"an independent online kurdish website

لەدوای توانەوەی بەستەڵەکی مەزن و دەستپێکی ڕێژنەبارانە لافاوییەکان لە ئەشکەوتێکی سێ کوچکە بە ئاسمانی بەندەنێکی چڕی دارستان، بە ڕێبواری ئەو مرۆڤانەی تەنگیان بە ژیان هەڵچنیبوو

داگەڕامە شانەدەر و کەژ و چیای ئەو خاکەم کردە بێشکەی نیشتمان و بەرەو شارستانیەت هەنگاوم نا. من ئەو مرۆڤە بووم کەوشەنی خۆم ڕانا و بە چوار سووچی جوغرافییایەکی هەڵدێر و تەلان و شاخاوی دەشتە بەپیتەکانم کردە زەوی و ئاوی نێو دووچۆمانم هەڵبەست و بەرەو زاگرۆس هەتا هەتەر کا بەکەناری ڕۆخ و خەلیج و تۆرۆسم کردە باوەش لە نێوان هەموو ئەو ڕووبار و لێرەوار و چوار وەرزی ساڵێکی زۆر پەڕژینی وڵاتێکم وێنا کرد و قاناو و کارێزم وەدەرنا. تۆچان لەبەر قەد تۆوی ژیانم بە زەوی وەرکرد و یەکەم وەرزێری زەوی بژاری شەوی وەیشوومە بە ئاگرێک داگیرساند و ئاژەڵە کێویلکەکانم دەستەمۆکرد و سەر سەر کوێستان و گەرمێنم کردە پیشە…. کاتێک لە دەشتایی هەتاوی خوام لێ ون بوو و دەستم وێڕانەدەگەیشت پەرستگەیەکم چێ کرد بەرز بە بەژنی چیاکان باڵا وەکوو گردێک بۆ نزای باران و بژیوی ئەو مناڵانەی هیوای داهاتووی وڵاتێک بوون ڕەگەزی منی مرۆڤی هەویدار تێدا شین دەبوو و گەشەی دەکرد. لە زەرزی و بێتکارە و شاهۆ و مەتین و نژدەر هاتمە خوار بە قامیش و چڵغوو و قوڕ و تاتە بەرد لە وەرزی بەردین ماڵێکم کردە ئاوایی و لەیەکتر کۆبووینەوە پۆل پۆل پشتمان بەیەکەوە نا و ئاوێتەی جۆرە ژینێک نیشتەجێ بەرەو کۆمەڵ دەچووین.

ئەوە من بووم یەکەم شار و دیار و مەڵبەند و ناوچە و کانگام هەڵقوڵاند لە مەفرەق و قورقوشم و زێر و زیو، وەستام خولقاندی هەموو نەخش و نیگارێک شەوانە لە خەیاڵی خوایەکی مەزن دەنەخشا ئەوینێکی بێ بنی ئەوەندە گەورە ببوە حاسمان و ئاو و برووسک و شەڕ و مانگ و خۆر و هەموو هێمایەکی ئەو سرووشتە ناوازەیە بە ڕەنگاڵەیەکی بێ پشوو ئەسپی شێی شکۆی ڕەگەزێکم تاو دەدا و سۆمێر و کەڵوگامێش سواری زەوی بە خوا و مرۆڤێک وێنەی ئەو خۆشەویستەی بەدوای ڕازی ژیان حەوداڵی ئازادی و مانەوە بوو.

منم ئەو مرۆڤەی خونکارە خوێن مژەکانم یەک بە دوای یەک ڕاو دەکرد و سپا و لەشکری هێرشبەرم تێکدەقرماند و بەرگریم لە ئاخی پیرۆزی باوکالم دەکرد، خوای شارم گۆدێئا هێمای هەموو خۆشەویستییەک بە ڕەچەڵکی ئەو مەڵبەندانەی خۆم شوورەم بۆ کێشابوو و وێڕای پسمام بەیەکێتی دەوری نەمانی دوژمنانمان هەڵدەگیرساند. کاتێک لۆلۆ و گۆتی و میتانی و کاسی و هۆری لە ئاخێزگەی هەیڤی بەپیت داروپەردووی نیشتمانێکیان هەڵدەچنی، شۆفارەی قین لە دڵ بە گژ داروبەردی دادەهات و منیش لەسەرخۆ هێدی ژینم کردبوو قوربانی و بەراتی خوای درەوشاوەی ڕووناکی هەتا کانی ورەم دەدا بە ژوانی لاوانی نیشتمانم و بە ئاشتی و خۆشەویستی خاک فیدا دەکرد گیانی نازدار.

من شکام هەستامەوە، من گیرام ڕزگار بووم، من کوژرام ژیامەوە، منی شاربەدەر گەڕامەوە و لە گردێکی بەرزی هەگمەتانە بە حەوت شوورەی ڕەنگینیی ڕەگەزی خۆم قەڵایەکم چێکرد هەتا دیوەخانی دیاکۆ پڕ بێ لە شێرە ژن و پیاوی نیشتمان بۆ داهاتوو بۆ سەربەستی یەکەم شانشینی ئەو بانووەم دامەزراند.

من و بابیلۆنی دۆست بەسەر خاپوور و فورات و دیجلەدا ئاژووت ئەو لەشکرەی لە خۆرەوە بەرەو دەستەڵاتی تاریکی کەللەسەری مرۆڤی دەکردە مەتاڵ و ژینی ژنی پێخوستی پێ و نرخی مێر شەق و مەرگ بوو، لە خوێن دەگەوزا ئەو تەرمانەی وەکوو چەم دەشۆراوە پیاوەتی لە جەستەی مرۆڤایەتی، تاومان دا هەتا ئاگری نەورۆز لە باژێری مەزن پێتەختی ڕۆژگار لەسەر پشتی فەرماندەری ڕەشی دوژمن گڕی گرت و پەیکی شایی هۆوەخشەتەرە بە خۆشی سەرکەوتن جیهانی داگرت. منم هەورامان، منم توشپا ئورارتوو و ماننا، ئایینی ئەهوورا ڕووناکی بەخشی، ئاو و ژیان خولقاندی ئافرەت بە ڕێزەوە خێزان ئاشتیخوازی پلان بەڵام ئەو هەر دەهات ددانی تیژ دەکرد ڕوو دەبووە من…

سپای بەرگریم لە خاکی پیرۆز شەماڵێک بوو پرچی ئازادی دەشەکاندەوە و بە تورک و عەرەب و فۆرس دەگژم هاتن، کوشتیانم، داگیریان کردم بەڵام هەدام نەدا و قەڵغانم دەچاوی دوژمنان ڕۆ دەکرد و کولی ئەو باوەڕە بووم هات و گیرفانی پڕکرد و مێشکی تەزاند و قەڵافەتی داچۆڕاند بەناوی هەور و هێڵ مێژوو و زمان و کلتووری بە یەغما برد، ئەوە من بووم ڕاوەستام، مەسحەفا ڕەش و جیلوە و مارەفەتووپیرم هەڵدایەوە ئەو لاپەڕە خۆمانەیەی یار و سان و تاوس بە ڕەنگی جامانەیەک کوێر دەبوون ئەو قەل و سیسارکانەی دەمیان بۆگەنیوی خوێناوی بە بزەوە دەیانخواردم و هەر نەمدەزانی و دەمڕوانی. خۆڕاگرتر لە هەموو مێژوو لە سەردەمێک بە لەونی جۆراوجۆر لە زناوێکی بێ کۆتایی بە تەم و مژێکی نادیار بەهیوا بەرەو ئاسۆ هەنگاو دەنێم و هەردەبێ دوند و لوتکە لانەی هەڵۆ بێ و قەل لە کاولی وێرانە بقیڕێنیت.

سەلیم حەقیقی

2022/02/10

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی