"an independent online kurdish website

٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان

پێشمەرگە وشەیەکی پیرۆزی کوردییە، بە واتای ئەو قارەمانە کوردە شۆڕشگێڕانە دێت کە لە پێناوی ئازادی و رزگاری کوردستان دا مەرگی خۆیان خستوتە پێش هەموو شتێکەوە.

پێشمەرگە هەردەم گیان لەسەر دەستن و شەهید بوونیان لە پێناوی کوردستان دا لووتکەی شکۆداری و سەروەری و نەمرییانە، بۆیە پێشمەرگە ترس نازانێت و هەرگیز لە گیانبەخشین و مردن سڵی نەکردووە و سڵ ناکاتەوە.

سەرەڕای ئەوەی کە پێشمەرگە پێگە و ڕۆڵی سەرەکی لە خەباتی نەتەوەی کورد و خۆڕاگری لە بەرانبەر داگیرکەر و بەرەنگاربوونەوەی دۆژمن بووە و ھێزێکی شوێندانەر و سەرەکی لە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی کوردستاندا ھەبووە،

ھەوڵێکی جددی نەدراوە کە پێناسەیەکی تیۆریک یان واتایی لەو ھێزە بکرێت، کە شیاوی ھەوڵ و ڕوونکەرەوەی ڕۆڵ و ئەرکی خۆھەڵبژێری ئەوان بێت لە خەباتی گشتی کوردستاندا.

هەر جۆرێک بێ ئەم جارەیش خاکی پۆشێکی تر بەسەر دەکەینەوە کە ناوبراویش سەردەمانێک پێشمەرگە بووە و چالاکیەکانی خۆی لە ڕێزی تێکۆشەرانی دیموکرات ئەرک و وەزیفەی جێ بە جێ کردووە. ئەم پێشمەرگەیە ناوی کاک ناسر عەزیزی و ئێستا لە وڵاتی سوید دەژی. ناوبراو دەنووسێ و دەڵێ:

ناوم ناسر عەزیزی و لە گوندی کزێیی سەر بە سەلاسی باوەجانی لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی لە دایک بووم. هەر بە منداڵی بە هۆی شەڕی ئێران و عێراق لەگەڵ بنەماڵەکەم ئاوارەی باشووری کوردستان بووین. سەرەتا لە دسکەرە و پاشان لە کەمپی ئەلتاش لە لایەن حکومەتی بەعس نیشتەجێ کراین.

ناوبراو دەنووسێ: لەوێ نێردرامە مەکتەب تاکوو قۆناغی ناوەندی خوێندم، بەڵام بە هۆی دەست کورتی بنەماڵەکەم ناچار وازم لە خوێندن هێناو دەستم کرد بە کرێکاری بۆ بژیوی بنەماڵەکەم. دوای چەند مانگ ئاشنایم بە حیزب لە ساڵی ١٩٨٨ چوومە نێو حیزب، بەڵام بە هۆی کەمی تەمەنمەوە ناردرامە یەکیەتی لاوان. پاش چەند ساڵ لە ڕیزی یەکیەتی لاوان ڕەوانەی هێزی ١١٠ی بەیان کرام و لەوێ وەک پێشمەرگە درێژەم بە ئەرکی حیزبی دا.

هەر لە درێژەی نووسینەکەیدا ناوبراو دەنووسێ ساڵی ١٩٩٣ ژیانی هاوسەرگیریم پێکهێناوەو ئێستا خاوەنی ٣ منداڵم. هەروەها لە ساڵی ١٩٩٩ لە ڕێگای UNHCR وەک پەنابەری سیاسی لە وڵاتی سوید قەبوڵ کراین و لەو وڵاتدا نیشتەجێ بووین. کاک ناسر دەنووسێ کە لەو ماوەیەدا لە سوید نیشتەجێ بووە لە درێژەدانی  ئەرکی حیزبی بەردەوام بووە و ٤ دەور لە کومیتەی ڤێسترۆس و دەورێک لە کومیتەی یەکیەتی کوردان و دەورێکیش لە کومیتەی گشتی لەم وڵاتە کاری کردووە.

هەڵبەتە کاک ناسر لە کارو چالاکیە حیزبیەکانیدا زۆر بە پرینسیپ و تەواوە و ئەرکەکانی بە مەسئوولیەتەوە ڕاپەڕاندووە و دیارە دەورێکیش لە کومیتەی گشتی هاوکار بووین.

 هیوای سڵامەتی و سەرکەوتن بۆ هاوڕێی پێشمەرگەی خاکی پۆش. مرۆڤ لە هەرکوێ خەبات دژی داگیرکەرانی کوردستان بکا، دەورو ڕۆڵی پێشمەرگە دەگێڕی، شەرت نیە پێشمەرگە هەر چەکی لە شان بێ. سەرکەوتوو بێ خەباتی گەلی کورد دژ بە ملهوڕی و داگیرکاری و کاولکاری!

سەرچاوە:

من شەڕواز نیم بەڵام… نووسینی خۆم

http://www.chawykurd.com/details.aspx?=hewal&jmare=2597&Jor=49&Jor2=71

حەمید تەیموری

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی