"an independent online kurdish website

عەلی قازی رەنگە لەو دەگمەن کەسایەتیانە بێت کە هەر نەبێ چەندین وڵات وێرای زۆربەی حیزب و لایەنەکانی کوردستان حەولیان داوە  بۆ ئامانجە کانی خۆیان کەلکی لێ وەرگرن.

 لە هەمان کاتدا کەم نەبوون حیزب ، لایەن، تاک و کۆی کورد و غەیری کورد بە بیانووی جۆراوجۆر تانە و تاوانیان نەخستبێتە پاڵ ئەم زاتە خزمەتکارەیان. زۆرمان  شاهید بووین لێرە و لەوێ هەڵوێست  و وتە دژ بە کاک عەلی دەربڕاوە!

هۆمامیی قازی هیچ کاتێک خۆی مژووڵی وەڵامدانەوە تەنانەت بەرانبەر وتە و نووسینی زۆر بێ بنەما و توند، رەق و ئازار هێنەر نەکرد.

بۆ وەبیر هێنانەوەی خوێنەر دەسەڵاتی پاشایەتی ئێران، دەسەڵاتی کۆماری ئێسلامی، دەسەڵاتی بەعسی عیراق، دەسەڵاتی ئاڵمان، بەشێک لەو وڵاتانە دەژمێردرێن حەولی پردەباز کردنی عەلی قازی بۆ قازانجی تایبەتی خۆیان داوە.

کاک عەلی وەک زیندانی لە عێراق و بگرە لای ئەو حیزبە کە بابی دامەزرێنەری بوو ماوەیەکی بەرچاو جەوری زیندانی بە سەر دا سەپێندرا، بەڵام لە گەل ئەوە نەبیسترا بە فەرمی گازەندە و نارەزایەتی خۆی  بە تایبەت بەرانبەر جووڵانەوەی کورد دەربڕی بێت.

ئەم گەنجە بێ دەرەتانە پاش لە سیدارەدرانی باوکی (پێشەوا) لە مەهاباد وەک خۆی گێرایەوە [1] بنەماڵەکەی دەکەوێتە ژێر گوشاری توند تا ڕادەی زەوت کرانی دارایی مڵک و ماڵیان پاشان کاتێک پەڕیوەی تاران دەبن، نۆرە وەبەر حیزبی توودە [ڕێکخەری کرێکارانی جێهان!] دەکەوێت تا ئەم گەنجە کەم ئەزموونە لێ قەوماوە بکەن بە دار دەستی خۆیان.

لە پەنای حیزبی  ئەوینداری دەسەڵاتی مامەڵەچی ستالین، ئەوجار “شاهەنشاهی ئاریامێهر!” بۆ زیاتر زەبر لێدان لە کەسایەتی قازی موحەممەد لە نێو جەماوەری کورد و پاساوی جینایەتەکانی بەرانبەر کوردستانیان سیلەی رەحم و مەرحەمەتی! بە سەر عەلی قازیدا دەبارینێ! ڕەوانەی خوێندنی هەندەران  و دواتر بەخشینی پلەوپایە لە نوێنەرایەتی دەرەوەی خۆی دەکات تا بە ئەم چەشنە بەڵکوو بیکات بە راوچی و داردەست دژی خوێندکارانی نیشتمان دۆست. لە ئەم بوارەدا سیاسەتی پالەوی تا رادەیەک بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەنگێوە دەبێ و عەلی گەنج دەکاتە نیشانەی پێکراوی دوور و نزیکی زانا و نەزانی خاپێندراوی جەماوەر. دیارە بە گوێرەی هەر نەبێت یەک لە نزیکان و شایەت حاڵەکانی ئەو سەردەمە (ح .ئە) کاک عەلی پێچەوانەی پرۆپاگەندەی زۆر، بەڵگەیەکی ئەوتۆ بەر دەستی هاوڕێ ئەو سەردەمەی کاک عەلی نەکەوتووە کە پیشاندەری ڕاستی تانە و تەشەرە بێ بنەماکان بێت.

شایەتحاڵی ئاماژە پێکراو کە هەنووکە لە وڵاتی ئاڵمان دەژی بۆ نووسەری ئەم دێڕانە بە ئەمانەتەوە دەگێڕێتەوە کە : پاش دەست بە کار بوونی عەلی قازی لە باڵوێزخانەی ئێران لە ئاڵمان،کاتی سەردان بۆ وڵات واتە ناوچەکەی خۆی لە گەڵ چەند لاوێک پێوەندی دەگرێ و دەڵێ: ” من هاودەنگی ئەوەم هەیە چەند کەسێک بۆ درێژەدانی خوێندن  لە دەرەوەی وڵات (ئاڵمان) یارمەتی بدەم”. لە ئاکامدا عەلی هەلی خوێندن بۆ سێ ٣ لاوی کورد لە درێژەی بەڵێنیەکەیدا لە وڵاتی ئاڵمان دەستەبەر دەکات. یەک لەو کەسان دەڵێ: ” سەرەڕای ئەوە ئەوان پاش جێگیر بوون لە ئاڵمان لە کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد تیدەکۆشان و هاوکات پێوەندیان لە گەڵ عەلی بەردەوام بوو هیچ کاتێک ناوهاتی کەمترین ئاماژەی ناحەز و دەست تێکەڵ کارانەی لە تێکۆشانی ئەواندا وەک دژایەتی بە قازانجی دەسەڵاتی ئێران لە خۆی دەر نەبڕیوە. سەرباقی ئەوە کوڕی پێشەوا هەرکاتیک ویستوویە سەردانی وڵات (کوردستان) بکات بە تایبەت سەردانی وەرگێڕی ئەو زانیاریەی کردوە بۆ ئەوە کاتێک لە وڵات سەردانی باوکی خوێندکارەکە دەکات خەبەر و باسی تەواوی ژیانی ئەو و دڵنیا کردنی باوکی پێ بێت. بە وتەی (ح.ئە) کاک عەلی وتەنی شەمەزاری باوکی نەبێت.

 کاتێک ساڵی ٢٠١٢ نووسەری ئەم بەسەرهاتە وتووێژیکی چاپەمەنی لەگەڵ عەلی قازی هەبوو خۆماڵیانە و بێ ئەوە پێ خۆش بێت بنووسری دەڵێ: ” با ئەو حیزب و لایەنانە باسی هەڵسوکەوتی نەرێنی من سەبارەت بە گەلەکەم و جووڵانەوەکەی و خۆ بەدەستەوە دانی زاڵم دەکەن، یەکیان بەڵگەیەک ئاشکرا بکات کە من جارێک لە جاران کەسێکم تووشی زیندانی دەسەلاتی زاڵ کردبێت.یان ئەوە خوێنی جەستەی مافخوازێکی کوردم ڕشتبێت. ئەوە کە سەت مەخابن ئەوان کەم لایەنیان هەن ئەو لاڕێیەی نەپێوابێت!”

کوڕی پێشەوا پێداگری دەکرد، راستە ئەو کوڕی پێشەوا بووە بەڵام  قەت داعیەی ئەوەی نەبووە بتوانێت جێگرەوەی ئەو بێت. لە گەڵ ئەوە لەوەتی فامی کردوە پێ وابووە،  یەکەم: دەبێت کورد بمێنی. دووهەم لە لە ئەگەری هەر دەرفەتێکدا حەولی خۆی بە پی توانا بۆ دۆزی کورد بدات و هێچ کاتێک لەو باوەرەدا نەبووە هەموو کردەوە و ئاکارەکانی سەتاسەت دوور لە هەڵە بوو بن. ئەو لای وابوو لە هەر دانیشتن و دیدارێک لە گەڵ کاربەدەستانی وڵاتان، ئاڵمان و…ت .د پێداگری لە سەر دۆزی رەوای کورد بە ئەرکی خۆی زانیوە و بۆ چارەسەری کێشە پێوەندی دارەکان بە خەباتی لایەنەکانی کورد بەرانبەر هەڤدوو یا لە گەڵ دەوڵەتان هەموو کاتێک لە مەیداندا ئامادە بووە.

یادی کاک عەلی و هەموو خزمەتکارانی وڵات بەڕێزبێت. 

سدێق بابایی ١٦/٨/٢٠٢٢

[1] عەلی قازی تاقە کوڕی پێشەوا لە زندانی حێزبەکەی بابی

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی