"an independent online kurdish website

شەوی 15ی ئاگوستی 2021 ( 24ی گەلاوێژی 1400ی هەتاوی) هاوڕێی زۆر خۆشەویست و برای گەورەم کاک ئەحمەد کاکەمەمی بەداخەوە بە سەکتەی دڵ کۆچی دوایی کرد.

مانگی 7ی 1990ی میلادی  من و 9 هاوڕێی ترم هاتین بۆ سوید و لەو کاتیەوە بە دیداری هاوڕێ ئەحمەد شاد بووم، دیارە چوونکە منیش سەرەتا وەک مامۆستای شۆڕش هاتمە ریزی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران و کاک ئەحمەدیش لە کۆڕی پەرەوەردە و فێر کردنی حیزبدا زۆر چالاک بوو، ناوی کاک ئەحمەدم بۆ زۆر ئاشنا بوو. لە سوید کاک ئەحمەد زۆربەی ژیانی لە خزمەت حیزب و کادری بە وەجی حدکا بوو بۆیە ئێمەش زۆربەی کاتەکان پەیوەندیمان هەبوو و لە زۆربەی بۆنەکاندا بە دیداری یەکتر شاد دەبووین.

کاک ئەحمەد لە کاتێکدا لە سوید کاری کۆمیتەی حدکای بەڕێوە دەبرد کە زۆر کەس نەی دەوێرا خۆی لێدات و ماشێنی تێرۆر و هەڕەشە لە ئەندامانی حیزبی دێمۆکرات بێ حەد زۆر بوو.  من وەک خۆم دەیان جار تەلەفونم بۆ دەکرد و ئاگادارم دەکردەوە کە ئاگای لە خۆی بێ و لە پەیوەندیەکانی و دیتنی خەڵک کە زانیاری لە سەریان نیە خۆی بپارێزێ.

کاک ئەحمەد لە سوید پەیوەندیەکی زۆر بەربڵاوی لە گەڵ کوردەکانی دانیشتووی سوید هەبوو، تا کاتی کاتی خانەنشینی وەک مامۆستای کوردی لە سوید کاری دەکرد و سەدان مناڵی کوردی فێری زمانی شیرینی کوردی کرد و لە ناو قوتابیەکانی دا زۆر خۆشەویست بوو. چەندین کتێبی بۆ خوێندنی کوردی لە سوید چاپ و بڵاو کرانەوە.

ئاخرین جار لە لە رێکەوتی 7ی ئاگوستی 2021 سەعات 20:28 دەقەی هێوارێ بۆ ماوەی 20 دەقە قسەمان کرد. باسی وەزعی خۆی و وەزعی حیزب و وەزعەتی کۆرۆنا . زۆر خۆش بین و داهاتووی بە روونی دەدیت و  زۆر نیگەران بوو لەم تێرۆرانەی لە کوردستان دەکرێن کە ئاخرینیان شەهید مووسا باباخانی ئەندامی رێبەری ح دک بوو کە لە هەولێر تێرۆر کرا.  باسمان لە تێرۆرەکانی پێشووتر و کەسانی خۆفرۆش کرد. 

من قەت بڕوام نەدەکرد کاک ئەحمەد بەم زوانە بە جێمان بهێڵی، دەیان جار داوام لێکرد کە وێگڕا دانیشین و وتووێژێکی دۆستانە بکەین کە بەداخەوە نەی کرد و هەموو جارێ بەهانەیەکی دەهێنایەوە.

زۆر جار کە کێشەی پی سی (کامپییۆتێر) ی بۆ دەهاتە پێش زەنگی لێدەدا و کە کێشەکە تەواو دەبوو. دەێ نەڵۆسی لە یەخەم بەوە، بەسە دەمزانی کێشەکەی چارەسەر بووە و ماڵئاوییم لێ دەکرد. زۆر جاریش کە زەنگم بۆ لێدەدا  ها نەڵۆسی چیت دەوێ؟ دەمکووت هیچم ناوێ بیرم کردووی پێم خۆشە بزانم چۆنی و چ دەکەی و خەریکی چی.

قەت لە قسە کردن  لە گەڵ کاک ئەحمەد تێر نەدەبووم و  بەداخەوە کۆڕۆنا نەی هێشت ئەم دوایانە لە نزیکەوە بە دیداری یەکتر شاد بینەوە و کاک ئەحمەد ماڵئاوایی لێکردین.

کاک ئەحمەد زۆر وەفادر بوو بە هاوڕێیانی، زۆر جار بە تایبەتی باسی هاوڕێ برایم جۆرابچی دەکرد و دەیکووت وەک پێویست یادی ناکەنەوە و زۆریان زوڵم لێ کردوە. بابەتێکی رەخنەشی لەم بارەوە نووسیوە  بە ناوی نەهێنی ” کۆنە هاوڕێ”  نووسیوە و  دەوی وت دواتر کەیفی خۆتە ناوەکەی من دەنووسی. من ئەمڕۆ ناوەکەی چاک دەکەم و یادی هاوڕێ کاک ئەحمەد  بەرزو و پیرۆز بیرۆز و روحی شاد بێ.

سەرەخۆشی لە دادە سوڕەیا و کچەکانی و سەنگەری کوڕی و سەرجەم هاوڕێیانی و خزمانی دەکەم و ئاخرین خەمیان بێ.

***

ڤیدیۆی 10ی خاکەلێوە 

***

خوشک و برایانی خۆشەویست!

هەڤاڵان و دۆستانی بە ئەمەگی کاک ئەحمەد کاکەمەمی!

کۆچی دوایی لە ناکاو و بێ‌وادەی هاوسەر و بابی خۆشەویستمان، هەمووانی تاساند و ئێمەش بە پەرۆشەوە ئەو خەسارە قەبوول دەکەین و خەمبارین.

بێگومان شەپۆلی هاوخەمی ئێوە دەردەخات کە کۆچکردوو بە تەنیا مولکی بنەماڵەکەی نەبوە و بەڵکوو لە ناو دلی هاورێیانیدا جێگەی تایبەتی هەیە. سوکناییمان بۆ ئەو خەمە گەورە، رێزو خۆشەویستی ئیوەیە بۆ تێکۆشانی دوورودرێژی باوکمان.

لەلایەن بنەمالەوە وێرای سوپاس و سەرەخۆشی لە خەلکی کوردستان و هاورێ و دۆستانی کاک ئەحمەد، ڕادەگەیەنین پاشان لە کات و شۆێنی بەخاک سپاردنی ئازیزی کۆچکردوومان ئاگادارتان دەکەینەوە.

بۆ پەیوەندی گرتن:

0793412607سورەیا خانم

سەنگەر

0739134074

بنەمالەی کاکەمەمی  15-08-2021

****

 نووسینی بەشێک لە دۆستان لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆیان

کاکەبرا ئەلیاسی: بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە ئەوڕۆ ئاگادار کرام کە کاک ئەحمەد کاکەمەمی ئەو شەو ١٥ ئاگووستی ٢٠٢١ دڵە گەورە و پڕ لە حەسەرەتەکەی بۆ ئازادی نیشتمان بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت و بە هەزاران ئاوات و ئامانجی بە دینەهاتووە وە سەری نایەوە،و بنەماڵە ، هاوڕێی و دۆستانی خەمبار کرد.

هاوڕیی ئازیز، بۆ کۆچەکەت، زۆر بەداخم، دەزانم تۆ هەڵگری خەمی نیشتمان بووی و بەردەوام لە خەمی نیشتمان و حیزبەکەت دا بووی کە لاویەتی خوتت لە پێناوی دا تیا بردە سەر. دڵنیام زۆرێک لە هاوڕێی و هاوسەنگەر و دۆستەکانت ئیستا بۆ کۆچی دوایی تۆ ماتەم و خەمبارن. ڕەوانت شاد، یادت بە خەیر

***

تاهیر مەحمودی: کۆچی نابەوەختی کاک ئەحمەد کاکەمەمی تێکۆشەری دێرینی حیزبەکەمان لە دڵەوە خەمباری کردم. بەم بۆنەوە سەرەخۆشی گەرمی خۆم لە بنەماڵەی بەرێزی و سەرجەم ھاوڕێ و ھاوسەنگەرانی و خەلکی دێموکرات پەورەری مھاباد دەکەم.

***

عەزیز مورادپەرەست: تێکۆشەرێکی دێرینی دێموکرات مالئاوایی لێکردین.

بە داخ و کەسەرێکی گەلێک زۆرەوە تێکۆشەری دیار و وەفادار بە رێبازی شەهیدانی کوردستان بەرێز کاک ئەحمەد کەکەمەمی شەوی رابردوو بە هۆی نەخۆشی دڵ لە وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کرد و هەموو مانی خەمبار کرد.

بەو بۆنەوە پرسە سەرەخۆشی خۆمان بە بنەماڵە و کەس کار و ئازیزانی رادەگەیەنین و خۆمان بە خاوەنی ئەم خەم و پرسەیە دەزانین.

روحی کاک ئەحمەد شاد و جێگای بەهەشت بێت. ناو و یادی بە زیندووی دەمێننەوە.

لە ڕۆژانی داهاتوودا هەموو لایەک لە مەراسمی بە خاکسپاری و پرسەی ئەم تێکۆشەرەی دێموکرات ئاگادار دەکەینەوە.

***

ئەحمەد شێربەگی:  بەداخێکی گرانەوە ئەحمەد کاکە مەمی مامۆستا و  کوردی زان و تێکۆشەری دێرینی حیزب  لە گەلاوێژی پیرۆز دا ئەستێرەی ژیانی خوشی و کوژایەوە.

کاکەمەمی قەڵەمێکی نەرم ونیان  بەڵام بە برشت و پڕ لە شکۆی  باوەڕ ، لە شەویەلدای  دۆکتور قاسملووی مەزن دا  ئاوای بۆ نووسیم:

دوکتور قاسملوو،

لە شەوی یەلدا دا میترا و عیشتار ‘ ئاهورا و دادار  ‘ مەریەم و مەسیح  بە جووت  میوانی ماڵە کوردێک  بوون و تا ڕۆژی ڕوون نەخەوتن۰

لەم شەوە دا فرشتەکان وەرین و ئاهریمەنان ڕەوین.

چ شەوێکی درێژ و چ تەمەنێکی کورت بە ساڵ!

بەڵام یادێکی پیرۆزی هەزار ساڵە بۆ  نەتەوەیەک!

لە پەیامێکی دیکەی بۆ کارەساتی٥٩ لاوی ئێعدام کراوی مەهابادی نووسی:

ئەوان گوڵن دەڕوێنەوە، ئەوان ئەستێرەن ھەر دێنەوە ـ گوڵ بە ڕۆژ و ئەستێرە بە شەۆ  سەرگوزەشتەی ئەوان بۆ خۆیان و  بۆ ئێمەو ئەوانی دیش دەگێڕنەوە…

یادی مام ئەحمەد کاکەمەمی هەرمان .پڕ بە دل سەرەخۆشی لە هاوژینی، لە مندالەکانی ولە بنەماڵەکەی دەکەم …

ڕووحت شاد هاورێ

***

بابەعەلی مێهرپەروەر: بەدا خیکی گرانەوە ئیمرۆ هەوالی کۆچی دوایی هاوری وهاوخەبات ودۆستی دیرینم کاک ئەحمەد کاکەمەمیم بیست

من کاک ئەحمەدم پیش شۆرشی گەلانی ئیران لەسالی ۱۳٥۷دا بەهۆی پیشەکەمان (هەردوو بەرپرسی کومیتەی”پیکار بابیسوادی “لەشارەکانی خۆمان بووین )دەناسی و زورجار لەسیمینارەکاندا یەکترمان دەدی هەرلەو کاتەوە کاک ئەحمەد دۆستیکی بەریزم بوو پاشان کەلە حزبی دیموکراتدا یەکترمان دیتەوە دۆستیکەمان بووبە هاوخەباتیش. بەراستی بۆمەرگی لەنەکاوی کاك ئەحمەد یەکجار بەپەرۆشم رۆحی شاد سەرخۆشی لەبنەمالە موحتەرەمەکەی وهاوری وهاوسەنگەرانی ئەکەم وبشداری خەمیانم

***

هەڵاڵە قازی: زۆر به‌داخه‌وه‌ برایه‌كی خۆشه‌ویست و دلسۆزم دوینی شه‌و له‌ ستۆكهۆلم كۆچی دوایی كرد.

به‌ دلیكی پر له‌ خه‌مه‌وه‌ هه‌والی دلته‌زینی كۆچی دوایی  دۆست و برا ی نیشتمان په‌روه‌ر و دلسۆزم كاك ئه‌حمه‌دی كاكه‌ مه‌میم پی گه‌شت . خۆم به‌ شه‌ریكی خه‌می سوره‌یا خانم ، كچه‌كان و كوره‌كه‌ی كاك ئه‌حمه‌د ده‌زانم.

كاك ئه‌حمه‌د جگه‌ له‌وه‌ كه‌ كه‌سایه‌تیكی دلسۆز و خه‌م خۆری هه‌مو هاوریكانی بوو كه‌سیكی نیشتمان په‌ره‌وه‌ر و دلسۆز  بوو كه‌ جیگای هه‌میشه‌ دیار ده‌بیت .

روحت شاد برای خۆشه‌ویست و دلسۆزم

***

ڕەشید ئەحمەدی: بە داخوو پەژارەیەکی زۆرەوە هاوڕێ تێکۆشەری ڕێبازی کوردایەتی و هاۆڕیێ ئازیزی هەمومان ڕێزدار کاک ئەحمەد کاکەمەمی بە هۆی نەخۆش دڵ کۆچی دوایی کرد و وبەجی هێشتین.

ئەو غەمە غەمی هەمومانە، ئەم کۆچە ناوەختە دڵی بنەماڵە و گشت هاوڕێانی خستە ئازار بە تاێبەت شەخس خۆم کە 32 ساڵە هاوسەنگەرو  هاورێی و خۆشەویستی یەکدی بوین، ئای کە هەواڵێکی ناخۆش بوو بە زانینی ئەو هەواڵە ڕویشتنی ئەو ئازیزم بۆماوەیەکی درێژ تاسام، بەڵام هیچ ناکرێت لە بەرامبەر ئەم کۆچە ناوەختە غەیری ورەو بەخوداچوون و ڕازی بوون بەم کۆچوو غەمە.

هیوادارم کە ئارامی و سەبوری بێتە دڵی هەموومان و بنەماڵە بەڕێزەکەیان، هەزاران جار ڕۆحت شادوو یادەت هەمیشە زیندوە لە لامان هاوڕێێ هەمیشە زیندو.

***

ئەحمەد ڕەحمانی: ماڵ ئاوا مرۆڤە خۆشەویست و خۆنەویستەکە

ئەمڕۆ کاک ئەحمەدی کاکە مەمیش لەم غوڕبەتە بارگەو بنەی تەمەنی بە نابەدڵی تێکەوە پێچایەوە و لە ماڵ ئاوایی لە ژیان و نە گەیشتن بە خۆزگەکانی کرد.

کاتێ سەیری وێنەکانیم دەکرد بیری منداڵی و تازە لاویم بۆ “گەورەدێ و کانیەمێو” توڕی دامەوە بۆ زیاتر لە ٣٥ ساڵ لەمەوبەر، بنەماڵەیەکی پێشمەرگانەی ھەژار و بەشمەینەت بووین و خۆشی ژیان ڕووی بەلامانەوە نەدەکرد.

دایکم بە چڕە دوکەڵی داران ھەموو چڕوو چاوی ھەڵپڕوزابوون ھێندە فوو لە ئاگر بکاتەوە.

باوکم لە گەڵ کاک ئەحمەدی کاکە مەمی ھاوکار بوون لە تەداروکات و بەشی خواردەمەنی حیزب، خوا ھەڵناگرێ زۆر جاران کاک ئەحمەدی کاکە مەمی لە گەڵ باوکم دەھاتەوە ماڵێ و بە نان و چێشتی دوکەڵاوی قەناعەتی ھەبوو.

لە گەڵ ئێمە وەکو مامێک مێھرەبان، لەسەرخۆ، ھێمن و ھاندەر و ڕێنوێنیشمان بوو بۆ دەرس خوێندن.

ئەو ڕۆژەم ھەرگیز لە بیر ناچێتەوە کە کاک ئەحمەدی کاکە مەمی شۆعلەگاز و کەپسوولێکی بە باوکم دا ناردبۆوە ماڵێ و گوتبووی با براژنم لەو چڕە دووکەڵەی ڕزگاری بێ، دایکم شاگەشکە بوو بە بینینی شوعلەگاز و کەپسوولە بۆر و ھەزاران جار خۆی بە قوربانی کاک ئەحمەدی کاکە مەمی کرد.

ئەمڕۆ بە بیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی کاک ئەحمەدی کاکە مەمی بیرەوەریەکانی سەردەمی نەوجەوانیم پۆلوو ئاسا گەشانەوە و وردیلە فرمێسک بەری چاوانیان گرتم.

ماڵ ئاوا مرۆڤە خۆشەویست و خۆنەویستەکە.

گیانتان ئارام نەگەیشتوو بە لە ئامێزگرتنی ئازادی نیشتیمان.

حوسێن نازدار: بەداخەوە،هاوڕێ ئەحمەد کاکە مەمی تێکۆشەری دێرینی دێمۆکرات ومامۆستای زمانی کوردی،بەهۆی نەخۆشی لەسوئێدکۆچی دوایی کرد،بەم بۆنەوەسەرەخۆشی لە

بنەماڵە وئازیزانی کاکەمەمی وتێکۆشەرانی دێموکرات وخەڵکی بەشەڕەفی مەهاباد دەکەم،هاوبەشی خەمیانم، ڕوحی شاد،ڕێگای تێکۆشانی پڕڕێبوار،سڵامەتی وسێبووری

بۆ بنەماڵە وئازیزان وهاوڕێیانی

***

سەید عەلی هاشمی: بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی کاک ئەحمەدی کاکەمەمی کە دڵە گەورەکەی هەمیشە بۆ ئازادی نیشتمانی لێدەدا، لە لێدان کەوت هەزاران سڵاو لە گیانی ئەو پێشمەرگە بەئاوات نەگەیشتوەبێ،

هاوڕیی خۆشەویست دڵنیابە ڕێبوارانی رێگای دێموکرات رۆژێک دادی ئاواتەکانت دێننەدی، داخی گرانم زۆر زوو بەجێت هێشتین، بەڵام قوتابیانی رێبازی دێموکرات، میراتگرانی ئەو رێگا پیرۆزە هەرگیز ناهێڵن کاروانی خەبات لەپێناو رەزگاری لە خەبات بوەستێ وئاواتەکانی تۆ ودەیان نەمری دیکەی گەلەکەمان دێننەدی.

بەبۆنەی کۆچی دوایی هاورێی تێکۆشانی دەیان ساڵەم سەرەخۆشی لە دادە سورەیا ومناڵەکانی و هاورێی ودۆستانی دەکەم وشەریکی خەمتانم.

***

مستەفا موسەوی: کوچی ناوادەی مامۆستای ئازیزم تەزاندمی، یەکەم ڕۆژەکانی ناسینیم لە کامەم ئەو کاتەی لە دەورەی مامۆستایەتیی شۆرش دابووین هاتەوە بیر، کەسێکی قسە خۆشی رووخۆش کە تا دوا ڕۆژەکانی ژیانی هەروا مایەوە و دڵنیاشم بە دوور کەوتنەوەی جەستەی لە ناومان لە ناو بیر و دڵماندا هەر جێی خۆی هەیە، لە دوایین دیدارمان لە وێستڕوس بە شانازییەوە بە تەوار و نیمام ناساند و پێم وتن کە جەنابیان مامۆستای زمانی کوردیم بوون. گەورەم، مامۆستا و برای ئازیزم یادت هەمیشە لە دڵمدا دەمێنێتەوە، ئۆغرت بەخێر.

***

عەلی ئاس: کاتێک هاوری و هاوسنگەرێکی خۆشەویستت ماڵاوایی لە ژیان دەکات یا تێکەڵ بە ریزی کاروانی نەمران دەبێت تەنیا جێگایەک کە پەنایی بۆ دەبەی ئاڵبۆمیی وێنەکانە لەو وێنەیە دا کاک ئەحمەد کاکەمەمی تێکۆشەری مەهابان و منتەقەی مەنگورایەتی ماڵاوایمان لێ دەکات.

زۆر بەداخەوە بۆ ماڵاوایی هەمیشەیت قەدردانی بۆ ماندوو بون زەحمەتەکانت رێز لە خەباتی زیاتر لە 40 ساڵت.

یاد و ناوت لە دڵمان دا زیندویە رەوانت شاد

***

بەهیە حەیدەری: ماڵمان لەو شارە بوو کە ماڵی کاک ئەحمەد و بنەماڵەکەیی لێ دەژیان. کاک ئەحمەد مامۆستای زمانی کوردیی زۆرێک لە مناڵە کوردەکانی ئەو شارە بوو. ساڵەکانی ٢٠٠١-٢٠٠٢ مامۆستای زمانی کاکە بێستوونیش بوو. یەکجار نێوانیان خۆش بوو. ڕۆژێک پرسیبووی: بێستوون گیان ناوی هەندێ لە شاعیرانی کورد بڵێ. ئەویش لە وەڵاما وتبووی: ناسر ڕەزازی، مامۆ قادر و نەجمەدین خوڵامی. زۆر جار کە  بە یەک دەگەیشتین، بەو قسەیە پێدەکەنین و هەر جارێکیش کاک ئەحمەد بە ئێمە دەگەیشت باسی ئارامی و وریایی کاکە بێستوونی دەکرد. لە جێژنێکی ٢ی ڕێبەندان دیتمان کاکە بێستوون لامان نەما. کاتێک بینیمان  کاک ئەحمەد لە ساڵۆنەکە لە گەڵ کەسێکی دیکە قسەی دەکرد و بێستوونیش لە پەنای وەستابوو. ئەویش ئاوڕێکی لێ دەداتەوە و دەڵێ سڵاو کاکە بێستوون گیان، چۆنی؟  کارت بە من بوو؟ ئەویش لە وەڵاما ئەڵێ نەوەڵا هەر وتم سڵاوێکت بکەم.

ڕۆحی کاک ئەحمەد شاد! حەیف زوو بوو

***

مەستوورە سوڵتانی: کاک ئەحمەدی کاکەمەم لە هەمووبوارێک دا زانا  کەسایەتێکی  خۆشەویستی  دیاری دێموکرات  ماڵ ئاوا و ڕوحت شاد بێ کە هەتا هەتایە لەبیر ناچیەوە و جێگات زۆر دیاردەبێت  لە نێو کۆری یاران دا.

***

دڵشاد هەورامی: گیانی من تەنیا مەچۆ

دەی بێ تۆ چۆن باسی ناسکی گوڵ و ئاگری نەورۆز و دەردی دڵ  و دەردی کورد ئەکرێت.

کەسم  دڵم بۆ پێکەنینەکانت، بۆ ئارامیت و نامەکانت و تاسەی بینینەوەی دووبارەت و لێت فێر بوون  تەنگ ئەبێت.

چیت بۆ بنوسم ئاشنا؟

بێ تۆ زۆر کەس، یەکیان من، بێکەستر و تەنیاتر و بێ دۆستتر و خەمگینتر لە دوێنی دەژین.

بە خەمت کەوتووم کاکە گیان.

ڕۆحت شاد ئازیزی دڵ

***

حەمە عەلی عینایەتی: کۆچی دوایی پیاگخاسێک

چوار شەو پێش زەنگم بۆ برام کاک احمد کاکەمەمێ لێ دا، هەواڵی خۆێ و حیزبم لێ پرسی. گوتی شایەت لەساڵڕۆژی ۲٥ گەلاوێژا ببینەوە یەک.

دەستی شکاوم ئیستا هەواڵی کۆچی دواییم بیست.هیچ ناکرێت ، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هەموو رەفیقانی دەکەم شەریکی خەمی لەدەستدانی برامان کاک احمدکاکەمەمێ م.

***

حوسێن رەسوڵی: چاوەکانم پێڵاوت بوون.

نەت بردن یان لە بیرت چوون؟

یان وەلات ناون بۆ شین؟

لە کەو دەن ئەسرین و بگرین.

یادت بەڕێزە وهەمیشە زیندووە.

روحی ماندووت شاد کاک ئەحمەد.

***

چیا عەلیار: بەداخێکی گرانەوە

هاوڕیی خۆشەویست و تێکۆشەری لە مێژینەی گەلی کورد و حیزبی دێموکڕات

کاک ئەحمەد کاکەمەمی  لە شاری ستوکهوڵم ماڵاوایی یەکجاری لە هاوڕی و هاوسەنگەرانی کرد .

روحت شاد پیاوی زانا و تێکۆشەر و خۆشەویست

***

سەلاح ئارامیش: ئەم شارە بی رەنگە ئەم وەڵاتە هیندەی دیكە ساردە بی تۆ

كاك ئەحمەدی خۆشەویست و شۆرشگێر ماڵئاوا

***

تەیموو مستەفایی: مەرگی ناوادەی تێکۆشەرێکی دیموکرات

لە فەیسبووک چاوم بە هەواڵێک کەوت کە تێیدا هاتبوو

کاک ئەحمەد کاکەمەمی کۆچی دوایی کردووە، بەم هەواڵە گەلێک خەمبار بوم.

کاک ئەحمەد لەو مرۆڤە، ڕۆشەنبیر و خەباتگێڕ ، دڵسۆز ومەندانە بوو کە بەرێژایی تەمەنی خەمی نیشتمان و ڕزگاری گەلەکەی لە دڵدا بوو.

لە ساڵەکانی شەست بەم لاوە کاک ئەحمەدم دەناسی ،چ ئەوکات ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی کۆمیتەی شارستانی مەهاباد بوو ،چ ئەوساڵانە لە گەورەدێ بەرپرسی تەداروکاتی گشتی بوو.لە تەواوی ئەو ساڵانەدا نمونەی مرۆڤێکی دەروەست و شۆڕشگێڕ دەهاتە بەرچاوم، هەر بۆیە ڕێز و خۆشەویستیەکی تایبەتم بۆی هەبوو.

ڕۆحی شاد و سەری بنەماڵەکەی ودۆستانی سڵامەت بێ.

***

برایم لاجانی: به‌ داخێکی گرانه‌وه‌ هه‌واڵی کۆچی دوایی هاوڕێ و برای خۆشه‌ویستم کاک “ئه‌حمه‌دی کاکه‌مه‌می”م پێ گه‌یشت. له‌ ده‌ست دانی کاک ئه‌حمه‌د خه‌سارێکی گه‌وره‌یه‌ بۆ فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی گه‌له‌که‌مان و بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی کوردستان، ئه‌و دنیایه‌ک بوو له‌ وشه‌ و ڕسته‌ و ده‌سته‌واژه‌ و ئیستلاحی کوردی و کانیه‌ک بوو له‌ بیر و باوه‌ڕی کوردایه‌تی، یاد و ناوی هه‌ر به‌رز و به‌خێر بێ و ئامانجه‌کانی که‌ رزگاری نه‌ته‌وه‌که‌ی بوو بێنه‌ دی. سه‌ره‌خۆشی و ته‌سلیه‌ت به‌ بنه‌ماڵه‌ و که‌س و کاری و به‌ تایبه‌ت به‌ کۆمیته‌ی حیزب له‌ سوێد ده‌ڵێم. ڕووحیان شاد بێت و جێگایان به‌هه‌شت بێت.

***

فەرەیدون حوسێنی: برا و ھاورێ و مامۆستام! 

ھەواڵەکەم بیستووە، دەی سەختە باور کردنی و ئاستەمە ڕاھاتن بە جیھانێک کە پێکەنین و دەنگی نەرم و پشتیوانی و دڵگەرمیەکانی تۆی تێدا نەبێت.

بە دیار خۆمەوە دانیشتووم و بیر لەو گشت ساڵە دۆستایەتی و گەورەیەت دەکەمەوەو خەم وەک خوێن گشت گیانم دەگەرێت و سڕ ئەبم.

رۆحت شاد بێت کاکی خۆم

بۆ ھەمیشە لە دڵ و دەروونمدا بە زیندوویی و گەورەیی دەمێنیتەوە.

 یاد و ناو و یادگاریەکانت لە دڵدا ھەڵدەگرم كاك ئەحمەدی نوسەر  زانا و  تێكۆشەر و شیرین زمان.

ڕۆحت شاد

***

برایم جەهانگیری: یانی تازە رۆژانە هیچم بۆ نانێری و دوو گەپ و قسەی خۆشت لێ نابیسم!

جا وەرە تازە فەیس بووک بکەیەوە و یەکەم پەیام کە بۆت هاتبێ، هەواڵی مەرگی لە ناکاوی کاک ئەحمەدی کاکە مەمەمی بێ. تازە لە سەر دیوارەکەی نووسیم هیوادارم وانەبێ و ئەو خەبەرە راست نەبێ ئاخر جارێ پێویستیمان پێتە کاک ئەحمەدی کاکە مەمی. کەچی دەبینم نەخێر بەداخوە خەبەرەکە ڕاستە.

 لە دەست دان و کۆچی نا بە وەختی ئەحمەدی کاکە مەمی تێکۆشەری دێرینی حیزب و گەل، دڵسۆزێکی نیشتمانپەروەری کوردپەروەر، زمانزان و کوردیزان و قەڵەم پاراوێکی خەمخۆری زمان و ئەدەبیاتی کورد، کەسێکی دەست و دڵ پاک و  هێدی  ولەسەرە خۆ، خەسارەتێکی گەورەیە بۆ کورد وکوردستان.

    لە تەشکیلاتی مەهابادەوە و ئەو کاتی کە بەرپرسی بەشی ماڵی بوو ناسیومە، بۆ چەند ساڵیک لێک هەڵبڕاین بەڵام لەو ساڵانەی دوایی دا یەکترمان دیتەوە پێوەندییەکی گەرم و گوڕمان هەبوو، لەو فەیس بووکە بە بۆچوون و بە نووسین ئەگەرچی بە داخەوە کەمی دەنووسی هەست و سۆزی کوردانە و خەمخۆری بۆ دۆزی ڕەوای کورد دەردەبڕێ، تا سەر ئێسقان دژی خەیانەت و خاک فرۆشی بوو،  باوەڕێکی نەگۆڕی بەوە هەبوو

 کە کورد تەنیا بە یەکگرتووی و سازکردنی بەرەیەکی کوردستانی دەتوانێ ببێ بە هێزێک کە لە دواڕۆژ دا بتوانێ لانی کەمی مافەکانی خۆی دەستەبەر بکا.  زۆر جاران داوام لێ دەکرد کە بنووسە کاکە بنووسە قسەکانت و نووسینەکانت شوێن دانەرن، دەیکوت بەستێنی فەیس بووک بەستێنێکی سالم نیەو مرۆڤ ناتوانێ قسەی دڵی خۆی تێدا بکا، ترۆری فیکریت دەکەن.

 بەڵێ کاک ئەحمەدی کاکە مەمی  بەداخەوە ئەوڕۆ دڵە پڕ لەهەستەکەی بەعەشقی نیشتمان خۆشەویستی لە کار کەوت و خەمێکی قووڵی خستە سەر دڵی هەموو ئەو کەسانەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان دووراو دوور ناسوییانە.

 ڕەوانت شاد و خزم و کەس و دۆست وهاوڕێیانت سڵامەت بن.

 هەر لێرەشەوە سەرەخۆشی لە خزم و کەس و دۆستان وهاوڕێیانی دەکەم .

***

سیامەند شیخ ئاغایی: هەوال مەرگتم بیست هاوریی خۆشەویستم احمد گیان، یەکەمجار باوەڕم نەکرد و تاسام، سەرەنجام قبوولم کرد مەرگ بۆ هەموو زیندەوریکە و کەس لیی رزگاڕ نابی. بەلام پاش مەرگی ئازیزان دڵ ، دەرون و رەوان ئالۆز دەبن و تیک دە ئالقین و خرۆشان ئەژنۆیان دەچەمینەوە . من ئیستا بە پەرۆشەوە‌ و بیدەسەلات فرمیسک دەبارینم. هاوڕی تۆ لە نەکاو رۆیشتی و بی مالئاوایی بەجیت هیشتین، بەلام دلنیام هەتا زیندووم  لەبیرت ناکەم، یادت بۆ هەمیشە لام زیندوو ، سەری هاوژینی بەریزت سوڕیا خانم و مندالەکانت ساکار، سەنگەر و سۆما ساخ بی، رەوانت شاد بیت روحی رەوانم …

***

ئەمیر سوڵتانی: باشترین هاورێم ماڵئاویی لێکردم،

سەیر بکە هاورێ، هەموو بۆت رەشپۆش بوون

دارو دیوار رەنگی روخساری تۆیان گرتووە

سەیر بکە هاورێ هەموو غەمباری ماڵئاواییتن

دەی هەستەوە هاورێ

سەیر بکە هەموو بەدوای تۆدا دەگەرێن

تۆ کە ئاوا بەبێ دەنگی رۆیشتی

بۆچی ئاگات لە ئێمە نەبوو

 بۆچی ماڵئاواییت لێ نەکردین

ئێستا لەکوێی ئەدیب و بەئەدەبەکەی دێموکرات

لە کوێی دڵپاکترین و خۆشەویسترین مرۆڤی بێ هاوتا.

دەی هاورێی زێدە ئازیز، دەڵێن دەبێ ماڵئاویی لەیەکتر بکەین! من دەبێ ماڵئاوایی لە تۆ و لە بیرەوەریەکانت بکەم! من دەبێ ماڵئاویی لە تۆی ئەمین و مەتین، تێکۆشەرو دێموکرات بەمانای ووشە بکەم.

کاک ئەحمەد تۆ لەو جۆرە کەسانە نی کە ماڵئاوایی بکەی، هەمیشە لە نێو دڵ و بیرو هزری رێبوارانتدا زیندووی.

چ شانازییەکی گەورەیە لە ساڵرۆژی لەدایکبوونی حیزبەکەتدا بەجێمان دێڵی. روحت شاد کاک ئەحمەدی خۆشەویست

***

مەولود ئازەرئەفشان: ڕوحت شاد بێ تێکۆشەری دێرین و ماندوو نەناس کاک ئەحمەدی هێژا  و تێکۆشەر بێگومان  لەمەودوا بێ توو بە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەی دیار دەبیت یاد و ناوت بۆ هەمیشە لە دەڵ و دەروونی هەموومان بەزیندوویی دەمێنێتەوە.

***

مەنسور عەزیزی: هەواڵێکی زۆر ناخۆش بوو هەواڵی مردنت کاک ئەحمەدی کاکەمەمیی زۆر ئازیز! رۆحت شاد و یادت هەرمان مرۆڤە خەمخۆرەکەی کورد و حیزبی دێموکرات.

***

کامڕان قازی: چاوەروانی هەموو شتم دەکرد جگە لە کۆچی دوایی کاک ئەحمەد کاکە مەمی.

ئاخر هەر دۆێنێ بوو پەیامت دا و ئەحوالمت پرسی و بۆم نیگەران بووی.

کاک ئەحمەد لەم کەسانە بوو لە رۆژەسەختەکان بۆخۆی بۆلات دەهات.

هەموو تایبەت مەندیییەکانی مرۆڤێکی دلسۆزی هەبوو. هەم رەفیق، هەم شۆرشگێر، هەم قسە خۆش هەم هاوبیر و راوێژ لە یەک ووشەدا پشت بوو، باب بوو.

لە سەر کەسایەتی کاک ئەحمەد هەرچی بنوسم هەر کەمە

تا ماوم لە دلمدا ماوی و لەبیرت ناکەم.

***

رەشید حەیدەری: لە نێوان “کۆیلایەتی” و “ئازادی”دا مەودایەک هەیە. کەسێک کە خۆی نەناسیبێت، ئەو مەودایە وەک دەریایەکی تۆفانی و مەترسیدار دەبینێت کە تێپەڕین لێی مەحاڵ دەنوێنێ. هەر بۆیە، لە ترسی خنکان و تیاچوون، پشت لە ئازادی دەکات!

کەسێک کە خۆی ناسی، تێدەگا کە مەودای نێوان ئەو دوو جیهانە سەراب و تراویلکەیەک زیاتر نییە. بۆیە بەسەر ترس و لەرزی بێ بناخەدا زاڵ دەبێ و ڕێگای ئازادی دەگرێتە بەر و بە ئازادی دەگا. هەڵبەت گەیشتن بە ئازادی بۆ مرۆڤی ئازادیخواز نەک کۆتایی بەڵکوو دەسپێکی ڕێگایە. ئەو جۆرە مرۆڤانە کە خۆیان ئازاد کرد، تەنیا بە ئازادیی خۆیان ڕازی نابن. ئەوان پێیان وایە کە ئازادیی ئەوان کاتێک واتای دەبێت کە دەر و دراوسێیەکانیان، خەڵکی گوندەکەیان، خەڵکی شارەکەیان، خەڵکی وڵاتەکەیان، … ئازاد بن. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی تا بە سەربەرزی سەردەنێنەوە، لە بیری ڕزگاریی گەل و نیشتماندا بن و ساتێک لێی خافڵ نەبن. کاک ئەحمەد نموونەی دیاری ئەو جۆرە مرۆڤانەیە، کە تا دواهەناسە لە بیری ئازادیی گەل و نیشتمانەکەیدا بوو و بەکردەوە کاری بۆ کرد.

کاک ئەحمەد! خزمەتەکانت بە گەل و نیشتمان و زمانی کوردی لەبەر چاون و لە بیر ناچن. ڕۆحت شاد و ڕێگای خەبات و تێکۆشانت، تا گەیشتن بە ئامانج، بەردەوام بێت.

***

ئازاد عەزیزی: هاوڕێی خۆشەویست کاک ئەحمەدی کاکەمەی ،تێکۆشەری لێهاتووی گەلەکەمان کۆچی دوایی کرد. لە دەست دانی کاک ئەحمەد خەسارێکی گەورە  و خەمێکی زۆری خستە دلی هەمووان.سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزیان دەکەم و خۆم بە شداری خەمیان دەزانم.

***

سەلاح سوڵتانپەنا: بەبۆنەی کۆچی ناوادەی تێکۆشەر و خەبارگێڕی دێرین کاک ئەحمەدی کاکەمەمی . ئەو مرۆڤە هێمن ،لەسەرەخۆ ، ڕووخۆش ، بەئەمەگ ،وەفادار بە ڕێبازەکەی و دۆستان و هاوڕێیانی ، ئەو  مرۆڤە کوردی زان و شۆڕشگێڕە لەبەردڵانەی وا بەشی هەرە زۆری ژیانی لە خەبات و شوڕشدا بردە سەر و بە دڵ خزمەتی دۆزی ڕەوای نەتەوەکەی و زمان و ئەدەبی نەتەوەکەی کرد . لە لایەن خۆم و بنەماڵەی ئەنوەرخانی سوڵتانپەناوە  پڕبەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی کاک ئەحمەدی کاکە مەمیی خۆشەویست  ،کەس و کار و خزم و دوستان و  هاوخەباتانی ئەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم و هیوای سەبووریان بۆ دەخوازم .

هیوادارم دوا کۆسپی بنەماڵەیان بێت

ڕۆحی شاد و ناو و یادی بەرز و بەڕێز

***

مراد مێهرەبان: لە کاتێک دا کە دەهەویست پۆستێک بۆ پیرۆزبای 25ی گەلاوێژ لە فەیسبووک دانێم چاوم بە هەواڵی دڵتەزێنی کۆچی دوای خزم ،هاوڕێ و هاوپیشەم کاک ئەحمەد کاکەمەمی کەوت، بەڕاستی لە ناحەوە هەژاندمێ.

کاک ئەحمەد مرۆڤێکی کەم وێنە بوو، لە چەندی بواری جیاواز دا توانی بووی خۆی لە ناو دڵی هاورێیانی دا جێ کاتەوە.

هاوڕێیەکی قسە خۆش ، نووسەرێکی بەتوانا لەبواری کتێبی خوێندن هەروەها ماموستایەکی ژیری رێزمانی کوردی.

یادت لەدڵان دا هەر دەم زیندووە.

***

برایم قەزاق: شەست و پێنج ساڵ پێش ئێستا  مەرحوومی بابم لە ئاوایی  هەمزاوایە مامۆستای قوتابخانەی دەبێ ، چەن ساڵ دواتریش من لە 27 ی رێبەندانێ لەو دێیە چاوبە دنیا هەڵ دێنم .

6 ـــ 7 رۆژ پێش ئێستا کاک ئەحمەدی هەمیشە زیندوو تەلەیفوونی بۆ کردم و زۆری ئەحواڵی دایکم و خوشک و براکانمی پرسی ، لە خۆمی پرسی چۆنی  تەندروستیت چۆنە ؟ عەرزم کرد باشم ،  ئەوە ژنێ شام لە سەر کۆشم داناوە و خەریکم  !

قاقایەکی لێ دا و کوتی چ دەکەم ؟

قوربان بەسەری پیری خەریکم فێری تاری دەبم و زۆرم خۆش دەۆێ و نێوم ناوە ژنێ شای ! زۆرمان قسە کرد …..

پاشان لێم پرسی ئەرێ لە بیرت ماوە ساڵی 1356 ی لە ئاخری هاوینێ دا  قۆری یەکتان ئاوری گرت بوو لە سابڵاغێ را ماشێنی ئاور کوژێنەوە بۆ هێنابوون !

ئەوێ رۆژێ دەگەڵ بابم چووبووینە راوێ ، لە زیندا دەرێ چاومان لێ کرد ئەوە قۆری یەکی ماڵە کاک ئەحمەدی ئاوری گرتووە …..

کوتی کورە چاکم لە بیرە ، لە پێش ماڵان ماشێن دە جۆگەی دا  حاسێ بوو شیلانگیان زۆر کورت بوو ئاوەکە نەدەگەیشتێ ، خەمی قۆرێ هیچ خەمی ماشێنیشمان هاتە سەر شان چۆنی دەر بێنینەوە !

کاک ئەحمەد و کاکە عەوڵام و خوشکی گەورەم لە هەمزاوایە دەچنە قوتابخانە ، جا زۆریان هاتوو چۆ دەکردین ، کە دەهاتن چەن خورجین کاڵەک و شووتی و خرچە و شەمامەیان بۆ دێناین .

کاک ئەحمەد زۆر ئینسانێکی بە ئەمەگ و نیشتیمان پەروەر بوو ، لە سەرەتای شۆرش دا هاتە نێو ریزی حیزب و بە حیزبەکەشی وەفادار مایەوە.

روحی شاد بێ

سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەیان و هەموو خزم و کەسانی  دەکەم ، روحی شاد بێ

***

زۆر بە داخەوە بۆ کۆچی دوایی تێکۆشەری ماندونەناسی رێگا و رێبازی دیمۆکرات کاک ئەحمەدی کاکەمەمی. بەم کۆچی لە ناکاوەت دڵی ھەموو ھاوڕێ و دۆستانت تاساند . رۆحت شاد بێ و ھاوبەشی ئەو خەمە گەورییەم و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کاک ئەحمەد دەکەم.

***

عەلی جوانمەردی: زۆر بە داخم لە کۆچی دوایی کەسایەتی شۆرشگێری کورد ئەحمەد کاکەمی. زۆر کات لە ڕێگای پەیامەوە پشتگیری دەکردم. ئەو پەیامە ھەشت ڕۆژ پێش کۆچی دوایی کاک ئەحمەدە. ڕوحی پاکی شاد بێت و بنەماڵەی سەربەرزی تەمەن درێژ بن.

***

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی