"an independent online kurdish website

٢٥ی گەلاوێژ نەک رۆژێکی حیزبی بەڵکو رۆژێکی نەتەوەییە.  چونکە لەو رۆژەدا لە لایەن رێبەرایەتیی نەتەوەی بندەستی کوردەوە بە مەبەستی رزگاری لە ژێردەستەیی،

حیزبێک دادەمەزری کە چەند مانگ دوای ئەوە و لە دووی ٢ی رێبەنداندا دەوڵەتێکی نەتەوەیی دادەمەزرێنێ.  یانی بنەمای دەوڵەتی نەتەوەیی کۆماری کوردستان رۆژی ٢٥ی گەلاوێژە. واتە ٢٥ی گەلاوێژ پێشمەرجی ٢ی رێبەندانە و دیمۆکرات پێشمەرجی دەوڵەت نەتەوەی کۆماری کوردستانە و ھیچ کەس و لایەنێک ناتوانێ لێکیان داببڕێ. بە واتایەکی دیکە حیزبی دیمۆکرات بەرنامە و پرۆژەی نەتەوەیەکە بۆ گەییشتن بە حاکمیەتی نەتەویی. 

لە ٢٥ی گەلاوێژدا عەقڵانییەتێکی نوێ لە کوردستان دێتە ئاڕاوە. ئەویش عەقڵانییەتی بەرنامەداڕشتنە بۆ گەییشتن بە ئامانجێکی گەورە. ئیتر رێبازێکی نوێ سەر ھەڵ دەدات. لەو رۆژە بەدواوە کورد دەیەوێ لە بری تاکە کەس یان بنەماڵە لە دەور بەرنامە و پڕۆژە کۆ ببێتەوە و بەپێی بەرنامە بزووتنەوەکەی بۆ گەییشتن بە ئامانج کە دەوڵەتی نەتەوەییە رێک بخات. ئیتر لەوە بەدوا سەرۆک پەرەستی و بنەماڵە  پەرەستی لە رۆژھەڵات  باوی نەما، شتێک کە ئەمڕۆ لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە پارچەکانی دیکەی کوردستاندا بۆتە نەریت و دەڵن بێ سەرۆک ژیان نابە و بێ فڵان بنەماڵە کورد دەفەوتێ و ھەموو دەسەڵات و سامانی وڵات لە دەست یەک دوو بنەماڵە کۆ بۆتەوە. 

کاتێک شەھید پێشەوا وەک بنیاتنەری ئەو رێبازە دەڕواتە پێشوازی مەرگ، لە پێشدا لەوە دڵنیایە کە رێبازەکە ناکەوێ، چونکە رێبازەکە قائێم بە تاک نیە و لە قەواری نەریتی رزگاری بووە و بەرنامە و پرۆژە لە ناوەندایە و تاک تەنیا تێدەکۆشێ بەرنامە و پڕۆژەکە بە ئامانج بگەیەنێ.  ئەمە دواتر لە شەھید کردنی دۆکتور قاسملو و دۆکتور شەرەفکەندی زیاتر دەرکەوت کە بزووتنەوەی رۆژھەڵات قائێم بە تاک نیە بە نەمانی تاکی رێبەر بە ئەنجام گەیاندنی بەرنامە و پرۆژەکە رەنگە لاواز ببێ بەڵام ھەر دەمێنێ و کەسانی دیکە دەتوانن درێژەی بدەن. دامەزرێنەرانی ئەم رێبازە سیاسییە ئەوەیان زانیوە کە کۆبوونەوەی سەروەت و سامان و دەسەڵات لە دەستی تاکێک یان بنەماڵەیەک گەندەڵی بە دواوەیە و دەتوانێ نەتەوەیەک بفەوتێنێن و ئامانجی نەتەوەیەکی بندەست لە چاڵ نێن.

تەنانەت روانگەی دامەزرێنەرانی دیمۆکرات لە مەڕ حیزب و حیزبایەتییەو جیاوازە، ھەر بۆیە دەبینین زۆرێک لە وەزیر و کاربەدەستی کۆمار ئەندام حیزب نەبوونە. چونکە پێیان وابووە کە دەبێ لە ھەموو ھێزی مرۆیی کۆمەڵگە بۆ گەییشتن بە ئامانجی نەتەوەیی کەڵک وەربگیردرێ. بۆیە نەیانھێشت حیزب کە دیاردەیەکی مۆدێڕنە ببێتە عەشیرەیەکی خاون چەک و دەسەڵات و کۆمەڵگە بخاتە خزمەتی خۆیەوە و کورد بکاتە قوربانیی مانەوەی خۆی و سەرۆک، بەڵکو راست بە پێچەوانە لەم رێبازەدا سەرۆک دەبێتە قوربانیی مانەوەی کۆمەڵگەی کوردستان.

ئەگەر سەیری ٢٥ی گەلاوێژ و دووی رێبەندان بکەین دوو  وێنەی چووکە و گەورە کە گرێدراوی یەکن دەبینین. وێنەی یەکەم کە چووکەیە، حیزبە و وێنەی دووھەم کە گەورەیە، دەوڵەتە. واتە لێرەدا حیزب ئامرازێکە بۆ گەییشتن بە دەوڵەت، یانی دەوڵەت ئامانجە و حیزب ئامرازە بۆ دەستەبەر کردنی. ئەگەر  لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤ وێنە چووکەکە پێش چاوی دامەزرێنەرانی دیمۆکرات و لە سەرووی ھەموویانەوە شەھید پێشەوای گرتبایا، وێنەی دووھەم کە دەوڵەتە نەیاندەدی و نەدەھاتە دی و تەنیا بە وێنە چووکەکەوە خەریک دەبوون و پاش ماوەیەک خۆخۆری و تێئۆریبازی لە نێویاندا سەری ھەڵدەدا و دەتوانەوە. بەڵام دەبینین دوابەدوای دامەزرانی حیزب دەوڵەت دادەمەزرێنن، کەواتە بۆ ئەوان حیزب رێگایەک بووە بۆ گەییشتن بە دەوڵەتی نەتەوەیی، واتە لە وێنەیەکی چووکەترەوە بۆ وێنەیەکی گەورەتر. ئەمە فەلسەفەی دامەزرانی دیمۆکراتە. کەوابوو فەلسەفەی دامەزران و بوونی دیمۆکرات نەک شەڕی چینایەتی و ئایینی و ئیدئۆلۆژیک بەڵکو دامەزراندنی دەوڵەت و حاکمیەتی کوردە.  ھۆی نەتوانەوە و تەواو نەبوونی دیمۆکراتیش پاش ٧٧ ساڵ ھەر ئەوەیە،  کەوابوو دامەزرانی دیمۆکرات بۆ نەتەوەی بندەستی کورد زەروورەتی مێژوویی بووە.  بۆیە دەبینین کە پاش حیزبی دیمۆکرات ھەر حیزبێکی ئیدۆلۆژیک دامەزراوە، پاش ماوەیەک ملەجەڕێ و شەڕ ھاتوونەتەوە سەر رێبازی نەتەوەیی، واتە ئەو زەروورەتە مێژووییەی کە دیمۆکراتی خوڵقاندووە، چونکە بۆ نەتەوەی بندەست سەرەکیترین و زەروورترین شت حاکمیەتی سیاسییە نەک شەڕی چینایەتی و ئایینی…

بە چاوخشاندنێک بە سەر مێژووی دیمۆکرات دەبینین کە ھەرکات  فەلسەفەی دامەزران و فەلسەفەی بوونی دیمۆکرات لە نێو ریزەکانی حیزبدا لەبیر کراوە،  دیمۆکرات تووشی لەت بوون، لاوازی و ئاژاوە بووە.  چونکە وێنە چووکەکە چاوی رێبەرایەتی کوێر کردووە و وێنە گەورەکەیان نەدیوە.  کاتێک وێنە گەورەکە ون بووە لە ئاکامدا بە وێنە چووکەکەوە خەریک بوونە و وێنەی گەورە لە بیر کراوە و سەفسەتەبازی، تێئۆریبازی و ململانێ و دەستەبازی سەری ھەڵداوە، بۆیە ئەگەر وێنە گەورەکە ھەمیشە لە پێش چاو بێ قەد تووشی لەت بوون و ئاژاوە نابین، چونکە تەنانەت ئەگەر بە بەرژەوەندیی تاکەکەسی و بنەماڵەیی و کورسی بیر بکەینەوە لە وێنە گەورەکەدا کە دەوڵەتە باشتر دابین دەبێ تا لە وێنە چووکەکەدا، بۆیە بۆ دوور کەوتنەوە لە لەت بوون و ئاژاوە دەبێ ھەمووکات وێنە گەورەکە ببینین، چونکە ئەو وێنە گەورەیە دابینکەری ھەموو بەرژەوەندیی گشتی و بنەماڵەیە و تاکە.

ئەو رێبازە کە شەھید پێشەوا بنیاتی نا لە رۆژھەڵات بۆتە بەشێک لە فەرھەنگی کورد و بێ گومان سەرۆکبازی و عەشیرەبازی و بنەماڵەبازی لە رۆژھەڵات قسەیەکیان بۆ وتن نیە و ھەر کەس لایەنێک بیکات سەرئەنجام سەری لە بەرد دەدات!

سەرچاوە: لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی