"an independent online kurdish website

تەنانەت كەناڵەكانی راگەیاندنی ئێرانیش هەموو دوبارەی دەكەنەوە كە پارتی شەریكە ئۆپەراسیۆنی سەركەوتووی فەجری دوو بووە, بە پێچەوانەی زۆرینەوە,

مەسعود  بارزانی  سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەو كات و ئێستا, هاشا لەوە دەكات بەشداری راستەوخۆی ئۆپەراسیۆنی فەجری دوویان كردبێت, وەلێ هەر خۆشی دان بەوەدا دەنێت كە ئاگاداری پەلامارەكە بوونە و هەماهەنگییان لە دوو قۆڵەوە بە قازانجی ئۆپەراسیۆنی  فەجری دوو و  كۆماری ئیسلامی ئێران كردووە, لە بەرەی قەسرێ  ناودەشت و سیدەكان, گرنتیان داوەتە كۆماری ئیسلامی ئێران لەم دوو قۆڵەوە بێخەم بن و دەیان پارێزن لە مەترسی پەلاماری سوپای عێراق, ئەوەی كەمترین هوشیاری كاری سەربازی هەبێت دەزانێت هەر ئەوەندە هەماهەنگی و بەشدارییە لە پرۆسەی جەنگ, بۆ هێرشی هێزێك بۆ ناو خاكێی ولاتێكی دیكە پاراستنی هێرش بەران لە دوو قۆڵ لە كۆی سێ قوڵ  زۆر زیاتریشە لە بەشداریكردن, هێزی پەلاماردەر لە قولایی 16 كم دەورەدراوە بە هێزی وڵاتی  هێرش بۆكراو كە لەوكاتەدا لە لوتكەی بەهێزی خۆیدا بوو.

 هەندێك لە بەشداربووانی ئەوكاتی بەرەی ناودەشت پێیان وایە  بەشێك بوونە لە بەرەی شەڕەكە ئەگەر لە ئۆپەراسیۆنی حاجی ئۆمەران تاكە كەسێكیش بەشداری نەكردبێت, بەڵكە هاوكات و هاوتەنیشت بەرەیەكی دیكەیان كردۆتەوە لە مێژووی نوێی كورددا بە شەڕی قەندیلی دوو ناسراوە, بەڵام ساغبۆتەوە پارتی وەك چاوساغ و رێنیشاندەری كردووە لە حاجی ئۆمەران و هێزەكانی ئێرانی بردۆتە ناو قولایی خاكی عێراقەوە , بە قولایی 10 میل بۆ پشت سەنگەرەكانی حكومەتی عێراق لە بەرەی حاجی ئۆمەران و 24 كاتژمێر زووتر بەشداری ئۆپەراسیۆنەكەی كردووە, دیارە بارزانی ئەمەش بە بەشداری لە جەنگ نازانێت, چونكە فیشەكی تێدا نەتەقێنراوە, لە رووی سەربازییەوە كارەساتی خولقاندووە بۆ هێزەكانی عێراقی,  هەموو دەزانین هێزەكانی پارتی لە روی چەك و مرۆییەوە لەوكاتە لە ئاستی ئۆپەراسیۆنێكی وادا نەبووە, ئەوەی هەیبووە شارەزایی و ناسینی خەڵكی ناوچەكە و زانیاری هەواڵگری بووە, شارەزایانە ئەمانەی بەكار هێناوە وەك راگەیاندنەكانی ئێرانی ئاماژەی پێ دەدەن.

 بارزانی لە یاداوەرەكانیدا دەنووسێت “بە مەبەستی كەمكردنەوەی گوشار لەسەر بەرەكانی ناوەڕاست و باشوور, ئێران بڕیاری دا بەرەیەكی نوێ لە میحوەری حاجی ئۆمەران بكاتەوە لە ژێر ناونیشانی ( وەلفەجری دوو), بۆ ئەم مەبەستەش  پلانی گرتنی بەرزاییەكانی حاجی ئۆمەرانی داڕشت, بە پێی پلانەكە هێزەكەیان تا گەڵاڵە دادەبەزین بە مەبەستی كردنەوەی رێی قەسرێ بۆ ناودەشت.

سەرهەنگ شیرازی و موحسین رەزایی سەردانی خانێیان كرد, بە مەبەستی باس و گفتوگۆ لەسەر پلانەكەیان و داوای چاوپێكەوتنی منیان كرد. لەبەشێكی دیدارەكەدا داوای بەشداری پێشمەرگەیان لە هێرشەكەدا كرد, لە وەڵامدا بۆم روون كردنەوە كە پێشمەرگە ناتوانێت راستەوخۆ بەشداری لە هێرشەكەدا بكات, چونكە هێزی گەورە, ئیمكاناتی پێویست و ئەزموونی شەڕی سەربازیی گەورەمان نییە, شەڕی ئێمە شەڕی پارتیزانییە.

پێشم گوتن, ئێمە هێز دەنێرین بۆ ناوچەی ناودەشت و بەمەش ئێوە لە لایەكی بەرەی شەڕ دڵنیا دەبن و بۆ ئێمەش دەرگایەكی گەورە بەرەو ناوچەكانی رەواندز و قەڵادزێ دەكرێتەوە و ……, لە لای بەرەی رۆژئاواش, واتا لای سیدەكان, هێزمان هەیە و هەر هەڕەشەو مەترسییەك لەو دوو رێیەوە بۆتان بێت, پێشمەرگە بەریان پێ دەگرێت و رووبەروویان دەبێتەوە, چونكە دیار بوو مەترسیی ئەوەیان هەبوو لە دوو لاوە هێرشیان بكرێتە سەر, بۆیە بەم وەڵامەی من زۆر خۆشحاڵ بوون. هەروەها پێم گوتن كە بۆ ناوچەی ناودەشت لە رووی لۆجستیكەوە زۆر دوورەو كاتێكی باشی پێویستە تا رێی قەسرێ دەكرێتەوە, بۆیە ئەگەر ئێوە لە رووی گواستنەوەی بریندارو گەیاندنی پێویستییەكان بە هێلیكۆپتەر یارمەتیمان نەدەن, بە مانای ئەوەیە لەو بەرەیە تووشی كارەسات دەبین.

بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ هەموو لایەنەكانی بەرەی جود قسەمان كرد, لە مەكتەبی سیاسی پارتیش كۆبوونەوە كرا, هەموویان پێیان خۆش بوو هێزی جوود بچێتە ناوچەی ناودەشت. بڕیار بوو ئەگەر یەكێتیش رێی پێگرتن, لەسەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە پێشمەرگەكانی حشع و حسك لە بەهاری 1983 كردبووی, تۆڵەی خۆیان لە یەكێتی بكەنەوە, كە دەیان پێشمەرگەی دیلی لێ شەهید كردبوون. لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا كە كاك ئیدریس لە لایەن جودەوە سەرپەرشتی هێرشەكە بكات” لێرەدا ئایا بارزانی ئەنجامی كۆبوونەوەی خۆی لە گەڵ ئێرانییەكان بۆ لایەنەكانی بەرەی جود باس كردووە؟؟”.

لەسەر وردەكاری پلانەكە, ناكۆكی كەوتە نێوان ژمارەیەك بەرپرسی سوپای پاسداران و جەیشی ئێرانەوە, كە نا كامڵ  و لە خۆبایی بوون. كەسێكیان بەناوی رەبیعی گوتی: هەزاران پاسدار شەهید بێت بۆتان گرنگ نییە, بەڵام ناتانەوێت پێشمەرگەیەك خوێنی لێ بێت. منیش بە توندی وەڵامم دایەوە, دواتر هەمووو رەخنەی توندیان لە رەبیعی گرت. بەشداربوانی كۆبونەوەكە بریتی بوون لە  سەرهەنگ ستاری, نوێنەری جەیش, سەرهەنگ جەلالی, نوێنەری لەشكری 64ی ورمێ و ئیستەكی, نوێنەری سوپای پاسداران).

رۆژی 20-7-1983, هێرشی ئێران بۆ بەرزاییەكانی باكوور و باشوور و رۆژئاوای حاجی ئۆمەران دەستی پێكرد. سەرەتا لە زۆر شوێن سەركەوتنی بە پەلەیان بە دەست هێنا و بەرزاییەكانیان گرت, بەڵام لەناو خودی حاجی ئۆمەران و شەقامەكانی بۆ دەربەند, عێراق بەرگرییەكی توندی كرد, بەڵام دوای شەڕێكی قورس حاجی ئۆمەران تا رایات و بەرزاییەكانی بەتەواوی كەوتنە دەست ئێران. دوای گرتنی ناوچەكە هەر زوو ناوی شوێنەكانیان گۆڕی و ناوی خۆیان لەسەر دانا, كە من بەم كارەیان نیگەران بووم و لە كۆبوونەوەی رۆژی 30-7-1983 لەگەڵ شیرازی و موحسین رەزایی ناڕەزایەتییەكی توندم نیشان دا, داوام لێ كردن رێنمایی و ئامۆژگاری بە هێزەكانیان بدەن واز لەم كارەیان بێنن و بە كردەوەش كردیان. ئێران نەیتوانی لە رایات  بچێتە خوارتر, بەهۆی ئەم شەڕەوە خەڵكێكی زۆر لە ناوچەكە ئاوارە بوون . بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد – بەرگی چوارەم 1975-1990  شۆڕشی گوڵان  – ل 202, 203, 204″.

پێی دەچێت  پارتی و ئێران بۆ ئۆپەراسیۆنەكە ژووری عەمەلیاتی هاوبەشیان پێك  هێنابێت, دەنا كۆبوونەوە دوای كۆبوونەوە  چۆن وا بە سانایی و زویی  رێكدەخرێت؟؟, ئەگەر پارتی بەشدار نییە چ پێویست دەكات بەم هەموو كۆبونەوانە,  لە لایەكی دییەوە ئەو مێژووەی بارزانی دیاریكردووە بۆ كۆبونەوەی دووەم و ناڕەزایی دەربڕین بۆ گۆڕینی ناوی شوێنەكان لە لایەن ئێرانەوە هەڵەیە, راستە لە 20ی یۆلی ئێرانینیەكان و  پارتی بەناو هێزەكانی بەعسدا 24 كاتژمێر زووتر چوونەتە پشت بەرەی شەڕەوە, لێ  هێشتا  تەقە دەستی پێ نەكردووە, شوێنەكان هەموو بەدەست عێراقەوەن, لە كاتژمێری یەكەمی هەینی رێكەوتی 22-7-1983 شەڕ دەستی پێكردووە, بۆ گۆڕینی ناوی شوێنەكانیش كەوتۆتە دوای رێكەوتی دەستپێكی ئۆپەراسیۆنەكەوە, بۆیە ئەو كۆبونەوەیە دوای ئەو مێژووە   ئەنجام دراوە كە بارزانی ئاماژەی پێی داوە لە یاداشتەكەیدا.

لە هەمان كاتدا ئەگەر بەشدار نین  لە ئۆپەراسیۆنەكە, پێویست بە ناڕەزایەتی دەكات لە گۆڕینی ناوی تەنانەت چیاكانیش؟.

“هێزەكانی ئێران لە لایەن شیرازی و موحسین رەزاییەوە  فەرماندەیی دەكران, هێزەكانی عێراقیش لە لایەن فەریق روكن , نەعمە حوسێن فارس ئەلمحیاوی, فەرماندەی فەیلەقی پێنجەوە سەرپەرشتیی دەكران. سەددام خۆیشی سەردانی دیانای كردبوو, لەم شەڕە عێراق چەكی كیمیایی بەكار هێنا.

لە بەرەی ناودەشتیش كە هێزەكانمان چەندین جار كەوتنە بەر هێرش و پەلاماری فڕۆكە و هێلیكۆپتەرەكانی عێراق, ئێران بە هیچ شێوەیەك هاوكاریی نەكردین. لە رۆژی 6ی ئاب هێزەكانمان بە چڕی بۆردومان كران و دوو پێشمەرگە شەهید بوون و سێیش بریندار بوون . بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد – بەرگی چوارەم 1975-1990  شۆڕشی گوڵان- ل 205″. بارزانی ئاماژە  بەوە ناكات, هێزەكانی  ئەوان كێ فەرماندەیی  دەكرد؟, شوێنی فەرماندەییەكە كوێ بوو؟.

” هەرچەندە شكستەكەی سەددام بەرانبەر بە ئێران, شكستێكی گەورە نەبوو, بەڵام كردی بە بیانوو بۆ تاوانە مێژووییەكەی بەرانبەر بە بارزانییەكان و لە رۆژی 31 تەمووزی 1983 دا هەشت هەزار كەسی بارزانی لە تەمەنی 12 تا 90 ساڵان جینۆساید كرا. بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد – بەرگی چوارەم 1975-1990  شۆڕشی گوڵان-ل 206.”.

لەوكاتەدا كە ئێرانییەكان لە فەجری یەك لە باشوور بە سەخی تێك شكابوون, سوپای ئێران دەهێنرێتە پشت جەبهەوە بە قەولی ئێرانییەكان, پانتاییەكی 380 كم چوارگۆشە لەو ناوچە سەختە داگیر دەكرێت, زیاتر لە 4000 كوژراو  بریندار و سەدان دیل دەدرێت, تەرزێكی نوێ لە جەنگ لەناو خاكی عێراق دادەهێنرێت, بە قازانجی كۆماری ئیسلامی ئێرانو بە بروای كاك مەسعود  بارزانی شكستێكی گەورە نەبووە؟, هەرچەندە هیچ بهانەیەك بۆ جینۆسایدكردنی ئەو بارزانییە سڤیلانە نەبووە, هیچ رۆڵێكیان لەو ئۆپەراسیۆنەدا نەبووە,  ئەوەی كرا بڕیاری مەرگی دەرەوەی پرۆسەی دادگاو جینۆسایدێكی عیار 24 بوو.

دیارە بارزانی ئاگای لەوە نییە لەم شەڕەدا داهێنانی كردووە, بەوەی جەنگی ئێران عێراقی هێناوەتە ناو خاكی عێراقەوە, بە تایبەتیش  ناو كوردستانەوە, بۆتە ماڵوێرانی بۆ ناوچەیەكی بەرفراوان لانی كەم 43 گوند و شارە دێ , بووە سەرەتایەك بوو بۆ وێرانكردنی كوردستان و سوتاندنی لە ئاگری جەنگی كۆنەپەرستانەی ئێران عێراقدا. بەو كارەی هێزە چەكدارەكانی لە خەبات بۆ رزگاری نەتەوەیی كردۆتە هێزێكی ئاراستەكراو لە لایەن ئێرانەوە.

بارزانی دەزانێت ئەمەی ئەو دەیكات ئینكاركردنە لە بەشداری لە جەنگێك بۆتە هۆكاری تاوانێكی مەزن, ئیتر قوربانییەكان چی ئەو بن گرنگ نییە, بۆ مرۆڤایەتی, گرنگ هەڵەی ئەو هۆكار بووە بۆ تاوانەكە و پێویستە دان بە راستییەكاندا بنێت و داوای لێبوردن لە قوربانییەكان وخەڵكی ناوچەكەو هەموو زیان لێكەوتووانی ئۆپەراسیۆنەكە بكات و بە سامانی پارتەكەی قەرەبووی مادییان بكاتەوە, وە تەواوی دۆكۆمێنتەكانی تایبەت بە ئۆپەراسیۆنەكەو زانیارییەكانی ئاشكرا بكات, كاتێكیش دوای سێ بۆ پێنج ساڵ   هەمان پرۆسەو كار چەندین جار دووبارە دەكاتەوە, ئەمجارە لە گەڵ  ینك و حسیك و  بزووتنەوەی ئیسلامی و حیزبوڵاكان, دەربڕی ئەوەیە ژیانی خەڵكیان بۆ گرنگ نەبووەو  قوماریان بە چارەنووسی گەلەوە  كردووەو پەندیان لەو شكستە گەورەیە وەرنەگرتووە.

سەید  كاكە  پارتی بەشداری كردووە؟

سەید كاكە یەكێك لە فەرماندە مەیدانییەكانی ئەوكاتی حسك و  ئەندامی سەركردایەتی پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە یاداشتەكانیدا  دەنووسێت”…. حیزب “مەبەستی حسیك ە”منیان نارد  بۆ ناوچەی حەسارۆست هەرێمی 9ی باڵەكمان لەوێ بوو ئەحمەد فەقێ رەش بەرپرسیان بوو ماڵ و منداڵی لەوێ بوون, كە چووم بارودۆخەكە زۆر باش بوو چەند شەڕێكمان لەگەڵ رژێم كرد. هەر لەو كاتەدا ئێران هێرشی كردە سەر ناوچەی حاجی ئۆمەران  ئێمە لەسەر شاخی بەردبووك بووین تەماشای ئەو شەڕەمان دەكرد چونكە شاخی بەردبووك لە ناوچەی چۆمان  و حاجی ئۆمەران  و رایات و ئازادی و زینوێی لێ دیاربوو سوپای عێراق  زۆر بەرهەڵستیان نەكرد حاجی ئۆمەران و زیوێ  و خەلان و ئازادی و رایات لە لایەن ئێران گیران و  پارتی 50  پێشمەرگەیەكیان لە گەڵ بەشی ئێران بوو تەنیا بۆ شارەزایی هاتبوون و شەڕیان نەدەكرد, بەلام هەندێك چەكی هەردوو لایان ” عێراق و ئێران” یان بۆ خۆیان كۆكردەوە و زۆر كەس لە پاش گرتنی حاجی ئۆمەران و ناوچەكە پڕوپاگەندەیان دەكرد دەیانگوت پارتی دەوری باشی هەبوو.  ل 344-345 بیرەوەری پێشمەرگەیەك – سەید  كاكە-  چاپی چوارەم 2020.

سەید كاكە وەك شایەد حاڵێك و بینەرێكی هێرشەكە دان بەوەدا دەنێت كە پارتی بەشداری شەڕەكەی كردووە وەك  شارەزاو چاو ساغ,  وە دەستكەوتیشیان هەبووە.

لە روی سەربازییەوە شارەزاو چاوساغی  رۆڵی كاراترە  لە بەشداری سەربازی نە شارەزا بە تایبەت لە ناوچەیەكی سەختی وەك حاجی ئۆمەران, بۆ ئێرانییەكان ئەو شارەزایانە رۆڵی زیاتر لە سەدان جاری نا شارەزاكانیان بینیووە لە ئۆپەراسیۆنەكە.

ئەگەر پارتی بە یەك كەسیش  بەشداری ئۆپەراسیۆنەكەی كردبێت, هاتبێتە ناو سنووری گۆڕەپانی ئۆپەراسیۆنەكەوە, وە كارێكی دیاری كراوی لە بەرژەوەندی لایەكی شەڕكەرەكان بینیبێت   ئەوا بەشداری ئۆپەراسیۆنەكەی  كردووە لە رووی پراتیكەوە.

كۆماری ئیسلامی لە جەنگدا شەپۆڵَی مرۆیی لە پەلامارەكانی بەكار دەهێنا بۆ تەقاندنەوەی كێڵگەی مینەكان و بڕینی سەنگەرەكانی پێشەوەی سوپای عێراقی, هێزی زۆر بوو وە پێویستی بە چەكداری پارتی نەبوو لە بەرەی جەنگ,  بۆ ئەو ئەوە گرنگ بوو ئەو چاوساغانە 24 كاتژمێر زووتر, هێزەكانیانیان بردە پشت سەنگەرەكانی پێشەوەی سوپای عێراق و ئامادە كران بۆ چركە ساتی هاواركردنی ئەلاهو ئەكبەر و راگەیاندنی سەركەوتن, لە رووی سەربازییەوە ئەوە گەورەترین كار بووە لە مەودای ئۆپەراسیۆنەكە  كرابێت, خودی ئێرانییەكانیش لە لێدوان و نووسینەكانیان ئەو دەست راكێشانە بە سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنەكە دەزانن.

ئەی پرۆفیسۆر عەلی تەتەر چی دەڵێت؟

بە پێی ئاماژەی دكتۆر عەلی تەتەر پارێزگاری ئێستای شاری دهۆك بێت لە وتارێك  بەناوی ”  حكومەتی عێراق و جینۆسایدی بارزانییەكان”

https://www.facebook.com/photo.php?fbid=397558890345662&set=a.168423243259229.26111.165422603559293&type=1&relevant_count=1 “كە لەساڵی 2013 لە ژمارە 940ی گۆڤاری گوڵان بڵاوی كردۆتەوە, پارتی بەشداری ئەو شەڕەی نەكردووە, ئەو هەڵوێستەكەی لە وتەی پێشووتری بارزانی وەرگرتووە, نەك ئەنجامی لێكۆڵینەوەو شیكاری پرۆفیسۆرێك بێت لێكۆڵینەوە لە روداوێكی مێژوویی بكات بۆتە هۆكاری كردەیەكی جینۆساید, ئەو دەنووسێت” مەسعود بارزانی دەڵێت:” ساڵی ١٩٨٣ ئێمە لە شەڕی حاجی ئۆمەران بەو شێوەیەی كە حكومەتی عێراق باسی لێدەكرد بەشداریمان لەو شەڕەدا نەكردبوو، هێزەكانمان لە ناوچەی (ناودەشت) بوون و بەرەی شەڕی ئێمە لەگەڵ ئەوان جیاواز بوو و ورژاندنی بەشداری پارتی دیموكراتی كوردستان لە جەنگدا، تەنیا بیانوویەك بوو بۆ لەناوبردنی بارزانییەكان.«”لێرە پرۆفیسۆر تەتەر وەك شایەدحاڵێك  قسە ناكات راستییەكان دەربخات, بەڵكە وەك داكۆكیەرێك  بەرگری لە وتەی سەرۆكەكەی دەكات.

بە وتەی دكتۆر عەلی تەتەر بەڕێز مەسعود بارزانی ساڵی دواتریش دوبارە نكۆڵی لە بەشدارییكردنیان لە فەجری دوو كردۆتەوە, كە دواتر فەتحیشی بۆ زیادكرا “مسعود بارزانی لە پاییزی ١٩٨٤ لە وەلامی پرسیارێكی گۆڤاری (ئەلحوریە)دا كە ئایا ئەوان لە گرتنی حاجی ئۆمەران هاوكاری ئێرانیان كردبوو؟ لە وەلامدا وتبووی: ئێران هێزێكی زۆری مرۆڤی هەبوو و پێویستی بە هێزی ئەوان نەدەكردو ئەو قسانەی كە لەسەر زاری سەدام حوسێن بلاوببووەوە تەنیا بیانووییەك بوو بۆ بێسەروشوێنكردنی بارزانییەكان. “.

بەڵگەیەكی دی كاك دكتۆر تەتەر بۆ بەشدارینەكردنیان ئەوەیە” هەتا حكومەتی ئێران بەڕێوەبردنی ئەم ناوچەیەی نەدابووە دەست پارتی، لە كاتێكدا كە ناوچە و دەوروبەری لە ژێر كاریگەری پارتیدا بوون، بەڵكو بەڕێوەبەرایەتیەكەی دابووە دەست هێزەكانی حزبی دەعوەی ئیسلامی.”, ئەم بەڵگەیەش بۆ پرۆفیسۆرێكی یاریدەدەر زۆر لاوازە, قوتابی من بوایە سفرم دەدا پێی, خۆ دواتر لە هەڵەبجەش  ئێران هەر وای لێیان كردەوە, ئێران تەنها وەك مقاش و كرێگرتە ئەوانی بەكار دەهێنا, نەك بیانكات بە شەریك و حوكمڕان و سەرداری ناوچەكانیان, لەوەش  زیاتر بەعس  بە بەعسی خۆی ناوی چیاو بەرزاییەكانی ناگۆڕی, كەچی ئێران لە یەكەم چركەی داگیركردندا ناوی دەوروبەری حاجی ئۆمەرانی كردە شەهید سەدر.

ناودەشت خۆ لە بەتلیس نییە, بە چاو شەڕەكە ئەبیننن ئەگەر لە بەرزاییەكانی گابەڵەك و  سەری پایەو زینوێی گەز گەزەوە سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنەكە كرا بێت, لێ جەنابی پرۆفیسۆر نە ئاگای لە جوگرافیایە, نە مێژوو, نە شارەزای كاری سەربازیشە, لە هەمووشی خراپتر میتۆدی زانستی لێكۆڵینەوە نازانێت یان پەیڕەوی نەكردووە لە لێكۆڵینەوەكەی بۆ گەیشتن بە راستییەكان نەك بەرگریكردن لە سەرۆكەكەی.

لە كۆتاییدا پێویستە راستییەكان ئاشكرا بكرێن,نكۆڵی لە حەقیقەت نەكرێت, دان بە هەڵەكاندا بنرێت و لە یاداشتەكاندا راستییەكان بووترێت وە قەرەبووی مادی و مەعنەوی قوربانیانی فەجری دوو بكرێتەوە.

ماویەتی

****

دەقی نووسینەکەی دكتور عەلی تەتەر ئەگەر لینکی سەروو نەکرێتەوە.

حكومەتی عێراق و جینۆسایدی بارزانییەكان پرۆفیسۆری ھاریكار دكتور عەلی تەتەر

تایبەت بۆ گو لان نوسیویەتی كۆمەڵكوژی بارزانیەكان و بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگەی بۆ ئەنفالی گەرمیان و كیمیاباران خۆش كرد سیاسی

ژمارە ( ٩٤٠ ) ٥/ ٨/ ٢٥ ٢٠١٣ ئەنفالی بارزانیەكان لە ساڵی ١٩٨٣دوای سێ ساڵ لەشەڕی نێوان عێراق و ئێران، ئاستی شەڕەكە لە نێوان ھەر دوو دەوڵەت ھەموو لایەكی گرتبۆوە، ئێران ھەوڵیدەدا ئەو گوشارەی لە بەرەكانی باشور لەسەری بوو كەم بكاتەوە و عێراق ناچار بكات بەشێك لە ھێزەكانی بگێڕێتەوە بۆ باكور، بۆیە لە ھاوینی ١٩٨٣ خۆی بۆ ھێرشێكی فراوان بۆ سەر بەرەكانی باكووری جەنگ ئامادەكردبوو.  بۆ ئەوەی بتوانن ھێرشێكی فراوان بكەنە سەر بەرەكانی بەسرا  لە رۆژهەڵاتی دیجلە، ھێزەكانی ئێران لە٢٢ی تەمموزی ١٩٨٣ ھێرشێكی سەختیان بردە سەر حاجی ئۆمەران، سوپای ئێران تا قووڵایی ٢٠ كم لە سەر جادەی ھامیلتۆن چوونە پێشەوە و مەترسی پەیدا ببوو كە سەرانسەری ناوچەی رواندز بگرێت. لەم ھێرشەی ئێراندا بۆسەر بەرەی باكور، ئەگەرچی راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان خۆی لەم شەڕەدا بێدەنگ كردبوو، بەڵام حكومەتی عێراق، وای بۆ دەچوو كە ژمارەیەك لە پێشمەرگەكانی پارتی لەم شەڕەدا بەشدارن، سەدام و بەعس ئەو بۆچوونەیان كرد بە بیانوویەك، لەبەر ئەوەی سەدام حوسێن لە بیانووییەك دەگەڕا كە زەڕبەیەك لە بارزانیەكانی ژێر دەسە لاتی خۆی بدات؛ چونكە لە ھەبوونیان ئاسوودە نەبوو. سەدام حوسێن بە چاوی دوژمن و تاوانبار تەماشای بارزانیەكانی دەكردكە ملكەچییان بۆ حكومەتی عێراق و حزبی بەعس نەبووە.

پارتی مەترسی ئەم ھێرشەی دەزانی و ھەتا فەرمانی دابوو كە ھەموو كەمپەكانی جەماوەری پارتی و پەنابەرانی كورد لە ئێران چۆڵ بكرێن. چونكە چاوەڕوان دەكرا حكومەت ھێرشێكی توند بكاتە سەریان. مەسعوود بارزانی دەڵێت:» ساڵی ١٩٨٣ ئێمە لە شەڕی حاجی ئۆمەران بەو شێوەیەی كە حكومەتی عێراق باسی لێدەكرد بەشداریمان لەوشەڕەدا نەكردبوو،  ھێزەكانمان لە ناوچەی (ناودەشت) بوون و بەرەی شەڕی ئێمە لەگەڵ ئەوان جیاواز بوو و ورژاندنی بەشداری پارتی دیموكراتی كوردستان لە جەنگدا، تەنیا بیانوویەك بوو بۆ لەناو بردنی بارزانییەكان .«ھەتا حكومەتی ئێران بەڕێوەبردنی ئەم ناوچەیەی نەدابووە دەست پارتی، لە كاتێكدا كە ناوچە و دەوروبەری لە ژێركاریگەری پارتیدا بوون، بەڵكو بەڕێوەبەرایەتیەكەی دابووە دەست ھێزەكانی حزبی دەعوەی ئیسلامی .لە یەكەم خوتبەی نوێژی ھەینی تاران پاش گرتنی حاجی ئۆمەران، كە گوزارشت لە ھەڵوێستی فەرمی حكومەتی ئیسلامی ئێران دەكرد، عەلی ئەكبەری ھاشمی رەفسنجانی سەرۆكی پەرلمانی ئێران وتی:كۆمەڵكوژی بارزانییەكان لە ھەشتاكانی سەدەی رابردوو، تاوانێكی گەورەی حكومەتی بەعسی عێراقە بەرانبەر بە مرۆڤایەتی بە شێوەیەكی گشتی و بەرانبەر بە گەلی كوردستان بە تایبەتی. حكومەتی عێراق بەم كارە نامرۆڤانە و بە بێسەروشوێن كردنی كوردانی فەیلی و كیمیاباران كردنی ھەڵەبجە و ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنفال، بۆ جیھانی سەلماند كە ئەوان شایستەی ئەوە نین كە لە جیھانی مرۆڤایەتی وشارستانیدا بژین .پاش رێككەوتنی جەزائیر، ١٠ گوندی ناوچەی مزووریلە ٢٩ ی ئەیلوول ١٩٧٥ بە فڕۆكە راگوێزرانە بارزان و لەوێش رەوانەی پارێزگای دیوانیە لە باشووری عێراق لە قەزای عەفەك لە بیابانەكانی شافعیە، ئەلفدێر، فەوارە جەحێش و مەرەجویجە كران، ئەم گواستنەوەیان ئەوەندە خێرا بوو كە لێ نەگەڕابوون ھیچ شتێك لەگەڵ خۆیاندا ببەن .چواردە گوندی دیكەیش لە بە ڕۆژی بارزان ھەمان رۆژ بە سەڵتی بۆ باشوور گوێزرانەوە. ھەروەھا ١٠ گوندی نزاری بارزانیش بە ھەمان شێوە راگوێزرانە باشوور وخانووبەرەكانیان بە T.N.T تەقێندرانەوە.

 بارزانیەكان لە چوار كومەڵگا بە ناوی كومەڵگەكانی ( ١ و ٢ و ٣ و٤) نیشتەجێكران. ئەم شوێنە ناخۆشە و بێكار و دەرامەتە لە باشوور و ناوەڕاست، بۆ بارزانیەكان وەكو دۆزەخ وابوو، تاساڵی ١٩٨٠ لەوێ مانەوەو ئینجا راگوێزران بۆ كۆمەڵگایقوشتەپە لە باشووری ھەولێر.نزیكەی ٧٧ گوندی دەڤەری مزووری و شێروان، لەمانگەكانی حوزەیران و تەمموزی ١٩٧٨ بۆ كۆمەڵگەكانی گۆڕەتوو و دیانا و حەریر و بەحركە و قوشتەپە راگوێز رابوون. دووبارە ئەوانەی لە گۆڕەتوو لە باكووری مێرگەسۆر نیشتەجێ ببوون، بۆ شاخۆلان راگوێزران و ئەوانی دیكەش لە شوێنی خۆیان مانەوە. حكومەتی عێراق زۆر بە وردی چاودێری جموجۆڵی ئەم بارزانییانەی دەكرد، دەنگ و رێوشوێنی رێبازی سۆفیگەرییان لە لایەن ئەمنەوە تۆمار دەكرا. پێوەندییەكانی ئەم خەڵكە لەگەڵ شێخ عوسمانی كوڕی شێخ ئەحمەد بارزانی لە بەغدا و خورشیدی خوارزای شێخ ئەحمەد لە باشوور لە ژێر چاودێری و بەدواداچوونی حكومەت بوو، بە تایبەتی ئەو بارزانییانەی لە دیانا نیشتەجێ ببوون و پێوەندییەكانیان لەگەڵ سەركردایەتی پارتی ھەبوو، ئەمەش بۆ حكومەتی عێراق جێی مەترسی و نیگەرانی بوو؛ چونكە بەردەوام ئەو كەسانە ھاوسۆزی خۆیان لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی و سەرۆك مسعود بارزانی و ئیدریسی ھەمیشە زیندوو دوپات دەكردەوە. حكومەتی عێراق لەو ماوەیەدا، بە تایبەتی پاش ھەڵگیرسانی جەنگی ئێران و عێراق، نالۆژیكانە رەفتاری لەگەڵ بارزانییەكان دەكرد و بە چاوی شكست خواردوو و تۆڵەسەندنەوە تەماشایانی دەكرد.

چونكە حكومەتی عێراقیش ناچار ببوو لەسەر شۆڕشی كورد، بە تایبەتی رۆڵی دیاری پاش ھەڵگیرسانی جەنگی ئێران و عێراق، حكومەتی عێراق نالۆژیكانە رەفتاری لەگەڵ بارزانییەكان دەكرد و بە چاوی شكست خواردوو و تۆڵە سەندنەوە تەماشایانی دەكرد؛ چونكە حكومەتی عێراق ناچار ببوو لەسەر شۆڕشی كورد،  بە تایبەتی رۆڵی دیاری بارزانییەكان، چاوپۆشی لە بەشێك لە خاك و ئاوەكەی بكات بیانووی بەشداری كورد و بارزانییەكان لە ھێرشی حاجی ئۆمەران نەببووە ھۆی رق و كینەی سەدام بەرانبەر بە بارزانییەكان، بەڵكو رق و كینەی كۆنی سەدام بەرانبەر بە بارزانییەكان ببووە ھۆی ئەو ھەڵوێست وەرگرتنە و دەیویست بێ توانایی سەربازەكانی پێ بشارێتەوە بە پێی بەڵگەنامە فەرمییەكانی حكومەتی عێراق، لە ٣٠ ی ئابی١٩٨٣ سەرۆكایەتیی مەحكەمەی سەورەی بەعس بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ ئەو بارزانیانەی كە سەر بە بنەماڵەی شێخانی بارزان بوون، دەركرد كە واتە دروستكردنی بیانوو بۆ لەناو بردنی بارزانیەكان پیلانێكی پێشوەختەی چنراو بووە،  ھەر بۆیە فازڵ ئەلبەراك بەڕێوەبەری گشتیی ئەمن لە كۆتایی تەمموزی١٩٨٣ داوای لە لیوای ئەمن عەبدولموحسین خەلیل موحەمەدی جێگری بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی گشتیی ناوچەی ئۆتۆنۆمی و خەیری چلمێران بەڕێوەبەری ئەمنی ھەولێر كرد كە سەردانی بەغدا بكەن، لەوێ ئەلبەراك پێی راگەیاندبوون كە بارزانییەكان بۆ باشوور دوور دەخرێنەوە و ھێزێكی گاردی كۆماری بۆ ئەومەبەستە دەچێتە ھەولێر، پێویستە ھەموو ئەندامانی ئەمن ھاوكارییان بكەن، خەیری چلمێران پێی وت، كە ئەو وەكو بەڕێوەبەری ئەمنی ھەولێر، ھیچ تێبینیەكی ئەمنی نەرێنییان لەسەر ئەوان نییە و ماوەیەكی زۆر نییەكە لە باشوور گەڕاونەتەوە. بە لام ئەلبەراك پێی وتبوو ئەمە بڕیاری سەركردایەتییە و دەبێ جێبەجێ بكرێت. بۆیەپاش گەڕانەوەیان، ھەموو ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی ئەمن، كە دەكەوتنە ئەو شوێنانەی كە بارزانیەكانی لێ بوون، زیاتر بەھێز كران. حكومەتی عێراق، شێخ عوسمان بارزانی، نەزیری برای، عیمادی كوڕی، سابیری مەلا مستەفا بارزانی، ھەڤاڵ شێخ سادق و شێخ ئیسماعیلی كوڕی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی، لە ٣٠ ی تەمموزی ١٩٨٣ دا گرت. ھێزەكانی حكومەت كە لە گاردی كۆماری و ئەندامانی ئەمن پێكھاتبوون لە شەوی ٣٠ / ٣١ تەمموزی ١٩٨٣ ئۆردوگای قوشتەپەیان دەورپێچ دابوو، لە بەرەبەیانی دەستیان كرد بە دواداگەڕانی ماڵە بارزانییەكان و ھەموو ئەو كەسانەی لە سەرووی ١٤ ساڵی و نێرینە بوون گیران. گاردی كۆماری بە ئۆتۆمبێلەكانی خۆیان بەرەو بەغدایان گواستنەوە. پاش دوو رۆژ ئوردوگاكانی بەحركە و حەریر و دیاناش بە ھەمان چارەنووس گرفتار بوون. دیسان لەگرتنیاندا گاردی كۆماری و ھێزەكانی ئەمنی ھەولێر وئەمنی ناوچەی ئۆتۆنۆمی بەشدار ببوون .پاش گیرانی بارزانیەكان، راستەوخۆ بە رێگای كەركوك بۆ بەغدا راپێچ كران، بەبێ ئەوەی كە ھەتا لیستی ناوەكان، یان ژمارەی گیراوەكانیش بدرێتە بەڕێوەبەرایەتی ئەمنەكان و بە ھەڕەمەكی دەگیران و دەگوێزرانەوە.

لە نووسینەكانی ئەمندا تەنیا ئاماژە بەو بڕە پارەیە دراوە كە لەو بارزانیانە وەرگیراوە كە ئەویش مەبلەغی٤٤٠,٦٤٨ / ١٩٤ سەدو نەوەد و چوار ھەزارو چوار سەدوچل دینار بووە. لە بەغدا عەلی ئەلبرع بەڕێوەبەری ئەمنی بەغدا، سەرۆكی لیژنەیەك بوو بە ئەندامێتی عەقید ئیبراھیم عەللاوی لە ئەمنی بەغدا و لیوای ئەمن سەعدون سەبری بەڕێوەبەری ھۆبەی پێنجەم كە بەكاروباری بارزانییە گیراوەكان ھەڵدەستان. ئەو گیراوانە لەكاتی بردنیان بۆ بەغدا، وەكو دیلی جەنگی بەرەی حاجی» ئێمە رێ نادەین ئەو گرووپە بچووكانەی عێراقی كە ھەر یەك ناوێكی لەخۆ ناوە، دەست لە چارەنووسی گەلی موسڵمانی عێراق وەر بدات. « ئەوەش سیاسەتی ئێرانی بە راشكاوی دیار دەكرد، كە رێگای نەدەدا كە گرووپە سیاسییەكانی كە ملكەچی ئێران و سیاسەتەكەی نەبوون، لە ئایندەی عێراقدا بەشدار ببن .بێگومان ئەم سیاسەتەی حكومەتی ئێران بەشێكی زۆری حزبە كوردستانیەكانیشی دەگرتەوە. بەپێی راپۆرتی فەیلەقی یەكی سوپای عێراقیش ھۆكاری ئەم شكستەیان، بۆ ئەوە بووە بارودۆخی ئامادەكاری و بەرگری ھێزەكانیان بەرانبەر بە ئێران لە باڵەكایەتی باش نەبوو. بۆیە فەیلەقی یەك داوای كردبوو كە ھەموو گەلییەكان بگرن و پردەكان بڕووخێنن تا سوپای ئێران نەتوانێت بێتە پێش. بەڵام ئەوەی زیاتر حكومەتی عێراقی ھەراسان كردبوو تەوەری سیدەكان- دیانا بوو، كە رێگایەكی كراوە بوو و ئێران بە ئاسانی دەیتوانی ناوچەی رواندز بگرێت و تەواوی ھێزەكانی عێراق بكەوێتە دورپێچی ھێزی دوژمنەوە، كە ھەموو ناوچە ئیدارییەكان و چەك و جبەخانەی سەرەكی فیرقە لە دیانابوو و ئەگەر ھێرشی ئاسمانیشی كرا بوایە سەر، ئەوە زیانی یەكجار زۆرتر دەبوو .بەم شێوەیە ئەمنی فەیلەقی یەكی سوپای عێراق، كوردی بە مەترسی گەورە لە پشت ھێزی عێراق دانا بوو و ئەگەر ئێران ھێرشی كردبا سەر ناوچەی دیانا، یان ھێزەكانی كورد لە لای باكووری دیاناوە ھێرشیان ھێنا بوایە سەر ئەو ناوچەیە، مەترسی ئەوەش ھەبوو كە ھێزەكانی لایەنگیری پارتی كە بەشی زۆریان بارزانی بوون كە تا شارۆچكەی حەریر بڵاو ببوون، راپەڕینێكیان دژ بە حكومەت كردبا. ئەوەش ترسی سەرەكی رژێمی بەعس بوو لە بارزانییەكان.

سەدام حوسێن سەردانی رواندزی كردبوو بۆ ئەوەی سەرپەرشتی دژە ھێرشی ئێران بكات، تا ھێزەكانیان دوور بكاتەوە. سەدام حوسێن لەوتارێكی تەلەفیزیۆنیدا دانی بە سەركەوتنی سوپای ئێران لە حاجی ئۆمەران دانا، بەڵام سەركەوتنی ئێرانییەكانی بە ھاوكاری بارزانییەكان ناو بردو بەڵێنی دا تۆڵەیان لێ بكاتەوە. بەڵام ئەوەی راستی بێ، تەنیا بیانووی بەشداری كورد و بارزانییەكان لە ھێرشی حاجی ئۆمەران نەببووە  ھۆی رق و كینەی سەدام بەرانبەر بە بارزانییەكان، بەڵكو رق و كینەی كۆنی سەدام بەرانبەر بە بارزانییەكان ببووە ھۆی ئەو ھەڵوێست وەرگرتنە و دەیویست بێ توانایی سەربازەكانی پێ بشارێتەوە.

مسعود بارزانی لە پاییزی ١٩٨٤ لە وەڵامی پرسیارێكی گۆڤاری (ئەلحوریە) دا كە ئایا ئەوان لە گرتنی حاجی ئۆمەران ھاوكاری ئێرانیان كرد بوو؟ لە وەڵامدا وتبووی: ئێران ھێزێكی زۆری مرۆڤی ھەبوو و پێویستی بە ھێزی ئەوان نەدەكرد و ئەو قسانەی كە لەسەر زاری سەدام حوسێن بڵاو ببووەوە تەنیا بیانووییەك بوو بۆ بێسەروشوێن كردنی بارزانییەكان .حكومەتی عێراق لاپەڕەیەكی نوێی لە سەر تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتی و گەلی كورد لە بێدەنگی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی تۆمار كرد كە تا ئێستاش شوێنەوارەكانی بەسەر كومەڵگای كوردیدا ماوە جیھان لە بەرانبەر ئەم تاوانە تراژیدیایە بێدەنگ ببوو، حكومەتی عێراق ئامادەكاری دەكرد تا كوشتارێكی گەورەتر بۆ لەناوبردنی كورد رێك بخات، چونكە سەرەڕای ئەو ھەموو بزاڤ و فشارەی كە كورد دەی ھێنایە سەر UN و ولاتانی رۆژئاوا، بەلام بەرانبەر بەم كۆمەڵكوژییە بێدەنگ مانەوە،  ئۆمەران لە شەقامەكانی شاری بەغدادا سووڕاندیانەوە و زۆربەیان لە سنووری سعودیە و لە بیابانەكانی باشووری عێراقدا زیندانی كران و ئینجا بێسەروشوێن كران .جارێكیتر حكومەتی عێراق لە ١٠ ی ئابی ١٩٨٣ بەھەمان شێوەی پێشوو، كومەڵگەكانی بەحركە، ھەریر و دیانا و لە ١ی تشرینی یەكەم كۆمەڵگای قوشتەپەی، پشكنینی ماڵ بە دوای ماڵ لەو مێرد مندالانە دەگەڕا كە لە شالاوی یەكەمدا رزگار ببوون یان خۆیان شارد بووەوە، ئەوانەی بەردەستی حكومەت كەوتن راپێچی ناو پاسەكانی لەشكری كران و بۆ شوێنێكی نادیار راگوێزران. سەدام حوسێن لە وتارێكی تەلەفزیۆنیدا، دانی بەو گرتنە بە كۆمەڵەی بارزانیەكان دا ناو لە ئەیلوولی١٩٨٣ دا وتی:» ئەوانە خیانەتیان لە ولات و خیانەتیشیان لە پەیمان كرد، بۆیە ئێمەش بە سزای توند و سەختمان گەیاندن و بۆ دۆزەخ رەوانە كران .« لەناو بردنی بارزانیەكان بەپێی بەڵگەنامەكان بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەكانی حكومەتی عێراق، لە٣٠ ی ئابی ١٩٨٣ سەرۆكایەتیی مەحكەمەی سەورەی بەعس بە سەرۆكایەتی (عەواد حەمەد ئەلبەندەر) و ئەندامێتی (موقەدمی مافپەروەر تاریق ھادی شوكر و عەقیدی مافپەروەر داود سەلمان شەھاب) بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ ئەو بارزانیانەی كە سەر بە بنەماڵەی شێخانی بارزان بوون، دەركرد. حكومەتی عێراق لە دەستپێكی مانگی ئابی ١٩٨٣ دا،٢٢٢٥  لەو گیراوانە، لە پارێزگای ئەلموسەنا لە ناوچەی (بصیە)، بە ھەماھەنگی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەمن و بەڕێوەبەرەكەی فازڵ ئەلبەراك و بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی بەغدا و بەڕێوەبەرەكەی عەلی عەبدوڵلا ئەلبەرع و گاردی كۆماری و بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی ئەلموسەنا لە سێدارە دران. كۆمەڵكوژی بارزانیەكان سەرەتایەك بۆ دەسپێكردنی ئەنفال و كۆمەڵكوژی بارزانیەكان كوشتارێكی گەورە بوو، كە ھەزاران كەسی بارزانی بەركەوت بوون. جیھان لە بەرانبەر ئەم كێشە و تراژیدیایە بێدەنگ ببوو، حكومەتی عێراق ئامادەكاری دەكرد تا كوشتارێكی گەورەتر بۆ لەناوبردنی كورد رێك بخات، چونكە سەرەڕای ئەو ھەموو بزاڤ و فشارەی كە كورد دەیھێنایە سەر UN و ولاتانی رۆژئاوا، بەلام بەرانبەر بەم كۆمەڵكوژییە بێدەنگ مانەوە و بەغدا وا تێگەیشتبوو كە بەم شێوەیە دەتوانێت كردەوەی گەورەتر و كارەساتبارتر ئەنجام بدات بەبێ ئەوەی سزا بدرێت و لێپێچینەوە ھەبێت و لە ئەنفالیشدا وای كرد.

مسعود بارزانی لەو كاتەدا یادداشتێكی بۆ سەرۆكەكانی ولاتانی ناوچەكە و سكرتێری گشتیی UN ، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، مافی مرۆڤ و ھێزە نیشتمانی و پێشكەوتنخوازەكانی جیھان نارد بوو. داوای كردبوو كە بۆ دیاركردنی چارەنووسی ئەم بارزانییانە و بەردانیان ھەوڵ بدەن. ھەروەھا لە ھەڵمەتێكی تردا لە ١ی ئاداری١٩٨٤ بە نامەیەك كە باك گراوەندی ئەم رووداوەی تێدابوو لەگەڵ ناوی قوربانییان كە ھاوپێچ بوو بۆ سكرتێری گشتیی UN و چەندین لایەنی جیھانی پەیوەندیدار رەوانە كرد بوو. بەلام زۆربەی زۆری بێ كاردانەوەی مرۆڤایەتی و جیھانی مایەوە. لە بەرانبەر ئەو فشارەی كە مسعود بارزانی بۆ دیاركردنی چارەنووسی بارزانییەكان بە رێگای جۆراوجۆرەوە دەیھێنایە سەر حكومەتی عێراق، سكرتێری سەرۆك كۆمار بۆ عەلی حەسەن ئەلمەجید دەنووسێت:» بە پێی بڕیاری سەرۆكی سەركردە: دەبێ بەرپرسەكان و دامودەزگا ئەمنییەكانی بەرپرس بە كێشەی كورد رابگەیەندرێت كە رەنگە بە رێگای لایەنی سێیەمەوە پێوەندییان پێوە بكرێت ئەبێ وەلامەكە كورت ویەكگرتوو بێت كە: ھیچ كەس ھیچی لێ نازانێت، جگە لە سەرۆكایەتی دەوڵەت و كێشەی سەرەكی گەورەترە لەكێشەی ئەم بنەمالانە. «حكومەتی عێراق پاش ئەم تاوانە، لە ئابی ١٩٨٣ ،بە فەرمانی سەركردەی فەیلەقی یەكی سوپای عێراق، لیوای روكن نەعمەت فارس حوسێن بە ھەماھەنگی لەگەڵ لقی باكووری لەشكری حزبی بەعس لیژنەیەكیان، بە سەرۆكایەتیی عەمیدی روكن ئیحسان كامل شەبیب پێكھێنا بوو، كە كارەكەیان بریتی بوو، لە ئەنجامدانی ئامارێكی ئەمنی لە سەر ھەموو نیشتەجێ بووانی قەزای سۆران و ناحیەی دیانا و گوندەكانی دەوروبەر، بۆ رێوشوێنی پێویست بۆ دانانی راددەیەك بۆ بزاڤی »خائین و بەكرێگیراوان « بە پێی دەربڕینی ئەوان و دۆزینەوەی جێگایەك، كە یەكەكانی لەشكری و ئیداری عێراق بۆی بگوازرێتەوە كە ئاسانتر بتوانن بیانپارێزین. ھەروەھا بۆ بەرەنگار بوونەوەی ھەر كردەوەیەكی نائاسایی، لە ٩یئابی ١٩٨٣ ھێزێكی تەواویان پێكھێنا بوو، و پیلانێكی ئەمنییان دانابوو بۆ بەرەنگار بوونەوەی ھەر پێشھاتێك .بەم شێوەیە حكومەتی عێراق لاپەڕەیەكی نوێی لە سەر تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتی و گەلی كورد لە بێدەنگی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی تۆمار كرد كە تا ئێستاش شوێنەوارەكانی بەسەر كومەڵگای كوردیدا ماوە .بەلام دوای ئازادكردنی عێراق، لەسەر كۆمەڵكوژی بارزانییەكان، ھەر یەك لە عەلی حەسەن ئەلمەجید، تارق عەزیز عیسا، سەعدون شاكر مەحموود، سەفیان ماھر حەسەن، وەتبان ئیبراھیم حەسەن، حامد یوسف حەمادی و حكمەت مزبان ئیبراھیم لە لایەن دادگای بالای تاوانەكانی عێراق بە تاوانی كۆمەڵكوژی دادگایی كران.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی