چاوەنداز و ئاسۆییەکی فراوانی بۆ بەرژوەندییەکانی حیزب و جووڵانەوەی رزگاریخوازی کوردستان هەبوو. پێوەری سەرەکی بڕیارەکانی ئەوە بوو کە لە درێژماوەدا چی لە بەرژەوەندی حیزب و شۆرشە. لە کارکردن و ڕاپەراندنی ئەرکی بچووک و گەورەدا ستراتیژیک بیری دەکردەوە و هەنگاوی دەنا.

بۆ نموونە بە درێژایی ئەو ماوەدرێژەی تێکۆشانی لە پێوەندییەکانی لەگەل ڕێکخراوە مەدەنی و سیاسییەکانی کوردیی لە سوێد بیری لە وەدەستهێنانی بەرژوەندی کاتیی و  کورتماوە نەدەکردەوە. بەڵکوو لە بیر و هەوڵی پێکهێنانی دەسکەوتی دوورماوە و  سیستیماتیکدا بوو، وەک پتەوکردن و بەرزکردنەوەی پرێستیژ و پێگەی حیزب لە ناو ناوەندە بڕیاردەرەکانی ئەو رێکخراوانە. بە حەقیش مرۆڤ هەستی بەو کاریگەرییە دەکرد. نوێنەرانی ئەو رێکخراوانە زۆر بە ڕێزەوە هەڵسووکەوتیان لەگەل کاک ئەحمەد تەنانەت دوای ئەوەی بە کردەوە لە کاروباری حیزب لە سوێدیشدا نەمابوو، دەکرد. پەیامی خەمباری و هاودەردی بەرینی کوردەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان لە سوێد و دەرەوەی سوێد بە بۆنەی کۆچی دواییەکەیەوە دەرخەری ئەو راستییەن.

خۆخۆری وەک دەردی لە مێژینەی کوردان تێکەل بە پاشماوەی شێوازی کاری رێخکراوە کۆمۆنیستییەکان کەلتوورێکی نالەباری لە ناو حیزبە سیاسییەکانی کوردستان درووستکردووە کە پیی دەگووترێ  ”مبارزە درون حزبی”. کە بریتییە لە شێوازێک بۆ  ناوزراندن، لەناوبردن و  دەرکردنی خەنیم و نەیارانی هاوڕێ بە بەرخووردێکی شۆرشگێرانە و ڕادیکاڵ! هەر وەک بەرخوورد لەگەل دوژمنی دەرکی. ئەو مێتۆدە بەداخەوە ماوەیەکی درێژ شێوە کاری ناوخۆی حیزبی دێموکراتیش بوو و  شوێنەواری نەخوازراو و مەنفی لەسەر ئەندامان و کاری حیزبدا دادەنا. کۆمیتەکانی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات یەک لەوان سوێدیش چ پێش لەتبوونی حیزب و چ دوای لەتبوون لەو شێوە خەباتە! بە دوور نەبوون.

 لە قۆناغێکدا لە چوارچێوەی ئەو ”مبارزە!”یەدا  هەندێک  لە “هەڤاڵەکانی” وێرای رەخنەگرتنێکی هەمەلایەنە هەندێکجار بە بنەما و زۆرجار بێ بنەما لە شێوازی کارکردنی، داخوازی لێکۆلینەوەش بوون لە کاروبارەکانی ماڵی ئەو کاتە کە کاک ئەحمەد بەرپرسی بوو. بێگومان لێکۆڵینەوە لە مەبلەغەکە هیچ بەهایەکی نەبوو، چوونکوو داهاتەکە هەمووی ئەوەندە نەبوو، بەشی دووجار ژماردنی کردبا بەڵکوو مەبەستەکە پتر دۆزینەوەی کەموکورتی و چەند خاڵێکی لاوازیی لە بەڕێوەبردندا بوو! 

کاک ئەحمەد بە گشتی لە کاروباری سیاسیدا زۆر پراگماتیست و دووربین بوو. بە شێوەیکی وا کە هەندێکجار ئەوەندەی بیر لە دەرئەنجامەکانی بڕیار و کردارێکی سیاسی لە دوارۆژدا دەکردەوە کە ئێستای لە بیردەچۆەوە. بەڵام لە کاروباری ماڵییدا چەندقات پتر بە دیققەت،  وردبین و بەڕامان و دەستپاک بوو. ئاکامی لێکۆڵینەوەکەش هەر وای دەرخست.

هەرچەند ئەو لێکۆلینەوە شتێکی بچووک بوو و بە درێژایی ئەو پرۆسەیە زۆر  بێباک ، پشوودرێژ و دڵفراوان بوو بەلام بە گشتی کەشەکە زۆر نارەحەتی کرد و بە کردەوە لە بەشداریکردنی چالاکانەی لە کاروباری رۆژانەی حیزب لە سوێد دلسارد کردەوە. بەڵام بەرچاوگە فراوانەکەی بۆ بەرژوەندییەکانی حیزب و خەبات بۆ ئازادی کوردستان هیچکات لە تێکۆشانی ڕاستەقینە و بێوچانانەی دڵسارد نەکردەوە.

ئەو دەمەی لە ڕاگەیاندنی دەرەوە کارم دەکرد، لەگەل ئەوەی بە کردەوە لە بەشداری لە بەڕێوەبردنی کاروباری  رۆژانەی حیزبدا نەمابوو، بەڵام دیسان ناو بە ناو وەک دڵسۆز و خەمخۆرێکی حیزب، تەلەفوونی بۆ دەکردم و پێشنیاری کاری ستراتیژیییکی گەورەی پێ دەکردم. بۆ نموونە:  جارێک لەو شارۆچکەی کە لیی دەژیا ساڵۆنێکی گەورەی بەرچاوکەوتبوو کە خاوەنەکەی بە هۆی مایەپووچییەوە بە نرخێکی زۆر هەرزان دەیفرۆشت.  بە بیری دڵسۆزانەی کاک ئەحمەددا هاتبوو کە ئەو فرسەتە بقۆزرێتەوە و ڕێبەرایەتی حیزب ئاگادار بکرێتەوە کە هەڵوومەرج پێک بێنن بۆ کڕینی و بکرێتە ستۆدییەک بە تێچوویەکی زۆر کەم!

کاکەمەمیی ئێتیمۆلۆگ

ئێواڕێکی درەنگ لە ئێوارە گەرمەکانی پاریس دوای تەواوبوونی کاروبارەکانی تیشک گەڕامەوە دەفتەری پاریس. کاک عەلیی پوورئامانم دی لە پشت چاپکەری ژوورەکەی خۆی بە ناوچاوانی ئارەقاوە دانیشتووە و لە پەستاش کاغەز دێتە دەرەوە. لە کەشوهەوایەکی دەمەتەقێ و لاتاو و تەشەرلێکگرتنی هاوڕییانەی تێکەڵ بە جەفەنگدا کاک ئەبووی کەریمیش بە دەوریدا دەسووڕایەوە. دێمەنێکی ئاشنا لە پێوەندیی ئەو دوو هاوڕێ بەیەک و بێیەک هەڵنەکردووە!

کاک عەڵیی گووتی: کاکەمەمی تەلەفوونی بۆ کردووم و پیی گوتووم ڕەشنووسی فەرهەنگەکەمت بە ئەمانەتەوە بە ئیمەیل بۆ دەنێڕم و تکای لێکردووم چاپی بکەم و بیدەم بە ’’ئەبوو’’ بۆی چاو لێ بکات! نزیک بە ١٠٠٠ لاپەڕەیە.

 ئیتر من تێگەیشتم کە هۆی ئەو دەمەتەقەش ئەوە بووە کاک عەلیی داوای لە کاک ئەبوو دەکرد. داخوازییەکەی کاکەمیی بەجێبێنێ. 

کاغەزی کەڵەکەبوو لە ژوورەکەی کاک عەبوو دانرا! رۆژ و شەو تێپەڕین.

پێشتر بیستبووم  کاک ئەحمەدی کوردیزان و وشەناس خەریکی کاری لێکدانەوە و کۆکردنەوەی وشەی کوردییە. بۆ خۆشی چەندجارێک بۆی باس کردبووم. زۆرجار پرسیاری زۆر وشەی یوونانیم لێ دەکرد کە پێم وایە کوردین. بەڵام تا ئەودەم هیچ نموونەیەکم لە فەرهەنگەکەی نەدیبوو. ئەوەندەم دەزانی کە کاک ئەبوو کەسێکی زۆر گونجاو بوو کە ڕای لەو بارەوە لێ وەربگێردرێ.

کاک ئەبووی کەریمی( یادی بەخێر) هەمبانەیەکی گەورەی وشەی کۆنی زمانە ئێرانییەکان بوو، هاوکات بەهرەیەکی زۆر گەورەی لە ئێتمۆلۆگیی و لێکدانەوەی وشەکان هەبوو. ئەو بابەتەشی پێ لە خۆشترینی ئەو بابەتانە بوو کە پرسیاری لێ بکرێ و قسەی لەسەر بکات. منیش بە فرسەتم زانیبوو و ئەو باسەم کردبووە بەشێکی سەرەکی دانشتەکانمان لە ماوەی مانەوەم لە پاریس.

هەر کە زانیم کاک ئەحمەد فەرهەنگەکەی بۆ ناردووە و بەچاپکراوی لەبەردەستە، هەرجارێ چەند لاپەڕەیەکم لێ دێنا و مەجالی قسەم بۆ کاک ئەبوو پێ دەکردەوە.

ئەو کات بوو کە بەسەر زەریاییەک دوڕ و گەوهەری وشەی کوردیدا کەوتم. ڵێتان نەشارمەوە قەت پێم وا نەبوو ئەو هەموو وشەیە بەو لێکدانەوە قووڵە لە مانا و ریشەکانیان لای کەسێک کە هەمووکاتەکانی ژیانی بۆ فەرهەنگنووسی تەرخان نەبووبێ، کۆبووبێتەوە!

کاک ئەبوو زۆر بە کارەکە و تواناکانی کاک ئەحمەد سەرسام بوو بەڵام بەداخەوە هیچکات بیروڕاکانی بە نووسراوە بۆ نەنارد کە بێگوومان دەیتوانی کارەکەی کاک ئەحمەد دەوڵەمەندتر بکات.  کاک ئەبوو بە تەبیعەتی خۆی ئەگەرچی مرۆڤێکی ”ئەهڵی قەڵەم” بوو بەڵام نووسەر نەبوو. نەیدەنووسی، نووسراوەی نەبوو، هەموو شتێکی زارەکی بوو. پێم دەگووت: تۆ تەبیعەتی سۆکراتتت هەیە. سوکرات عارف و فەیلەسووفی سەردەمی ئانتیکی یوونانیش یەک لاپەرەی نووسراوی نییە!

دانانی فەرهەنگێکی وا گەورەی ئێتمۆلۆگی کە کاک ئەحمەد بە تەنیا ئەنجامی داوە، لە وڵاتانی خاوەن دەوڵەتدا کاری بەکۆمەڵی ئاکادیمیا و ناوەندی فیلۆلۆژیی پشکەوتووی پڕ لە ئیمکاناتی ماددی و مەعنەوییە.

کاک ئەحمەد بە گشتیی لە نووسین و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی زیادلەئەندازە وردکۆڵ و وەسواس بوو. ئەوە هۆی سەرەکی بوو بە ڕای من کە لە باخی پڕ لە گوڵ و گوڵزاری ئەدەبیی کاک ئەحمەد تەنیا چەند بەرهەمێک سەریدەرهێناوە.

لەگەڵ وەشدا هەمووکات زۆر لە خەمی دۆزینەوەی ئیمکانات و دەرفەتی ماددی و مەعنەوی گوونجاودا بوو بۆ چاپکردنی بەرهەمەکانی بە تایبەتی فەرهەنگەکەی. بەداخەوە کۆچە ناوامەکەی دەرفەتی پێ نەدا ئەو کۆرپە ڕەنگینەی بە چاپکراوی ببینێ و گەشەی پێ بدا.

هیوادارم فەرهەنگستانی کوردیی بە زوویی بەرهەمە ئەدەبی و فەرهەنگنووسییەکانی کاکەمەمیی لە باوەش بگرێ، و خوێنەواری کوردیش کەڵک لە بەرهەمەکانی وەرگرن و هەڵکەوتەیی کاکەمەمییان بۆ دەرکەوێ.

وەرگیراو لە لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر

بؤچوونی ژێر بابەت

ناسر فەیزوڵا بەیگی: دەسخۆش کاک ئاسۆ، ئەوە جەنابت دووهەم کەسی کە لەسەر دیوە شاردراوە و بەکەڵکەکانی کاک ئەحمەد دەنوسی و بە خەڵکی خۆمانی دەناسێنی. هەرچەند ئارەزوم دەکرد وەک هەموو تێکۆشەرو زانایەکی کورد ئەم ناساندنە لە کاتێکدا کرا با کە مرۆڤەکاندا لە ژیاندان و بکردرایەتە کلتور بۆ ئەوەی کە لانیکەم بەم قەدر گرتنە کەمێک ماندوییان بحەسایەتەوە و بزەیەک بکەوتایەتە سەر لێوانیان. بەڵام سەدان جار بەداخەوە و مەخابن هێشتا کۆمەڵی کوردەواری بۆ ئەم نەریتە جوانە و پێویستە هەنگاوێکی بەکردەوەی هەڵنەهێناوەتەوە و تەنیا کاتێک کە مرۆڤە زانا و تێکۆشەرەکان کۆچی دائیمی دەکەن و بەجێمان دێڵن باسیان دەکەن و ئاخیان بۆ هەڵدەکێشن. تەنانەت هێندێک ئینسان کە خۆیان بە ڕۆشنبیر و شۆڕشگێریش دەزانن لەبەر بۆغزو کینەیەکی شەخسی کە وەک پیشەی دائیمی لە دەڵیاندا کۆیان کردوەتەوە چاویان دیتنی ڕووە باش و  زانستی و خزمەتە بە نرخەکانی کاک ئەحمەدەکانیان نیە و هەوڵی شاردنەویشی دەدەن.

نمونەی هەرە تازەو زەقیش کۆریادو ماتەمینی نەمرو تێکۆشەر کاک موسا باباخانی بوو کە بە دستی پیاو کۆژەکانی کۆماری ئیسلامی ئیران لە شاری هەولێر بە شێوەیەکی دەڕەندانە شەهید کرا. لەم کۆرەدا کە لە لایەن حدک وە بۆ ڕێز لێنان لە خەزمەتەکانی شەهید کاک موسا گیردرا بوو تەنانەت بۆ یەکجاریش ناوی کاک ئەحمەد کە تازە تەنیا 5 ڕۆژ لە وەفاتی تێپەڕ ببوو، کاک ئەحمەدێک کە بە دەڵنیاییەوە زیاتر لە نیو سەدە بۆ خەزمەت بە گەلەکەی تێکۆشانی سیاسی و فەرهەنگی هەبوو،  ناوی نەهێنرا. ئەوە لەحاڵێکدایە کە باسی یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان گەرمە و خەڵک بەگشتی و ئەندامان بە تایبەتی زۆر بەپەلە نوبەتەمان کە لەم ڕۆژانەدا جێژنی بۆ بگرین. بەڵام بەداخەوە و سەد مەخابن بۆغزو کینەی ڕۆژانی جیابونەوەی دیموکراتەکان هێشتا لە دڵ و دەرونی هێندێک لە ئەندامانیان دا  ماوە و ئیجازەی ئەوەیان پێنادا کە بەرژەوەندی نەتەوە و نیشتمان بخەنە پێش هەموو بیرو بڕواو کردەوەیەک و بۆ یەک گرتن و ڕزگاری کوردستان کە وەک شۆعار هەڵیان گرتووە هەوڵ بدەن.

ڕاستە کاک ئەحمەد لەکاتی جیابونەوەدا وەک بەرپرسێکی حیزبی دێمۆکڕات لە وڵاتی سوئید لە سەفی حدکا دابووە و ئەو ئەرکانەی لە لایەن رێبەرایەتیەکەیەوە پێ سپێردراوە ئەنجامی داوە هەروەک چۆن لایەنی بەرانبەریش (حدک) هەمان ئەرکی تا ئیمڕۆ لە لایەن بەرپرسانیەوە لە وڵاتی سوئید بەڕێوە بردوە و سەرباقی هەموو کردەوە و بۆچۆنی ئەم ساڵانە، ئەوە نیە ئیمڕۆ کار بۆ یەکگرتنەوە دەکەن و دەتانهەوێ دوا ڕۆژ پێکەوە لە حدکا دا دەست لە ناو دەستی یەکتر وەک بنەماڵەی گەورەی حدکا درێژە بە خەبات دژی کۆماری ئیسلامی بدەن. نەدەبوو لەبەر زاهیری ئەم هەوڵدانە بۆ یەکگرتنەوەش بوایە لەم هەلەی یادی کاک موسا کەڵکی بەجێ و باشتان بۆ نزیک بونەوەی زیاتری ئەندامانی هەردوولا لە یەکترو و نەهێشتنی بۆغزو کینەی ئەم چەند ساڵە بکردبایە تاوەکو ئەزمونی ناسەرکەوتوی یەکگرتنەوەی پێشومان بۆ دووپات نەبێتەوە. من پێم وایە بەم کردەوە ( ناو نەهێنانی کاک ئەحمەد و تەنانەت سەرەخۆشی نەکردنتان لە بنەماڵە و دۆستان و حیزبمان) تەنیا و  تەنیا هێشتنەوەی بۆغزو کینەی ئەم چەند ساڵ لێکدابڕانەیە و هەل خۆش کردن بۆ ئەو یەکگرتنەوەیە کە هەوڵی بۆ دەدرێت و بەهێز کردنی بێ متمانەئی و (سالی کە نکوست از بەهارش پیداست) لە ناو بەدەنە و ئەندامانی حیزبدایە.

یادی هەمو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کورد و کوردستان بە تایبەتی ئاخر شەهید و ئاخر کۆچکردومان کاک موسا و کاک ئەحمەد بەرزو پیرۆزبێت.

بابەتی پەیوەندی دار

کۆچی دوایی هاوڕێی خۆشەویست کاک ئەحمەد کاکەمەمی، ساڵە نەڵۆسی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی