"an independent online kurdish website

لە دواى ئەوەى هەواڵ و زانیارى لەسەر پەیمانى سیڤەر (10ى ئابى 1920) بە مێژوونووسان، ڕووناکبیران، سیاسەتمەداران و خەڵکى کورد گەیشت،

لەو کاتەوە تا ئێستا لە جیهانى نووسینى مێژوویى و سیاسى کورد و حیزبەکانیدا باس لەوە دەکەن کە ئەو پەیمانە مافى دامەزرانى دەوڵەتى کوردى ڕاگەیاندووە، بەڵام لە لایەن هاوپەیمانان و داگیرکەرانى کوردستانەوە، غەدر لە کورد کراوە و جێبەجێ نەکراوە. ئەوى ڕاستى بێ ئەگەر ئەو بۆچوونە لە لایەن شارەزایانى کوردەوە بانگەشەى بۆ بکرێ و خەڵکى سادەى کوردى پێ گۆش بکرێ، ئەمەیان غەدرێکى گەورەیە و فریودانێکى عەقڵى و ویژدانییە، کە هەرگیز ناکرێ و نابێ دڵسۆزان ئەو کارە بکەن، بەڵام لەبەر ئەوەى ئەوان کێڵگەى عەقڵ و تێگەیشتنى کورد بە سادە و ساکار دەزانن، دەیانەوێ لەو ڕێگا چەوتەوە بیر و باوەڕى مێژوویى و سیاسى هەڵگێڕنەوە و برەو بە بڵاوکردنەوەى ناتێگەیشتن بدەن، ئەو کارانە دەکەن و جەماوەرى پێ توڕە و پەروەردە دەکەن، بەوەش کورد وا لێدەکەن کە هەمیشە هەڵە و تاوانە نەتەوەیى و نیشتمانییەکانى کورد و کوردستان بخەنە ئەستۆى بێگانە و دەرەوەى خۆمان.

     لە سیڤەردا بڕیارى دامەزرانى ئۆتۆنۆمى کوردستان هەبوو، بەڵام هێندە مەرجى تێدا بوو کە بۆ ئەو کاتى کورد و ئێستاشى لەگەڵدا بێ و دواى 102 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ئەو پەیمانەدا، کورد و حیزبەکانى هەموو بەشەکانى کوردستان، بێ بواردن و ئەم و ئەو، هەرگیز ناتوانن لە ئاستى جێبەجێ کردنیدا بن. بۆیە دەبێ و پێویستە بەر لە هەموو شتێک کورد لە پەیمانەکە و مەرجەکانى تێبگا، ئەوجا قسەى لەسەر بکا  و بە شان و باڵیدا هەڵبڵێ.

     پەیمانەکە لە بنەڕەتدا بۆ دابەشکردنى خاکى دەوڵەتى عوسمانى بوو کە لە دواى کۆتایى جەنگى یەکەمى جیهانى، دەبوایە ئەو ئیمپراتۆریەتە دابەش بکرێ و هەڵتەکێنرێ، کوردستانیش بێ بەختانە لەو سنوورانەدا بووە. لایەنەکانى پەیمانەکە، لە نێوان هاوپەیمانەکان لە سەرووى هەمووانەوە، بریتانیا، فرەنسا، ئیتالیا و یۆنان و هى دیکە کە سەرکەوتووى جەنگ بوون لەگەڵ ئیپراتۆریەتى عوسمانى کە شکست و دۆڕاوى جەنگ بوو. بە سادە و ساکارى سیڤەر مافى دامەزرانى ئۆتۆنۆمى بە کورد دابوو، بەڵام بەندەکانى 62، 63 و 64 کە باس لە مافەکانى کورد و حکومەتەکەى دەکەن، هێندە مەرج و تەڵەى زمانى و قانوونى تێدا بوو، دەبوایە جێبەجێ بکرانایە ئەوجا مافى ئۆتۆنۆمى دواتر دەوڵەتى داهاتووى کوردستان دەسەلمێنرا و دادەمەزرا. ئەو مەرجانەش برێتى بوون لە:

(1) پێویست بوو هەموو لایەن و ئەندامانى پەیمانەکە، لە پەرلەمان و ئەنجوومەنى وەزیراندا دواتر مەلیک و سەرۆک کۆمار پەسەندى بکەن، ئەوجا دەچووە مەیدانى کارپێکردن و جێبەجێکردنەوە، بەڵام دەبێ شارەزایان، پسپۆڕانى مێژووى کورد، ڕووناکبیران، سیاسەتمەداران و حیزبى کوردى بزانن هیچ دەوڵەتێکى پەیمانەکە ددانیان پێدانەنا و پەسندیان نەکرد ڕەزامەندییان لەسەر نەدا لە پێش هەموویانەوە دەوڵەتى دۆڕاو و چۆکشکاوى تورک و کەمالییەکانیش بە توندى دایانە دواوە و هیچ نرخێکیان بۆ دانەنا. تەنیا و تەنیا بەو کارە هیچ بایەخێکى قانوونى بۆ پەیمانەکە و بۆ حورمەتى ئیمزاکەرانى نەهێشتەوە. ئەوەى یەک تۆز شارەزاى قانوونى نێودەوڵەتى بێ، دەبێ ئەو حقیقەتانە بزانێ و هەست پێبکا. دەقێ ماددەکانى پەیمانى سیڤەر

(2) ماددەى 62 دەڵێ: “کۆمیسیۆنێک (لیژنەیەک) لە سێ ئەندام لە لایەن بریتانیا، فرەنسا و ئیتالیا لە ئەستەمبوڵ پێکدێ، دواى جێبەجێکردنى پەیمانەکە لە ماوەى شەش مانگدا بەرنامەیەک دادەنرێ بۆ ئامادەکردنى ڕەشنووسى ئۆتۆنۆمى ئەو ناوچانەى زۆرینەى کوردن، کە کەوتوونەتە ڕۆژهەڵاتى ڕوبارى فورات، خوارووى سنوورى ئەرمینیا کە لە دواییدا دیارى دەکرێ و سەرووى سنوورێک کە تورکیا لە سوریا و میسۆپۆتامیا جیادەکاتەوە، وەک لە بەشى دووەم، بەندى 27 لە خاڵەکانى 2 و 3دا، ئاماژەیان پێکراوە. ئەگەر دەربارەى هەر مەسەلەیەک نەتوانرا بگەنە ڕێککەوتنێک، ئەو کاتە، لە لایەن ئەندامانى کۆمیسۆنەکەوە بابەتەکە دەگەیەنرێتەوە بە حکومەتەکانیان. لە بەڕێوەچوونى بەرنامەکەدا، هەموو مافەکانى ئاسوورى و کلدانییەکان و کەمایەتى ڕەگەزى و ئایینییەکانى دیکە لەو ناوچانەدا پارێزراون، بۆ ئەم مەبەستە کۆمیسۆنێک لە نوێنەرانى بریتانیا، فرەنسا، ئیتالیا و ئێران و نوێنەرانى کورد پێکدەهێنرێ کە سەردانى شوێنەکان بکەن بۆ تەماشاکردنى هەر ڕاستکردنەوەیەک کە پێویست بێ لەو سنوورانەدا بکرێ کە بەپێى ئەحکامى ئەم پەیمانە بۆ تورکیا دیاریکراوە، هەڵەبەت لە هەمان کاتدا دەبێ لەگەڵ سنوورەکانى ئێراندا ڕێککەوتنیان لەسەر بکرێ.”.

     ماددەى 63: بە پێى ئەم بەندە، حکومەتى تورکیا ڕازییە بە قەبوڵکردن و بە قانوونیکردنى ئەو بڕیارانەى کە لە لایەن هەردوو کۆمیسۆنەکانى بەندى 62ەوە دەدرێن، لە ڕۆژى ڕاگەیاندنى بڕیارەکان بە حکومەتى تورکیاوە، دەبێ لە ماوەى سێ مانگدا تورکیا جێبەجێیان بکا.

     ماددەى 64: ئەگەر لە ماوەى یەک ساڵدا، کە پەیمانەکە کارى پێدەکرێ، کوردەکانى ئەو ناوچانەى کە لە ماددەى 62دا دەستنیشان کراون، توانییان پەیوەندى بە (کۆمەڵەى گەلان)ەوە بکەن و ئەوە بسەلمێنن کە زۆربەى دانیشتوانى ئەو ناوچانە ئارەزووى سەربەخۆیەتى دەکەن و  دەیانەوێ لە تورکیا جیا ببنەوە، هاوکات ئەگەر ئەنجوومەنى کۆمەڵەى گەلانیش پێیان وابێ کە کوردەکان تواناى بەڕێوەوەبەرێتى و سەربەخۆیەتییان هەیە، ئەو کاتە، کۆمەڵەى گەلان ڕادەسپێرێ کە مافى سەربەخۆیەتى بە کوردەکان بدرێ. بەم پێیە تورکیا ڕازى دەبێ کە ڕاسپێرییەکە بکاتە قانوون و دەستبەردارى هەموو ماف و کاروبارێکى خۆى دەبێ کە لەو ناوچانەدا هەیەتى کەوا هێمایان بۆ کراوە. درێژەى ئەو دەستبەرداربوونەى تورک دەبێتە بابەتى گفتوگۆیەکى تایبەت لە نێوان ئەندامانى سەرەکى هاوپەیمانەکان و تورکیادا. ئەگەر وەختێک دەستبەرداربوونەکە جێبەجێ بوو، دەربارەى پەیوەستەکى و لکاندنى دانیشتواتى کوردى ئەو بەشە کوردستانەى کە لە ویلایەتى موسڵدا هەن بە دەوڵەتى کوردییەوە، ئەوا لە لایەن ئەندامانى سەرەکى هاوپەیمانەکانەوە هیچ جۆرە ناڕازیبوونێک پیشان نادرێ.

     (2) با مامۆستایانى زانکۆ، مێژوونووسان، ڕووناکبیران، سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەنووسان هەروەها خوێنەرى زیرەک و وریا بە تێگەیشتنەوە تەماشاى ماددەى 62 بکەنەوە، نەک هەر بە ساکارى بیان خوینەوە، دەبێ ئەوە بزانن و ئەوە وەک ڕۆژى ڕووناک وایە کە ئەو دوو کۆمیسۆنەى کە بڕیار بوون پێکبێن، ئێستاش و ئەوسا پێکنەهاتن، هەرگیز ئەو سنوورەى لە نێوان ئۆتۆنۆمى یا دەوڵەتى داهاتووى کوردستان و ئێراندا دیارى نەکران، هەر لەم ماددەیەدا چەندان ئەگەر هەبوون، تاکە یەکێکیان نەچووە مەیدانى جێبەجێ کردنەوە، بەوەش سەرلەبەرى پەیمانەکە هەڵوەشاوەتەوە.

    (3) لە ماددەى 63دا، دیسان چەندان ئەگەر و مەرجى تێدایە، کاتێک دوو کۆمیسیۆنى ماددەى 62 پێکنەهاتن، ئیدى ڕازى بوونى تورکیاش جێبەجێ نەبوو، ماوەى سێ مانگەکەش تێپەڕى، ئیدى کورد هیچ مافێکى قانوونى و داواکردنى نامێنێ

     (4) ناوەرۆکى ماددەى 64یش هەر لە سەرەتاوە بەتاڵ و پوچاڵ کراوەتەوە جونکە کورد نەک لە ماوەى ساڵەکەدا کە پەیمانەکەدا ئیمزا کرا، ئێستاش ئەگەر دەوڵەتى بۆ دابمەزرێ ناتونێ قەبوڵى بکا و تواناى جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنى نییە، مەرجى ئەوەش کە کورد بیویستایە لە تورک جیابێتەوە، هەرگیز نەهاتە دى، چونکە ئەگەر چەند کەسێک بیویستایە کورد لە تورکى براى موسڵمانى و سوڵتان و خەلیفە جیاببێتەوە، ئەوا بە داخەوە هەموو کورد بەوە ناڕازى بوون سەربەخۆ بن و لە تورک و عوسمانى بترازێن، ئەگەرى ئەوەش کە کۆمەڵەى گەلان پێیان وا بوو کە کورد تواناى حوکمدارێتى خۆیان هەیە، ئەو کاتە ڕایدەگەیەنێ کە کورد مافى سەربەخۆیەتى هەیە، لەم بارەیەوە کۆمەڵى گەلانیش ددانى بە دامەزرانى بە سەربەخۆیەتى کورددا نەنا، کوردى ویلایەتى موسڵیش هەرگیز داخوازییەکى واى نەبوو کە لەگەڵ حکومەتى کوردستان لە باکوور یەک بگرێ و پێکەوە دەوڵەت دابمەزرێنن.

     (5)  لە قۆناغى پێش و لە ڕۆژگارى پەیمانى سیڤەردا، کورد لەسەر ئاستێکى هەرە کەم و بێ هێزى بیر و تێڕوانینى نەتەوەیى و نیشتمانى و جەماوەرسازیدا بوو، هێندە لاواز بوو، کورد نە سەرکردایەتى هەبوو، نە حیزب، نە بەرنامە، نە زەمینەى سەربەخۆیى و ئازادى دەرنەکوت بوون کە وێڵى دامەزراندنى دەوڵەت لە نێوانیدا بوو بێ. ئەمە بەشێکە لە مێژووى بیر و مێژووى هۆشیارى سیاسى کورد، بە خۆنواندن و بەهار هێنانە سەرچۆکان و دروشم لێدان حکومەت یا دەوڵەت پێک نایەن. تێگەیشتن لە دیوە قانوونى و واقیعییەکەى کورد و کوردستانى سەردەمى سیڤەر، پێویستیان بە لێکۆڵینەوەى ورد و لەسەرخۆ و زانستانەیە. حەقە ئەوانەى خۆیان بە مێژوونووس، ڕووناکبیر، سیاسەتمەدار، ڕۆژنامەنووس و مامۆستایانى هەموو قۆناغەکان بە تایبەتى مامۆستایانى زانکۆ، واز لە ناڕاستى و چەواشەکارى بێنن و لەوە زیاتر خەڵکى کورد گیرۆدە و دەستخەڕۆى پەیمانى سیڤەر نەکەن و درێژە بە هەڵە وتنى سەر تەلەفزیۆن و نووسینى لابەلا بێنن، هەوڵ بدەن لە ئێستا تێبگەن و خۆیان یا خۆمان بۆ ئایندە ئامادە بکەین و بۆ پێشەوە هەنگاوى عەقڵانى، سیاسیانە و واقیعیانە بنێن، ئەو قەناعەت و ڕووناکبیرییە بڵاوبکەنەوە کە کورد ببێتە نەتەوە، ئەوەش بەوە دەبێ کە سیاسەتمەدارى بە توانا و دڵسۆزى دوور لە بەرژەوەندپەرستى تایبەت پەیدابن، بە هاوکارى بیرمەندان و زانایانى بوارەکانى سیاسەت، مێژوو، جوگرافیا و ئابووریناسان و هى دیکە دەتوانرێ حیزب و بەرنامەى کار و خەبات دابنرێ و کورد و کوردستان بەرەو سەرفرازى و ئازادى بۆ پێشەوە ڕەو بکەن.

     (6) دەقى ئینگلیزى پەیمانى سیڤەر کە لەبەر دەستى مندایە و باوەڕناکەم لە کوردستان هەبێ یا باسکارێک لێکۆڵینەوەى زانستانى لەسەر کردبێ، پەیمانەکە 100 لاپەڕە و 433 ماددەیە، ئەوەى ڕاستەوخۆ بە ناوى کوردستان، لە بەشى سێدایە، نیو لاپەڕەیە و تەنیا 3 ماددەیە،  بۆیە جگە لەو خاڵانەى لاى سەرەوە، دەیان ماددەى دیکە کە پەیوەندییان بە کوردستانەوە هەیە و لاى کورد نەزانراون، دەبوایە کورد لە هەر هەموویان بکۆڵێتەوە و تێیان بگا و بە هۆشیارى سیاسى، هێز و تواناى سەربازى و قانوونى و سەرکردایەتییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکا، تەنیا وەک نموونە کێشەکانى نێوان دەوڵەتى پێشنیازکراوى ئەرمینیا و کوردستان، سنوورەکانى ئێران و کوردستان، مێسۆپۆتامیا و کوردستان، سوریا و کوردستان، تورکیا و کوردستان و وەهەروەها، بەڵام مخابن کورد هیچ بوونێکى مەعنەوى و ماددى لەو کاتەدا نەبووە بتوانێ نانى بە دۆ بگا هەوڵێکى بەرجەستە بدا، دەبێ ئەوەش بە زانستى و بە حقیقەت بزانرێ کە گاریگەرى کورد لەسەر بەندەکانى پەیمانەکە نەبووە، ئەوەى بەندەکانى پەیوەندى بە کوردەوە هەبووە بە هیممەتى بریتانیا بوون. جا یەکێک بە تێکۆشانى شەریف پاشا یا کەس و حیزبێک یا بنەماڵەیەک دەزانێ، ئەوانە پەیوەندییان بە حەقیقەت و ڕووداوەکانەوە نییە و لە مێژوودا حسابیان بۆ ناکرێ، ئارەزووى ئەم بنەماڵە و ئەو بنەماڵە یا ئەم کەس و ئەو کەسەوە نییە، بە هاتوهاواریش مێژوو نانووسرێتەوە. ئامرازى هەرە سەرەکى بۆ بێ بەشبوونى کورد لە ئەنجام و ئامانجەکانى پەیمانى سیڤەر، کورد خۆى بوو، هۆکار و ئامرازەکانى دیکە بە پلەى دووەم دێن.

     ئەمە حەقیقەتە و پەیوەندى بە بانگەشە و پێدا هەڵدان نییە، هەر کەسێک بیەوێ لە مێژووى سەردەمى جەنگى یەکەمى جیهانى و ڕۆژانى پەیمانى سیڤەر و دیوە شاراوەکانى مێژوویى سیاسى، کۆمەڵایەتى و قانوونى بزانێ، با بفەرموێ و بڕوا کتێبى “مێژووى: دۆزى کورد لە کۆتایى جەنگى یەکەمى جیهانییەوە تا کۆتایى پەیمانى سیڤەر 1918 ـ 1920  توێژینەوەیەکى مێژوویى بەڵگەنامەییە” بە وردى و تێگەیشتنەوە بیخوێنێتەوە، ئەوجا دەتوانێ بە چاکى و زانستانە، شارەزاى لایەنەکانى مێژووى ئەو سەردەمە ببێ.

     دەقى ئینگلیزى بەشى 3، کوردستان لە پەیمانى سیڤەر.

ە کۆتاییدا هیوادارم، ئەم نووسینە کورتە، ببێتە تێگەیشتنێکى هۆشیارانە و زانستانە بۆ ئەوانەى عەوداڵى ڕاستى و دروستین، هاوکات هاندەر بێت کە کورد چى دیکە دواى کڵاوى بابردوو نەکەوێ.

 لەندەن ـ  10ى ئابى 2022  

سەرچاوە: خەندان

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی