"an independent online kurdish website

رووداو دیجیتاڵ:  ئەمریکا ژمارەیەک سزای بەسەر کەسایەتیێکی بازرگانیی ئێرانی و تۆڕی کۆمپانیاکانیدا سەپاندن، کە تۆمەتبارە بە هاوکاریکردنی تاران لە بەدەستهێنانی کەرەستەی دروستکردنی مووشەکی بالیستی.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە بەرامبەر هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی 13ی ئەم مانگەی ئێران بۆ سەر هەولێر، هێرشی مووشەکی حووسییەکان بۆ سەر کۆمپانیای ئارامکۆی سعودیە، کە بە گوتەی خۆی بە “پاڵپشتیی ئێران کراوە”، هەروەها هێرشەکانی دیکەی حووسییەکان بۆ سەر سعودیە و ئیمارات، محەممەد عەلی حوسێنی و تۆڕی کۆماپانیاکانی خستووەتە لیستی سزاکانی.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا باس لەوە دەکات، محەممەد عەلی حوسێنی و گرووپی کۆمپانیاکانی تۆمەتبارن بە دابینکردنی کەرەستەی دروستکردنی مووشەک بۆ پڕۆگرامی مووشەکی بالیستیی سوپای پاسدارانی ئێران.

بەگوێرەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، محەممەد عەلی حوسێنی تۆڕێک کۆمپانیای لە خزمەتی بەرنامەی مووشەکی بالیستیی ئێراندا بەکارهێناوە، لە نێویشیاندا کۆمپانیای جێستار سەنعات دێلیجان و کۆمپانیای سینا دێلیجان.

دەشڵێت: “حوسێنی خودی خۆی بەشداربووە لە کۆبوونەوەی ئاست باڵا و لەگەڵ بەرپرسارنی باڵای نێو سوپای پاسدارانی ئێران هاتووچۆی کردووە، هەروەها وەکو بەڕێوەبەری کۆمپانیای سینا دێلیجان، بە بەکارهێنانی بەڵگەنامەی ساختە، ئامێری ئامادەکردنی لاستیکی نیتریلی لە چینەوە هێناوە” بۆ ئەوەی لە پڕۆگرامی مووشەکی بالیستیی ئێراندا بەکاربهێنرێت.

سەپاندنی سزاکان سڕکردنی سامان و قەدخەکردنی پێدانی ڤیزای ئەمریکی و قەدەخەکردنی مامەڵە داراییەکان لەگەڵ ئەو کەسایەتیی و کۆمپانیایانە دەگرێتەوە.

لە هێرشەکەی 13ی ئاداردا بۆ سەر هەولێر، ماڵی شێخ باز بەرزنجی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کار گرووپ، بە مووشەکی بالیستی کرایە ئامانج. دواتر سوپاى پاسداران بەرپرسیارێتیى لەو ھێرشە راگەیاند.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، 30ـی ئاداری 2022، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان لە رێگەی ماتیو تولەر، باڵیۆزی ئەمریکاوە لە عێراق نامه‌يه‌كى جۆ بايدنی سەرۆکی ئەمریکای پێگەیشت، کە تێیدا سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکە دەکات.

بەگوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: “له‌ نامه‌كه‌يدا جۆ بايدن جه‌ختى كردووەته‌وه‌ کە هه‌رێمى كوردستان هاوبه‌شێكى ‏گرنگى ئه‌مريكايه‌ و پابه‌نديى به‌رده‌وام و دوورمه‌وداى وڵاته‌كه‌ى به‌ ئارامى و ‏سه‌قامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕيوه‌.”

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیاش پێشتر ئاماژەیان بەوە کردووە کە پلانی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی گازی سرووشتی بۆ تورکیا و ئەوروپا، یەکێک بووە لە پاڵنەرەکانی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر.

رۆژی سێشەممە، 29ی ئادار، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆڕبەندی لووتکەی حکومەتەکانی جیهان لە شاری دووبەیی ئیمارات باسی لەوە کرد، پەیوەندیی بە پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق و پرسی بەرهەمهێنانى وزەوە هەبووە لە هەرێمی کوردستان، داواى کرد لێکۆڵینەویەکى نێودەوڵەتى لەو رووداوە بکرێت و لایەنى ئێرانیش سەردانى ئەو شوێنە بکەن، کە بۆردوومانیان کردووە.

هاوکات 25ی ئەم مانگە، دامەزراوە نەوتییەکانی کۆمپانیای ئارامکۆی سعودیەش کەوتە بەر هێرشی  مووشەکیی حووسییەکانی یەمەن، کە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.

حوسیەکان رایانگەیاند، رۆژی هەینی ژماریەک هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە. هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرکردایەتیی سعودیەش گوتی کە وێستگەی دابەشکردنی بەرهەمە پتڕۆکیمیاییەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ لە جەددە بەر هێرش کەوتووە و دوو کۆگای گەورە گڕیانگرتووە، بێ ئەوەی زیانی گیانی لێ بکەوێتەوە.

سەپاندنی ئەم سزایە نوێیانە بۆ سەر ئەو بازرگانە ئێرانییە لە کاتێکدایە کە گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤیەننا وەستاون. بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بكرێت، بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی گوتووە، سەپاندنی سزاکان پەیوەندیی بە هەوڵەکانی نوێکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمییەوە نییە.

هاوکات برایان نێلسن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ هەواڵگریی دارایی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: “لە کاتێکدا کە ئەمریکا بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ئێران بگەڕێنێتەوە سەر پابەندبوونی تەواو بە رێککەوتنی ئەتۆمی، ئێمە دوودڵ نابین لە بەئامانجکردنی ئەو کەسانەی پاڵپشتیی پڕۆگرامی بالیستیی ئێران دەکەن.”

گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی ئێران و ئەمریکا لە سەرەتای مانگی ئادار لە گەیشتن بە رێککەوتن نزیکبوو، بەڵام دواتر رووسیا کە لایەنێکی سەرەکیی نێو رێککەوتنەکەیە، لە بەرامبەر رازیبوون بە مەرجەکانی رۆژئاوا کە بڕیاربوو بخرێنە نێو رێککەوتننامە نوێیەکە، داوای کرد گەرەنتیی گەورەی پێبدرێت و ئەو سزایانەی لە دوای هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکراینا، لەسەری کەمبکرێنەوە.

بەڵام دیپلۆماتە بەشداربووەکانی دانوستاندنەکانی ڤیەننا باس لەوە دەکەن، رووسیا وا دەردەکەوێت کە داواکارییەکانی کەمکردبنەوە و تەنیا ئەوانەی هێشتبنەوە کە پەیوەندییان بە بابەتی رێککەوتنی ئەتۆمییەوە هەیە، بەوەش ژمارەیەکی کەمی پرسەکان ماونەتەوە کە دەبێت واشنتن و تاران لە سەریان رێکبکەون.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی