"an independent online kurdish website

٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان

بەسەرکردنەوەی پێشمەرگەیەکی، ئازا، نەترس و کۆڵنەدەر، خاکی و خاکیپۆش مامۆستا حەسەن شێوەەسەڵی

حەسەن ئیبراهیمی کە لە نێو دۆستان و هاوبیروباوەڕەکانی و پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە مامۆستا حەسەن شێوەسەڵی ناسروەو و دەناسرێ. ناوبراو لە ساڵی ١٣٢٦ هەتاوی لە گوندی شێوەسەڵ لە شاری سەردەشت لە دایک بووە. ناوبراو خوێندنی دینی لە حوجرە و قوتابخانە سونەتیەکان خوێندووە. مامۆستا شێوەسەڵی لە سالی ١٣٤٠ هەتاوی چالاکی ساسی دەست پێکردووەو لە ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی بەفەرمی بووەتە ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران. ناوبراو لە هەمان ساڵدا  ڕێکخراوەیەکی لە ژێر ناوی کۆمەڵگای (خوێندکارانی دینی) لە چوارچێوەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا دامەزراندووەو سەرپەرەستی کردووە.

مامۆستا لە خەباتی کومیتەی ئینقلابی حیزبی دیموکرات لە نێوان ساڵەکانی ١٣٤٦ و ١٣٤٧ کە لە لایەن سڵێمان معینی و ئیسمائیل شەریفزادە گەڵالەی بۆ داڕژرابوو، وەک هەستەی نهێنی چالاک، ئامادە و هەر بەو هۆکارەش لە ساڵی ١٣٤٦ لە  لایەن دەزگای داپڵۆسێنەری ساواک دەگیرێ و ٥ سال زیندانی بۆ دەبڕنەوە.  مامۆستا دوای چەند مانگ لە تێپەڕکردنی دەورەی ٥ ساڵەی زیندانیەکەی، دوو بارە جارێکی تر ساواک دەیگرێتەوەو ئەم جارە سێ مانگ لەژێر پرس و جۆو ئەشکەنجەدا دەبێ و پاشان دوای سێ مانگ  ئازادی دەکەن و پاش ئازاد بوونی لە ساڵی ١٣٥٢هەتاوی بەرەو عێراق سەفەر دەکا و لەوێ بەفەرمی چالاکیەکانی خۆی لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستان دەست پێ دەکا و لە بەغدا نیشتەجی دەبێ.

دوای ئاڵۆزیەکانی ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی لە ئێران مامۆستا بۆ لێکۆڵینەوەی زۆرتر کە چی روودەدا لەو وڵاتەدا چەند جار بە نهێنی سەردانی کوردستانی کردووەو چووەتە ناوچەی جۆراو جۆر و هەر لەو بوارەدا لە یەکێک لە مەئموریەتیەکانی بۆ وڵات پێکهێنانی تەشکیلاتی نهێنی بۆ دژایەتی ڕژیمی پاشایەتی دەبێ و سەرئەنجام ناوبراو لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لەگەڵ ئەندامانی کۆمیتەی زاگرۆسی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە نهێنی و بۆ هەمیشە دەگەڕێنەوە ڕۆژهەڵاتی کوردساتان و لە لایەن حیزبی دیموکرات بەرەو ورمێ دەینێرن و لەوێ دەست دەکا بە چالاکی سیاسی و پێکهێنانی شانەی تەشکیلاتی. پاش سەرکەوتنی گەلانی ئێران و ڕۆخانی نیزامی پاشایەتی لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی مامۆستا لەگەڵ ئەو ئەفسەرانەی کە لە سپای پاشایەتی جیا ببونەوە، هێزی نیزامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی لە ژێر ناوی پێشمەرگە سەرپەرەستی دەکرد و بۆخۆشی وەک فەرماندەی یەکێک لەو هێزانە  هەڵدەبژێرێ و لە نێوان ساڵانی ١٣٥٨ی هەتاوی تاکو ١٣٦٦ وەک ئەندامێکی بەڕێوەبەری ئەو حیزبە لە بەشی نیزامی چالاکی ئەنجام داوەو لە پۆستی جۆراو جۆریش کاری کردووە.

بەشاهیدی کادروپێشمەرگەوتێکۆشەرانی دێموکرات وخەڵکی کوردستان: مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی، مرۆڤێکی ئازادیخواز،عەداڵەتخواز،نیشتیمان پەروەر، دێموکرات و شۆڕشگێر بوو.رووناکبیرێکی بیرکراوە، تیژبیرو وریاو ژیر بوو. رەخنەگرێکی بنیاتنەروڕاهێنەرێکی داهێنەر بوو.سیاسەتوانێکی واقێعبین،دووربین،بە هومێدو باوەڕ پێکراوبوو..

مودیرێکی بەبەرنامە، بەئەزموون، دڵسۆز، بەمشوور، پڕکاروچالاک بوو. فەرماندەیەکی لێوەشاوە، شارەزا، بە توانا، ئازاو فیداکار بوو. پێشمەرگەیەکی بەدیسپلین، خاوەن ڕەوشت وئاکاروکردەوەی دێموکراتی بوو. کادرێکی ڕاستگۆ، رووخۆش خۆش مەشرەف وخاکی وخەڵکی بوو.

هەموو ئەو تایبەتمەندییە بەرزانە بوون کە مامۆستا حەسەن شیوەسەڵیان کردبە خۆشەویست وجێی متمانەو هیواوهومێدی خەڵکی کوردستان، لە لایەکی دیکەشەوە فەرماندەیی و ئازایەتی وفیداکاری و قارەمانەتی کەم وێنەی حەسەن شیوەسەڵی لە شەڕی جەبهەیی دورودریژو شەری پارتیزانی لە ناوەندوباکوور وباشووری رۆژهەڵاتی کوردستان لەدژی بەکرێگیراوانی رێژیمی ئیسلامی ئیران،ببوو بە باس و وێردی سەرزمانی خەڵکی کوردستان وترس ودڵەڕاوکێ ونیگەرانیەکی زۆری بۆ دەسەڵاتدارانی رێژیمی ئیسلامی ئیران دروست کردبوو، هەر بۆیە پیلانی تیرۆرکردنی مامۆستا حەسەن شیوەسەڵیان داڕشت..

ئەوە بوو لە ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی دوو کەس بە ناوەکانی سەمەد کاژەیی و حەسەن ڕەمەزانی وەک میوان دێنە سەردانی وەک دیاریش کتێبی (ددان سپی) جەک لەندەن کە بۆ زمانی فارسی وەرگێڕابوو پێشکەشی مامۆستا دەکەن. ناغافڵ لەوەی کە ئەم جاشانە پلانی شەهید کردنی مامۆستایان لە کەلەی پووچیان بووە کە هاوکاری سپای ئێتڵاعاتی مێشک ژەنگاویان جێ بەجێ کردووە. دیارە ئەم کتێبە لە لایەن وەزارەتی ئێتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆمبڕێژ کرابوو. بەداخەوە کتێبەکە لە دەستی مامۆستا دەتەقێتەوەو لەم کردەوە تێروریستیەدا مامۆستا هەردوو دەستی و بینایەکانی و یەکێک لە گوێیەکانی ناشنەوێ و گوێکەی تری ٢٥ لە سەدای دەشنەوێ و هەستی بۆن کردن و هەشت ددانی لەدەست دەدا. هەر لە کاتی تەقینەوەی کتێبەکەدا سێنگیشی بریندار دەبێ و دەسووتێ و لە هەمان کاتدا مامۆستا تووشی نەخۆشی تینوتوس دەبێ.

لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کە خائین و ئەنجامدەری یەکەم سەمەد کاژەیی بووە بە هاوکاری و چاودێری ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ گەڵاڵەی تێرۆرەکە داڕێژراوەو جێ بەجێیان کردووە.

مامۆستا بەو هەلومەرجەی تاکو ساڵی ١٩٩٥ لە کوردستان مایەوەو پاش ئەوە واتە لە هەمان ساڵدا وەک پەنابەری سیاسی لە وڵاتی سوید لەگەڵ بنەماڵەکەی وەردەگیرێن. مامۆستا لە ساڵی ١٣٨٣هەتاوی وەک ئەندامی  ئیفتخاری کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە.

 ناوبراو سەرەڕای ئەو کێشەو گرفتانەی کە تووشی بووە، زمانی سویدی بە باشی فێر بووەو جگە لە سویدیش لەگەڵ زمانەکانی عەرەبی و فارسیش بە باشی شاڕەزایە.

لێرەش جێگای خۆیەتی کە سپاسی هاوسەری بەڕێزیان خاتوو کولسوم بکەین کە لە ڕۆژە سەختەکان و تاکو ئێستاشی لەگەڵ بێ هاوسەر و هاودەم و هاوکاری مامۆستا بووەو لەو گشت ساڵانەی کە لە کۆڕوکۆبونەوەکان لە وڵاتی سوید پێکهاتووە، مامۆستا ئامادە بووەو ماندوو نەناسانە هەردەم نەزەروبۆچوونەکانی خۆی لەسەر ڕووداوەکان و ئاڵوگۆڕەکانی کوردستان و حیزبی دیموکرات و جیهان بەگشتی دەر بڕیوە  و ئەمەش جێگای شانازی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتە. لە کۆتایشدا ئەوە دەڵێم کە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سەری وەک داڵەهۆ، شاهۆو بەمۆ و قەندیل بەرزە چوونکە جگە لە ڕێبەرانی شەهیدی، شەهیدی زیندوو هەزاران پێشمەرگەی ئازا و کۆڵنەدەری وەک مامۆستای هەیە کە ئەندامی لاشەیان لەدەست داوەو فیدای خاک و نیشتمانیان کردووە. ئێوە جێگای شانازی ئێمەن. داوای تەمەن درێژی بۆ بنەماڵەی مامۆستا  دەکەین و تەمەن درێژ بن.

سەرچاوەکان:

٢٩هەمین ساڵرۆژی تێرۆری مامۆستا حەسەن شیوەسەلی، حوسێن نازدار

حەمید تەیموری

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی