"an independent online kurdish website

٢٩سال لەمەوە بەرلە ١٦ى سەرماوەزى ١٣٦٦دا، رێژیمی ئیسلامیى ئێران لە کردەوەیەکى تیرۆریستیدا، کتێبێکى بۆمبڕێژکراو بە ناوى “سپید دندان” بۆ مامۆستا حەسەن  شیوەسەڵی،

ئەندامی کومیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران دەنێرێ کە بە داخەوە لە دستیدا دەتەقێتەوە و لە ئەنجامی ئەو تێرۆرە دا مامۆستا حەسەن  هەر دوو دەست و چاوەکانى و هەستی بۆن کردن، لە دەست دەدا. هەروەها هەشت ددان و بیسایی گوێیەکانیشى تا رادەى ١٠٠%و ٢٥% لەدەست دەدا و سینگی بە تەواوی دەسوتێ و تووشی نەخۆشی تینیتووس دێت.

بە شاهیدی کادر و پێشمەرگە و تێکۆشەرانی دێموکرات و خەڵکی کوردستان؛ مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی، مرۆڤێکی ئازادیخواز، نیشتیمان پەروەر، دێموکرات و شۆڕشگێر بوو. رووناکبیرێکی بیرکراوە، تیژبیرو وریا و ژیر بوو. رەخنەگرێکی بنیاتنەرو ڕاهێنەرێکی داهێنەر بوو. سیاسەتوانێکی واقێعبین، دووربین، بە هومێد و باوەڕ پێکراو بوو. مودیرێکی بە بەرنامە، بە ئەزموون، دڵسۆز بە مشوور، پڕ کار و چالاک بوو. فەرماندەیەکی لێوەشاوە، شارەزا، بە توانا، ئازاو فیداکار بوو. پێشمەرگەیەکی بە دیسپلین، خاوەن ڕەوشت و ئاکار و کردەوەی دێموکراتی بوو. کادرێکی ڕاستگۆ، رووخۆش، خۆش مەشرەف و خاکی و خەڵکی بوو.

هەموو ئەو تایبەتمەندییە بەرزانە بوون کە مامۆستا حەسەن شیوەسەڵیان کرد بە خۆشەویست و جێی متمانە و هیوا و هومێدی  خەڵکی کوردستان، لە لایەکی دیکەشەوە فەرماندەیی و ئازایەتی و فیداکاری و قارەمانەتی کەم وێنەی حەسەن شیوەسەڵی لە  شەڕی جەبهەیی دورودریژ و شەری پارتیزانی لە ناوەند و باکوور و باشووری رۆژهەڵاتی کوردستان  لە دژی بەکرێگیراوانی رێژیمی ئیسلامی ئیران، ببوو بە باس و وێردی سەر زمانی خەڵکی  کوردستان و ترس و دڵەڕاوکێ و نیگەرانیەکی زۆری بۆ دەسەڵاتدارانی رێژیمی ئیسلامی ئیران دروست کرد بوو هەر بۆیە پیلانی تیرۆر کردنی مامۆستا حەسەن شیوەسەڵیان  جێبەجێ کرد.

mela-hassan._qasmlu

تیرۆر کردنی مامۆستا  حەسەن شیوەسەڵی زەبرێکی کاریگەر و شوێندانەر بوو کە بە جەستەی حیزبی دێموکرات کەوت و بۆ بزووتنەوەی میللی دێموکراتی  رۆژهەڵاتی کوردستانیش خەسارێکی گەورە بوو. ئەم تیرۆرە لە لایەک بوو بە مایەی خەموو پەژارەی خەلکی کوردستان و دۆستانی گەلی کورد و لە لایەکی دیکەوە ڕق و قینی شۆڕشگیرانەی رۆڵەکانی گەلی کوردی بەرامبەر بە رێژیمی ئیسلامی ئیران زیاتر لە پێشوو بزواند و لەسەر درێژدانی خەبات و رێبازی مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی شێلگیرتری کردن .

رێژیمی ئیسلامی ئیران  پێی وابوو  بەم تیرۆرە  مامۆستا حەسەن دەکوژێ و حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان لە خەبات و تێکۆشان سارد دەبنەوە، بەڵام پاش تێپەر بوونی ٢٩ ساڵ بەسەر ئەم تیرۆرەدا، مامۆستا حەسەن شیوەسەلی بەردەوام و بێحەسانەوە و پسانەوە بە شیوازی سیاسی و تەشکیلاتی و دیپلۆماسی لە دژی ریژیمی ئیسلامی ئیران خەبات دەکات و حیزبی دیمۆکرات و بیرو رێباز و ئامانجی شیوەسەڵی بەردەوام لە بەرەو پیشچوون و گەشە و درەوشانەوە دان و قوتابیانی شێوەسەڵی ئاڵای پڕ لەشانازی ئەویان بە شەکاوەیی ڕاگرتووە و بۆ گەیشتن بە ماف و ئامانجە بەرزەکانی نەتەوەی کورد دڵسۆزانە و سەر بەرزانە و و شیلگیرانە خەبات دەکەن.

تێبینی١: ئەو خۆفرۆشانەی کە ئەو تێرۆرەیان جێبەجێ کرد ٢کەس بوون: ١-حەسەنی رەمەزانی و ٢-سەمەدی مەڵا حەسەنی کاژێی ناوچەی سەردەشت، کە لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیرانەوە گیران و بەسەزای تاوانی خۆیان گەیشتن.

تێبینی٢: پێویستە ئاماژە بە ئەوە بکەم کە دادە کلسووم (هاوسەری مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی) نەخش و رۆڵی گرینگ بووە لە پاراستن و بەردەوامی ژیان و زیندوو مانەوەی مامۆستا حەسەن، بەم بۆنەوە سپاس و رێز و ئەمەگداری خۆم ئاراستەی دادە کلسووم دەکەم و لە ئاست لە خۆبوردویی و دڵسۆزی و فیداکاری ئەم خۆشکە گەورە و بەرێزە سەری رێزو نەوازش دادەنوێنم، هیوادارم  لەگەڵ مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی تەندروست و تەمەن درێژو و شاد و سەر فرازبن.

 

حوسێن نازدار-١٦ی سەرماوەزی ١٣٩٥

بابەتی پەیوەندی دار

ڤیدیۆ

ڤیدیۆکانی یوتوب

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی